ژنە ئێرانییەک لە ھەولێر خۆی بە شاعیری ھایدە ە مەھەستی ناساند، بەڵام دەستەکەی کەشف بوو
راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
ھەفتەی رابردوو، ژنێکی ئێرانی بە داوەتێکی فەرمی خەسرەو جاف لە کوردستان بوو، کە پێنج رۆژ ھوتێل چوارچرا لە ھەولێر مایەوە، وا خۆی ناساند کە ئەو “ھەدیە”یە، واتا شاعیرەکەی ھایدە و مەھەستی و گوڵپایەکانی، ئێستاش کە ئەو سێ ھونەرمەندە مردوون، شاعیری گوگوش و موعین و شەکیلایە، بەڵام لە ئەنجامی بەدواداچوونی (سڤیل) دەرکەوت، ھەدیە ٢٠ ساڵ بەرلەئێستا مردووە واڵاش رۆژنامەنووسە نەک شاعیر.
گۆرنیبێژێکی ئافرەت تەلەفۆنی بۆ کردین و لەوە ئاگاداری کردینەوە کە شاعیرێکی گەورەی ئێران، کە شیعری بۆ زۆربەی گۆرانیبێژە ناودارەکانی ئێرانی نوسیووە، وا لە ھەولێرە، لە ھوتێل چوارچرا، بۆئەوەی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەگەڵدا ئەنجام بدەین، کە چووینە چوارچرا خۆمان ناساند کە بۆلای ئەو شاعیرە ھاتووین، پەنجەی نیشانەیان بۆ ئافرەتێکی بە تەمەنی باڵاکورتی تۆزێک قەڵەو درێژ کرد، کە قژە کورتە زەردەکەی بە تەوقەیەکی رەش بەستبوو لەگەڵ مستەفا جاویدان خەریکی نانخواردنی نیوەڕۆ بوو، بە کامێرا و جانتاکانمانەوە زوو زانی ئێمە رۆژنامەنووسین، یەکسەر وتی “بەخێر بێن، من دکتۆر واڵا کوردستانیم، دەزانم بۆلای من ھاتوون”. پانزە دەقیقەی دانیشتەکەمان کە ھێشتا دەستمان بە چاوپێکەوتنەکە نەکردبوو ھەر خەریکی باسکردنی ھونەرمەند لۆکە بوو، زۆر بە گلەیی بوو، زۆریش توڕە دیار بوو، نەیدەزانی بڵێ لۆکە، یان دەیگوت لۆرکە یان دەیگوت خانمی پەمەیی. چونکە ئەو دەیگوت “شیعری گۆرانییە فارسیەکەی لۆرکە ھی منە دزیویەتی، دەبوایە لۆرکە پرسم پێ بکات، من ئێستا لە چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ گۆڤاری (سڤیل) گلەیی لێدەکەم، بەڵام شکاتی لێ ناکەم، چونکە ئەویش کوردە و خانەندەیە”.
لۆکە زاھیر، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (سڤیل) کە لە ژمارەکانی داھاتوو بڵاودەکرێتەوە لە بارەی گۆرانییە فارسیەکەی دەڵێت “ئەو قسانە ھەمووی لە بوختان و حەسادەت زیاتر نین، ئەگەر سەڵمێنرا من ئەو گۆرانییەم دزیوە، واز لە گۆرانی گوتن دێنم”.
لەسەرەتای قسەکانی بۆ (سڤیل) واڵا کوردستانی واخۆی ناساند “تەمەنم ٥٥ ساڵە، تائێستا ٣١ ناوم ھەیە، دایک و باوکم ھەورامیە و لە ھەورامان لەدایکبوویمە، تەمەنم ٥ ساڵان بووە کاتێک چووینە ئێران، ھەر لەوێش لە تەمەنی ١٧ ساڵی بەبێ رەزامەندی خۆم شووم بە پیاوێکی فارسی کرد، ئێستا تەنیا کوڕێکم ھەیە بە ناوی سەلاحەدین”. ئەو گوتیشی “بەڵام ئێستا لە تەواوی ئێران ناسراوم، چونکە بەشێکی زۆری شیعری گۆرانیەکانی ھایدە و مەھەستی و گوڵپایەگانی من نووسیوومە، بۆ موعین و داریووش و گوگوشیش شیعرم نووسیووە، ئەمجارە چوار شیعرم بۆ شەکیلا نوسیووە”. ئەو خانمە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد خاوەنی چوار دانە کتێبی شیعرییە، “بەڵام لەبیرمچوو لەگەڵ خۆم بیانھێنم، بەڵێنی دەدەم کە چوومەوە ئێران بە دیاری بۆتان بنێرم”. ئەو خانمە وەک خۆی دەیگوت “تەواوی شیعرەکانم بە فارسی نوسیووە، تەنیا یەک دانە شیعرم بە کوردی ھەیە، ئەویش “شیرین شیرین” کە ھونەرمەند ھایدە بە کوردی کردوویەتی بە گۆرانی!”. لەڕاستیدا “شیرین شیرین” شیعرێکی فۆلکلۆری کوردییە، بەڵام واڵا کوردستانی پێداگری کرد کە خۆی ئەو شیعرەی نوسیووە، دەڵێ “ھەموو دنیا دەزانێ شیرین شیرین شیعری منە و بەو شیعرە ناوبانگم دەرکردووە”.
