نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەرچی دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو بە دەر لە خواستی دانیشتوانەکەی لە پرۆسەیەکی زۆرەملی لە دەرەوە ئامادەکراو لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم لەلایەن ووڵاتە سەرکەوتوەکانی ئەو جەنگەوە پێکەوەلکێنرا , پادشایەکیان لە حیجازەوە بۆ ھێنا کە بکگراوندێکی ئاینی و لە بنەماڵەی شەریف حوسەین و ئالوبەیتی پێغەمبەری ئیسلام بوو تاوەکو بتوانێت ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی ووڵات کۆ بکاتەوە.
ئەگەر لە سەردەمی پاشایەتی سەرەڕای ھەموو کێشەو کەموکوریەکان کە (٣٨) ساڵ ی خایاند چاوێکی خێرا بە پێکھاتە حکومەتەکاندا بخشیێنین دەبینین (٢٣) کەس پۆستی سەرۆکی وەزیرانیان وەرگرتووە لەوانە سیانیان کورد بوون وھەندێکیشیان شیعە بوون زۆربەشیان سونەبوون .
دواتریش لە دوای شۆرشی ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ ەوە حوکمی عێراق لە لایەن عەرەبی سونەوە کراوە تا ٩/ نیسانی ٢٠٠٣ ئیتر ئەگەرچی بانگەشەی سەردەمێکی نوێ دەکرێ و دواتر دەستوور ی تازە بۆ ووڵات نووسراوە ڕاپرسی لە سەر کرا وگەلی عێراق بە ڕێژەیەکی زۆر باش پەسەندیان کرد .
لەوساشەوە لە لایەن عەرەبی شیعەوە حوکمی ووڵات دەکرێت زۆربەی زۆری جومگە گرنگەکانی ووڵاتیان قۆرخکردووە بۆ خۆیان بە تایبەتی لە سەردەمی ھەردوو کابینەکەی مالیکی کە ئەنجامەکەی زۆر قورس لە سەر عێراق و ئایندەی کەوت کە زۆر ئاسان نیە دەرچوون لێ ی کە داعشی بەرھەمھێنا و ڕووبەرێکی فراوانی خاکی عێراق لە ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ی تیرۆریست دایە .
ئەگەر لە سەرەتای سەردەمی پاشایەتیدا کەمێک لە ھاوسەنگی ھەبووبێت دواتر لەسەردەمی کۆماری دکتاتۆریدا بۆ پێکھاتەیەک قۆرخکرابێت و لە دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق یشەوە کە ھەر کورد وای وەسفدەکات ئەگینا تەنانەت ئەمریکیەکان خۆشیان خۆیان بە داگیرکەری عێراق ناو دەبەن حوکمی عێراق بە دەستی شیعەوە یە لە دوا ھەنگاویاندا ھێزێکی گەورەی میلیشیایی چەکداریان دروستکردووە بە ناوی حەشدی شەعبی و ھەموو توانا سەربازی و دارییەکانی وولاتیان خستۆتە بەردەستیان لە ھەمان کاتدا بوودجەو مووچەی پێشمەرگەو فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیان بڕیووە لە کاتێکدا ھەرێم لە شەڕێکی سەخت ودژواردایە لە گەڵ داعش , ناوچە سونە نیشینەکانیش زۆربەی زۆری لە بندەستی داعشدایە .
ئیتر ئەبیت بپرسین لە ئاوا بارودۆخێکدا ھیچ مانایەک ماوە بۆ پێکەوە ژیان لە عێراقدا ؟ ئەی بۆ ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە ھەر بانگەشەی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن ؟ لە کاتێکدا خوێن لە جەستەی شەکەتی عێراق دەچۆڕێت ؟
ئایا لە دوای شکستی پرۆژەکەی جۆ بایدن بۆ دابەشکردنی عێراق بۆ سێ ھەرێم ئیتر کەس زاتی ئەوە ناکات باس لە فۆرمێکی تر بۆ دەرچوون لە کێشە خوێناوییەکانی عێراق بکات کە کورد واتەنی جام پڕبووەو لێ ی دەڕژێت .
والەم کاتەشدا کە کۆمیتەی ھێزە چەکدارەکان لە کۆنگریسی ئەمریکا دەنگ لە سەر پرۆژە یاسای بوودجەی وەزارەتی بەرگری ووڵاتەکەیان دەدەن بڕگەیەکی تێدایە بواردەدات کە ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزە سونەکان ڕاستەوخۆ چەکدار بکرێن و مەشق و ڕاھێنانیان پێبکرێت لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە لە شەڕ دژی داعش .
پێدەچێ بۆ دواجار ئەمریکیەکان ئەو فۆرمە پێشنیارو جێبەجێ بکەن کە دەیانەوێت ھاوسەنگی بگێڕنەوە بۆ ناو پێکھاتەکانی عێراق ھەر چەندە یاساکەش ناوی گێڕانەوەی ھاوسەنگیە بۆ ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و بۆ ئەوەی ھەر پێکھاتەیەک بتوانێت بەرەڤانی لە خۆی بکات ئەگەر ئەنجامەکەی بە لێکترازان و ھەڵوەشانەوەی عێراقیش بێت . وەکو زۆر چاودێرو سەرچاوە ی تر بۆی دەچن .
لە کۆتاییدا ڕاستیەک ھەیە دەبێت ھەموو لایەنەکانی عێراق و ووڵاتانی ناوچەکەش بیزانن ئەوەیە کە ئەمریکا کە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە ئامانجی ئەوەیە ھەموو سەرچاوەکانی ووزە لەجیھاندا دەبێت لە بندەستی ئەودابن و ھیچ ھاوبەشێکیشی لاپەسەند نیە و بەتایبەت دوای ھەرەسھێنانی بلۆکی سۆسیالستی و وسەرکەوتنی لە جەنگی ساردا ئەو ڕاستیە زیاتر بەرجەستە بوو , لە عێراقیشدا کە قوربانی زۆری داوە ئێستا لێناگەڕێت ببیتە پێگەو و ناوچەی ھەژموونی دەسەڵاتی ووڵاتانی تر لە ئێستاو دوور مەوداشدا .