ئازاد کوری- چراتیڤی: چەند ڕۆژێکە دوای تەواوبوونی کۆنسێرتە خێرخوازییەکەی ڕاپەڕی ئەمریکی نێلی کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی ڕوانگەوە لە یاریگای نێودەوڵەتی فرانسۆ حەریری لە هەولێر سازکرابوو، پڕیشکێکی زۆری ڕەخنە بەر ئەم دەزگایە لەلایەن زۆربەی میدیا کوردییەکان و چاڵاکوانانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەر دەکەوێت ..
من سەرەتا دەست خۆشی لە دەزگای ڕوانگە دەکەم بۆ ماندووبوونیان، کە مەبەست لە کۆنسێرتەکەیان کارێکی خێرخوازی بووە بۆ یارمەتیدانی ماڵە شەهید و پێشمەرگە. بەدەر لە ئامانجەکەیان لێرە بۆچوونی خۆم سەبارەت بەم کۆنسێرتە و کۆنسێرتی ساڵی ئایندەیان دەخەمە ڕوو.
کۆنسێرتی خێرخوازی لەم چەند ساڵەی ڕابردوو دوای کارەسات و نەهامەتییەکان لەسەرتاسەری ئەوروپا و ئەمریکا زۆرمان بینی، دیارترینیان کە پەیوەندی بە کوردەوە هەبووبێت کۆنسێرتە هەرە گەورەکەی دوای ڕاپەڕین و ئاوارەبوونی ملیۆنان کورد بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا بوو. لەم کۆنسێرتە بە دەیان هونەرمەندی ناوداری ئەمریکی و بەریتانی بە خۆبەخش بەشدارییان تێدا کرد و بە دەیان ملیۆنیش دۆلار بۆ لێقەوماوان کۆکرایەوە. ئەو کات کەسایەتی بەناوبانگی جیهانیی ئامادەی ئەم کۆنسێرتە بوون لە نێوانیاندا خێزانیی مەلەکی بەریتانیا و سەرۆکی حکومەت و زۆربەی تەلەفزیۆنە بەناوبانگەکانیش تا درەنگانی شەو بەشداربوون لە نێوانیاندا کەناڵی تەلەفزیۆنیی بی بی سی.
کاتێک کار لەسەر کۆنسێرتێکی خێرخوازی کار دەکەین دەبێت هەوڵبدەین زۆرترین ئامانج بپێکین. زۆرترین خەڵک ڕاکێشین بۆ کۆنسێرتەکە، زۆرترین بینەر پەلکێشی بەردەم تیڤی بکەین، زۆرترین خێرخواز کۆبکەینەوە تا بە لایەنە ماددیەکەی بتوانن هاریکاری بکەن. هەروەها سەرنجی خەڵکانی دەرەوەی کوردستان بۆ خۆمان ڕاکێشین. ئایا کۆنسێرتەکەی هەولێر ئەو ئامانجانەی پێکا !؟
کۆنسێرتەکەی هەولێر دەبوایە زیاتر هونەرمەندی خێرخواز تیایدا بەشداربوونایە، تەلەڤزیۆنە کوردییەکان ڕۆڵی چاڵاکییان ببینیانە بۆ گەیاندنی پەیامی کۆنسێرتەکە و گرنگی بەشداربوونی خەڵک و هۆشیارکردنەوەیان لە هاریکاری و لەم جۆرە کۆنسێرتانە. ئەو کات لە جیاتی دوانزە هەزار بەشداربوو بە دڵنیاییەوە دە ئەوەندە خەڵکی بۆ خۆی ڕادەکێشا و خێرەکەشی زیاتر دەبوو. کاتێک ڕاپەڕە خێرخوازییە ئەمریکیە (ئایکۆن) ئامادەنەبوونی خۆی ڕاگەیاند پێم باش بوو کۆنسێرتەکە هەڵبوەشێنرێتەوەو دوابخرێت نەوەک بەم شێوەیەی ئێستای ئەنجامدرایە.
من پێم باش بوو ئەم کۆنسێرتە لە یاریگا نەبووایە بەڵکو لە هۆڵێکی داخراو بەڕێوەچووبوایە، کەسانی بزنزمان و پارەدارەکانی دەسەڵات و خێزانەکانیان تیایدا بانگهێشت بکرانایە، بە دڵنیاییەوە ئەو کات پشت بە پارەی داهاتی تکیت نەدەبەسترا و چەند ملیۆنکیش لە گیرفانە پڕەکان دەهاتنە دەرەوە.
ئەگەر ڕوانگە ئەو پێشنیارەی منی بۆ ساڵی ئایندە پێ قبوول بێت ئەوە بۆ جاری ئایندە نە دەکەونە بەر ئەو شاڵاوە ڕەخنەیەی ئاراستەیان کراوە، نە ئەوەندەش پارە بە ڕاپەڕی بیانیی دەدەن، داهاتی کارە خێرخوازییەکەشیان بە دڵنیاییەوە زۆر لەوەی ئێستایان دەبێت و خەڵکێکی زۆریش لە منداڵە شەهید و پێشمەرگە لێی سوودمەند دەبن.
پێشنیار دەکەم بۆ ساڵێکی تر تەنها پشت بە هونەرمەندانی کورد ببەستن. کۆمەڵگای ئێمە هێشتا کوردییە و نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی یاریگایەک پڕ بکەیت لە هەوادارانی ڕاپ. دڵنیاشم ئەو بڕە پارەیەی بە نێلی و بۆدیگارد و کەل و پەلی گواستنەوەیان دراوە بۆ ناو کوردستان دەتوانن بە نیوەی ئەو پارەیە کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد بەشداری پێبکەن لە کۆنسێرتە خێرخوازییەکانتان. دڵنیاشم زۆر لەم هونەرمەند کوردانە پێچەوانەی نێلی و هاوشێوەی بە خۆبەخش بەشدار دەبن و لە نێلی زۆر زیاتریان پێدەکرێت.