یاسین برایم _ رواندز
_ تەواو دەبێ !
_ تەواو نابێ !
_دەزانم ، تەواو دەبێ!
_ نا ، نا ، تەواو نابێ !
_ ئێستا ، تەواو دەبێت ، برۆ .
_ بۆکێ ؟
_ تەواو دەبێت ، من لە خەونمدا ، ددانی پێشەوەم کەوت!
_ بچینە لای دکتۆر!!
_ دکتۆری چی !
_ ئەی …. !
_ من لە خەونمدا ددانم کەوت ، ئیدی دایکم تەواو دەبێ!
_ نانا تەاو نابی!
_ تەواو دەبێ تەواوووووووو!
لە وەتەی ددان کەوتنی خۆی لە خەون بینی بوو ، شلەژا بوو ، خەم بە روخساریەوە دیار بوو ،جگەرە لە جگەرەی پێدەکردەوە . پێشتر ئەم قسەیەی لە بە ساڵاچوان گوێ لێببوو، کەوتنی ددانی پێشەوەی مرۆڤ بە مانای مردنی کەسێکی وەک دایک و باوک.ئەویش شرۆڤەکردنی ئەم خەونەی لە مێشکی چەسپابوو، بەتایبەتی لە بەیانیەوە ، دایکی زمانی لە گۆ کەوت و ئاگای لە دونیا نەما ،دوو سێ رۆژیش پیسایی بە خۆی دادەکردو خواردنیش نەدەخوارد. دکتۆریش لە نەخۆشخانە پێی وتبوو (ئەم نەخۆشە ، ببەنەوە).ھەموو کوڕو کچ و نەوەکانی لە دەوری کۆببونەوە ، چاوەڕێ ئەوەیان دەکرد ، کەی گیانی دەسپێرێت .
جارێکی تر ، رووی کردە کوڕە گەورەکەی :
_برۆ دارەمەیتەکە بێنە تا شەو دانەھاتووە .
_ خۆ تەواو نەبووە!
_ تەواو دەبێ!
_ نابێ تەواو بێ !
_ کوڕم تەواو دەبێ تەواو!!
بە ناچاری بە فەرمانی باوکی خۆی ئامادەکرد ، لە گەڵ برا بچووکەکەی خۆی بریاریان دا بچن دارە مەیتەکە بھێنن ، لە ماڵ ھاتنە دەر ، لە یەکەم کۆڵان لە نێو خۆیان قسەیان کرد بۆ چونیان بۆ نزیکترین مزگەوت .دواتر لە نێوان مزگەوتی (باویل ئاغا ) و( تەکیە) کە ھەردووکیان لە نێو بازاری شار بوون ، مزگەوتی تەکیەیان ھەڵبژارد. زۆری نەبرد گەیشتنە مزگەوت ، دارەمەیتەکەش لە سەر ئاودەستەکان داندرابوو ، زۆربەی مزگەوتەکانی شار، ھەمیشە دارەمەیتەکانیان لە سەر ئاودەستەکان درێژدەکردن و یاخود لە نزیک ئاودەستەکان شوێنکیان بۆ دەستنیشان دەکردن، بەم ھاوینە بۆنی پیسایی و بۆگەنی ئاودەستەکان ، لە مێشکی مرۆڤی دەدا و ، لای خوارەوەی ئاودەستەکانیش ، لە بەر بۆنی میزمرۆڤی گێژ دەکرد .بە زۆری پیرەمێردەکان و کەسانی نەخۆش لەوێ میزیان دەکرد.بەشی خوارەوەی دەرگای ئاودەستەکان لە بەر میز شەنگاویان گرت بوو ، کون وکەڵێنی گەورەیان تێکەوت بوو . بەشی زۆری خەڵکیش روویان لەم مزگەوتە دەکرد .قەڵەباڵخترین مزگەوت بوو ، کاتی نوێژەکان ئاودەستەکان بەرنەدەکەوتن ، دڕوشم و جنێوو قسە ناشیرینەکانی سەر دەرگاو دیواری ئاو دەستەکان لە لاپەڕەکانی رۆژنامەیەکی گاڵتەو گەپ دەچوو .ھەرچۆنی ھەبێت دارەمەیتەکەیان لە سەر ئاودەستە سەر بەرەلایەکان ھێنا خوار، ھەڵیان گرت . (محەمەد جەرجیس) بەردەوام خزمەتی ئەم مزگەوتەی دەکرد ، کاتێ لە پێش ھەیوانەکەی مزگەوت ، چاوی بەم دوو برایە کەوت ، دارەمەیتیان پێ بوو ، وتی :
_ کێ مردییە؟
_کەس!
