بابەتی پێشوومان پەیوەست بوو بە نرخ و ڕێزی هونەرمەندان. یەکێک لە پرسیارەکانمان ئەوەبوو کام هونەرمەند پارەی یەکێک لە ئاهەنگەکانی بەخشیوە بە منداڵانی هەڵەبجە و ئەنفال؟ خۆشبەختانە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڕیکلامی ئەلبومە نوێیەکەی هونەرمەند زەکەریا، لە هەواڵێکدا ئەوەمان بینی کە گوایا زەکەریا بڕیاریداوە داهاتی ئەم ئەلبوومەی بۆ ئەو منداڵانە بێت کە قوربانی شەڕ و توندوتیژین.
لە ڕاستیدا ئەم هەوڵە دڵخۆشکەرەو جێگای ستایش و باسکردنە، ئەم جۆرە هەڵوێستە لە ناوهونەری کوردیدا کەم وێنەیە و پێشینەیەکی بەرچاوی نییە لە ڕابردوودا. ئەوانەی هەبوون لە ڕبردوودا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. ئێمە دەستخۆشی لێدەکەین و ئومێددەکەین نمونەی زۆر بێت. پێمان وایە هەستێکی جوان و مرۆڤانەیە ئەم دەستپێشخەرییە، ئاوڕدانەوە لە منداڵانی شەهیدان جێگای ڕێزە هەر لایەنێک یان هەر کەسایەتییەک پێی هەڵبسێت.
ئێسپرێسۆ چەند تێبینییەکی بچوکی هەیە لەسەر لایە مرۆڤایەتییەکەی ئەم هەڵویستە:
ئایا گەرەنتی چیە بۆ ئەوەی ئەو داهاتە دەگات بە منداڵی شەهیدان ؟ چۆن بەکردارکردنی ئەم هەڵویستە پیشان دەدرێت؟ بە چ ڕێگایەک ئەو پرۆسەیە ڕێک دەخرێت؟ شەفافیەت لە جێبەجێکردنیدا چۆن پیادەدەکرێت؟ ئایا ڕێکخراوێک یان دەزگایەکی پەیوەندیدار ئەو ئەرکە جێبەجێدەکات؟ یان بە شێوەیەکی هەرەمەکی چەندکەسێک خواوەکیلی پێی هەڵدەستن؟ ئایا لەبەرنامەدا هەیە ئەو پرۆسەیە بە یاوەری دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە ڤیدیۆ بکرێت و لە یەکێک لە کەناڵەکاندا بڵاو ببێتەوە؟
کێ دەڵێت ئەمە ریکلامێک نیە بۆ پڕفرۆشی بەرهەمەکە؟ زۆرێک لە جەماوەر تەنها بۆ ئەوەی بەشدار بن لەم ئەرکە خێرخوازیەدا سێدییەک یان زیاتر دەکڕن، چۆن دڵنیابین لەوەی بە کردار بەشدار بووین؟
هیوادارین هونەرمەند زەکەریا ڕوونکردنەوەی ڕوون بخاتە ڕوو، هەتا ئەم پرسیارانە گومان دروست نەکات. یان ئەو هەنگاوانە بنێت بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم پرسیار و گومانانە.