یەکەمین کۆنسێرتی گروپی موزیکی “ژیوار” بە دەنگی خانمە گۆرانیبێژی کورد “ژیوار شێخولئیسلامی” بە شێوەی گشتیی لە فەرهەنگسەرای نیاوەرانی شاری تاران بەڕێوەچوو.
گروپی موزیکی “ژیوار” بە سەرپەرەستیی و بە دەنگی خانمە گۆرانیبێژی سنەیی “ژیوار شێخولئیسلامی” و بە ئاوازدانەری و دابەشکردنیی موزیک لە لایەن موزیکزانی لاوی ئێرانی “محەمەدعەلی نەجەفپوور”، بە جلووبەرگی رازاوەی کوردیی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بۆنەی هاتنی نەورۆز کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی و فارسیی لە تەلاری سەرەکیی فەرهەنگسەرای نیاوەرانی شاری تاران ساز کرد.
ئەم کۆنسێرتەی گروپی موزیکی “ژیوار” کە بۆ یەکەمین جار بە شێوەی گشتیی هاوکات بۆ پیاوان و ئافرەتان سازکرا لە دوو بەشدا بەڕێوەچوو، لە بەشی یەکەمدا چەندین پارچە موزیک و گۆرانی فارسی بە شیعری شاعیرانی ئێرانی و بە ئاوازدانەری “محەمەدعەلی نەجەفپوور” پێشکەش کران، لەوانە: گۆرانی “کرانەوە”، گۆرانی “فڕین لەگەڵ هەتاو” بە شیعری “فەرەیدوون موشیری”، تاکژەنی ئامێری تار بە ژەنیاری “محەمەدعەلی نەجەفپوور” و خاتوو “ساینا تەهماسب زەمانیان”، گۆرانی “سرتە ئاڵۆزەکان” بە شیعری “سەعدی”، گۆرانی “لەوپەڕی نووراو” بە شیعری “مەولانا”، تاکژەنی ئامێری قانوون بە ژەنیاری خاتوو “موژگان محەمەدحوسەینی”، گۆرانی “دای کاتۆ”، تاکژەنی ئامێری عوود بە ژەنیاری خاتوو “یاسەمەن شاەحوسەینی”، گۆرانی “شاری خامۆش” بە یادی موزیکزانی کۆچکردووی ئێران و ژەنیاری پێشەنگی ئامێری سێتار مامۆستا “یۆسف فرووتەن” بە شیعری “محەمەدڕەزا شەفیعی کەدکەنی”، تاکژەنی ئامێری نەی بە ژەنیاری خاتوو “سۆگوڵ خوجەستە” و گۆرانی “رەنگی ئاوا” بە شیعری “مەولانا”.
لە بەشی دووەمیشدا کە تایبەت بوو بە موزیک و گۆرانی کوردیی گروپی موزیکی “ژیوار” بە جلووبەرگی رازاوەی کوردیی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە هاتنە سەر سەحنەی کۆنسێرتەکە کە لە لایەن ئامادەبووانە بە چەپڵە پێشوازییان لێکرا و لە درێژەدا چەندین پارچە موزیک و گۆرانی کوردییان پێشکەش کرد، لەوانە: گۆرانی “خەیاڵی سوور” بە شیعری خاتوو “ژیوار شێخولئیسلامی” کە بە کۆبانی و هەموو کچان و ئافرەتانی قارەمان و خەباتکاری ئەم شارە پێشکەشکرا، گۆرانی “هەروایە” بە شیعری “کەژاڵ ئەرغەوانی”، پێکەوەژەنینی چوار مێزراب، گۆرانی “بۆ لای یار دەچم” بە ئاوازدانەری خاتوو “ژیوار شێخولئیسلامی” و بە شیعری “حیسامەدین ئەمین”، گۆرانی “قاسم خان” و گۆرانی “دەنگی فەرهاد” بە شیعری سەید “یەعقووب ماهیدەشتی”.
دوای تەواوبوونی ئەم بەشەی بەرنامەکە ئەندامانی گروپی موزیکی “ژیوار” لە لایەن ئامادەبووانە بە چەپڵەلێدان و پێشکەش کردنی چەپکەگوڵ پێشوازییان لێکرا و داوای گۆرانی دیکەیان لەم گرووپە دەکرد کە ئەوانیش لە درێژەی بەرنامەکەدا گۆرانی “ئاخ لەیل و داخ لەیل”یان بە دابەشکردنیی “ژیوار شێخولئیسلامی” پێشکەش کرد.
پێشکەشکاری ئەم بەرنامەیە لە ئەستۆی توێژەری موزیکی سونەتی ئێران “عەلیرەزا پوورئومید” بوو، لەم کۆنسێرتەی گروپی موزیکی “ژیوار”دا چەندین موزیکزانی ناوداری کورد و ئێرانی و هەروەها ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران ئامادەبوون، لەوانە: ئەندامی گرووپی موزیکی کامکاران و ژەنیاری بەتوانای سەنتوور “پەشەنگ کامکار”، ئامێرژەنی بەئەزموونی تار “هووشەنگ زەریف”، ئەکتەری بەئەزموونی سینەما و تەلەڤیزیۆن “هادی مەرزبان”، ئەکتەری سینەما و شانۆ خاتوو “فەرزانە کابولی”، ئەکتەری ناوداری سینەما و تەلەڤیزیۆن خاتوو “فاتمە گوودەرزی”، ئەکتەری بەئەزموونی سینەما و تەلەڤیزیۆن خاتوو “میهرانە مەهین تورابی”، ئەکتەر و پێشکەشکار خاتوو “مەعسوومە ئاقاجانی”، خاتوو “ئافاق یۆسف زەمانی” هاوسەر و هەروەها خاتوو “هایدە یۆسف زەمانی” کچی موزیکزانی کۆچکردووی کورد مامۆستا “حوسێن یۆسف زەمانی”، موزیکزانی لاوی ئێرانی و ژەنیاری کەمانچە “نەوید دێهقان”، مامۆستای بەشی موزیکی زانکۆی تاران “حوسێن میهرانی”، ژەنیاری سێتار “عەلی بەیانی”، گۆرانیبێژی ئازەربایجانی “عەلی خودایی”، وێنەگر و ئەکتەر “یارتا یاران” ، وەرزشوانی پێشەنگی ئێرانی “محەمەدڕەزا تاڵەقانی”، هەڵگری میداڵیای ئۆڵەمپیا و زۆرانبازی ناوداری جیهان “محەمەد نەسیری”، رۆژنامەوان و نووسەر و توێژەری موزیک “مەنووچێهر جیهانی”، هونەرمەندی شێوەکاری کورد خاتوو “هێرۆ شێخولئیسلامی” و چەندین کەسایەتیی دیکە.
