هونەرمەندى گۆرانیبێژی ناسراوى کوردستان هەردى سڵاح ماوەى چەند ساڵێکە خەریکى کارى هونەرییەو جیا لە هونەرمەندانى تر ئەو بە ستایلێکى تایبەت بەخۆی کاردەکا، تا ئێستا خاوەنى 3 ئەلبوومە، جگە لەوە لە ساڵانى پێشوو ئەو وەکو میوزیکژەنێک چەندان کارى کردووە، دەربارەى کارە هونەرییەکانى و چەند پرسێکى دیکەى گرنگ دواندمان…
ئا: هونەرى بەدرخان
* ئەو خۆ دوورگرتنەى هەردى لە راگەیاندنەکان بۆ؟
– خۆم بەدوور نەگرتووە، لە هەموو کاتێکى پێویست دەرفەتم رەخساندووە بۆ نزیک بوونەوە لەگەڵ راگەیاندن، بەڵام حەززم لە دووبارە بوونەوە نییە.
* بۆچی لە گۆرانییەکانتدا زۆربەى کات ئاوازى خۆت و شیعری جەبار حەبیب بەکاردێنى؟
– بۆیە ئاوازى خۆم بەکاردێنم، چونکە تا بۆن و بەرامى منیان لێ بێت، بەهۆی زۆر لێکتێگەیشتن و بابەت و هەڵقوڵانى ئەم تێکستانە لە دڵی مامۆستا جەبار وایکردووە کارى جوان دروست بکەین.
* وەک هونەرمەندێکى گۆرانیبێژ ئەمڕۆی گۆرانى و مۆسیقاى کوردی چۆن دەبینى؟
– گەشبینم بە گۆرانى و میوزیکى کوردى، بەڵام دەبێ ترافیکێک دابندرێ بۆ هەموو ئەو قەڵەباڵغییەى هونەرى کوردى نەوەک کارەساتى دڵ تەزێن رووبدات.
* جیا لە زۆربەى هونەرمەندان بەرهەمەکانت لە تورکیا تۆمار دەکەى، بۆچی؟ لە کاتێکدا دەگوترێ لە ئێستادا ستۆدیۆی شیاو و میوزیکژەنى بەتوانا لە کوردستان هەن؟
– من لە کوردستانیش کارم کردووە، بەڵام تموحاتەکانم واتە حەز و ئارەزووەکانم وام لێدەکات لەهەر وڵاتێک کارى باش بکرێ بۆ ئەوێم ببا، من یەکەم کەس بووم لە کوردستان گروپی کەمانم لە ستۆدیۆکان دروست کردووە، دەستخۆشیش لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەم و دەگوترێ کارى باش لە کوردستان دەکرێ.
* هەموو ساڵێک ئەلبوومى هونەرى بۆ؟
– دەکرێ ئەم پرسیارە لەو کەسانە بکەن، کە هەموو ساڵێک بەرهەم دەکەن، چونکە من ئەم ئەلبوومەى دواییم بەچوار ساڵ هاتە بوون.
* لە من و تۆوە بۆ تۆبەو لەویشەوە بۆ لەبیرم کە، لەرووى ئاستەوە چ جیاوازییەکت لەو بەرهەمانە بەدى کردووە؟
– بەهۆی پێشکەوتنى ساڵانەى تەکنەلۆژیا بەڕاى من ساڵ بە ساڵیش ئاستى بەرهەمەکانم گۆڕانکارییان بەسەردێ.
* هەندێ جار دەتەوێ بە ئاواز و هۆنراوەکانت یارمەتى گەنجان بدەى، ئەوەیان لەسەر چ پێوەرێکە؟
– لەسەر داواى زۆری ئەو گەنجە خۆشەویستانەیە کە پێویستیان بەمنەو منیش خۆشحاڵم و ئەوەش بەشێکە لەو پەیامەى من پێمە بۆ هونەرى کوردى.
