یاسین برایم
پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێربوون له میرنشینی سۆران، مێژوویێكی كۆن و زه‌نگین و پڕ به‌رهه‌می هه‌یه. مێژووی نووسین، له‌م ده‌ڤه‌ره بۆ دوورتر ده‌روات، هه‌ردوو كێله به‌ناوبانگه‌كه‌ی كێله‌شین و تۆبزاوه له مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی ڕواندز، جێگای شانازییه و نیشانه‌ی شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریی بووه(1). له نێو حوجره و مزگه‌وت و مه‌دره‌سه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، چرای زانست و فێربوون و پرۆسه‌ی نووسین و گرینگی‌دان به كتێب و به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی و مه‌عریفه بوونی هه‌بووه. ئه‌گه‌ر بڕوانینه هه‌ردوو به‌رگی كتێبی (كنوز الكرد)ی محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی، چه‌ندان زانا و مه‌لا و مه‌دره‌سه و مزگه‌وت و ده‌ستنووس و نامه‌ی گرانبه‌ها، مێژووی ئه‌م ده‌ڤه‌ره پێشان ده‌ده‌ن. له‌سه‌رده‌می میرمحه‌مه‌دیش، ئه‌و شاره زێده‌تر ده‌بێته لانكه‌ی زانست و په‌روه‌رده و ڕۆشنبیریی و ئایین و پێگه‌یاندنی زانا و عه‌لامه‌ی مه‌زن. هه‌بوونی كتێبخانه زه‌نگینه‌كه‌ی پاشای گه‌وره، وه‌ك له ساڵنامه‌ی (نظارة المعارف العمومیة)، ساڵی1317 كۆچیی و 1890 زایینی هاتووه، ئاماژه به‌وه ده‌كات زیاتر له (4000) هه‌زار كتێب و بڵاوكراوه و ده‌ستنووسی ئایینی و شه‌رعی و بواره‌كانی دیكه، به زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی و توركی بوونی هه‌بووه (2) . له دوای ڕووخاندنی میرنشین و هاتنی ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانییه‌كان، ئه‌م چرایه به ئاسانی فرامۆش نابێ. له دوای كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ڕوشدییه له ویلایه‌ته‌كانی عێراق و شاره گه‌وره‌كان. ئه‌وا ڕواندزیش ده‌بێته پێشه‌نگی ئه‌و شارانه قوتابخانه‌ی لێ ده‌كرێته‌وه. قوتابخانه‌ی ڕوشدییه له موسڵ و به‌غدا و كه‌ركووك و هه‌ولێر و ڕواندز داده‌مه‌زرێن. موسڵ له ساڵی 1864 و و هه‌ولێر له 1868 و سلێمانی 1870 و ڕواندز 1873 و كفری (صلاحیه) 1881 مێژووه‌ی دروستبوونیان تۆمار كراوه (3) . به‌ڵام به پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانیی مێژووی دروستبوونی قوتابخانه‌ی ڕوشدیه له‌م شاره كۆنتره. له دوای موسڵ و كه‌ركووك، هه‌ولێر و ڕواندز، یه‌ك مێژوویان هه‌یه، به‌م شێوه‌یه ڕواندز ده‌بێته پێشه‌نگی شاره‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت له زۆر شاره گه‌وره‌كانی عێراق و وڵاته عه‌ره‌به‌كانی ئێستا له پێشتره. با چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یێك بخه‌ینه ڕوو و بگه‌ینه حه‌قیقه‌ت.
