دۆنگ یی ئەو زنجیرە کۆریەیە کە کراوە بە ئینگلیزیء دواتر کۆمپانیای خاوێ فیلم بەھۆی ئەو ستافە شارەزایەوە بەجوانترین دۆبلاژو کاری ھونەرییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی کە لە کەناڵە نێرگزیەکەی کوردسات پەخش دەکرێت .
زانیاری دەربارەی زنجیرە درامای دۆنگی :-
زنجیرەیەکی کۆریە لە ساڵی (٢٠١٠) پلەی یەکەمی وەرگرتووە بەھۆی ئەوەی لەکاتی پەخش کردنیدا لە وڵاتی کۆریا زۆرترین بینەری ھەبووە، ئەو درامایە لە (٨٧) ئەڵقەی (٤٥) خولەکی پێکدێت, دۆنگ یی درامایەکی مێژووییە گێڕانەوەی چیرۆکی شا (سوکجۆنگ )ی نەوەی (جۆسۆن)ی کۆریایە کە عاشقی دۆنگ یی دەبێت.
دۆنگ یی یەکێکە لە خزمەتکارە سادەکانی کۆشکء دەبێتە جێگەی سەرنجی شا ( سوکجۆنگ) بە تەواوی ھۆگری دەبێت دۆنگ یی ھەر لەسەرەتای چوونە نێو کۆشکەوە لەلایەن شاژنە ( لنیۆن ) ەوە رووبەرووی چەندین گرفت دەبێتەوە لەبەرئەوەی دۆنگ یی سەربە خێزانێکی ھەژارە ھەروەھا لەلایەن خزمەتکارێکی تری کۆشکەوە کێشەی بۆ دروست دەکرێت چونکە ئەوان خەونیان ئەوەیە لەو شوێنەدا کاربکەن کە دۆنگ یی ھەر لە سەرەتای کارکردنیەوە وەری گرتووە ئەو زنجیرە درامایە چیرۆکی خۆشەویستیەکی رۆمانسیء وێنا کردنی ژیانی کۆریەکانە لەو سەردەمەدا ھاوکات پیشان دانی چۆنیەتی بەرێوەبردنی دەوڵەتە لەلایەن شاوە لەو سەردەمەی کۆریادا ( ١ )
وەک دەبینین لە زۆربەی کەناڵە لۆکاڵیء ئاسمانیە کوردیەکان زنجیرە درامای دۆبلاژکراو پەخش دەکەن بە بڕوای من بەشێک لەو زنجیرە درامایانە لەگەڵ ( کلتورو دابء نەریتء واقعی سیاسیء نەتەوایەتیء کۆمەڵایەتی) ئێمەدا ناگونجێت، بەڵام زنجیرە درامای دۆنگ یی لەبەر بە پێزی ناوەرۆکی دراماکە کە باس لە ( خۆشەویستیء نادادپەروەریء ململانێی سیاسیء متمانەو راستگۆییء وەفا ) دەکاتء بەشێکی زۆری رووداوەکان نزیکنء دەتوانین بڵەین پەیوەستن بە واقعی سیاسی ئەمڕۆی کوردستانەوە بۆیە سەرنجی بینەرێکی لە ڕادەبەدەری بەلای خۆیدا ڕاکێشا, چەندین لایەنی گرنگ لەم زنجیرە درامایەدا ھەیە کە من دەتوانم ئەوەندەی گەیشتۆتە عەمباری عەقڵیم دووبارە بیدەمەوە بە خوێنەرانم بۆ نموونە لەم درامایەدا ژن رۆڵێکی گرنگء دیاری ھەبوو وەکو کاراکتەری سەرەکیء کاراکتەری لاوەکی تەنانەت رۆڵی ھەر یەک لەوانیش پێچەوانەی یەکترنء دیدو تێڕوانینی ھەر یەکەیان چ بۆ (خۆشەویستی )چ بۆ (دەسەڵات )چ بۆ ( ژیان )جیاوازە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە مێژەوە ژن پێگەیەکی بەھێزی ھەبووەو رۆڵێکی سەرەکیء کاریگەری ھەبووە لە بەرێوەبردنی وڵاتء بڕیاردان لەسەر کێشەو کەمء کوریەکان, لایەنێکی دیکەی زۆربەی پێکھاتەکانی دەسەڵات لە ناو خۆیاندا ململانێیەکی سەختیان ھەیە ھەر یەک لەوانەش لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا کار دەکەن تەنانەت سەروەری نیشتمانء حکومەت