_ ئەی ئەم دارەمەیتە چی لێدەکەن !
_ بۆ بابمان دەبەین .
_ بابتان مردووە!
_ نەوەللا!
_ ئەی بۆکێ دەبەن !
_ بۆ داپیرەمان !
_کەی مردییە !
_ ھێشتا نەمردیە !!
خەریک بوو بەم قسانە محەمەد حەرجیس تورە بێت ، بەڵام ئەوان زوو فریای خۆیان کەوتن و ھاتنەکەیان وبردنی دارەمەیتەکەیان بۆ روونکردەوە .ئەویش بە سەر بادانێک و بە قسەی ( ھەتا مرۆڤ نەمرێت دارەمەیتی بۆ چییە!) ئاراستەی کردن .ئەوانیش لە مزگەوت ھاتنە دەر ، برا گەورە لە پێشەوە دەرۆیشت وبرابچووکیش لە دوای ، دارەمەیتەکەیان خستبووە سەر شانیان ، ھێشتا بە تەواوی نەگەیشتبوونە ھەورازەکەی نزیک ماڵیان ، برا گەورە وتی :
_ ئەم دارەمەیتە بۆنی لێ دێ!
_ بۆنی چی!
_ بۆنی گوو!
_ بۆنی ئاودەستەکانی گرتووە !
کەمێکی تر ، سەرکەوتن ، برا گەورە بە تورەیی دارەمەیتەکەی دانا (ھێربووم!). شوێنەکەیان ئالوگوڕ کرد، برا بچووکیش ھەستی بەم بۆنە کرد ، بەڵام بە بێدەنگی دارەمەیتەکەی ھەڵگرت ، تا گەیشتنە ماڵەوە ، لەوێ لە ژێر دارتوەکەی ناو حەوشەکەیان دانا . باوکیان بە بینینی دارەمەیتەکە ، زیاتر خەمبار بوو ، ژنەکان لە ژوورەوەو پیاو کوڕە گەنجەکانیش لە ھەیوان لە سەر کورسیەکان دانیشت بوون ، ھەندێکیش بە پێوە وەستا بوون ، ئەمشەو ھەموویان بەم شێوە ،لە چاوەڕوانی گیان سپاردنی نەخۆشەکەیان بوون ، بەڵام تەواو نەبوو .
بەیانی ھەرکەسەکی چاو بە دارەمەیتەکە دەکەوت ، ترس دایدەگرت ، براگەورە چووە لای دار مەیتەکەو ، بۆ ئەوەی بەتانیەکی بە سەر دابدات و لە پێش چاوی خەڵک بشارێتەوە . کاتێ سەیری نێو دارەمەیتەکەی کرد ، پەڕۆیەکی سپی بە کۆکراوەی بینی ، کەلێکیکردەوە بۆ ئەوەی بزانیت چییە ، بێجامەیەکی بە گوو بوو . ھەر لە بەر خۆیەوە دەدواوگومانەکانی لێکدەدایەوە، پێدەچێت لەلای کەسێکەوە فرێ درابێتەوە نێو ئەو دارەمەیتە ، کە فریای ئاودەستەکان نەکەوت بێت و خۆی پیسکرد بێت ، ھەر لە ئاودەستیش بێجامەکەی لە بەر کردبێت وبە نھێنی خستبێتە نێو دارەمەیتەکە ، شەوی رابردووش ھەر ئەو بێجامە بوو ، وای لە برا گەورە کرد لە بەربۆنی گوو لە دارەمەیتەکە بێزار بێت ، لە لایەکی تریش چۆلەکەکانی سەر دارتووەکەش تا بەیانی دارەمەیتەکەیان جێقنەباران کرد بوو . بە بێدەنگی بێجامەکەی فڕێداو دارەمەیتەکەی جوان بە سابوون و تایت شووشت و ھەندێک گوڵاوی لێدا. دوای چوار رۆژ دارەمەیتەکە بە بەتاڵی مێوانی ئەم ماڵە بوو. تا ئەو کاتەی ئەجەل ھات و سڵاوێکی کرد وماڵەکەی پڕکرد لە شین و گریان.
R_xarand@yahoo.com