دەروێش مستەفا جاویدان)، یەکێک لەو گۆرانیبێژانەیە کە ساڵی ١٩٤٦، لە شاری کرماشانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و ساڵانێکی زۆرە لە ناو دنیای میووزیک و ھونەردایە و خاوەنی دەیان بەرھەمی ھونەرییە و وەکوو یەکێک لە سیما ھونەرییەکانی ئێران ناسراوە.
قاڵبووی ناو دنیای عیرفانە و ئاوپڕژێنی دڵی زۆرێک لە ئەویندارانی کردووە و لە خەڵوەتدا، دڵەکانی لێک گرێ داوەتەوە. بۆ زۆرێک لە ھونەرمەندانی ناسراوی ئێرانی، شیعر و ئاوازی داناوە و ھەستێکی بێ غەلوغەشی کوردانە، وای کردووە گەشتێکی باشووری کوردستان بکات و کۆنەیارانی لە باوەش بگرێتەوە و ماوەیەک لە ژێر سێبەری قەڵا و منارەدا،پشوو بدات.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ “ھەولێر”، بە جلوبەرگێکی کوردی و زمانێکی کوردانەوە، سازەکەی لەسەر کۆشی داناوە و
لە خۆی و کارە ھونەرییەکانی دەدوێ و باس لە کارەکانی داھاتووی دەکات:
(جاویدان) ھەر لە منداڵیییەوە ئاشق بووە، ئاشق بە ھونەر، ئاشق بە عیرفان، ئاشق بە میووزیک، بۆیە دەڵێت: “ ھەر لە منداڵییەوە ئاشقی میووزیک بووم و ئەوە ئەشقە گەورە و گەورەتر بوو و لە تەمەنی ١٥ ساڵیمەوە کاری میووزیکم دەست پێ کرد، ئەوەیش وای کرد کە بە قووڵایی بەحری ھونەردا بچمە خوارەوە و جیا لە میووزیک، چەند خولێکی شانۆ و سینەما و تەنانەت شێوەکاری و وێنەیشم دیت.
جیا لە بەرھەمھێنانی زیاتر لە ٢٨٠ بەرھەمی میووزیکی، چەند شانۆیەکەیشم بەرھەم ھێناوە، وەک “ژیانی حافز” و “یەکیەتیی جیھانیی ئاژەڵان”. ٥٠ ساڵە کاری میووزیک دەکەم، واتە نیو سەدەیە.”
(جاویدان) ناتوانێ ناوی ئەو مامۆستا ئەرکوەخۆگرانە لەبیر بکات کە لە دارەدارەدا دەستیان گرتووە و لەژێر تیشکی وانە و ڕێنوێنییەکانی ئەواندا، دەستی بۆ ساز بردووە، دەڵێت: “ لە کوردستان، چەند مامۆستایەکی کورد وەک مامۆستا (ئیسماعیلی مسقەتی)، زۆر ھاوکارییان کردم و پاشان چوومە تاران و لە خزمەت مامۆستا (ئیسماعیل مێھرتاژ)ـدا، کاری ڕەدیفم دەست پێ کرد کە مامۆستای (شەجەریان و ئیرەج و وەفایی)ـیش بوو و مامۆستای ئێمەیش بوو.
حەوت ساڵ و نیو لە خزمەتیدا بووم و ڕەدیفەکانی ئێرانی فێر بووم.”
بۆ خۆی باس لەوە دەکات کە سەرەتا نەیویستووە ببێتە گۆرانیبێژ، بەڵکوو حەزی لێ بووە کە شیعر بنووسێت و ئاواز دابنێت، کەچی:
“من ھەر لە منداڵییەوە سازم لێ دەدا و ئەو کات شیعرم دەنووسی و خۆم میلودی و ئاوازم دادەنا و دەمدا بە ھێندێک گۆرانیبێژ، ئەوانیش یا نەیاندەگوت، یان نازیان دەکرد، بەڵام دواتر دۆستێک ھەبوو کە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک بوو، ڕۆژێک گوتی فلان کەس بۆ بۆ خۆت گۆرانی ناڵێیت؟ منیش گوتم باشە، من خۆم گۆرانی بڵێم، تۆ بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە سپونسەری دەکەی؟ دیارە ئەو ڕازی بوو و منیش ئیتر ئەو جار ئاوازەکانی خۆم، بە زۆری بۆ خۆم دەمگوتن.”
وەک بۆ خۆی ئاماژەی پێ دەدات، زیاتر لە ٢٨٠ بەرھەمی ھەیە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، باس لە یەکەم بەرھەمەکانی دەکات: “یەکەم کارم، ئاھەنگێک بوو بە ناوی “من بە بازار میروم”، دووەم کارم ئاھەنگێک بوو بە ناوی “ھو یا علی مدد” و سێیەم کارم “بابا کوھی” و چوارمین کاریشم “چینی بندزن” بوو.”