به پێی به‌ڵگه‌نامه‌ی تۆماركراو[00422.00008 A.mkt.mhm] له 30/8/1868 له نه‌زاره‌تی مه‌عاریفی گشتیی شكۆدار هاتووه “له قایمقامیه‌تی ڕواندز مه‌كته‌بی ڕوشدیه دروستكراوه، ئه‌وه‌ی پێویسته له ڕیساله و په‌ڕتووك ڕه‌وانه بكرێت، له ویلایه‌تی به‌غداد نووسراوه، ڕه‌وان كراوه له‌گه‌ڵ هاوپێچ بۆ واڵا به‌رز كراوه‌ته‌وه، نووسراوی ناوهاتوو ڕه‌وان بكرێته‌وه و هیمه‌تێ بكرێت له جێبه‌جێكردنی كاره‌كه(4)”. له مانگی ئهیلوول جارێكی دیكه” له به‌ڵگه‌نامه‌ی تۆماركراو[00427.00010 A.MKT.MHM 29ی جمادی یه‌كه‌م 1285، 17/9/1868]. به‌م شێوه‌یه هاتووه، پایه‌ی جه‌نابی پیرۆزی سه‌داره‌ت، ژماره (65)، ڕاگه‌یه‌ندراوی به‌نده‌نامه ”له سانجاقی ڕواندز مه‌كته‌بی ڕوشدیه دروستكراوه و له فه‌رمانگه‌ی مه‌عاریفی گشتیی نامه و په‌ڕتووك و موعه‌لیم هه‌ڵبژێردرێت و ڕه‌وان بكرێت. له ڕۆژانی ڕابردوو ڕاگه‌یاندرابوو كه مه‌كته‌بی ناوهاتوو موعه‌لیمی دووه‌م به ناوی خه‌تیب زاده ئیبراهیم ئه‌فه‌ندی دابمه‌زرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته مه‌زبه‌ته‌ی ناوهاتوو و ده‌ستوخه‌تی ناوهاتوو و هاوپێچ پێشكه‌ش كراوه، هه‌ر كه په‌یوه‌ندیداری وه‌كاله‌ت ڕه‌زامه‌ندی نیشان دا، كاره‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت، بڕیار و فه‌رمان بۆ جه‌نابی ئه‌م كه‌سه‌یه كه فه‌رمانی به‌ده‌سته. مۆری والی ویلایه‌تی به‌غداد_ سه‌ید محه‌مه‌د ته‌قیه‌ددین(5)“. پاش دوو هه‌فته، به‌سه‌ر ئه‌م نووسراوه، زانیاریێكی دیكه‌مان ده‌ستده‌كه‌ویت. له به‌ڵگه‌نامه‌ی [00423.00087 A.MKT.MHM له 27ی جه‌مادی كۆتایی 1285(15/10/1868]. به‌م شێوه‌یه ده‌ڵێت “له سانجه‌قی ڕواندز مه‌كته‌بی ڕوشدیه دروست كراوه وخه‌تیب زاده ئیبراهیم ئه‌فه‌ندی به موعه‌لیمی دووه‌م هه‌ڵبژێردراوه، له‌باره‌ی ده‌ست به‌كاربوونی نووسراو له ویلایه‌تی به‌غداد ڕه‌وان كراوه، هیممه‌ت بكرێت له جێبه‌جێ كردنی كاره‌كه(6).”
به‌پێی ئه‌و سێ به‌ڵگه‌نامه‌یه بێت له مانگی ئاب و ئهیلوول و تشرینی یه‌كه‌م ساڵی 1868 مێژووی دامه‌زراندنی ئه‌م قوتابخانه‌یه و یه‌كه‌م مامۆستاش (ئیبراهیم ئه‌فه‌ندی خه‌تیب زاده)یه. وه‌لێ چ زانیاریێك له‌به‌رده‌ست دانییه له‌سه‌ر ژماره‌ی پۆل و قوتابی. گومانی تێدانییه ساڵی خوێندنی 1868_1869 یه‌كه‌م ساڵی خوێندنی فه‌رمی قوتابخانه‌ی ڕوشدیه له نێو شاری ڕواندز. له به‌ڵگه‌نامه‌یێكی دیكه [00059.00116 MF.MKT له 21 موحه‌ره‌م 1296 (15/1/1879]. هاتووه ” ویلایه‌تی به‌غدادی شكۆدار.