دەکاتە قوربانی لەپێناوی گەیشتن بە مەرامی تایبەتی خۆی, ئەوەی جێگەی تێڕامانء ھەڵویستە کردنە لەم درامایەدا زۆربەی ململانێکانی دەسەڵات لەپشت پاشای وڵاتەوە روودەدەنء پاشاش بەھۆی دابڕانی لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگاکەی ئاگای لە ژیانء گوزەرانیان نییە بەڵام کاراکتەری دۆنگ یی بەھۆی نزیکی لە پاشاوە ھەوڵدەدات زامەکانی چینی ھەژار بۆ پاشا باس بکاتء بەبەڵگەشەوە ئەو شوێنانەی نیشان ئەدا کە خەڵکێکی زۆری وڵاتەکەی بەدەست ھەژاریء نەبوونیەوە دەناڵێنن, کەسایەتی دۆنگ یی ھەرگیز باوەڕی بەدۆڕان نییە لەھەوڵء کۆشش بەردەوامەو ھیچ شتێک بە چۆکیدا ناھێنێتء دەیەوێت عەدالەت سەرکەوێتء بەو ھۆیەشەوە چەندین جار کاری سەرکێشی ئەنجام دەدات, ئەو درامایە وای لە ئێمەی بینەر کرد کە ئاشنا بین بە جلء بەرگی ئەو سەردەمەی کۆریاو لە رووی میللەتء فۆلکلۆرەوە جوانیەکی تایبەتمەندیان پێدابوو, لەرووی پزیشکیەوە چەندین دەرمانی گیایی بەکاردەھات بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیء پاشان باوەر بوون بە ئەفسانەء جادووگەر دیوێکی دیکەی ئەم درامایە بوو چۆنیەتی رێزگرتن لە بەرامبەر کە بە جۆرەھا شێوە ئەو لایەنە پەیرەو دەکرا, ئەم درامایە گرنگیەکەی لەوەدا بوو کە لە خێزانێکدا زۆر ئاسایی بوو سەرجەمیان بەیەکەوە تەماشای بکەن چونکە ھیچ گرتەیەکی نەشیاو نەبوو تا وەک ببێتە شەرمێک بۆ بینەر, ھەر ئەم ھۆکارانە بووە ھۆی ئەوەی کە سات لە دوای سات بینەری ئەو زنجیرە درامایە ھەمیشە بەرەو ھەڵکشان بڕوات.
لەم سۆنگەیەشەوە خۆزگە دەخوازم سەرکردەکانی کورد ھەر ھیچ نەبێت بەلایەنی کەمەوە (١٠) ئەڵقەی ئەم درامایەیان بینیبێت یاخوود ڕاوێژکارەکانیان دەقاو دەق بەراستیء دروستی بۆیان بگێڕنەوە بۆئەوەی ھەست بەئێشء ئازارەکانی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بکەنء ئاوڕێکی جدی لە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیء گەندەڵی بدەنەوە خۆیان بێنە ناو میللەتەوە تا بە چاوی خۆیان راستیەکان ببیننء ھیوادارم ھونەرمەندانی کورد سوود لەم درامایانە ببینن کە ئەم درامایانە چەند بەئارامی رووداوەکان تێدەپەرێننء کەلتوورو فۆلکلۆری خۆیان زیندوو دەکەنەوە بۆئەوەی بیگەیەنن بە جیھان, ئومێدەوارم حکومەتی ھەرێمی کوردستانء وەزارەتی رۆشنبیری ئاورێک لە ئەو کۆمپانیایانە بدەنەوە کە کاری جوان پێشکەش بە میللەتەکەیان دەکەن چونکە کۆمیانیای خاوێ فیلم پێم وابێت ھیچ ھاوکاریەک لە وەزارەتی رۆشنبیری وەرناگرنء ئەوەی کە دەیکەن بەرھەمء رەنجء ھەوڵء ماندوو بوونی خۆیانە, دەستخۆشی لە کەناڵی ئاسمانی کوردساتء کۆمپانیای خاوێ فیلم دەکەم بۆ ئەو بەرھەمە بەپێزەی کە ھەموومانی شەوان کاتژمێرێک بێدەنگ دەکرد .
سەرچاوە
(١) کوردسات .
فەرھەنگ جەلال / سلێمانی
Farhang_jalal@hotmail.com