سەدیق سەعیدڕواندزی
مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی لە شیعرەوە دەست پێ دەکات، لەو سۆنگەیەوە، گەر بابە تاھیری ھەمەدانی لە ڕێگەی شیعرەوە ھەوڵی بەرجەستەکردن و ناساندنی شوناسی فەرھەنگی کوردی لە ڕێگەی شیعرەوە دابێت، ئەوا شەش سەدە دوای ئەو، خانێ ئەو شوناسە، لە فەرھەنگییەوە دێنێتە نێو چەمکی ناسیۆنالیزم و لە ڕێگەی مەم و زینەوە، شوناسێکی نەتەوەییانەی بەرفراونتر، بە بوونی کورد لە ئاستی ناسنامەدا دەدات. لە دوای خانی، حاجی قادری کۆیی وەک دیارترین و ڕەخنەگرترین و ھوشیارترین شاعیری کلاسیکی لە ئەدەبی کوردیدا دەردەکەوێت و ئەو گوتارە فەرھەنگییەی بابەتاھیر و ناسیۆنالە سادەیەی خانی، دەباتە ئاستێکی بەرزتری نەتەوەییانە و حاجی کار لە سەر ھوشیارییەکی دەستە جەمعی و کۆمەڵایەتی دەکات. بابەتاھیر، لە مێژووی کرنۆلۆژییانەی شیعری کوریددا، بە وێستگەی یەکەمی دەرکەوتنی شیعر لە ئەدەبی کوردی و بگرە فەرھەنگی کوردیش دادەنرێت، چونکە بەر لەو شاعیرە، مێژووێکی دیکەی شیعری کوردیمان بە شێوەی نووسراو نییە، بۆیە ھەمیشە ڕیشە مێژییەکانی شیعری کوردی دەبردرێتەوە سەر بابەتاھیری ھەمەدانی کە لە ( سەر و بەندی فەرمانڕەوایی دەیلەمییەکان لە نێوان ساڵانی ٩٣٨ _ ١٠١٠ ز) (١) ژیاوە. (شاعیرێکە بە فەلسەفەی سۆفیگەرییەوە پەیوەستە، دان بە ھەڵەی خۆی دا ئەنێت، تکا دەکاو دەپارێتەوە و داوای لێبوردن دەکا) (٢). وشەی باباش( پێش ناوێکە ، بۆ ڕێبەرانی ئایینی یارسان بەکارھاتووە، لە کوردەواریدا ھاوواتای وشەی پیرە)(٣) بێگومان لە زۆربەی چوارینەکانیدا، بابەتاھیر، بۆ سکاڵای ژیان و دڵی، ڕوو لە خوا دەکات و نزاو پارانەوە دەکات، ھاوکات ڕەخنەش لە نادادی کۆمەڵایەتییانەی ژیان دەگرێت، کە دەرھاوێشتەی جیاوازی چینایەتییە، بەوەی کە مرۆڤانێک ھەن، تەنانەت نانی جۆشیان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گەر بە وردی بڕوانینە دنیابینی شیعرییانەی بابەتاھیر، ئەوا دەبینین ڕەگەزە ھونەرییەکانی ڕێبازی ڕۆمانسیزم، کە بایەخ بە سرووشت، جوانی ئافرەت، خەم و تەنھایی مرۆڤەکان دەدات بوونی ھەیە. ئەمە وێرای ئەوەی لە بەشێک لە چوارینەکانی دیکەی، بە دیدگایەکی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە، ڕەخنە لە ڕەھەندی کۆمەڵایەتییانەی تاک و کۆمەڵگە دەگرێت.
