نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغلو لە دایکبوی ساڵی ١٩٥٩ ی شاری قۆنیە ی تورکیا کە ھەڵگری بڕوانەمەکانی ماستەرو دکتۆرایە لە ئابوری و زانستە سیاسیەکان و پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان
ھەروەھانووسەرو دانەری سەدان وتارو چەندین کتێبە لەوانە(( کتێبی قووڵایی ستراتیجی )) و(( قەیرانی جیھان)) کەبۆ زۆر لە زمانە زیندووەکانی جیھان وەرگێڕراوە و مامۆستای زانستە سیایەکان بووە پێش ئەوەی ببێتە وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ١ / مایسی ٢٠٠٩ ودواتر لە ٢٨ / ئاب ی ٢٠١٤ بووە سەرەک وەزیرانی تورکیا و سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوای تورکیا دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بووە سەرۆک کۆماری تورکیا .
ئەوەی سەرەوە پێناسەیەکی کورتی داود ئۆغلو بوو بەڵام ئەوە ی ئامانجی ئەم ووتارەو جێگەی سەرنج و تێڕامانی منە لێدوانەکانی ئەمدواییەی ناوبراوە بۆ ڕۆژنامەی فرانکفۆرتەری ئەڵمانی کەڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو واتە ١٥ /١ / ٢٠١٥ داوێتی کەبە ئاشکرا دەڵێت دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوری عێراق مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر ناوچەکە و دەبێتە سەرچاوەی ئاژاوەو ناسەقامگیری بۆ ناوچەکە ھەروەھا دەڵێت دەستکاری کردنی سنوری ووڵاتانی ناوچەکە دەبێتە ھۆی ھەڵگیرسانی شەڕو ئاژاوە لە نێوان ووڵاتانی ناوچەکەدا و بۆ یە باشتر وایە سنورەکانی ووڵاتانی ناوچەکە وەکو خۆی بمێنێتەوە .
بۆیە لە دوای ھەفتەیەک لەو لێدوانانەی داود ئۆغلو ھیچ کاردانەوەیەکی وام نەدی لە میدیای کوردیەوە لە ھەرێمی کوردستاندا بۆیە بە پێویستم زانی وەڵامێکی کورت بۆ مفتە خۆریەکانی داو ئۆغلو بنووسم و لێیبپرسم ئەرێ بە ڕاست ئەوە کوردە بە درێژایی مێژووی شۆرش و بەرخۆدانەکانی لە حاڵەتی بەرگری ڕەواو ململانێ بووە لە پێناوی مانەوەدا لەسەر خاک و ماڵی خۆی یان خەڵکی تر ئەوە کوردە لە دیرۆکی کۆن و نوێیدا ھیچ دیاردەیەکی ڕەشەکوژی و تۆڵەکردنەوە و جینۆسایدی ئەنجام نەداوە ,ئەوە کوردە بە گەواھی ھەموو ووڵاتانی دنیاو لە سەر زاری جۆبایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە دەڵێت ئێوە لە جیاتی ھەموو مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆرو داعش دەکەن ,ئەوە ھەرێمەکەی ئێمەیە بووەتە پەناگەو لانکەی ھەموو کەمایەتیە ئتنیکی و ئاینیەکانی عێراق و کوردستان و سوریاش , ئەوە ھێزە کوردیەکانن لە کۆبانێ و تاوەکو جەلەولاو سەعدیە لە چەپەرەکانی بەرگریدان و لە ماڵی خۆماندان و بستێک خاکی کەسیان داگیر نەکردووە وھەر لەناو ماڵەکانی خۆماندا بە سەخاوەتەوەگیانیان فیدای خاکی ئازیزی نیشتمان دەکەن .
بۆیە جێی خۆیەتی بە جەنابی باشبەقان واتە ( سەرۆک وەزیران ) بڵێین کورد نەک سەرچاوەی ئاژاوەو شەڕ نیە بەڵکو کورد تاکە فاکتەری سەقامگیری و خاڵی ھاوبەشی پێکەوە ژیانی گەلان و کەمایەتیە ئتنیکیە جیاوازەکانی ناوچەکەیە و لێدوانەکانی داودئۆغلوش پێداگرتنەوەی ئەوە لەسەر تێزی نیو عوسمانیزم بە گەڕانەوە بۆ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی جارێکی تر دوای شکست ھێنانیان لە چوونە ناو یەکێتی ئەورپاوە بەڵام دەبێت داود ئۆغلو ئەوە باش بزانێت ڕەوڕەوەی مێژوو جارێکی تر بۆ دواوە ناگەڕێتەوە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپا و ئاشتی و سەقامگیریش ھەر لە ئامەدەوە دەست پێدەکات خۆیشی ئەم ڕاستیە لە ھەموو کەس باشتر دەزانێت .
خاڵێکی گرنگی تر کە حەزدەکەم بە بیری د. ئەحمەد داود ئۆغلوی بھێنمەوە ئەوە یە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ووڵاتەکەیەتی کە ئێستا جەنابی میراتگری ئەوانە دەستیان سوورە بە خوێنی گەلانی ناوچەکە لەوانە قەتلو عامی ئەرمەن و ئاشووری و کلدانی و سریانی لە ساڵی ١٩١٥ کە لێکۆڵەرەوان وشارەزایان ژمارەی قوربانیەکانی لە ١ ملێۆن ەوە تا ١.٥ دەخەمڵێنن , ھەروەھا تاوانێکی تریش قەسابخانەی دەرسیم ە دەرھەق بە گەلی کورد و عەلەویەکان لە ساڵی ١٩٣٧ کەئەویش ئامارە فەرمیەکان باس کوژرانی زیاتر١٣ ھەزار کەس دەکەن بەڵام سەرچاوە کوردیەکان دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکان زیاتر لە ٧٠ ھەزار کەسە کە زۆرینەیان کوردو عەلەوین ,بەڵێ ئەوە حکومەتەکەی ئەوانە بە درێژایی مێژوو ی ناوچەکە سەرچاوەی ناسەقامگیری و دەستدرێژی کردن بووە بۆ سەر گەلانی ناوچەکە و دەیان پەڵەی ڕەشی تر لەناو مێژووە کەیاندا جێگیر بووەو کە دەخوازێت داوای لێبووردن لە گەلانی ناوچەکە بکەن و قەرەبووی زیانەکانیشیان بکەنەوە .