سەدیق سەعید رواندزی
ماوەیەکە لەمەو بەر، وتارێکم لە بارەی کتێبێکی نووسەرێکەوە نووسی و چەند ڕەخنەیەکم لە کتێبەکەی گرت و لە ڕۆژنامەی ھەولێردا بڵاومکردەوە. کەچی دواتر عەبدولڕەحمان فەرھادی کە خۆی پێ ئەراگۆنی کوردییە!! بەبێ ئەوەی ھیچ پەیوەندی بە کتێبەکەوە یاخود نووسینەکەی منەوە ھەبێت، بە داخەوە لە فەیسبووکی خۆی ئەو ڵاپەڕەیەی کە وتارەکەمی تێدا بڵاوبۆتەوە، ھاتووە سکانی کردووە و ھەموو وتارەکەی بە قەڵەمی سوور نیشانە کردووە.کە گوایە ڕەخنە لە من دەگرێت و وا خوێنەر چەواشە دەکات کە من ھیچ لە زمان و نووسین و ڕەخنە نازانم.لە ڕاستیدا، بە ھیچ شێوەیەک مەبەستم نەبوو وەڵامی فەرھادی بدەمەوە،چونکە کاتی ئەوەم نییە بە نووسینی بێ مانا خۆم سەرقاڵ بکەم و ئەگەرکات قەرزکرابایە، قەرزم دەکرد بۆ ئەوەی فریای خوێنەوەی کتێبی زۆرتر بکەوم. وەلێ چونکە بەشێک لەو کۆلکە نووسەرانەی من پێشتر ڕەخنەی لۆژیکیم لەکتێبەکانییانەوە گرتووە و خۆیان بوێری ئەوەیان نەبووە وەڵامم بدەنەوە ، بەدەرفەتیان زانیوە وھاتوون بەو نووسینە چەواشەکارییەی فەرھادی شاگەشکە بوونە (وەک ئەوپەندە کوردییەی دەڵێت: دوژمنی دوژمنم دۆستمە) کەوتوونەتە نووسینی کۆمێنت لە دژی من و بە داخەوە ھەندێکییان پەلاماری کەسیەتیشیان داوم، ئیدی بە پێویستم زانی کورتە وەڵامێکی بدەمەوە بۆ ئەوەی واز لەو چەواشەکارییانە بێنێ، لەخوارەوەش سەرنجەکانم دەخەمە ڕوو:_
١_ فەرھادی وتارەکەی لە فەیسبووکی خۆی نووسیوە، چونکە دەزانێت بە ئاسانی بۆی دەچێتە سەرو تێدەپەڕێت،خۆزگە کەمێک ئازایەتی و بوێریی ئەوەی ھەبووایە،لە ڕۆژنامەی ھەولێر سەرنجەکانی بنووسێ!!!.
٢_ لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزو خۆشەویستیم بۆ ھەموو ئەوانەی فەیسبووکییان ھەیە و بەکاری دێنن، بەڵام سێ بەشی ئەو نووسینانەی لە فەیسبووک بڵاودەکرێنەوە،لای من بەھایان نییە.چونکە فەیسبووک سەکۆیەکی بێ دایک و باوکە و ھیچ فلتەرو سانسۆرێکی نییە و ھەموو کەسێک دەتوانێت چەواشەکاریی، تەشھیر، جوێن،ڕەتکردنەوە، وتاری بێ مانای لێ بڵاو بکاتەوە. بۆنموونە: من لە فەیسبووک دەنووسم( شێرزاد حەسەن چیڕۆکنووس نییە، بەختیار عەلی ڕۆماننووس نییە، مەریوان قانع ڕووناکبیر نییە، ئازاد عەبدولواحید ڕەخنەگرنییە، عەبدولموتەلیب عەبدوڵا لێکۆڵەر نییە، عەتا قەرەداغی نووسەر نییە…تد کێ دەتوانێت ڕێگریم لێ بکات؟ بەڵام ئاخۆ دەتوانم ئەوانە لە ڕۆژنامەیەک یان گۆڤارێک بنووسم؟.
٣_ خۆزگە فەرھادی بوێری ئەوەی ھەبووایە لە ڕۆژنامەیەک وتارەکەمی شەن و کەو بکردایە و خاڵ بە خاڵ ھەڵەکانی دیاربکردایە، نەک بۆ چەواشەکردن، ھەمووی بە خەتی سوور وەک قوتابییەکی قۆناغی بنەڕەتی تێوەربدات.چونکە ئەو ھێڵی بە ژێر وشەی وەھا داھێناوە، کە ھیچ ھەڵەیەکییان تێدا نییە.
٤_ خودی فەرھادی، بە واژۆی خۆی دیوانە شیعرێکی بۆ ناردووم بە بێ ئەوەی بیناسم. من ئەگەر لە بارەی دەردە دڵەکانییەوە نەک شیعرەکانی، وتارم نووسیباو بەشان و باڵی ئەوەم ھەڵبدایە،دڵنیام ئەگەر ھەموو نووسینەکانیشم ھەڵە بان بێ دەنگی لێ دەکردم.