“چینی بندزن”، یەکێک لە گۆرانییە ناسراوەکانی (جاویدان)ـە و ئێستایش لەسەر زاری خەڵکە، کەم کەس لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ھەن کە ھەناویان بەم گۆرانییە فێنک نەکردبێتەوە.سەبارەت بە بیرۆکەی بەرھەمھێنانی ئەم گۆرانییە، دەڵێت: “وەختی خۆی و لە زەمانی زوودا،چینی گران بوو، کاتێ چینییەک دەشکا، ھێندێک کەس ھەبوون کە کەلوپەلی خۆیان بۆ چاککرنەوە پێ بوو و بە کۆڵانەکاندا دەگەڕان و ھاواریان دەکرد، “چینییە شکاوەکان چاک دەکەینەوە”.
من ئیلھامم لەوە وەرگرت، بۆیە ھاتم حەوت شاری خۆشەویستیی (عەتار نیشابووری)ـم تێکھەڵکێشی ئەم گۆانییە کرد و ئەوەی لێ دروست بوو کە ھەمیشە شانازی پێوە دەکەم.”
(دەروێش مستەفا جاویدان)، لەگەڵ ئەوەیدا کە بۆ خۆی بە بەردەوامی کاری بۆ خۆی کردووە، بەوەیش نەوەستاوە و بۆ زۆرێک لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی ئێرانیش شیعر و ئاوازی داناوە: “یەکەم گۆرانی و یەکەم کاری (داریوش)، گۆرانییەک بوو بە ناوی “بە من نگو دوستت دارم کە باوەرم نمیشە”، (پێم مەڵێ خۆشم دەوێی، باوەڕت پێ ناکەم) کە شیعر و ئاوازی من بوو.
ڕەنگە کەس نەزانێ کە یەکەم مامۆستای (داریوش)، کوردێک بووە بە ناوی (مستەفا جاویدان). دوای ئەوە، شیعر و ئاوازێکم دا بە (گوگوش) بە ناوی “نمیاد”. ئەوجار “ارزو داشتم یار من تو باشی”ـیم دروست کرد و دام بە (موعین ئیسفھانی).
بەرھەمێکم داوە بە گۆرانیبێژی ناسراو (حومەیرا) بە ناوی ( عگر و شکوفە داری، مپل گل بھاری”. ھەروەھا “زیندانی”ـیم داوەتە (سووسەن)، “تو را از دست نمیدم”ـم داوەتە (شاھرۆخ). ئێستایش بەرھەمێکی فارسیم بە ناوی “کوروش” داوەتە گۆرانیبێژێکی مازندەرانی.”
ئەم گۆرانیبێژە کوردزمانە فارسی وێژە، لە ماوەی ئەو چەندین ساڵەدا، تەنیا یەک بەرھەمی کوردی ھەبووە بە ناوی “دەرویش سکوت” کە لە دەورانی لاوێتیدا گوتوویەتی”دەرویش خاموشیم کە خاموشیم فەریادە، دەرویش سکوت بیستوون کە یادگاری فەرھادە ……….”، لە وەڵامی ئەو ڕەخنەیەدا کە سەبارەت بەم بابەتە ڕووبەڕووی کرایەوە، گوتی: “ئەوانەی کە پشتگیریی منیان دەکرد و کارم بۆ دەکردن، فارس بوون، یانی من ھیچ کات نەمتوانی سپۆنسەرێکی کوردم ھەبێت بۆ کارەکانم، ئەوان داوای گۆرانیی فارسییان لێ دەکردم و منیش بە فارسی بەرھەمم بۆ ئامادە کردن.”
بەڵام ئیتر باس لەوە دەکات کە دەیەوێ ئیتر قەربووی ڕابردوو بکاتەوە و بە بەرھەمێکی گەورەی ھونەری بۆ مەزنەپیاوێکی وەک (مەلا مستەفای بارزانی) و چەند کارێکی دیکەی ھونەری، بێتەوە ناو کۆشکە ڕەنگاوڕەنگەکەی ھونەری کوردییەوە: “بۆ ئەندازیاری گەوڕەی شۆڕشی کورد (مەلا مستەفا بارزانی) و بۆ ئەو ڕێز و خۆشەویستییەی کە بۆ پلەی ڕووحانی و مەعنەوی و عیرفانیی ئەو گەورەپیاوەم ھەیە، بەرھەمێکم ھەیە کە بە ھاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و٨١ کەس لە گرووپی کۆراڵ، خەرێکی ئامادەکارین.
جیا لەمە، دەمەوێ چەند شیعرێکی مامۆستا (ھەژار) و شیعرێکی کاک (خوسرەو جاف)ـی ھاوڕێی دێرینم کە وەرگێڕاوی شیعری (خەیام)ـە، بکەمە ئاواز .
ئەگەر تەمەن ڕێگە بدات، ئەوەندەی ژیانم ماوە خزمەت بە میووزیک و ئاوازی و فەرھەنگی کوردی بکەم.بە قەولی (مەولانا)، ھەر کەس دەبێ بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە. من کوردم، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا نەمتوانیوە خزمەتی شیاو بە نەتەوەی خۆم بکەم.
