ماوەیەکە قەزای ناوەندی ھەولێر بوێرانە ھەستاوە بەکار و پیشە سەرەکیەکانی خۆی و چاودێری پاک و خاوێنی چێشتخانەکان و نۆرینگە پزیشکیەکان و میوانخانە و بەدواداچوون بۆ خواردنی ماوە بەسەرچوو دەکات..لەو پێناوەدا توانیوویەتی زۆر لە کەم و کوڕیەکان دەربێخی و ئیجرائاتیان لەبەرامبەردا وەربگرێت و خەڵکی لێ ئاگادار بکاتەوە. ئەوەی کە تیشکی زیاتری خراوەتە سەر مەسەلەی تەندروستی و سەلامەتی خەڵکیە بۆیە لە لایەن سەندیکای پزیشکان و نوێنەرانی سەندیکاکانی دەرمانسازان و کارمەندانی پزیشکی و بازرگانی و شارەوانی ھەماھەنگی دەکرێن. لەگەڵ ھەموو ئەو ماندووبون و ھەوڵانەی کە لەلایەن جێگری قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێرەوە بۆ جێ بەجێکردنی ئاماجە سەرەکیەکانی لە لادانی زیادەرۆیی و مەترسی خۆراک و کەل و پەلی پیس و ماوەبەسەرچوو دەدرێت بەڵام چەند سەرنجێک لەسەر کارەکانیان ھەیە کە بە پێویست دەزانرێت کاری سەربکەن بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی ھەنگاوەکانیان لەوانە
١/ پێویستە بەشێوەیەکی فەرمی و لەرێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ھەموو ڕێنمایی و یاسا و بڕیارەکانی قایمقامیەت و تەندروستی و شارەوانی بۆ ھەموو کارە بازرگانیەکان بڵاوبکەنەوە و ئاگاداریان بکەنەوە بەر لەوەی دەست بکەن بە کارە مەیدانیەکانتان سەبارەت بە وەرگرتنی ئیجرائات.چونکە زۆرینەی سزادراوەکان پێشتر بە ھۆی کەمتەرخەمی لیژنەکانی چاودێری تەندروستی و بازرگانی لە کەمو کوڕیەکان بە باشی ئاگادار نەکراونەتەوە.بۆیە پێویستە بەر لە سزادان..زیاتر لە جارێک ئاگادار بکرێنەوە..
٢/ بۆ ئەوەی کارەکانیان زیاتر زانستی و جێگەی رەزامەندی ھەموو خەڵک بێت پێویستە بۆ چاودێریکردن و پشکنینی ھەر بابەتێک ئامێری ووردبینتان ھەبێت کە دەسکەوتنی ئەو ئامێرانە کارێکی ئاسانە لە ووڵاتانی دراوسێ.چونکە ناکرێت لێژنەی لێپێچینەوە بە ھەرەمەکی و تەنھا بە مەزەندە و پێشبینی کاربکات.بۆ لێکۆلینەوە لە کۆن و نوێ و خراپ و باشی گۆشت و خواردەمەنی و شیرەمەنی پێویستە ئامێر بەکاربێت ، چونکە لە رووی زانستیەوە تەنھا بە سەیرکردن ناتوانرێت بەڵگەی کەموکوڕیەکان دەربێخرێت بۆ خەڵک و خاوەنی چێشتخانەکان..تاوەکو ئیستاش لەو سەروەبەینەدا چەند چێشتخانەیەک زیان بە ناوبانگ و کارەکانیان گەیشتووە لە بەرامبەر ئیجرائاتێک کە تەنیا مەزەندەی خراپی لێکراوە.کە ئەوەش ناھەقیەکە بەرامبەر خاوەن کارەکان.
٣/ داواکاریەکانتان لە ھەموو خاوەن کارە بازرگانیان بە نوسراو لەلابێت و لەگەڵ بەسەر کردنەوەیان دابەشی بکەن.
٤/ ماوەی شوێن و کاتی کارەکانتان پێویستی بە فراوان بوونە و خەڵک پێی وایە کە ئێوە دەسەڵاتتان تەنھا بەسەر شوێنە بازرگانی و گەشتوگوزاریە بچوک و بێ پاڵپشتەکانە.بۆیە پێویستە ھەموو چێشتخانە گەورەکان و مۆڵ و سوپەرمارکێتەکانیش بوێرانە بەسەر بکەنەوە.
٥/ بە مەرج نازانرێت کە کارەکانتان بە بەردەوام لەبەرچاوی کامێراکانی ڕاگەیاندن ئەنجام بدەن.بۆ ئەوەی کارەکان بە پروپاگەندەی ڕاگەیاندن و خۆدەرخستن ھەژمار نەکرێت.دەکرێت لە بەرنامەیەک تەنھا ڕێنمایی و ئیجرائاتەکان بڵاوبکەنەوە.
٦/ لە رووی ئیتیکی رۆژنامەنوسیەوە پێویستە ڕێگا بە پێشکەشکاری بەرنامەکە نەدرێت لەکاتی لێکۆلینەوەکانتان ڕا و قسەی تایبەتی خۆی ھەبێت و ببێتە ھاوشانی ئەندامانی لێژنەکە و قسەکانی کاربکاتە سەر بڕیارەکانی لێژنەکە..بەھەمان شێوە بۆ پۆلیس کە کاری بڕیاردان نیەو بەڵکو ئەو لایەنی جێبەجێکاری یاسا و قانونە.
٧/ پێویستە بەر لە ھەر مەسەلەیەک لێکۆڵینەوە لە تابڵۆی بەر دەرگای چێشتخانە و شوێنە بازرگانیەکان بکرێت.چونکە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر ناشارستانیانە و بەربڵاو ھەموو تابلۆکانی پایتەختی ھەرێمی کوردستان بوونەتە تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی.کە بەر لە ھەر مەسەلەیەکی دیکە پێویستی بە بەدواداچوونە.
٨/ پێویستە کە نوێنەرانی سەندیکا پزیشکی و بازرگانی و شارەوانیەکان گۆڕانکاریان تێدا بکرێت و بە درێژایی کار تەنھا یەک کەس نەبێت. بۆ ئەوەی کارە خزمەتگوزاریەکانتان پەل نەکێشێت بۆ مەسەلەی بەرتیل و گەندەڵی.
٩/پێویستە کە ئەو چاودێرانەی ھەماھەنگی قایمقامیەت دەکەن لە پزیشک و یاریدەدەرەکانی پسپۆریەکی تەواویان لە کارەکانیان ھەبێت و کارەکانیان لەسەر بنەمای زانستی بێت.
١٠/ پێویستە ھەماھەنگی تەواو لە نێوان ئەو لێژنەیە و کۆنترۆلی جۆری و چاودێری خۆراک و تەندروستی ھەبێت و لە کارەکانی یەکترئاگاداربن..
دیــــــــــدار نانەکەلی
ھەولێر