بەشی دووەم
کازیوە ساڵح: ئەو کارەکتەرانەی پرۆسەی بە کەسیکردنی مێژووی جینۆساید جێ بە جێ ئەکەن تەنها ئەنجامدەرانی تاوانەکە نین، بەڵکو دوو کارەکتەری دی تەواوی پرۆسەکە بەهێز ئەکەن ئەوانیش پشتیوانکاران وتەماشاکارانن. سەبارەت بە جینۆسایدی کورد دوو خاڵی تریش
سەربار ئەبن ئەوانیش ناوم ناون بکەری گشتگیر و و ئامانجی کارڵێکراو بە ئنگلیزی ‘Objecthood’ ئۆبجێکتهوودم هەڵبژاردوە
( ئەو کوردداندنە پڕ بە واتای چەمکەکە نیە، بەڵام لە ئێستادا وشەیەکی باشتریش لە زمانی کوردیدا نادۆزمەوە ).
لەم وتارەدا ڕوناکی دەخەمە سەر هەر یەکەیان و پەیوەندییان بە دوو چەمکە دروستکراوەکەوە گرێ دەدەم.
یەکەم ئەنجامدەران.
بکەری جینۆساید یەکسان نیە بە یەک کەس . بیانووی یەک کەس بوون هاوتەریب نیە لە گەڵ یاسای بەڕێوەبردنی وڵات و سەرکردایەتی کردندا تەنانەت ئەگەر بەڕیوەبردن و سیستمێکی دیکتاتۆری و تاک ڕەویش بێت. ئەگەر لە ڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە لە تاکی دیکتاتۆر یان تونوتیژ بە گشتی بنواڕین ، تێدەگەین ئەم جۆرە تاکانە ترسنۆکن، ىی باوەڕن بە خودی خۆیان و هەستی کەمسەرییان لایە. ئەم جۆرە کارەکتەرە لەو تاکانەی توندوتیژ یان دکتاتۆر نین ، زیاتر ڕاوێژ ئەکەن و ڕاران لە هەنگاو نانی هەنگاودا ، بەڵام ڕاوێژەکان و ڕاوێژکارەکانیان ئاشکرا نین. چوون ئاشکرادنیان هەست بە کەمسەرییان زیاد ئەکات و تەونی وەهمیی یەکتا عەقڵییان هەڵئەوەشێنێتەوە. ئەمە ڕاستە بۆ هەموو دکتاتۆرەکان وئەوانەش بەرەوە لوتکەی دیکتاتۆری مل ئەنێن.
ئەگەر بەراوردی ژیان و مەرگی سەدام بکەین ئەو ئارگیومێنتەی سەرەوەمان بۆ ئەسەلمێنێت. سەدام ئەوەندە لە هەنگاو نانە بکوژکارەکانی ئەترسا و ڕاڕا بوو هەرچی ساحیر و وەهم ساز و پاراسیکۆلۆجیست هەبوون تەنانەت ئەگەر منالێش بوونایە لە خۆی کۆکردبوونەوە؛ لە گەڵیدا دەژیان و بەر لە هەر هەنگاوێک پرسی پێئەکردن. تەنانەت یەکێک لەو پاراسیکۆپاتانە تەنها تەمەنی نۆ ساڵ بووە کاتێک سەدام بردویەتی بۆ کوێت و بۆ ئەوەی ڕێگەکان و وڵاتەکەی پێشان بدات ، لە پێناوی ئەوەی مناڵەکە بتوانیت دیدەبینی هەبێت بۆ شوێنکە و پێشیبنی بۆ بکات بەر لەوەی بەو کارەکە هەستێت بۆ ئەوەی بزانێت لەو شەڕە و داگیرکاریەی لە میشکیدا بوو براوە ئەبێت یان دۆڕاو ( سەلاحەدین، ٢٠١٢ ) . ئاشکرایە لە گەڵ ئەم مناڵەدا پرسی بە دەیانی تریش لەم جۆرە کارەکتەرە و ڕاوێژکار و باوەڕپێکراوانەی خۆی کردووە ،چوون کاتێک مرۆڤ ئەبێت بە کویلەی ترس، ئیتر عەقڵ بە وەهم ئەسپێرێت و توانای بیر کردنەوە و بڕیاردانی لاواز ئەبێت. بەڵام ئەگەر زۆرینە لە بەڵێ و خاترجەمی بڕیارەکانی و ختۆرە بکوژییەکانی ئەو نەبوونایە مەرج نیە ئەو کارەی بکردایە. ئەمە لە کاتێکدا لە لایەن هەموو سیاسیەکانی جیهان ڕاوێژ یەکێکە لە سەرەکیترین مەرجی سەرکەوتنی کارەکانیان، تەنانەت ئەنام پەڕلەمانێک نابینیت ڕاوێژکارێکی نەبێت بە تایبەت ڕاوێژکاری کۆمۆنیکەیشن لە هەموو یەکەیەکی و ئۆفیسێکی سیاسیدا هەیە . بەڵام ئەوەی سەدام بە هۆشیاری سیاسی و ڕاوێژ لای سیاسی رۆژهەڵاتی خەڵمێنراوە. .
