نوکتە لە کوردەواریدا: کرانەوەی دەرگا داخراوەکان و بەزاندنی هێڵە سوورەکان
راپۆرتی: بەرهەم عەلی-زانیار محەمەد
نوکتە لە دیوەخانەکانء کۆڕ و کۆبوونەوەی کاری هەرەوەزیی کشتیارانەوە تا دەگات بەکولتووری شارییەکانی کوردستانء ئێستاکەش کە سەردەمی پێشڤەچوونی تەکنۆلۆجیایەء بەکورتەنامەی مۆبایل ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت، هەمیشە لایەنێکی دیاری کولتووری کورد بووە، ئەمە رەگوڕیشەی هەیە، هۆیەکی جیاوازی لەپشتە، جیا لەوەی لە کوردستان ناوچەگەلێک تەواو بەگیانی نوکتەبازی ناسراو.
نوکتەبازیء گاڵتەء گەپ لەنێو کوردا دێرینە، گەپجاڕی و گێڕانەوەی سەربردەء بەسەرهاتە سەیرء کۆمیدیایییەکان، چ ئەوانەی روویان داوە و چ ئەوانەی وەکو “نوکتە” دروست کراون، هەمیشە فاکتەرێکی گرینگی گەرمکردنی کۆڕ و مەجلیسء دیوەخانەکانی کوردەواری بوون، بەڵام شێوەزارەکان، کولتووری ناوچەکان، جیاوازیی سرووشتی مرۆڤەکانء تەنانەت رووداو و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتیء ئابوورییەکان رۆڵی کارایان گێڕاوە، لە گۆڕینی شێوەء فۆرم و ستایلی نوکتەکان.
وەک دەستەواژە یاخۆ چەمکی نوکتە لە رووی واتەکەیەوە مەحموود زامدار نووسەر و رۆشنبیر ئاوای شی کردەوە “هەردوو دەستەواژەی لێکدراوی گەپجاڕی و گاڵتەجاڕی جیاوازیی نێوانیان بەزەقی دیارە، گەپجاڕی یان “گاڵتەوگەپ” یان “گۆڵمەز” جیایە لە “گاڵتەجاڕی” یان “تیتاڵ، تیڤڵ، تانوت، توانج، قەشمەری، تەوس، تەوزە، تەڤز، تیز، زەڤەنگ، تڤنگ، گەمە، تانەوتەشەر، سەرکۆنە، فشە، لاقرتێ، تەتڵەبیران، قسەی بەتۆکڵ..تا دوایی”. نوکتە چییەء چۆن سەری هەڵداوە بۆ لەنێو کولتووری گەلاندا سەر هەڵدەدات؟ زامدار کە یەکێکە لەو رۆشنبیرانەی کوردستان کە خۆی گیانێکی نوکتەباز و قەڵەمێکی تەنزئامێزی هەیە و نووسەری کتێبی “کەرنامە”یە، پێی وایە “گەپجاڕی دیاردەیەکە لە دیاردەکانی ژیان، زیاتریش لەبارەی کردار و رەفتارەوەیە”.
هەروەها گوتی “کەم جار دەبێ لە سەرووی رووکەشی روواڵەتەکانی ژیانەوە بێت، یان شۆڕ بێتەوە بۆ ناخی شتەکان، هەر بۆیە رەپء راست دەمانخاتە قاقای پێکەنین و رۆندکی گەرم و گازەرەی پشت، بەندیشە بەرووبەرووکردنەوەی دوو شت یان دوو رووداو یان دوو رەفتار یاخۆ دوو کردار، هەندێ جاریش بەندە بەلێکچوونی ئاوازەی گۆکردن و شێواندنی وشە یان پیتەوە، چونکە لە گوزارشتدا جیاوازن و ناکرێ لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر راگوێزرێت”.
بەڵام عومەر چنگنیانی مامۆستای ئاینی و رۆژنامەنووس هۆیەکی دروستبوونی نوکتەی بەم شێوەیە روون کردەوە “نوکتە بەزۆری بەسەرهاتی دروستکراوە لەلایەن کەسێکەوە یان کۆمەڵە کەسانێکەوە کە دەیانەوێ شتێک دەربڕن یان بگەیەنن، بەڵام لە ترسی دەسەڵاتێک، یاخۆ ئاستەنگێکی کۆمەڵگە، لە رێگەی نوکتەوە مەبەستەکە دەر دەبڕن”.
