هونەرمەند تەنها خۆی بە خاوەنی هونەرەكەی نازانێت، بەڵكو دەست كەوتووی وڵاتەكەی بە هی خۆی دەزانێت. خەڵكی ستەم دیدەی كوردستان خەونی بە ئازادی گەل و رزگاری وڵات و بەسەرفراز بوونی خاكەكەیەوە دەبینی، چونكە هەناسەی ئاسوودەیی و دەربڕینی نێو دەروونی لەكاتی خۆی لێی زەوت كرابوو. بۆیە دەستە نزا لەگەڵ دەریایەك خوێن، وەهەروەها كاروانێكی بێ سنووری شەهیدانی كردە شاباش و قوربانی ئازاد بوون،
تا لە هەموو رووێكەوە بتوانێ پەل و پۆ بهاوێژێ و خاوەنی دەربڕینی رایەكانی خۆی بێ و وەهەر تاكێك لەم وڵاتە ئاواتە خواز بوو، بەدەستێك بەردی بنچینەیی بۆ باڵەخانەی حكومەتێكی خۆ وڵاتی دابمەزرێنێ، بەدەستەكەی تریشی پاسەوانی وڵات و گەل و كۆمەڵ بێت، چاوەكانیشی تەرخان بكات بۆ بینینی هەموو كەم و كوڕییەك زمانی بەستراویشی وەكو ئاوقاتێك بكاتەوە بۆ داكۆكی كردن لەمافی تاك و كۆمەڵ و وڵات، جا هونەرمەند وەك گوتمان تەنها خاوەنی هونەرەكەی نیە، بەڵكو خاوەن دەربڕین و بنیات نان و داكۆكی كردن و پارێزگاری تەواوی دەست كەوتەكانی وڵاتە، من وەك (هاوتا ئەسعەد) كە خەڵكی ئەم وڵاتە بە هونەرمەندم دەزانن، لە هەفتانەمەی “هونەری هەولێر” لە ژمارە (25) لە رێكەوتی (11- 4- 2010) بابەتێكم بەناوی (هاوارێكی هونەریانە بۆ كەناڵ 4 و كۆرەك tv) بڵاو كردەوە، ئەگەر بێ ویژدانانە حكومم بەسەردا نەكرێ، وابزانم نە لەرووی تەشهیر نە لە رووی ناوزڕاندنی خۆڕا شتێكم نەگوتووە. كە بە بوختان و هەڵبەستن لەقەڵەم بدرێت، دیارە هەموو شاشەكانی tvی وڵات، جا حكومی بێت یاخوود ئازاد یا حیزبی بێت، بێگومان بەر لە هەموو شتێك ئەم شاشانە سیمای وڵات و ئاكاری گەلیان وەك ئوبالێك لە ئەستۆیە هەر رەنگدانەوەیەك لە هەر شاشەیەكی ئەم وڵاتە بەهەر جۆرێك رەنگ بداتەوە دەبێ پەنجەی لەسەر دابندرێت، چونكە هەموو خەڵك بە چاك دەڵێن چاك، بە چەوتیش دەڵێن چروك، من كە ناوی (كەناڵ 4 و كۆرەك tv)ـم هێناوە، هەرگیز مەبەستم سیادەو كەسایەتی كەناڵەكان نەبوون، بەڵكو مەبەستم ناوەرۆكی ئەو بەرهەمانەیە كە لەلای میلەت رەت دەكرێنەوەو بگرە میلەت بە قێزەوەنیان دەزانێ، ووشەی (قێزەوەن) وشەیەكە لە زمانی دەستە و توێژەكانی گەلەوە دەر دەچێت، تەنها من هۆی گواستنەوە بووم بۆ سەر لاپەرەی رۆژنامەكە، ئایا بانگی ئازادی چۆن دەست نیشان دەكرێ ؟! گەر كەسێك نەتوانێ رای خۆی و جەماوەر هەڵسەنگێنێ و دوای پەسند كردنی رایگەینێ !!.
من تێ ناگەم بۆچی بۆ وەڵام دانەوەی من، بەڵام وەڵام دانەوەیەكی تا بڵێی زبر و رووشاو لە هەمان هەفتەنامەی “هونەری هەولێر” لاپەرە (3)ـی ژمارە (26) لە رێكەوتی 18- 4- 2010 بڵاو كراوەتەوە، حەز دەكەم جارێكی دیكەش نووسەری ئەو وڵاتە و ستافی رۆژنامە چاوێك بەو ووتارە دابخشێننەوەو بزانن ئەو هەموو رق ئەستووری و ناڕەزایی بوونە لە پای چی ؟!َ.
كە ئەوەتانێ وەڵام دانەوەكەیان بە ئاشكرا هەڕشەیەكی زەقی لێ وەدی دەكرێ، بۆ نموون ووشەی (گەمە) بەكار هاتووە و مەبەستیان ئەوەیە گوایە من گەمە بە ئاگر دەكەم، دیسان ووشەی (زبر و ناشرین) بەكار هاتووە، دەبوایە ئەمە بۆ كەسانێك بەكاری بهێنن، كە راستەوخۆ دەستە و یەخەی هەڵوسوڕێنەر و بەڕێوەبەرانی حكومەتی هەرێم دەگرن و لەگەڵ ئەوەشدا ووشەی (شاراوە) ووشەیەكە بە زەقی قوت بۆتەوە، دەیانەوێ پارسەنگێكی ناڕەوا بخەنە پاڵ بابەتەكەی من !!