بۆ سەلماندی ئەو خاڵەی دواییم ئەتبەمەوە بۆ یەکەم ختورە و خەیاڵی جینۆسایدی کورد لای سەدام ، چۆن بووە و بە چ شێوەیەک سەرچاوەی گرتووە . لە ١٩٦٨دا کە ئەو کات لە عێراقدا کێشەی سیاسی زۆر کەم و دژایەتی کوردیش بەو زەقێ نەبووە، و سەدامیش دەسەڵاتی یەکەمی عێراق نەبووە . لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی وگرنگدا لە گەڵ ژمارەیەکی دەستنیشانکراوی سەرکردایەتی و متمانەپێکراوانی خۆی سەدام ئەپرسێت و بە شێوەیەک فۆرمیلای پرسیارەکانی ئەکات کە گوێی لە ڕای ئەوانی تر بێت بۆچوونیان وەربگرێت. ئەکۆڵێتەوە لە ئەگەری ڕێگە چارەیەکی دروست بۆ بنبڕکردنی کورد وەکو توخمێکی مرۆیی و کۆتایی پێ هێنانیان، نەک تەنها لە ناوبردنی سیاسی و دەژەکارانی. پرسیاری لە مادەیەکی کیمیاوی کردوە کە ببێت بە هۆی نەزۆکی لای خەڵک. پاشان پرسیویەتی ڕای چیە گەر ئەو مادە کیمیاویە بکەنە تەنکی ئاوی ئەو شار و ناوچانەی کوردی تێدایە و بەو شێوەیە لە گەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کورد بن بڕ ئەبێت ئەگەر نەتوانن مناڵیان ببێت . پاشان لە ئەگەری کاریگەری مادەکەی و کاتی داواکراوی ئەو پرۆسەی پرسیوە. وەکو ئەوەی بە بەکارهینانی ئەو تەکنیکە چەند نەوەی تر ئەکرێت بن بڕ ببن بە تەواوی؟ ئەگەر ئەو مادەیە کاریگەر بێت و کورد مناڵی نەبێت تا چەند هزراندنێکی سەرکەوتوو و کارێکی پراکتیکیە؟ ( یاسین، لاپەرە ٩٩-١٠٠).
وەڵامی ئەو شیوە پرسە لە شوێنی دروست و لە لایەن ڕاوێژکار و باوەڕپێکراوی دروستەوە بدرێتەوە. سەرەتا داوای کاتی بیرکردنەوە و ڕاڤەکردنی مەسەلەکە ئەکەن . پاشان هەموو زیانە مادیەکان بە هۆی ئەو مادەیەوە ، وە هەموو ئەو زیانە ئابوری و کشتوکاڵیەکاڵیانەی کە کورد بەرهەم هێنابوون ئەخرایە ڕوو. ناڵێم زیانی مرۆیی چونکە ئەم پرسە لە بنەمادا پرسی زیانی مرۆییە بووە. داهاتووی سیاسی ناوخۆ و دەرەکی و جێ لەق بوونی عێراق لە هاوکێشە نێو دەوڵەتیەکان ، ڕێکخراوەکانی مافە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی دنیادا دەخرانە روو. لە دوو ستوندا قازانج و زیانەکانی ئەو پرۆسەیە بۆ عێراق و خودی سەرۆکەکەیان دەخرایە ڕوو، پاشان پێی ئەوترا لە سەر بنەمای ئەو هاوکێشانە بڕیار بدە . بەڵام لە بە ر ئەوەی ژینگە و کلتوری سەدام پڕ و پڕ بوون لە مرۆڤی هاوشێوە بە بێ کاتگوزاردن و وەلامی ڕاستەخۆیان هەبووە ، ” تەنها ئەو کوردانەی لە ساردا دەژین لە تەنکی ئاو دەخۆنەوە و ئەو کوردانەی لادێ نشینن لە ئاوی سەرچاوەکان ئەخۆنەوە و کیمیاوی کاریگەری نابێت . خاڵی دووەمیان ئەوە بوو گوایە ئەو پرۆسەیە زۆر درێژ خایەنە و پرۆسەیەکی گورج نیە بۆیە بە جێ نیە ( لا ١٠٠).
ئەو وڵامانە بۆ سەدام تەنها داواکردن و دڵنیانکرنەوەی نەبووە لەو کارەی ئەیکات ، بەڵکو ڕێگەی ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەشی پێشان ئەدات کە بیست ساڵ پاش ئەو کۆبونەوەیە گرتێ بەر . لێرەدا دەرئەکەوێت ئەگەر سەدام بە قسەی پشتیوانکارانی بکردبایە ، یان ‘ ئەکرێت’ باردۆخەکەی لە بار بوایە دەبوو زۆر زووتر بەو کارە هەستێت. تاوانبارە سیاسیەکان لە سێ قوناغی پێش ، کاتی کارەسات و دوای کارەساتدا ، سێ جۆر کارەکتەر پشتیوانیان لێ ئەکات. هەر یەک لەم قۆناغانە جۆری جیاوازی پشتگیری تۆمار ئەکات بە جیاوازی ئەو ژینگە ، باری کلتوری و کۆمەڵایەتی هەردوو جەمسەر تاوانبار و قوربانی.
سەرچاوەکان:
١- سەلاحەدین، ئەحمەد ( ٢٠١٢) ئەو عراقیەی توانای پاراسایکۆلۆجی هەبوو١٢ ساڵ لە گەڵ سەدامدا ژیا
٢-یاسین، باقر ( ٢٠١٢) الاجتثاث و دکتاتوریات العقیدە الواحدە تس العراق ، من الالت الثالث ربل المیلاد الالت الثالث بعد المیلاد ، دەزگای ئاراس ، کردستان