ئەگەر ئەم بۆچوونەی چنگنیانی لەجێی خۆیدا بێت، ئەوکات رەنگە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرینگەکانی دیرینیء تەشەنەء بەرفراوانیی کولتووری نوکتەبازی لەناو کوردا، چەوسانەوە و زوڵم و ستەمی بەردەوام دژ بەکورد و هەروەها دژایەتیی حوکمڕان و دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی بێت، هەموو ئەو نوکتانەی لە مێژووی تازەدا لەسەردەمی رێژیمی لێخراوی سەدام حوسێندا لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی و شارە شیعەنشینەکاندا، لەسەر سەدام و کوڕەکانی و دارودەستەکەی سەریان هەڵدەدا رەنگە بەڵگەیەک بن بۆ ئەم قسانە. بەشێکی زۆر لە بەهێزیی نوکتە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی نوکتەکە دەگێڕێتەوە، هونەرمەندی کۆمیدی و نوکتەبازی کورد مەکی عەبدوڵا کە بە (عەلییە فەندی) ناسراوە، پێی وابوو “دەبێ کەسێک نوکتە بیگێڕێتەوە کە ڕووخساری شیرین و دەم بەخەندە و شارەزا بێت لە گێڕانەوەی نوکتەدا، هەروەها دەبێ نواندن ئەنجام بدات لە کاتی گێڕانەوەدا، بۆ ئەوەی مانای زیاتر بدات بەنوکتەکە و کاریگەریی پتر جێ بهێڵێت”.
هەندێ جار گێڕانەوەی سەربردەیەکی سەیر و پێکەنیناوی دەچێتە دەرەوەی نوکتە و زاراوەی تری بەبەردا دەگیرێت زامدار رروونی کردەوە “ئەگەر نوکتە ئەو ئەرکانەی خۆی بەزاند و لە (گاڵتەجاڕی) نزیک بووەوە، ئەوە لەوانەیە بزەیەک یان زەردەخەنەیەک یان سووکە پێکەنینێک زیاتر هەڵنەگرێ، کەچی گەپجاڕی جیایە و پتر مانای قوڵ و راستی دەنوێنێ نەیز و کرۆکی شتەکان دەخارێنێ و خۆی بەروواڵەتی وێنە و بەنیگاری وەختەکی نابەستێتەوە، گەلێ جاریش راست و رەوان و یان توند و تیژ دەبێت یاخود لە توندوتیژیش پتر، جا تۆ دڵت پێی خۆش بێ، پێبکەنی یان بزە بتگرێ یان نا، ئەمە مەبەستی ئەو نییە، بگرە مەبەستی قوڵبوونەوەیە لە ژیان و لە دەوروبەر سیاسی و ئابووری و سێکسی و دەروونی”.
وەک زۆربەی وڵات و شار و ناوچەکانی دنیا لە هەرێمی کوردستانیش زۆر جار خەڵکی شار و ناوچەیەکی دیاریکراو، یان ئەهلی ئاین و مەزبێک لە دژی یەکتر نوکتە دروست دەکەن، بۆ نموونە عەرەب لەسەر کورد و کورد لەسەر عەرەب،
موسڵمانانی سونە لەسەر شیعە مەزەبەکان، سلێمانی لەسەر هەولێری و لادێی و هەورامی، هەولێری لەسەر سلێمانی و خۆشناو و خەیلانی، کرمانج لەسەر خەڵکی شار و شارییەکان لەسەر کرمانج، بادینی لەسەر سۆرانی و سۆرانی لەسەر بادینی… هتد.