ئەو خانمە باسی لە ٣١ ناوەکەی خۆی کرد، کە لەبەر غەرامە و ترسی سزادانی لە حکومەتی ئێران، بە ناوە راستەقینەکەی خۆی شیعری بۆ گۆرانیبێژەکان نەنوسیووە، ھەر لەبەرئەوە ٣١ ناوی شیعری ھەیە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لە شیعرەکانی خۆیدا کە بۆ ھونەرمەند ھایدەی نوسیووە، ناوی (ھەدیە)ـیە، دەڵێ “زۆربەی شیعرەکانم بۆ ھایدە دەنووسی، چونکە ئەو کوردپەروەر بوو، کە دەیزانی من کوردم لە ھەموو کەس زیاتر منی خۆشدەویست، کە کوردێکی دەبینی دەستی بۆ پێڵاوەکانی دادەنا و دەیگوت لەسەر دەستم بڕۆ”. دەشیگوت “من ھەر شاعیری ھایدە نەبووم، بەڵکو خوشکی ئەو بووم، زۆر ھاوڕێ بووین، کاتێک ئەو مرد، مانگێک گۆشەگیر بووم”.
(سڤیل) بەنێو ماڵپەرە بەناوبانگەکانی ئێران بەدوای ناوی ھەدیە و شاعیری ھایدە و ئەو گۆرانیبێژە بەناوبانگانەی فارس گەڕا کە واڵا کوردستانی ناویان دێنێ و دەڵێ من شیعرم بۆیان داناون، لەو گەڕانەدا ئەوە دەستکەوت کە (ھەدیە) نازناوی خانمە شاعیرێکە کە ناوە ئەسڵیەکەی (لەیلا کیسرا)یە و لە ٩٥%ی شیعرەکانی بۆ ھایدە نوسیووە، ئینجا بۆ مەھەستی و گوڵبایەگانی و داریووش و موعین، گوگوش و شاکیلا و ئێبی نوسیووە، ٢٠ ساڵ بەرلەئێستا (ھەدیە) بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە.
تەواوی ئەو شیعرانەی، کە واڵا کوردستانی دەڵێت ھی منە و پێشکەشی گۆرانیبێژەکانی کردووە، لە ژیاننامەی لەیلا کیسرا (ھەدیە) ھەیە، کە لە ماڵپەرە فارسیەکاندا ھەیە و شاعێرێکی بەناوبانگ بووە، تەواوی شیعرەکانی لای خەڵک خۆشەویست و شیرین بووە، کە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە ئێران بە نەخۆشی ژێرپەنجە مردووە.
بەڵام واڵا کوردستانی بۆ (سڤیل) دەڵێ “ھەدیە منم، خەڵک بە ھەڵە تێگەیشتووە”. ئەو گوتیشی “پەشیمانم ئەو خزمەتەی بە شیعر و ئەدەبی فارسی کردووە، بە کوردم نەکردووە، ئیتر لەمەودوا شیعر بە کوردی دەنووسم”. ھەروەھا دەڵێ “ھەتیوخانەیەک بۆ منداڵە بێ دایک و باوکەکان لە ھەولێر دروست دەکەم و خۆم سەرپەرشتی دەکەم، من کەسێکم بە ھۆی فرۆشی شیعرەکانمەوە ھەم دەوڵەمەندم و ھەمیش گرێبەستی باشم لەگەڵ کۆمپانیای گەورە ھەیە لە ئەمەریکا و ئێران”. خانمی واڵا کوردستانی لە بارەی سازدانی کۆنسێرتی ھونەرمەندە فارسەکان لە ھەولێر گوتی “زۆرم پێ ناخۆشبوو کە بیستم ئەوانە دێنە کوردستان پارەی زۆر وەردەگرن و دەڕۆنەوە ئەمریکا، دەبێ ھاوکاری خەڵکی کوردستان بکەن و پارەکانیان بۆ پڕۆژەی خێرخوازی لە کوردستان بەکاربێنن”. گوتیشی “لە ماوەی رابردوو موعینم بینی و گلەیم لێکرد و پێمگوت بۆچی ئەو پارە زۆرەت لە کوردستان وەرگرت، کە دەزانی کوردستان تازە حکومەتە، لە شەرم ھیچی نەگوت، ئەگەر گوگوش ببینم گلەیی لەویش دەکەم”.
دوای تەواوبوونی چاوپێکەوتنەکە ئەو خانمە باسی ھونەرمەند جەمشیدی کرد، کە چوار دانە شیعری بۆ گۆرانییە تازەکانی داناوە و ھێشتا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام جەمشید لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) گوتی “ئەو خانمە ناناسم”.
واڵا کوردستانی، لەسەر داوەتی خەسرەو جاف ھەفتەیەک لە کوردستان بوو، لە ھوتێل چوارچرا لە شاری ھەولێر، ئێستا گەڕاوەتەوە ئێران، لەو بارەیەوە خسرەو جاف لە لێدوانێکدا بۆ (سڤیل) گوتی “لەبەرئەوەی واڵا کوردستانی ھاوڕێیەکی کۆنی خۆمە و لە بنەماڵەیەکی دیارە لە ئێران، رۆژنامەنووسە، بەم ناونیشانە داوەتی کوردستانم کردبوو”. لە خسرەو جافمان پرسی واڵا کوردستانی شاعیرە یان رۆژنامەنووس، گوتی “منیش بیستوومە شیعر دەنووسی، بەڵام نازانم شیعری بۆ کام ھونەرمەند نووسیووە، زانیاریم لەسەر لایەنی شیعری ئەو خانمە نییە”.
zanadzey@yahoo.com