بێجگە لە کاری میووزیکیش، دەمەوێ شارۆچکەیەکی سینەمایی بە ناوی “ھەولێریود” دروست بکەم کە پڕۆژەکەم داوەتە لایەنی پێوەندیدار و یەکێک لە سەرمایەدارە کوردەکان کە ئەویش خەڵکی کرماشانە و لە ئەمەریکا دادەنیشێ، ئامادەیە لەم بوارەدا وەبەرھێنان بکات و بە نیازین ئەم شارۆچکەیە، ھەموو بوارەکانی سینەما لەخۆ بگیرێت و گەورەترین دەرھێنەرەکانی بۆ بانگھێشت بکەین.”
(مستەفا جاویدان)، وێنایەکی دیکە لە میووزیکی کوردی دروست دەکات و بەپێی بەدواداچوونێک کە بۆ میووزیکی ئێرانی کردووە، گەییشتووتە ئەو ئاکامە: “میووزیکی کوردی، دایکی میووزیکی جیھانە، چونکە میووزیکی ئیرانی، ئیلھامی لە میووزیکی کوردی وەرگرتووە و بنەمای میووزیکی ڕۆژئاوایش، میووزیکی ئێرانییە.
(ئەبوو نەسری فارابی)، بۆ تەنبووری خوراسان، ١٤ نیو پەردەی دروست کرد، ھەر ئەو ١٤نیو پەردە، چونکە گیتار روبع پەردەی نییە، چوو بۆ ڕۆژئاوا و ناوی لێ نراوە گیتار. (گی) بە زمانی زەردەشتی، بە مانای گەورە دیت و تاریش ھەمان تارە، واتە تاری گەورە. زۆر کەس پێی وایە کە گیتار بیانییە، بەڵام حەز دەکەم ئەوە بزانن کە گیتار ئامێرێکی تەواو ئێرانییە.”
(جاویدان)، زۆر ھۆگری دەنگی ھونەرمەندان (حەسەن زیرەک و مەزھەر خالەقی)ـیە و پێی وایە (حەسەن زیرەک) وای کردووە کە ئەو، ئەوەندە میووزیکی خۆش بوێت.
لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندانی ئێرانی، پێوەندی و دۆستایەتییەکی باشی ھەبووە و ھەیە و نزیکترین ھاوڕێی (موجتەبا میرزادە)ـی ھونەرمەند و میووزیکژەن بووە و (موجتەبا) بە یەکێک لە ھاوکارە نزیکەکانی خۆی ناو دەبات: “لەگەڵ ھونەرمەند (سیما بینا)، زۆر دۆستم و لەگەڵ مامۆستا (شەجەریان) کە ھاتوچۆمان ھەیە.
من زیاتر لەگەڵ میووزیکژەنەکان دۆستایەتیی پتەوەم ھەیە. (موجتەبا میرزادە)، دۆستی ھەرە نزیکم بووە و زۆربەی کارەکانیشم ئەو لەگەڵمدا بووە.” لە ناو قسەکانیدا، ڕەخنە لەو ستایلە عەرەبی و ڕۆژئاواییانە دەگرێت کە ھاتوونەتە ناو میووزیکی کوردییەوە و لەگەڵ ئەوەیشدا، بە داھاتووی میووزیکی کوردی ئۆمێدەوارە و پێی وایە ئەو ڕەوتە، کاتییە:
“کارییەگەرییەکانی ڕۆژئاوا وای کردووە کە میووزیکی کوردی تووشی قەیرانێکی کاتی بێ. ئێمە کوردین و نابێ لە فەرھەنگ و دابونەریت و جلوبەرگ و میووزیکی خۆمان دوور بکەوینەوە.
تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆمان ھەیە، تەنانەت لە خواردنیشدا. ھەرچی ئێمە ھەمانە، ئەزموونی لە پشتەوەیە.
ئەو قەیرانە نامێنێ و زوو تێدەپەرێ.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کە کورد ھەیەتی، ئەوەیە ھەڵە دەکات، بەڵام زوو ھەست بە ھەڵەکەی خۆی دەکات، بۆیە من پێم وایە ئەو قەیرانە کاتییە. کورد کوردە، کورد ڕیشەیە، کورد یانی ئەمانەت.”
لە کۆتاییدا، باس لەوە دەکات کە دیداری ھاوخوێن و ھاوزمانەکانی و خۆشەویستیی قەڵا و منارە و تامەزرۆیی دیداری کۆنە یار و ھاوڕێی چەندین ساڵەی مامۆستا (خوسرەو جاف)، وای لێ کردووە کە سەردانی باشووری کوردستان بکات و کۆمەڵێک دیاری و یاردگارییش لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، بە ئارشیفی ھونەری کوردی بسپێرێت.
دیمانە: ھەمزە ئاگوشی ــ ئاریان دەرگەڵەیی