گوایە بەم زاراوەیە دەبێ من باكگراوندێكی شاراوەم لە پشتەوە بێ بەكاری هێنابم بۆ نووسینی ئەم بابەتە، لەگەڵ ئەوەشدا بەوە نەوستاون ئەوەتانێ باسی رق و كینە دەكەن، لێرەدا جێگای خۆیەتی كە بپرسم ئایا من رق و كینەم لەكێیە ؟!
ئەگەر مەبەستیان لە ووشەی شاراوە ئەوەبێ بیانەوێ من لە پێگەیەكی ئیسلامی لە قەڵەم بدەن بێگومان من لە هیچ پێگەیەك شوێن پێ ی خۆم نابینم، تەنانەت ئەم ووشەیەشم بۆ داكۆكی كردن لە خۆم، بەڵكو پێگەی من تەنها دیارە وەك كوردێك خۆم بەخاوەنی ئەم كوردستانە دەزانم و لە رووی سیاسیشدا تەنها هونەرمەندێكم هونەرەكەی خۆم وەك ئاوێنە بەكار هێناوە بۆ دەربڕینی سروودەكانم و وە ئەم بابەتانەی دیكی كە بەدوای سروودەكانم دادێن، تا ئێستاش من ئەو بەڵێنەم نەشكاندووە و هەمیشە گوتومە (من خیتابی هونەریی خۆم پێیە) بگرە ئەمەم لەلای سەركردەكانی وڵاتیش گوتووە.
لە دەربڕین و بەكار هاتنی رق و كینە بێگومان من خاوەنی رق و كینە نیم، ئەگەر هەر رق و كینەیەكم لەخۆم گومان كردبا، وەیان بەكارم بهێنابوا ئەوەتانێ (14) ساڵە دەسەڵاتی كوردیی من لە نێو چوار دیواری ماڵەكەم جێهشتووە و بیر لە بژێوی و هەڵوسڕاندنی ژیانی رۆژانەی من ناكاتەوە !!
جگە لەوانەش بێدەنگیشتە لەو هەموو زمان و قەڵەمە ناڕەوایانەی كە بەناڕەوا دەیانەوێ دەستی چەوری خۆیان بەمن بسڕنەوە !!
(گەمە كردن) ووشەیەكە گەواهی دەدات، كە هەڕشەیەكی زەق و ئاگاداركردنەوەیەكی مەترسی دارە، كە ئاڕاستەی من دەكرێ گوایە من گەمە بە ئاگر دەكەم !. لەوانەیە ئەو ئاگرەش سووتێنەری خودی من بێت، واباشە ئەمك ووشەیە ئاڕاستەی ناحەزان و رق لەدڵانی ئەم وڵاتە بكرێت، كە یاری بە كەللتور و داب و نەریتی ئەم وڵاتە دەكەن، نەك منێك كە هەر لەو رۆژەی بەگفتاری بە بەڵینی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەڕامەوە بۆ كوردستان، سەڕاری هەموو پشت تێكردن و نەهامەتیەك خۆم هەر بەپاكی و بە پاك دەستی و بەزمان پاكی پاراستووە، گەر من هەر باكگراوندێكی شاراوە لەپشتمەوە با، وەیان هەر رق و قینەكەی تۆڵەسێنم لە دڵدا با دەبوایە دەمێك بوو بەلایەكەوە خۆم ساغ كردبوایەوە وەك ئێستا لە نێو گۆڕپانی بێ لایەنی خۆم نەهێشت باوە، جارێكی دیكەش دەڵێم هەر شاشەیەك هەر رۆژنامەیەك هەر خاوەن قەڵەمێك ئەگەر لە كەللتور و ئاكاری میللەتەكەم لابدات، داب و نەریتی خۆ وڵاتی وەلاوە بنێ و بابەتی سواو و قێزەوەن كە لە هەندەران لەپان و پەسیوان كەتووە و بەتازە بابەت بهێندرێ و بكرێتە سیمای ولاتەكەم و هونەرێكی كە لەگەڵ هونەرەكەی من ئاسمان و رێسمانی نێوانە چەند بابەتێك كە گیانی هونەری بە بەردا بكرێ و چۆك لەسەر سینگی هونەرە رەسەنەكەی وڵاتەكەم دابدات، بێگومان نەك هەر من هەموو تاك و دەستە و توێژی ئەم وڵاتە بەكارێكی قێزەونی لە قەڵەم دەدات، لەگەڵ ئەوانەشدا پەنجەی هەرشە بۆ هەفتە نامەی “هونەری هەولێر” وەشێندراوە كە خۆی بەدوور بگرێ لەم جۆرە وتار و مل ملانێیە، كە ئەوان بە مل ملانێی هونەریان لە قەڵەم داوە، دەڵێن نەبنە تەرفی هیچ كێشەیەك و خۆیان نەكنە پرد بۆ گواستنەوەی رق و قینە!.
لە كۆتایی دا ئەوەش دەڵێم من رق و كینەیەكم لە گەڵ هیچ تاك و هیچ حیزب و هیچ كەسانێك نیە، تەنانەت ئەوانەی ستەمی زەقیشیان لێكردووە، بەداخەوە پێم وابوو دەبم بەو كانیەی كە لەدوای وێران كردنی دەژیێتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی كانیەكان پێویستیان بەدەست و بازووێكی بۆ پاك كردنەوە و راماڵ و جۆماڵ و هەموو پێشگرو خشت و خاڵێك، ئەوەتانێ لە شوێنی شەرابی جاویدانی خرینگە و زرینگەی ووشەی ئازادی بۆتە سەباو ئورفا و قەتار و خاوكەر، هەریەك بۆ دەنگێ بۆ مەرامێ كورد گوتەنی هەركەس بەیاری خۆیی دا هەڵدەڵێ.
هاوتا ئەسعەد