٥_ من تا ئێستا کەم ڕۆژنامە و گۆڤار ھەیە، وتارم لێ بڵاو نەکردبێتەوە. تۆبڵێی فەرھادی لە ستافی ئەو بڵاوکراوانە ڕۆشنبیرتروبە تواناترو زمانزانتر بێت؟ڕێی تێ دەچێت کەسێک ھیچ لە زمان و ڕێنووس نەزانێت و بەسەدان وتاریشی بڵاوکردبێتەوە؟
٦_ فەرھادی لە کاتێکدا ڕەخنە لەلایەنی زمانەوانی و ڕێنووسی وتارەکەی من دەگرێت، بەڵام ھەر خۆی لە چۆڕاوی تریفەدا، وشە ھەیە بە دوو شێوە و بە دوو ڕێنووسی جیاواز نووسیویەتی.
٧_ لەڕاستیدا، لە ھەرێمی کوردستان زمانێکی ستاندارو یەکگرتوو نییە تاکو وەک فۆڕمێکی جێگیری نووسین ھەمووان پەیڕەوی بکەن، بۆیە ھیچ کەس ناتوانێت ڕێنووسی خۆی گشتاندن بکات بە سەر نووسەرێکی دیکە. تەنانەت بەشێک لە چەمک و دەستەواژەکان،لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت.بۆنموونە: ئێمە لە ڕواندز دەڵێین:(تەنشت) واتا پیتی(ی) تێدانییە.
٨_ فەرھادی بە لایەوە سەیرە کە من فەیسبووکم نییە و دەڵێت:_ چۆن دەبێت نووسەر فەیسبووکی نەبێت!! ئەو بەڕێزە، بە داخەوە ھێندە بێ ئاگایە لە دنیا، نازانێت دانان و دانەنانی فەیسبووک، بەشێکن لە ئازادیی و ژیانی کەسی و تایبەتی ھەر مرۆڤێک. وەک چۆن ئەو فەیسبووکی ھەیە و چەواشەکاری تێدا بڵاو دەکاتەوە،بەھەمان شێوە دەبێ باوەڕیشی بەوە ھەبێت کەسانێک ھەبن فەیسبووکییان نەبێت. بەڵام من ئەو ھەڵوێستەی فەرھادیم بەلاوە ئاساییە، چونکە دەزانم بەشێکی زۆری بەناو نووسەران و بەناوڕووناکبیرانی کورد، ھەموو سمێڵ سوورێک لایان ھەمزە ئاغایە،بۆیە لاشیان وایە ئەگەر کەسێک فەیسبووکی نەبوو ئیدی نووسەر نییە بەتێگەیشتنی خۆیان!!..
٩_ لە ڕاستیدا، نووسینەکەی فەرھادی نیگەرانی نەکردم، ئەوەندەی کۆمێنتی بەشێک لە کۆمێنتچییەکان( ھەڵبەتە ھەموویان نا)ئازارییان دام. چونکە ئەوان بەبێ ئەوەی نووسینەکەی منیان بینیبێت و خوێندبێتەوە، بە بەغایانە(لەگە عامێ بڕۆ شامێ) کەوتوونەتە ستایشکردن و دەستخۆشانە لە فەرھادی، کە باش دەزانم ئەمانە شینەکەیان بۆچییە. لەوکۆمێنتچییانە ھەیە شاعیر نییە، ھەیانە پەنجا ساڵە چیڕۆک دەنووسێت، بەڵام لە ھەولێر کە شارەکەی خۆیەتی کەس نایناسێت!!ھەیانە پسپۆرییەکەی بواری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنانە و فڕی بە سەر ئەدەب و زمان و ڕەخنە و ڕێنووسەوە نییە، کەچی نووسیویەتی سەدیق ھیچ لەزمان نازانێت. من لە ئێستادا، ھیچ قسەیەکم بۆ ئەوان نییە، بەڵام لە داھاتوودا خوا یاوەرم بێت یەک بەیەک نووسینەکانییان شڕۆڤە دەکەم،ئەو کات بە بەڵگە بۆ ھەموو لایەک دەردەکەوێت و ساغ دەبێتەوە، کە کێیە لە نووسین و ڕەخنە نازانێت؟ من یان بەشێک لەو کۆمێنتچییانە؟
١٠_ھیوادارم فەرھادی، ڕێز لەکاتی من بگرێت و سەرقاڵم نەکات بەوەڵام و وەڵامکاری،چونکە ئەو ھەرچییەک بنووسێت، ئیدی لای من وەڵام نادرێتەوە.چونکە (حەمە سەعید حەسەن) کە ڕەخنەگرێکی ھەرە بەتوانای کوردە و فەرھادیش چاکی دەناسێت! بەو پێیەی پێشتر لە بارەی شیعرەکانی ئەو نووسیویەتی، قسەیەکی جوانی ھەیە و دەڵێت: (نووسەرانێک ھەن وتارت لە سەر دەنووسن، باست دەکەن، ناوت دەھێنن، بۆ ئەوەی تۆش وەڵامیان بدەیتەوە و لە نووسینەکانتدا ناویان بھێنی، تاکو لە پەراوێزی ناوی تۆوە بناسرێن)..
لەگەڵ ڕێزم بۆ خوێنەران و داوای بەخشین دەکەم ئەگەر لەشوێنێکدا کاردانەوەیەکم ھەبووبێت، چونکە بلێسە لەگڕھەڵدەستێت!!!…