دامه‌زراندنی مه‌كته‌بی ڕوشدیه‌ی ڕواندزی شكۆدار، گه‌یشته 9ساڵ، كه‌چی ژماره‌ی قوتابییانی له 8 قوتابی زیاتر نه‌بووه، هه‌روه‌ها له مه‌كته‌بی ناوهاتوو پێویسته 4 پۆل هه‌بێت، كه‌چی 2 پۆل هه‌یه، له خشتهكه ڕوون بۆته‌وه و له تۆماره‌كانیش ده‌ركه‌وتووه، تا ئێستا خشته‌ی تاقیكردنه‌وه ڕه‌وان نه‌كراوه، لێكۆڵینه‌وه بكرێت و ئاماژه‌ی پێ بكرێت، ئه‌و هۆكارانه ده‌سته‌به‌ر بكرێن كه ده‌بنه هۆی زیادكردنی قوتابی(7)“. ئه‌م نووسراوه به‌ڵگه‌یێكی ددانپێدانه بۆ هه‌بوونی خوێندن بۆ ئه‌و مێژووه. زۆر به‌ڵگه‌ی دیكه‌ی عوسمانیی هه‌یه، له‌سه‌ر ناوی مامۆستایان و ژماره‌ی پۆل و ژماره‌ی قوتابییان و كه‌موكورتی قوتابخانه و دواكه‌وتنی مووچه و دامه‌زراندن و گواستنه‌وه‌ی مامۆستایان و داواكاری و پێداویستیی مامۆستایان… تد. به‌رچاو ده‌كه‌ون. ساڵه‌كانی خوێندن له ڕووی ژماره‌ی قوتابییان له هه‌ڵكێشان و دابه‌زین دایه، تا 30 قوتابی هاتووه، كه‌چی له ساڵی 1885 گه‌یشتووه به 50 قوتابی(8). ئه‌م قوتابخانه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌كاتی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگیی یه‌كه‌می جیهان (1914_1918) و هاتنی سوپای ڕووس بۆ ڕواندز و سووتاندن و وێرانكردنی شاره‌كه به‌رده‌وامی هه‌بووه(9). بۆیه خوێندن له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان گرینگی خۆی هه‌بووه و ڕۆڵی هه‌بووه له پێگه‌یاندنی كه‌سانی ڕۆشنبیر و فه‌رمانبه‌ری پێگه‌یشتوو و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌زا، له كاروباری سیاسی و سه‌ربازی و په‌روه‌رده‌یی و كارگیڕیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایین و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات. پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده به‌رده‌وام له گه‌شه‌سه‌ندن و فراوانبوون دابووه. له ساڵنامه‌ی ویلایه‌تی موسڵ، ساڵی 1312 (1894_1895)، ئاماژه به‌وه ده‌كات له قه‌زای ڕواندز یه‌ك قوتابخانه‌ی ڕوشدیه و سێ مه‌كته‌بی منداڵان بوونی هه‌بووه (10). له ئه‌نجامدا، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، له ساڵی 1868 یه‌كه‌مین قوتابخانه‌ی ڕوشدیه به فه‌رمی له رواندز دامه‌زراوه، تا نه‌مانی ده‌سهه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان له‌م شاره، نێزیكه‌ی نیو سه‌ده ده‌كات. پێویستی به تویژینه‌وه‌ی زێده‌تر هه‌یه و پشكنینی وردی ده‌ویت، هێشتا شتی شاراوه و به‌نرخ هه‌یه له نێو به‌ڵگه‌نامه و نووسراو و په‌رتووكه كۆنه‌كان و ڕاستی و دروستی ئه‌م دیرۆكه ونبووه بخریته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ری كورد، ده‌كرێت به جددی ئاوڕ له‌م لایه‌نه و سه‌رجه‌م بواره‌كانی دیكه بدریته‌وه، ئه‌مه‌ش به كه‌سانی دڵسۆز و توێژه‌ره ماندوونه‌ناسه‌كان ده‌كرێت و قۆڵی لێ هه‌ڵماڵن و ئه‌م گه‌نجینه به‌نرخه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد، چیدیكه به په‌نهان و فرامۆشكراوی نه‌مینیته‌وه.
سه‌رچاوه
- ڕواندز. باڵه‌ك. برادۆست، نووسین و كۆكردنه‌وه‌ی مه‌لا ئه‌حمه‌دی حه‌داد ده‌رگه‌ڵه‌یی، ئا: زرار محه‌مه‌د مسته‌فا، 2005، ل190_192.
- فاضيل بيات، الموسسات التعلیمية المشرق العربي العثماني، استانبول, 2013, ص97.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل270_271.
- د. نه‌وزاد یه‌حیا باجگر، ڕه‌واندز له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی دا، به‌رگی پازده، هه‌ولێر، 2018، ل124.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 126.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 125.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 132.
- د. مهدی محمد قادر، التعلیم فی جنوب كوردستان في العهد العثماني الاخير 1869_1918, اربيل, الطبعة الاول, 2021, ص 146.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل148.
10.فه‌یسه‌ڵ ده‌باغ، ڕواندز له ساڵنامه‌كانی ویلایه‌تی موسڵدا، ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2009، ل 1470.
* له ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره(6601)، 9/10/2023 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
Discussion about this post