کازیوە ساڵح : لە دەرکەوتنی هەر کێشە وقەیرانێکدا ، یەکەم دەزگای سیاسی وحکومی لێپسراوێتی کۆنترۆڵکردن وهێورکردنەوەی دۆخەکە ئەبێت بە ئەرکی پەڕلەمانی ئەو وڵات وهەرێمەیە. چل وهەشت (٤٨) کاتژمێرە خەڵکی کورد لە جیهاندا، جگە لەوانەی بۆ دام ودەزگا و وڵاتانی دژە کورد کار ئەکەن لە دڵڕاوکێ و نائارامی کوشندەدا ئەژین، لە گەڵ ئەوەشدا ئەمە نەبووە بە کێشەی پەڕلەمان و پەڕلەمانی بە ناو کوردستان کە تا ئێستا بە جدی بە ئەرکەکانی خۆی هەڵنەستاوە. ئەبێت ئەرکەکانی پەڕلەمانی کوردستان لە ئێستادا چی بێت و بۆچی پشت گوێیان ئەخات؟.
یەکەم ئەرکی پەڕلەمان ئەوەبوو میدیاکان کۆنترۆڵ بکەن، کە هەموویان سەر بە حزبەکانی خۆیانن و ژمارەیەکیشیان بە ئاشکرا کار بۆ داگیرکارانی کورد ئەکەن و هەتا ئێستاش نەبووە بە غەمی پەڕلەمان. بەڵام لێرەدا قسەی من لە سەر ئەوانە نیە کە بە ئاشکرا سیخوڕن، بەڵکو لە سەر ئەو دۆخەیە کە دەیان میدیا لەم چەند کاتژمێرەدا لێدوان ، ڕاڤە ، وتی وتیان کرد بە خۆراکی میدیای و زانیاری ناڕاستیان دا بە خەڵک، هەر یەک لەو زانیاریانە ژەهرێکی کوشندە بوون هزر و مۆراڵ و ئاوەزی تاکی کوردی پێ قانگداوە و هانیداون بۆ شەڕی براکوژی، نەفرەتکردن لە کورد و بێ ئومێدی زیاتر بە کوردستان. هەر یەک لەو فاکتەرانە خزمەت بە ناحەزانی کورد ئەکەن. ئەرکی پەڕلەمان بەر لە ڕوودانی شەڕ دەستەبەرکردنی یاسایەکە بۆ سزادانی ئەو میدیا و تاکانەی و مەیدانی وشە ئەخەنە خزمەتی شەڕ و دووبەرکیەوە لە بری ئاشتی.
دووەم ئەرکی پەڕلەمان میانگیری نێوان ئەو دوو هێزەیە لە پێناو بنبەستکردن و گەشەنەکردنی ئەو کێشەیەدا. چوونکە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەگەر بە شیوەیەکی ڕووکەشیش بێت یەک پەڕلەمانیان هەیە، ئەو پەڕلەمانەش خۆی ناو نەناوە پەڕلەمانی هەرێمایەتی بەڵکو پەڕلەمانی کوردستان، کوردستانیش تەنها بوشوور نیە..
ئەکرێت ئەم پەڕەلەمانە بڵێت قسەکردنمان لە نیوان دوو هێزی کوردیدا ئەبێت بە دەستێوەردانی کاری وڵاتانی دی. بە بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو خاڵە بکەن کە هەر یەک لەو دوو هێزە پارتی ئۆپۆزسیونی ئەو وڵاتانەن کە کورد بە وڵاتی دی ناو ئەهێنێت، واتە دواجار هیچ بەهانەیەکی دەستێوەردان لە ئارادا نیە. سەرباری ئەوەی حزبی دیموکرات کە کارەکانی لە هەرێمی کوردستاندا ڕائەپەڕێنێت بە بێ ڕەزامەندی و پشتیوانی و مۆڵەتی پەڕلەمان وحکومەتی هەرێم نەیانتوانیوە و ناتوانن بەردەوام بن. لەم دۆخەشدا ئەو کێشەیە بە ناوخۆ بزانن یان دەرەکی هەر ناوخۆیە چونکە خۆیان کردوویانە بە لۆکاڵ .
ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات، مۆڵگەی شەڕی راگەیاندنەکەی لە باشوورەوە سەری هەڵداوە و گەرم بووە نەک لەو دوو پارتەکە خۆیانەوە. بە هەموو پیوەرێک نۆکەرێکی دیی و تەنها لە خزمەتی یەکەم تورکیا ودووەم ئێراندا ئەکرێت. لە هەموو مێژووی تورکیادا تەنها لە ڕووخانی دەولەتی عوسمانیدا بەم شیوەی ئیستا و بە هۆی ئەو هەموو پشتگیریە لە هەدەپە تورکیا تۆقیوە. بە هەموو شیوەیەک ئەیەوێت یەک: ئەو ئەزموونە لە بار بەرێت ، دوو: کوردی پارچەکانی دی تەنها بە کێشەی خۆیان و دوو بەرەکیەوە خەریک بکات نەک پشتگیری و یەکگرتووی هێزەکانی هەر چوار پارچە. سێ: دەیەوێت ئاوەزی کوردی ناوخۆی تورکیا بە قەندیلەوە خەریک بکات هەتا ئەو ئامانجەی ئێستا بۆی تێئەکۆشن ، چوار: پێ دەچێت هەندێ هێزی کوردی باشوور وهەوەها رۆژهەڵاتیش وا مەزەندە بکەن کە سەرکەوتنی هەدەپە و پەکەکە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەوانیش ئەهێنێت. لە کاتێکدا تەنانەت ئەگەر واش بێت پارت و سیستمێک ئەگەر دیمۆکراتی بێت ئەو فۆبیایە نایگرێت. کۆمەڵێک لە کوردستاندا پشتگیری لایەنێک ئەکات دژی لایەنێک، بەر لەوە شەڕ ڕوویدابێت بە شێوەیەک ڕاگیەناندی خستوەتە کار بۆ شەڕ، بۆ جینۆسایدی ئەنفال وهەڵەبجە و ئێزیدیەکان نەیانخستوەتە کار ، ئەمانە هیچ کات جیاوازیەکان لە گەڵ داعشدا نیە. پەڕلەمانی کوردستان ئەگەر دژی داعشە وەکو هێز ، پیویستە دژی کولتووری داعشیش بێت بۆ ئەوەی نەبێت بە هێز.
لە سەروو ئەمانەوە کوردستان تا ئێستا کە زیاتر کار بە یاساکانی سزادانی عێراق ئەکات، لە گەڵ ئەوەی من یاسا ناس نیم وتەنها ئەوەندەم زانیاری یاساییم هەیە کە هاوکاری تێگەشتنی ساکاری ڕۆژانەم بکات، لە گەڵ ئەوەشدا ڕوونە هەر یەک لەو ئاکارانەی لە میدیاکانی باشوردا دەرئەکەون، لە بەر ئەوەی تەشیهربێ حوەرمەتین پێشێلی مادە ماده ٤٣٣، گەواهیدانی درۆ و چیرۆکی ڕوونەدراو ئەگوازنەوە مادەی ٢٩٤ ، ترساندن و ئاژاوە نانەوە مادەی ٣٧٥، بوون بە هۆی کوشتن ولێدان مادەی ٢٣٠، نانەوەی فیتنەی لە نێو چینەکانی کۆمەڵدا مادەی ٢٠٠ی ساڵی ١٩٦٩ یاساکانی سزای کەسی عێراقی بە سەردا ئەسەپێت. کەواتە جەنابی پەڕلەمان ئەگەر لوتف بفەرموویت بە ئەرکی خۆی هەستێت کەسانی شارەزا زۆر لەوەش زیاتر بەندە یاسایاکەنیان بۆ ئەدۆزێتەوە کە ڕۆژانە هاوڵاتی بێ تاوانی پێ تاوانبار ئەکەن، ئێستا بیکەن بە بیانوویەک بۆ ڕاگرتنی ئەو قەیرانە سیاسیەی خەریکە دروست ئەبێت،هەوەها بۆ وەستاندنی کۆمەڵێکی زۆری ئەو میدیانەی لە کوردستاندا لە هیچ کام لە قەیرانەکاندا ڕۆڵی ئەریەتیان نەگێراوەو و زیاتر کاری سیخوڕییان کردووە لە ئاشکراکردن و خراپ مامەڵەکردن بەزانیاری سەبارەت بە پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا هەتا هەموو کێشە ناوخۆیەکان و ئەم کێشەیەی ئێستاش. هەبوونی ئەم کێشانە هەر یەک لە پەڕلەمان و وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسە لێیان.
لە دەرەوەی خەیاڵ خۆشی و پاسیڤبوونی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردی تاکی کوردپەروەر خەڵکی هەر پارجەیەک بێت بە ڕۆژهەڵاتیشەوە، ئەزانێت لەم دۆخەدا چۆن مامەڵە ئەکات. ئەزانێت تورکیا و هاوکارانی تورکیا ئەیانەوێت کوردی ناوخۆی تورکیا بە قەندیلەوە سەرقاڵ بکەن و کوردی باشووریش کە پشتگیری بێ وێنەی پیشانداوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شەڕی ناوخۆ و باسی شەڕی ناوخۆووە سەرقاڵ بکەن، بۆیە ئەگەر ئەتەوێت شەڕ نەبێت وخەونی تورکیا و هاوکارانیان نەیەتە دی ئەرکی ئێمەیە هەر میدیایەک فەیس بووکێک هەواڵێکی نەخوازراو کە بوونی شەڕ وئاگرخۆشکردنی شەڕی لێ دێت ڕیپۆرت بکات. ئیدانەی هەموو پۆستێک بکات بە هەمان نەفەس ئەنووسرێن، رپۆرتی بکات نەک کۆمێنتی بۆ بنووسێت. پشتیوانی هەدەپە و کوردی باکوور چرکەیەکیش نەوەستێنێت وەکو جاران بەردەوام بیت لە چالاکیەکانی بۆ پشتیوانی کردنیان.
٢٤-٥-٢٠١٥