عەباس. ع ( ڤدیۆ ) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و لاوان لە سلێمانی بە موزایەدەیەکی ئاشکرای زۆر رێك و پێك و شەفاف و دیموکراسییانە تەلاری هونەر لە سلێمانی ئەدات بە کرێ مانگی بە بڕی یانزە ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار دینار ، ئەمەش ئەبێتە مایەی بوژاندنەوەی ناوچەکە و بەو بڕە پارەیە خەونی رۆشنبیران و هونەرمەندان وەرزشەوانان و دێتە دی .
ئەوەی مایەنی باسە وەزارەتی رۆشنبیری ئەم بڕیارەی بە دڵ نییە، بەڵام بەهەوڵ و تەقەلای عەباس و پێ داگرتن لەسەر ئەوەی ئەم هۆڵە بۆتە بەڵاو دانیشتوانی سلێمانی رۆشنبیرێکیان تێدا هەڵنەکەوتوە کە بیکەنە بەڕێوەبەر بۆیە تەکلیفیان لە من کردوە منیش ئەبێ پاداشتی ئەو شارە بدەمەوە و سەری ئەو حیزبەش بەرزکەمەوە کە منی لەو شوێنە دانا .. بۆیە لە نوسراوەکەیاندا کە وەڵامی نووسراوی عەباس ئەدەنەوە دەڵێن ( لەسەر پێشنیاری بەڕێوەبەری گشتی سلێمانی ) لاریمان نییە کە هۆڵی تەلاری هونەر بدەن بەکرێ ، کاکی بەڕێوەبەریشم دەست و برد لە سووچێکی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بانگەوازی موزایەدەی بۆ دەکات و ئەیداتە بەرزان ناوێك ، ئەویش گرێبەستێك لەگەڵ عەباس دەکات کە مۆڵەتی پێئەدات بیکاتە هەموو شتێك تەنها بە ( مەلها ) نەبێت ، دەستەی بەڕێوەبەری نوێی تەلاری هونەر کرێی رۆژێكی هۆڵەکە دەکاتە بڕی ٥ ملیۆن دینار بەزۆر و لەبەر خاتری ئەوانەی کە هۆڵەکە بە کرێ دەگرن ..دەیکەنە رۆژی ٣ ملیۆن ، ماڵیان ئاوا بێت .
بەڕێزان ئەگەر لەمەودوا قەرەباڵغییەکتان لەبەر دەمی هۆڵی تەلاری هونەر بینی ئەوە چاك بزانن .. نە شانۆگەرییە نە کۆنسێرتە نە سەمای بالێیە !! بەڵکو یا ئاهەنگی ژنهێنانە یا خەتەنە سوورانە یا ئاهەنگی هەیفا وەهبییە ، کێش ٣ ملیۆنی هەیەو لێی زیادە دەتوانێت تەلاری هونەر بەکرێ بگرێ و سەرخەوێکی تێدا بشکێنێت . ئای پێشمەرگەکانی دوێنێ و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ لەبەر هەڵپەی کۆشك و پارە و دەسەڵات ئاگاتان لە کەس نەماوە وڵات بەرەو چ کارەساتێك دەبەن ، کە پشیلە لە ماڵ نەبوو مشکان تلیلیانە .
رێبوار