دوایین کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی گروپی موزیکی “ژیوار” ڕۆژی 19ی شوبات /
فەبرایەری 2015 لە بەشی ئافرەتانی 3سییەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی موزیکی فەجر لە تەلاری سەرەکیی فەرهەنگسەرای نیاوەرانی شاری تاران بەڕێوەچوو.
ئەندامانی گروپی موزیکی “ژیوار” لە کۆنسێرتی فەرهەنگسەرای نیاوەراندا بریتی بوون لە:
“ژیوار شێخولئیسلامی” ـ سەرپەرەستی گروپ و گۆرانیبێژ، “فەڕشاد رۆستەمی” ـ ژەنیاری قەیچەک و هاوخوانی بەشی کوردیی، “محەمەدعەلی نەجەفپوور” ـ ئاوازدانەر و دابەشکردنی موزیک، ژەنیاری تار و هاوخوانی بەشی فارسی، “ساینا تەهماسب زەمانیان” ـ ژەنیاری تار، “یاسەمەن شاەحوسەینی” ـ ژەنیاری عوود، “سۆگوڵ خوجەستە” ـ ژەنیاری نەی، “مەهزاد خێرەدمەند” ـ ژەنیاری کەمانچە، “موژگان محەمەد حوسەینی” ـ ژەنیاری قانوون، “سپیدە شایان ڕاد” ـ ژەنیاری زەرب و “زەهرا نادری” ـ ژەنیاری دەف.
گروپی موزیکی “ژیوار” ساڵی 2000 لە لایەن خاتوو “ژیوار شێخولئیسلامی” لە شاری تاران دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندییەوە تا ئێستا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و هەروەها لە فیستیڤاڵەکانی موزیکی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات و هەرێمی کوردستان بەشداری کردووە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە.
ئەم گرووپە لە 18مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی موزیکی فەجرەوە تا ئێستا بەردەوام بەشداریی لەم فیستیڤاڵەدا کردووە، ئەندامانی ئەم گرووپە هەروەها دوو ساڵ پێش ئێستا بێجگە لە بەشداری لە بەشی ئافرەتانی بیست و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی موزیکی فەجر لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەشدا کۆنسێرتیان پێشکەش کرد کە زۆربەی موزیکزانانی پێشەنگی موزیکی کوردستان و ئێران لە تەلاری وەحدەتی تاران ئامادەبوون و پێشوازییان لە بەرنامەی ئەم گرووپە کرد.
“ژیوار شێخولئیسلامی” ساڵی 2011 لەگەڵ گروپی موزیکی “باڵوەشان” لە شاری ماینز لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە شارەکانی گێنت و ئانتوێرپێن لە وڵاتی بەلژیکا و لە شارەکانی ئێستۆکهۆڵم، وێستروس، ماڵمۆ و یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی ساز کرد.
ئەم گۆرانیبێژە کوردە لەگەڵ گروپی موزیکی “ژیوار” لە یادی موزیکزانی کۆچکردووی کورد مامۆستا “حەسەن یۆسف زەمانی” لە فەرهەنگسەرای ئەرەسبارانی تاران، لە یاد و بیرئانینی کەسایەتیی ناوداری کورد ئەستێرە و ئەفسانەی شیعر، ئەدەب و عیرفان و یەکەمین مێژوونووسی ئافرەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست “مەستوورەی ئەردەڵان” لە شاری سنە، لە کۆتایی ڕێوڕەسمی بیرئانینی یەکەمین ژەنیاری بەتوانای نەی ئێرانی موزیکزانی کۆچکردوو “حەسەن کەسایی” لە فەرهەنگسەرای ئەرەسبارانی تاران، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان لە شاری رانیە لە هەرێمی کوردستان، لە کۆڕ و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکانی شاری تاران و هەروەها باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی لە تاران بە جلوبەرگی رازاوەی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی رەسەن و فۆلکلۆری کوردییان پێشکەش کردووە.
ئەم گرووپە بڕیاروابوو ساڵی 2009 لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی “ئۆلینکان” Ollinkan لە وڵاتی مەکزیک کۆنسێرت گۆرانی و موزیکی کوردیی پێشکەش بکات، کە بە هۆی بڵاوبوونەی نەخۆشی کوشەندەی ئەنفۆلانزای بەراز لەم وڵاتە ئەم بەرنامەیە بۆ کاتێکی دیکە دواکەوت.
گروپی موزیکی کچانی “ژیوار” هەروەها ساڵی 2012 لە فیستیڤاڵی موزیکی هەولێر لە پێتەختی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکەش کرد و پلەی یەکەمی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
وێنەکان: مەنسوور جیهانی
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی گروپی موزیکی “ژیوار”.