ھیوا سەرھەنگ:
٢٧ ساڵە ھاوار و قیژەکان تیژ تیژ دێن و تێدەپەڕن ..
٢٧
ساڵە ھەناسەکان، یەکتر دەناسنەوە و دەبنەوە بە برین،ئەوێ رۆژێ گوێ کەڕ بوو .. زمان لاڵ بوو .. چاو نابینا و دڵ بەرد بوو، ئەوێ رۆژێ مرۆڤایەتی لە سێبەرێکی خەو قورسدا مانیفێستی جیھانی مرۆڤایەتی دەکردە سفرە و خوان و بەرژەوەندی چڵێسانی پێ دەڕازاندەوە.
٢٧
ساڵ لەمەوبەر کۆللارە وەک خۆی لەنگەری بە حەزی نێو چاوە تیژەکانی منداڵان دەگرت، زیقە و زایەڵە و پێکەنین لە دەم یاری و راکەڕاکەی کیژان و کوڕان, رەنگاڵەیەک پۆپەشمینی دەشتی شارەزوور بوو .. مزگەوتی پاشا ھەر خۆی خۆی بوو، پڕ لە بانگ و لە نوێژ و لە پیاو چاک و لە چیرۆک و لە شیعر بوو، کانی عاشقان مێژووی خۆی دوووبارە و دەبارە دەکردەوە.
ھەڵەبجە، شار بوو .. میژوو بوو .. بێ ترس دڵنیا بوو لە خۆڕازاندنەوی بۆ بەھارێکی پڕ گوڵزاری بۆنخۆش .. بێ گومان بوون ترۆپکی شاخەکان، تەوێڵە، بیارە، ئەحمەداوا، ھاوار و زەمەقی و ھەموو دەشتی شارەزوور بۆ پێشوازیکردن و بەخێر ھاتنی بەھار و پیرۆزکردنی یەکەم رۆژی ساڵی کوردی، سەرقاڵی کردنەوەی ئاگری نەورۆزێک بوون کە جارێکی تر پێناسە تایبەتەکەی کورد پیشانی کشت و کەنار و ھەموو جیھان بدەنەوە و بەدەم شایی و ھەڵپەرکێوە;
ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە .. چەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەھاتەوە ) بڵێنەوە. شنروێ دەیویست گوێ لە گۆرانییەکانی بەھار بگرێت، خوازیار نەبوو تراژیدیایەک بووکی بەھارەکەی بژاکێنێ .. سیروان نەیدەویست خۆی خڵتانی خوێن و ژەھرکات و بوار بۆ کۆچی تەنیا ماسییەک نەھێڵێتەوە .. ئاسمان نەیدەویست باڵندەکانی بخاتە خوارەوە، ئەمانە ھیچیان ویستی ھەڵەبجە و کەلتوری سروشتەکەی نەبوون.
٢٧
ساڵ لەمەوبەر ھێشتا وەک ئەمڕۆ دیمەنەکان پیشانگای خەم و خەونە ئاڵۆزەکانن.
٢٧
ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتێک، دیکتاتۆرێک، لە نێو حەز و رقی خۆیدا، شارێک، مێرگێکی سەوزی بەھەشتی، ھەزاران دەنگ و یاری منداڵان، بۆ ھەوەسی تاقیگەیەک، وەک وانەیەک بڕیاریدا لە نەخشە و لە نێو لیستی شارەکاندا لەناوببرێ و بیسڕێتەوە.
٢٧
ساڵ لەمەوبەر فڕۆکەکان بێ وێنە بوون .. تۆقێنەربوون، ناپاڵم بۆمبی بچووکی عەقڵیەتی گەورەکانیان بوو .. ھەوریان ھێناو .. بارانیان ھێنا و ژەھریان کردە دووکەڵێکی موتربەکراو بە میوە، بە بۆنی خۆش .. موختار جاف پێنووسی شیعرەکەی فرێ داو ویستی ھەموو فرۆکەکان بارەکانیان لە سنگی ئەمدا بەتاڵ کەن، عادیلە خانم عومەری خاوەری راسپارد کۆرپەلەکە رزگار بکات، بۆ خۆی کەوت و حەوت تەبەقەی ئاسمان و عەرشی ھەموو زلھێزانی ھێنایە لەرزە، کەچی دەنگێ، رەنگێ نەبووە ھەڵوێست لە روخساری دەوڵەتیکا. لە چەند چرکەیەکی مەرگھێنا ٥٠٠٠ ھەزار پەپوولەی رۆح و جەستە بە خوێن بە ئاسماندا ھەڵفڕین و بوونە تاجێکی شاھانە بۆ ھەڵەبجە .. دە ھەزار ژن و پیاو و منداڵانی بەش مەینەت تاکو ئێستاش لێیان دەمرێ و دەبنە شەھید …
ھەڵەبجە ھەزاران ئاخی تیا سەربڕا .. ھەزاران ئاواتی خنکێنران، ھەزاران ساوا بە فریای دوا مژ لە مەمکی دایکیان نەکەوتن، ھەزاران باڵندە فڕینەکانیان تەواو نەکرد، باخچەی گوڵان و دارستان و بێستان و رەز و تەواوی شیناوەردی ئەو ھەڵەبجە قەشەنگەی بووکی شارەزوور و خێڵەکانی جافایەتی و بنکە و مەڵبەندی ئەدەب و رۆشنبیری و بارگەی شۆرش و کوردایەتی، ھەموو ھەر ھەموو بوونە ژێر ھەرەشەی مەرگەساتێکی بێ وێنەوە.
ئەوە کارەساتی دەگمەنی مێژووی زوڵم و زۆردارییە کە دووبارە بۆتەوە و لە سەدەی بیستەمی مرۆڤایەتیدا شارێکی وەک ھەڵەبجە کیمیاباران بکرێت.
ھەڵەبجە بۆتە ئاخ، بۆتە خەم، بریندارە چی بۆ بکرێت ھێشتا ھەر پڕ ئازارە.
دیارە چیرۆکە پڕ تراژیدیاکانی ھەڵەبجە زۆرن و دیمەنە لە یاد نەچووەکانی لە ویژدانی ھەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا ماونەتەوە.