* لەگەڵ ئەوەى زۆر کار لە شیعرەکانى جەبار حەبیب دەکەى، کەچی هەندێ جار خۆشت شیعر دەنووسی، بۆ؟
– من پێش ئەوەى گۆرانى بڵێم شیعرم دەنووسی ئێستاش جار جار ئەو سۆزە گەرمەى شیعر دێتە دڵم و ناتوانم بیشارمەوە.
* ئەو زۆربوونەى هاتنە ناو دنیاى هونەرى گەنجان چۆن دەبینى و لێکى دەدەیەوە؟
– کارى باش و خراپ کراوە، بەڵام هیوادارم کارە باشەکانزیاتر بن.
* دەگوترێ ستافی کۆلیژی هونەرەجوانەکان زوڵمیان لە هەردى سڵاح کرد، تۆ چی دەڵێی؟
– بەداخەوە لە کۆلیژی هونەرەجوانەکان بیت و راگرەکەت دەرچووى کشتوکاڵ بێ بێگومان کێشەى لەوەش گەورەتر روودەدەن، هەر بۆیەش نەگەڕامەوە بەهیوام لە دەرەوەى وڵات ئەو خوێندنە تەواو بکەم.
* بە گۆرانیبێژێکى نزیک لە دەسەڵات ناسراوى، چەندە راستە؟
– نزیکم لە هەموو ئەو کەسانەى کە دەیانەوێ لێم نزیکبن بۆ برەودان بە هونەرەکەم، جا گرنگنییە چ ئەمانە لە دەسەڵات بن یان بە پێچەوانەوە.
* ماوەیەک پێش ئێستا وا بڵاوکرایەوە لە درامایەکدا بەشدار دەبی، چۆنە؟
– جارێ نەچۆتە خانەى پراکتیکیەوە ئەم ستافە لەهەوڵدان بۆ دروستکردنى ئەم درامایە، منیش بە کۆمەڵێ مەرجەوە ئامادەییم دەربڕیوە.
* پێتوایە لەو درامایەدا سەرکەوتن بەدەست بێنى، لە کاتێکدا لە گۆرانیگوتنەوە بۆ نواندن هەنگاو دەنێی؟
– ناتوانم بڕیار بدەم، بەڵام ئەو مەرجانەى من دامناون زۆر هاریکارن بۆ سەرکەوتنم لەم کارە.
* هەست ناکەى بەشێکى زۆری هونەرمەندان رقیان لێتە، بەوەى ئەوان حەزیان لەکارەو تۆش لە تورکیا کاردەکەى؟
– منیش لە سەرەتا بە قەرز لە کوردستان کارم کردووە بە شاهیدى برادەرانى ستۆدیۆ، رقم لە کەس نەبۆتەوە و هەستیش ناکەم ئەوەى لە نزیکەوە ئاگاى لە هونەرى من بێت رقی لێم بێتەوە، چونکە هونەر بەرق ناکرێ، من شتى وام نەبیستووە واتە پڕوپاگەندەیە.
* لەو ئەلبوومە نوێیەتدا جیا لە ئەلبوومەکانى دیکەت کارت لەسەر چەندین ستایل کردووە، چۆنە؟
– بەڵێ وایە، من هەمووکات لە هەوڵی ئەوەدام نوێگەرى بکەم لە کارەکانم بۆیە لەزۆر ستایل کارم کردووە.
* لە خوێندن و بوارى ئەکادیمیەت، دواى ئەکادیمیا تا ئێستا بیرت لە هیچ لایەکى دیکە نەکردۆتەوە بۆ خوێندن؟
– وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد، وابڕیارە لە دەرەوەى کوردستان بخوێنم.
* هەست ناکەى لە هەوادارانت دوور کەوتیتەوە؟
– پێموانییە دووربم، من چوار ساڵ هەوڵمدا بۆ دروستکردنى ئەم ئەلبوومە نوێیە. تا پێشکەش بە هەوادارانم بکەم، ئەمەش باشترین لێک نزیک بوونەوەیە.
* جیا لە هونەرمەندانى دیکە هەست دەکرێ لە راگەیاندنەکان تووڕەى، بۆ؟
– بەڵام سەیرە لەکەس تووڕەنیم، لەگەڵ هیواى سەرکەوتن بۆ بەدرخانى ئازیز.