وێرای ئەمەش، لە پەراوێزی وەسفی ژیانی خۆیدا، کە لە چوارینەکانیدا دەبینرێت، ھەست بە ریالیزمی سۆسیالستانەش دەکەین، کە ئامانج لێی، دادپەروەریی و یەکسانی چینایەتی و ھاوبەشییە لە بوون و ژیاندا. بێگومان بابەتاھیر، شاعیرێکی ھەژار و نەدار بووە، بەڵام شکۆمەندانە ژیاوە. چوارینەکانی، ئاوێنەیەکن بۆ خوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتییانەی ژیانی ئەو، بگرە کۆمەڵگەش، کە لە پەراوێزی تێمای چوارینەکانی دەیبینین، لە نێویشیاندا ھەژاری، نەبوونی، بێ لانەیی و خۆی وەک مرۆڤێک باس دەکات ، کە لێیەوە ئاوێنەی ڕۆژگاری سەردەمی ژیانی ئەو، بە ڕوونی دەبینین چونکە( شیعر ھەر شایەدی لە سەر شاعیر نادات، بەڵکو شاھیدێکی نھێنی و ڕاز پارێزی ناوەوەی کۆمەڵگەشە) (٤) بێگومان دیارە بابەتاھیر، بە زمانی لوڕی چوارینەکانی نووسیوە لوڕیش ( یەکێکە لە بنزارەکانی شێوەزاری کوردی باشوور)(٥) کە زمانی ئەو کاتی ناوچەی لوڕستان بووەو تاکو ئێستاش ئەو شێوەزارە، بە زیندووی ماوەتەوە. بابەتاھیر، چوارینەکانی دەکاتە ئاوێنەیەک بۆ نیشاندانەوەی ڕۆژگاری خۆی و لە ڕێگەی وێناکردنی واقیعی کۆمەڵایەتییانەی ئەوکات، لایەک لە ژیانی کۆمەڵگەی سەردەمی خۆی، سەختی و نەبوونی، نادادپەروەری ژیان دەکاتەوە و وەسفی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت:_
خەمی گێتیت ھەموو کردۆتە بارم
مەگەر من (لۆک)ی مەستی سەر قەتارم
منت ھەوسار کر و دا دەستی ناکەس
ھەموو دەم بار دەکەی بارێ لە بارم ( ٦ _ل ٥١)
شاعیر، خەمی ھەموو دنیا، بە بارێکی قورس لە سەر شانی دەبینێت و وەک ئەوەی حوشتری سەر قافلەی کاروانچییەکانی نێو بیابان بێت وەھایە و سکاڵای ئەوە دەکات، خۆ ئەو لۆک نییە ! کەچی وێرای ئەو ھەموو بارە قورسەش، لەوە پڕ ئازارتر بۆ بابەتاھیر ئەوەیە، کە ھەوساری ئەو حوشترە لە دەست ناکەسێکە، کە لە بری ئەوەی بەزەیی بە گیاندارەکە دابێتەوە و ھەستی مرۆییانەی بۆی ھەبێت و وەک گیاندارێک ئازاری نەدات، بە پێچەوانەوە بارەکەی قورستر دەکات ! پێ دەچێت نادادپەروەری ژیان، ناکەس بەچەیی، لە ڕۆژگاری بابەتاھیردا، ھاو شێوەی ھەر سەردەمێکی دیکە، وەک لێکەوتەی ژیانێکی نادادپەروەرانە بوونی ھەبووبێت، بۆیە سکاڵای ئەوە لە ڕۆژگار دەکات کە ھەوسارەکەی ملی داوەتە دەست نا کەسێک، کە تا بتوانێت باری قورستر دەکات، کە ئەمەش نیشانەیە بۆ نەبوونی ھەستی مرۆییانە، ھاوسۆزیی، بە تەنگەوە ھاتن و تیۆری کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، وەک ئەوەی شاعیر وێنای دەکات. لەو خەم و ناسۆرییانەی ژیانیشدا، بابەتاھیر فریادرەسێک شک نابات پەنای وەبەر بەرێت، تەنھا پەروەردیگار نەبێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر خوداو دەڵێت:_
خودایە ڕووبکەمە کوێ ڕوو بکەمە کوێ
منی بێ دەست و پێمە ڕوو بکەمە کوێ
ھەموو دەچنە دەرێ من دێمە لای تۆ
