خانمە گۆرانیبێژى رۆژهەڵاتى کوردستان، نازێ عەزیزى بڕیاریداوە داهاتى دوا ئەلبووى ببەخشێتە ئافرەتە زیتندانیکراوەکانى کوردستان و راشیگەیاند، لەم هەفتەیەدا وێنەى دوا کلیپى خۆى لە شەقلاوە دەگرێت. خاتوو نازێ عەزیزى، کە خەڵکى مەهابادە و راگەیاند، لەهەفتەى ئایندە گۆرانى (جێژوان) کلیپ دەکات، کە ئەو گۆرانییە یەکێک لە گۆرانییەکانى دوا ئەلبوومى، کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، دەڵێ “گۆرانى (جیژوان) لە شیعرى میدیا مەعروفى و ئاوازى خۆمە، لەپێکهاتەى سێیەم ئەلبوومم (ئاوازەکانى دڵتەنکى)دایە، کە هەموو کارەکانى ئەو ئەلبوومەم تەواو کردووە، تەنیا ئەوە ماوە کۆمپانیایەکى هونەرى باش هەبێ، بتوانێ ئەرکى بڵاوبوونەوەى بگرێتە ئەستۆ، داهاتى ئەلبوومەکەش دەبەخشمە ئافرەتە زیندانییەکانى کوردستان، هیوادارم بتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەم”.
نازێ لەبارەى ئەو کلیپەوە، کە بەنیازە لە شەقلاوە وێنەى بۆ بگرێت، دەڵێ “یەکەمجارمە لەگەڵ دەرهێنەر محەمەد جەمیل کار دەکەم، ئەو کارى دەرهێنانى کلیپەکە ئەنجام دەدات و لەلایەن هاوکار فەرهاد بەکامێراى hd سینەمایى وێنەى بۆ دەگیرێ”، وا چاوەڕوان دەکرێ ئەو کلیپە ببێتە یەک لە کلیپە زۆر جوانەکانى کوردى، نازێ هیوادارە بەمزوانە کارەکە تەواو بکات، وەک دیارییەکى جەژنانە پێشکەشى هەوادارانى بکات.