لە ماوەی (٥٥) رۆژدا (٦٤) نمایشیان ئەنجامداوە و (٢٣) ھەزار کەس بینیویەتی!
ھونەرمەندی بورای کۆمیدیا (ماھیر حەسەن) لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی، بە تایبەتی ئەو شانۆگەرییەی ماوەی نزیکەی (٢) مانگە لە شاری سلێمانی نمایشی بۆ دەکات، ھەروەھا بابەتی جیابوونەوەی ئەو ھونەرمەندانەی ئەو ساڵ لە تیپی ھونەری “ڕەنگاڵە” بوون، لەم دیدارەدا بە راشکاوانە تیشکی خستە سەر
ئەو بەرھەمەی ئەو ساڵ تا ئێستاکە لە نمایشەکانی بەردەوامە، بەنیازن تاکەی بەردەوام بێت؟
ئەو بەرھەمەی ئەم ساڵمان بریتیە لە شانۆگەرییەک، لە ژێر ناونیشانی (سەردان) ئەو شانۆگەرییە تا بینەری ھەبێت نمایشەکانی بەردەوام دەبێت، واتە بینەر سەنگی مەحەکە بۆ بەردەوام بوونی شانگەریەکەمان”.
بەو پێەی نمایشەکانتان بە شێوەی بلیتە، تا ئێستا چەند کەس ھاتوون بۆ سەیرکردنی شانۆگەرییەکەتان؟
:” تائێستاکە نزیکەی (٢٣٠٠٠) بیست وسێ ھەزار کەس ھاتوون بۆ بینینی شانۆگەرییەکە، جگە لە میوان ھەروەھا لە ھەموو شارەکانیش بەتایبەتی ھەولێر و کەرکوک و ھەڵبجە و کەلار و رانیە، تەنانەت لە ئێرانەوە لە رۆژھەڵاتی کوردستانیش ھاتوون بۆ سەیرکردنی شانۆگەرییەکەمان، ئەگەر ھۆڵەکەمان بچووک نەبوایە دڵنیام ئەو رێژەیە بەرزتر دەبویەوە، چونکە ھۆڵەکەمان تەنیا جێگەی (٤٠٠) کەس دەبێتەوە، کە زۆرجار بینەر دێن بە داخەوە دەگەڕێنەوە داوای لێبوردنیان لێدەکەین، بە شێوەیەکی گشتی بینەری بەرھەمەکانی تیپی ھونەری “ڕەنگاڵە” کە ئەوە (١١)ـەمین بەرھەمە، ھەموو ساڵێک بینەرێکی بێوێنەی لە کارەکانی خۆی کۆکردۆتەوە”.
ژمارەی نمایشەکانتان تا ئێستا گەیشتۆتە چەند ؟
ژمارەی نمایشەکانمان تا ئەمڕۆ دەگاتە (٥٥) رۆژ لەو ماوەیەدا (٦٤) نمایشمان بۆ کردووە، چونکە ھەندێک رۆژ بەتایبەتی لە رۆژانی جەژن و رۆژانی ھەینی دوو نمایشمان کردووە، پێشبینی دەکەم نمایشەکانی ئەم ساڵمان لە چاو ساڵانی پێشتر زیاتر بخایەنێت”.
ئەگەر بێمە سەر چەند پرسێک لەسەر جیابوونەوەی چەند ئەکتەرێک لە تیپەکەتان، ئایا جیابوونەوەی ئەو ئەکتەرانە ھیچ کاریگەری لەسەر بەرھەمەکەتان نەبووە؟
نەخێر ھیچ کاریگەری نەبووە، چونکە ئەوانەی کە ئێستاکە لە تیپی ھونەری “رەنگاڵە”ـن، بەشدارن لەگەڵمان لە نمایشی ئەو شانۆگەرییە، ھونەرمەندی زۆر بەتواناو لێھاتوون دەتوانم بڵێم ئاستیان بە قەدەر ئەو ھونەرمەندانەن، کە بە جێیان ھێشتووین و ھیچیان لە ئەوان کەمتر نیە، بۆ نموونە (فەریدون) کە یەکێکە لەو ئەکتەرانەی لە شانۆگەرییەکە دەتوانم بڵێم لە منیش باشترە، ھەروەھا مامۆستا (حوسێن، مەریوان ئیبراھیم و کەمال چالاک) ھەموویان ئەکتەری زۆر بەتوانان، من رێزم ھەیە بۆیان رۆیشتنی ئەوان ھیچ کاریگەری بەسەر تیپەکەمان نەبووە، دەبێ ئەو ھونەرمەندانە ئەوە باش بزانن تیپی “رەنگاڵە” باکگراوندێکی گەورەی ھەیەو خاوەنی جەماوەرێکی زۆرە، دەبێ ئەو ھونەرمەندانە لەوەش ئاگاداربن لە رەنگاڵەوە گەشەیان کرد و ناسران لەم شارە و لە کوردستانیش”.