ئەتۆ ئەگەر بچییە دەر من ڕووبکەمە کوێ ( ل ٤٣)
بابەتاھیر، خودا وەک تاکە پەناگە و فریادرەسی ژیانی خۆی دەبینێت و گەرچی ھەموو سووچ و کونجەکانی ژیانی بە ڕوودا داخراون، بەڵام ئەو خودای ھەیە لەلایەکی دیکەوە گەر ورد بڕوانینە ئەم چوارینەی بابەتاھیر، ئەوا دیسانەوە خەسڵەتێکی کۆمەڵایەتی ڕۆژگاری خۆی، دەردەخات، ئەویش، نەبوونی ئایینداری ڕاستەقینە و خوداپەرستی ڕاستەقینەیە، چونکە مرۆڤەکان لە بەر ژیانی دنیا، کەسیان خودایان بیر نەماوە وە ھەمووان لە خودا پەرستی دەچنە دەرەوە بۆ ژیان، بەڵام ئەم وێرای ئەوەی ژیانێکی یەکجار سەخت و نەداریشی ھەبووە، کەچی ھەر دێتەوە لای خودا و نزا دەکات لە کاتێکدا کە کەس لە خۆی ناگرێت، خودا بەزەیی پێدا بێتەوە. بابەتاھیر، لە چوارینەیەکی دیکەدا، وەسفی ژیانی قەلەندەرانەی خۆی دەکات و دەڵێت:_
من ئەو ڕەندەم کە پێم بێژن قەلەندەر
نە خانووم ھەس نە کەلپەل ھەس نە لەنگەر
بەدەوری کوچەتا ڕۆژگار ئەسووڕێم
کە شەودادێ بەخشتاندا دەنێم سەر ( ل ٣٥)
بابەتاھیر ، قەلەندەرێکە نەخانووی ھەیەو نەشوێنێک تاکو تێیدا، لەنگەر بگرێ، تەنانەت سەرینێکیشی نییەو خشت دەکاتە سەرین، کەچی زۆر شکۆمەندانە ژیاوەوە ڕازی بووە بەو ژیانەی کە ھەیبووە، چونکە تێڕوانینێکی دنیایی نەبووە، بەڵکو مرۆڤێک بووە ڕوانگەیەکی زوھدییانەی ھەبووە و بۆ ئاخیرەت ژیاوە. لە چوارینەکانی بابەتاھیردا، ڕۆژگاری ژیانی ئەو سەردەم، لە ڕووی چینایەتی و کۆمەڵایەتی بە ڕوونی دەبینرێت و شاعیر باس لە ھەژاریی و نەبوونی و زەنگینی و ئایینداری و جیاوازی چینایەتی و ژیانی دنیا و دوایی دەکات. واتا لە ڕێی ئەو چوارینانەوە بابەتاھیر ژیانی ئەوسای مرۆڤەکانمان پیشان دەدات چونکە ( ھەندێک بەرووبوومی ئەدەبی ھەن، نرخیان ھەر لەوە دانییە کە ئایا لە ڕووی ڕۆشنبیری و ھونەرەوە بای چەندن، بەڵکو نرخی ڕاستیان لەوە دایە، کە بەڵگەی زەمان و چەرخی خۆیانن و بە وردی چرای ڕەخنە ئاراستەی کەلێن و قوژبنی تاریکی کۆمەڵەکەیان لەو قۆناغە دەکەن و وەک ئاوێنە ڕووداو دەخەنەڕوو)(٦).
سەرچاوەوە پەراوێزەکان:_
١_بابەتاھیری ھەمەدانی ژیان و بەرھەمەکانی ، ئەحمەد تاقانە، بڵاوکراوەی دەزگای ئاراس، زنجیرە ٥٦٧، ساڵی چاپ ٢٠٠٧.
٢_بابەتاھیری ھەمەدانی ژیان و بەرھەمەکانی ، ئەحمەد تاقانە، بڵاوکراوەی دەزگای ئاراس، زنجیرە ٥٦٧، ساڵی چاپ ٢٠٠٧.
٣_ بابەتاھیری ھەمەدانی ،ماڵپەڕی وشە، ڕێکەوتی ١٤ /١١/ ٢٠١٧
٤_سایکۆلۆژیای شیعری کوردی، پێشڕەو عەبدوڵا، بڵاوکراوەی دەزگای سەردەم زنجیرە ١٠١٠، ساڵی چاپ _٢٠٢٠، ل ١٧٨.
٥_ ویکپیدیا.
٦_ زنجیرەی شاکارنووسانی کورد، ئازاد حەمە شەریف، بڵاوکراوەی دەزگای موکریانی ، ساڵی چاپ _ ٢٠١٢ ، ل ٦٩.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە.












































































Discussion about this post