بەشێک لەم نوکتانەی کە ئەو دوو لایەنانە لەسەر یەکتری دروست دەکەن، بەهۆی ناهاوسەنگیی کۆمەڵایەتیء ئابووریء سیاسیەوەی و کولتوورییەوە هەیە، دەسەڵاتدار دژی بێ دەسەڵات، پیشەوەری شاری دژی جووتیار، دەوڵەمەند دژی کەمدەرامەت، هەژار دژی زەنگین. زۆر جار خەڵکی وڵاتێک یان ناوچەیەک یان شارێک بەگەپجاڕ و نوکتەباز دەناسرێن، بۆ نموونە لەسەر ئاستی عەرەب میسرییەکان دەستێکی باڵایان هەیە لەمبارەیەوە لە چاو ناوچەکانی تر و “سەعیدییەکان” کە دەکرێ بەلادێییەکانی میسر ناویان بەرین، پشکی هەرە زۆری ئەم نوکتانەیان بەر دەکەوێت، مەحموود زامدار لەمبارەیەوە گوتی “گیانی گەپجاڕی و گاڵتەجاڕی، تێکەڵبوونە بەژیانی رۆژانەی خەڵکء ئەدەبیات، لە زمانێکەوە بۆ زمانێکء لە شارێکەوە بۆ شارێک، لە شێوەزارێکەوە بۆ شێوەزارێک دەگۆڕێت، بێگومان پێوەندیی بەکولتووری خەڵکی ناوچەکانیشەوە هەیە، بۆ نموونە دەمودووی سلێمانی وەک هی دهۆک نییە، دەمودووی دەشتی هەولێر وەک هی کەرکووک نییە”
“پاسێک بەهەموو نەفەرەکانیەوە تووشی پێکدادان دەبێت، لە ئەنجامی ئەو رووداوە بەڕێکەوت کچێکی جوان دەکەوێتە باوەشی مەلایەکەوە، مەلاکەش لە شوێنی خۆیەوە هاوار دەکات (رەحمەتی خواتان لێ بێ کەس لە شوێنی خۆی نەجوڵێ تا مەفرەزەی مروور دێت)” ئەمە نموونەی نوکتەیەکە لەسەر مەلا، سەرەڕای ئەو پێگە کۆمەڵایەتییە گرینگەی کە پیاوانی ئاینی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیانە. لایەنی هەرە دیار و بەرچاوی نوکتەی کوردی ئەوەیە کە بەشێکی زۆری پاَڵەوانانی نوکتە یاخۆ با بڵێین “نوکتە لەسەر کراوان” پیاوانی ئاینی یان وەک دەڵێن “مەلا و فەقێکانن”، نوکتەی کۆمەڵایەتی، سێکسی، ئابووریی، دەروونی و زۆر شتی تر، ئەمەیان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئایا لە نوکتەکردن لەسەر مەلا یان مامۆستای ئاینی و فەقێدا، مەبەست ئاینە یان کاراکتەری مەلا خۆیەتی.
عومەر چنگنیانی کە مامۆستایەکی ئاینییە و لە تەلەڤزیۆن و رۆژنامەکانی هەرێمی کوردستاندا چەند گۆشە و بەرنامەیەکی ئاینیی هەفتانەی هەیە، گوتی “ئەمە پێوەندیی بەئاینی ئیسلامەوە نییە، بگرە پێوەندیی بە کەسایەتیی مەلای کوردەوە هەیە”. هەروەها روونی کردەوە “رەنگە ئێمەی کورد یەکێک بین لە نەتەوە زەنگینەکانی دنیا کە نوکتەمان لەسەر پیاوچاکان زۆرە، پەلمان هاویشتووە بۆ پێغەمبەرانیش، لە نوکتەی کوردیدا باسی پێغەمبەرانی زۆر تێدایە، باسی حەسەن و حوسێنی تێدایە، باسی سەحابەکانی تێدایە، ئەوە نوکتەی کوردییە پێمان دەڵێ (شێخ مەحموود گوتویەتی ئەگەر خوای گەورە بەعەلیی گوتووە تۆ شێری منیت و بەخالیدیشی گوتووە تۆ شمشێری منی، من لەوان ئازاترم، ئەگەر بەمنی بگوتایە تۆ رێویی منی، ئەوە هەرچی ئینگلیزە لەم وڵاتەدا دەرم دەکرد)”. چنگنیانی زیاتر شیی کردەوە و گوتی “ئەگەر شێخ مەحموود ئەم قسەیەی کردبێت، لەم قسەیەدا باس لە دەسەڵاتی خودا دەکات، دەیەوێ بڵێ عەلی ئەو ئازایە نەبوو ئەگەر خودا ئازای نەکردایە، خالیدیش بەهەمان شێوە”.
“لە دێیەکدا رێوییەک فێر دەبێ رۆژانە مریشکی ئاوایی دەخوات، رۆژێک رێوییەکە دەگرن، ئاغا خەڵک کۆ دەکاتەوە لێیان دەپرسێ خەڵکینە چی لەم رێوییە بکەین، مەلاکە دەڵێ هیچی لێ مەکەن، دەچێ مێزەرەکەی خۆی دەخاتە سەر سەری رێوییەکە و پێی دەڵێ: دەبڕۆ ئیتر لەوە بەپەنگتر نابی لە ژیانتا”، عومەر چنگنیانی لەنێو قسەکانیدا ئەم نوکتەیەی گێڕایەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ” کوردەواریی ئێمە سونەمەزەبین، لە
دێر زەمانەوە قۆناغی خوێندنەکانی ناو فەقێیان و مزگەوت بەشێوەیەک بووە کە لە داڕشتنی پەروەردەی مزگەوتا هەیە، هەمیشە فەقێ چاولەدەستی خەڵک بووە، بۆیە بێدەسەڵاتییەکەی وای لێ کردووە ببێتە پاڵەوانی نوکتەکان، بۆ نموونە دەبینی لەبەر بەلەدێی سلێمانیدا کاتێ خەیارێک بەکەڵک نایەت فرۆشیارەکە هاوار دەکات “وەرە مەلاخۆرە بووە”. لە درێژەدا گوتی “مەلای ئێمە لەبەر ئەوەی چاولەژێری خەڵک بوون بۆ پارە و گوزەران، ئێستەیش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتیان دەکات، خانوویان هەیە، زەویان هەیە، هێڵی ئەنتەرنێتیان هەیە، هێڵی تەلەفۆنیان هەیە، هەر دەچن زەکاتەکە لە حاجی عەوڵا و مام فەرەج وەردەگرن، ئەمە پێوەندیی بەکەسایەتییانەوە هەیە، بەڵام مەلای شیعە وا نییە خەڵک پێنجیەکی داهاتیان دەدەنە حوسەینییەء مەلاکانیش لە رێگەی حوسەینییەوە ئەو پارەیە وەردەگرن، بەو شێوەیە چاولەژێری خەڵک نابن”.
هۆکارێکی تری بوونی نوکتەی زۆر لەسەر پیاوانی ئاینی و مەلا و فەقێ لە ئەدەبیاتی کوردا وەک عومەر چنگنیانی روونی کردوە ئەمەیە “مەلای جاران زۆر قۆشمە بوون، مەلای ئێستە کە قۆشمە نین کەوتوونەتە نێو دنیای سیاسەت و حزبایەتی و ئیسلامی سیاسییەوە، دەنا کۆڕ و کۆمەڵی مەلا و فەقێی جاران زۆر خۆش و پڕ قۆشمەچێتی بووە، ڕشتەی مرواریش کە هی مامۆستا عەلادین سوجادییە، کاتی خۆی 60%ی لەسەر زاری مەلاوە بووە، یان مەلا بۆی گواستووەتەوە”. سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی هەم خەڵکەکەی گیانێکی نوکتەبازییان تێدایە و هەم شێوەزاری قسەکردنەکەی هاوکارە بۆ پێکانی مەبەستی نوکتە، چەندان کەسایەتیی نوکتەبازی بەناوبانگی تێدا سەرهەڵداوە لەوانە “فەریقە کوێر، خاڵە ڕەجەب، حەسەنی شیرین، بلە کوێری قەساب، بلەی سەعە کەڕ”.
شێرکۆ عەبدوڵا سەرنووسیاری کۆواری سیخورمە کە کۆوارێکی تەنزئامێزە و لە سلێمانی دەردەچێت، لەمبارەیەوە گوتی “سلێمانی هەندێک تایبەتمەندیی هەیە کە لە شارەکانی تردا نییە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە سلێمانی دروست بووە هەر بەشاری دروست بووە، بۆیە کۆمەڵێک چینی پێشکەوتوو تێیدا سەری هەڵداوە، وەک چینی کاسبکار و پیشەوەرەکانی ناو بازاڕ، بەڵام ئەو چینە سەرکوت کراون، بۆیە لە ئەنجامدا ململانەی کۆمەڵایەتی دروست بووە و ئەو ململانەیەش لە شێوەی نووکتەدا دەریان بڕیوە، چینەکان نووکتەیان وەک چەکێکی سیاسی بەکار هێناوە”. بەڵام ئومێد کاکەڕەش نووسەری کتێبی “قسە خۆشەکانی شاری سلێمانی” کە لە زاری 50 پیاو و ژنێکی سلێمانیەوە وەرگیراوە، هۆکارەکانی شی کردەوە و گوتی “سلێمانی هەر لە دروستبوونییەوە پێگەی ڕۆشنبیری بووە، شاعیرە ناودارەکانی وەک نالی و سالم و کوردی لە سەردەمی خۆیاندا کە مەلا بوون و خەڵکیان فێرە خوێندەواری کردووە، لە ڕێگەی نوکتە و قسەی خۆشەوە سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە، زۆر لە نوکتەکانیش بەسەر مەلادا هاتوون”.
سەرنووسیاری سیخورمە ئەوەشی گوت، ژینگە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نوکتەی بەهێز، یەکێکیش لە پێکهاتەکانی ژینگە، برێتییە لە زمان، شێوەزمانی سلێمانیش شیرین و دەوڵەمەندە، ئێستەش لە دنیادا تەکنەلۆجیا هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی هەر ناوچەیەک بەزمانی خۆی بنووسێت و بگێڕێتەوە.