یەکێک لەو گلەیانەی کە ئاڕاستەی تۆ کراوە لەلایەن ئەو ھونەرمەندانە ئەوەیە، دەڵێن تۆ بڕیارەکان بە تاکڕەوی لە دەدەیت و بۆچوونی ھونەرمەندانی دیکەی تیپەکەت وەرناگری؟
ئەوانەی ئەو جۆرە قسانە دەکەن من خۆم دەستم گرتوون و ھێناومن بۆ تیپی “رەنگاڵە”ـەو گەشەیان کردووە، تەحداش دەکەم ئەگەر بڵێن وا نیە، من لە ساڵی (١٩٨١)ـەوە لەسەر تەختەی شانۆم تەنیا ٢ ساڵی لێدەربچێت ئەویش لەکاتی کۆچرەوەکەدا نەمتوانیوە کار بکەم، ئەگەرنا تا ئێستاکە من ھەمیشە خاوەنی بەرھەمی شانۆیی بووم، جەماوەریشم راھێناوە ھەموو ساڵێک دەبێ بەرھەمیان پێش کەش بکەم، ئەو برادەرانەی کە ئێستاکە لە تیپ نەماون من رێزم ھەیە بۆیان دوای ئەوەی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانیان تەواو کرد، چ کارێکیان کرد؟ تاوەکو نەھاتن بۆ تیپی “رەنگاڵە” چ بەرھەمێکی دیکەیان ھەبوو؟ ئیتر دوای ئەوەی ھاتن بۆ ئەو تیپە ھەر لە بەرنامەی (ئاوێنە)ـوە، کە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بوو، لەگەڵ بەرھەمە شانۆییەکانی “ڕەنگاڵە” ناسران و بوون بە ئەکتەر زۆرباش، من شانازیان پێوەدەکەم کە ھێناومن بۆ ناو تیپەکەم و تا ئەو کاتەی کە لەگەڵ ئێمە کاریان کردووە”.
بەرای تۆ ھۆکاری ئەو جیابوونەوەی ئەو ھونەرمەندانە لە “ڕەنگاڵە” چی بوو، ئەگەر ھاتوو جارێکی دیکە بێنەوە بۆ تیپ بەیەکەوە کار دەکەن؟
بەرای من رۆیشتنی ئەو ھونەرمەندانە لە بەر چەند ھۆکارێک بوو لەوانە پاپەند نەبوون بە کارەکانی تیپ و ھەندێک جاریش لەسەر ھەندێک بابەت قسەی زۆر سەیریان دەکرد، بۆ نموونە دەیانگوت چۆن دەبێ (ماھیر) سەرۆکی تیپ و دەرھێنەر و ئەکتەری سەرەکی شانۆگەری بێت، ئاخر سەرۆکی تیپ چ پەیوەندی بە ئامادەکاری و پێشکەش کردنی شانۆگەرییەک ھەیە؟!، جگە لەوانەش چەند جار ئەو برادەرانە خۆیان ئەکتەریش و دەرھێنەری یەک بەرھەم بوون و ٢ پشکی پارەکەیان بردووە، ئیتر ئەو جۆرە قسانە کە دەیکەن عەیبەو جوان نیە، من زۆر شتی دیکە ھەیە باسی ناکەم و وەک ئەوان نیم لە دیمانەکانیان ھەموو قسەیەک دەکەن!، ئێستاکەش ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ تیپ پێویستە داوای لێبوردن لە تیپی “رەنگاڵە” بکەن بابێن کاری خۆیان بکەن، حەز ئەکەن من تیپەکەیان بۆ بەجێدەھێڵم، بۆ زانیاری ئێوە و خوێنەرانیش کاتی خۆی من گوتم تیپەکە بەجێدەھێلم گوتیان ئەگەر تۆ بڕۆی دەبێ تیپەکە ھەڵبوەشێتەوە، من ئێستاکەش ئەگەر تیپێکی دیکە دروست بکەم جەماوەرێکی زۆرتر کۆدەکەمەوە لە بەرھەمەکانم، من پشت ئەستوورم بە تواناکانی خۆم و ھەروەھا قەناعەتێکی زۆریشم ھەیە و ھەمیشە باوەڕم بە خۆم ھەبووە لەکارەکانم”.
ماوەیەکە بەرھەمی درامی کاری تازەت نەبووە چ کارێکی تازەت لەبەر دەست دایە؟
لەگەڵ ھونەرمەند (مامۆستا حوسێن) (٢) بەرھەمی درامی تازەمان بەدەستەوەیە، لەبەر نمایشی ئەو شانۆگەریەمان جاری کاری وێنەگرتنمان بۆ ئەنجام نەداوە، بەڵام لە دوای تەواو بوونی ئەو نمایشانە بە نیازین کاری بۆ بکەین، ھەروەھا لەگەڵ ھونەرمەندی ھاوڕێم (لوقمان غەریب) گفتوگۆمان لەسەر چەند کارێک کردووە، من پێشتریش لەچەند کارێکی کاک لوقمان بەشدارییم کردووەو شانازی پێوەدەکەم، لەوانە (سنوقە چا، لەگوڵێ کاڵتر و نامەکانی ئەشرەف) بەڕاستی کارەکانی جوان و بەرچاون، بۆیە من ھەرکاتێک ئەگەر کارێکی ئەو بێتە بەردەستم خەریکی کاری دیکە نەبم، من لەگەڵی کار دەکەم چونکە دەرھێنەرێکی بەتوانایە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا