وشیار ئەحمەد ئەسوەد : لە بواری ڕۆژنامەوانی و هەندێکیش لە ڕووی زمانەوە، شتگەلێک لە (تاریق کارێزی)یەوە فێر بووم، تەنیا لەوەیاندا کۆڵەوار بووم و تا ئێستایش نەمتوانی لە فەریکە نووسینێکدا لەبارەی ڕەخنەی شێوەکارییەوە شتێکی لێ هەڵکڕێنم، ئاخر ئەوەشیان بۆ منێکی ناو جینگەجینگی موزیک و منگەمنگی گۆرانی ئەستەم بوو، ئەوەندەی بزانم (کارێزی)ی داماویش تا ئەوکاتەی لە بواری شێوەکاریدا بووە ئەو ڕەخنەگرە زەبەلاحەی ئێستا، ئەوەندەی خوێندەوە و ئەوەندەیش سەرنجی دا، تەواوی مووی سەری هەڵوەری.. خۆ ڕەنگە لەلایەکی دیکەیشەوە باش بێت کە ئەو مەعریفەتەی لێ فێر نەبووم، ئەگەر نا من وەک ئەو حەوسەڵەم نییە بەدیار سەری ڕووتەوە ئۆقرە بگرم، هاوکات دوای یەک دنیا نووسین، کەس پێم نەڵێ دەستخۆش و کەسێکی دیکەیش نەڵێ “کەرت بەچەند؟”.. ئەگەرچی لە نووسینێکی لەمجۆرە هەست بەکۆڵەواری و داماویی خۆم دەکەم کە ناچارم لەبری خوێندنەوەی ڕەخنەیی تابلۆکان، هەندێک ڕۆژنامەوانییانە کار لەسەر هونەری شێوەکاری و هونەرمەندانی بوارەکە بکەم.. هەرچی بێت ئەوەندەی لێیشی فێر بووم “ماڵی ئاوا کارێزی”.
پێشتریش دەمزانی لەناو کاکەییەکاندا ژمارەیەک شێوەکار هەن، بەڵام تا نەبوومە سەرۆکی هونەرمەندانی کەرکووک لە سەندیکای هونەرمەندان و لە نزیکەوە کارم لەگەڵ بوارە جیاجیاکانی هونەر و هونەرمەندان نەکرد، نەمدەزانی لەناو کاکەییاندا شێوەکاران شایلۆغانیانە (گرفتار و مدحەت و تالیب و فازڵ و فەلەک) و 10 ئەوەندەی دیکە، ئەمانە و جگە لە بوارەکانی دیکەی هونەر وەک شانۆ و موزیک، تەنیا لە شێوەکاران نیعمەتێکن و ڕژاونەتە ناو کاکەییانەوە.
لەم ماوەیەی دواییدا لە ڕێگەی ئازیزێکمەوە دوو شێوەکاری دیکەی کاکەییم ناسی کە لە دوورە وڵاتیدا دەژین، ئەوان دنیایەکی هەرچەندی بڵێی تایبەتن، ڕەنگە خۆم لە نزیکەوە نەمتوانیبێ تەواوی زانیاییەکانیان لەبارەوە وەرگرم، بەڵام ئەوەی پێشم گەیشتووە کەم نین، ئەوان بۆ من خوشک و برایەکی دیکەن و بۆ خۆیشیان دوو هاوسەری چەند بڵێی زیت و وریای کارە هونەرییەکانیانن، (خەلیل کاکەیی) و (ئەڤین کاکەیی) جیا لەوەی ژیانێکی هاوسەریەتیی ئاسایی بەسەر دەبەن و جارجارە بۆ هەوای هەوەس کۆڵان و شەقامەکانی (بەلجیکا) تەی دەکەن، بەڵام کە دەخزێنە ناو دنیا هونەرییەکەوە و کارکردن لە تابلۆکانیان لەئامێز دەنێن، هاوسەریەتییان دەبێتە دیوێکی تری ژیانە لاوەکییەکە و تەنیا وەک دوو هاوڕێی هونەرمەند و هاوکات ڕەخنەگر بۆ کارەکانی یەکدی و هەریەکەش بەجیا بۆ کارەکانی خۆی هەڵسوکەوت دەکەن، ڕەنگە ئەمەیان هۆکارێک بێت کە لەو وڵاتەدا بەجووتە شێوەکارەکە بناسرێنەوە، ئەدی ئەوان وەک هونەرمەند و کاری هونەری بەردەوام لە جووڵەدان و هەریەکەیان لەو وڵاتانەی ئەوروپادا خاوەنی چەندان چالاکین و تا ئاستێکی باشیش دەناسرێنەوە، کەچی بەهۆی کەمتر گەڕانەوەیان بۆ کوردستان یاخۆ نەهێنانەوەی تابلۆکانیان و پێشاندانی لە کوردستاندا، لە بینەری تابلۆی ئەم وڵاتە دابڕاون و کەمتر دەناسرێنەوە.
من لە تەک هەردووکیاندا کارم کرد، مەبەستم کاری ڕۆژنامەوانیی هونەرییە، بۆ (ئاکانیوز) لەگەڵ هەریەکەیاندا بەجیا دیمانەی درێژم ئەنجام داوە، ئەگەرچی پێموانییە توانیبێتم پڕاوپڕ بیانجووڵێنم، بەڵام وادەزانم لە هیچ باشترم کردووە.. لێرەشدا بەشیاو و پێویستی دەبینم بەشێک لە کار و بۆچوونەکانی (خەلیل کاکەیی)ی شێوەکار بخەمە بەرچاو، خوا یار بێ بۆ داهاتوو مەرحەبایەکی (ئەڤین)یش دەکەین.
(خەلیل کاکەیی) لەبارەی ئەوەی بۆچی زۆربەی کارە هونەرییەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا پێشان داوە و تا چەند دەرفەتی دەبێت بێتەوە و لە کوردستان پێشانگە بکاتەوە؟ گوتی پێم وایە مرۆڤ لە هەر جێگەیەک نیشتەجێ بێت، پتر لەوێ کار و چالاکیی خۆی دەنوێنێت، هەر لەبەر ئەوەشە زیاتر کارەکانم لە بەلجیکا پێشان داون، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر وڵاتێک هەلم بۆ بڕەخسێت بەدڵنیاییەوە پێشانگە دەکەمەوە، بۆ کردنەوەی پێشانگە لە کوردستانیش، من ساڵانی پێشتر گەڕامەوە شارەکەی خۆم کەرکووک، ئەوەبوو بۆ ئەزموونگەریی هونەری گرافیکسازی، لە هۆڵی قشڵە تاقیکردنەوەیەکم خستە ڕوو، بۆ داهاتووش ئارەزوومەندم هەمان تاقیکردنەوە لە شارەکانی تری کوردستاندا پێشان بدەم.
لەبارەی کارەکانی هونەرمەندانی کورد لەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە (بەلجیکا) تا چەند پێشوازییان لێ دەکرێت، یان تا چەند پێشوازی لە کارە هونەرییەکانی خۆی کراوە؟ کاکەیی باسی ئەوەی کرد من وەک شێوەکارێکی کورد ئەزموونی خۆم لەو وڵاتەدا پێشان داوە، وێڕای ئەوەش لە ئەوروپا شت زۆرە بۆ بینین، پێم وا نییە ئەمە ئاسان بێت بۆ ناساندنی ناسنامەی هونەریمان، بۆ کارەکانی منیش لە بەلجیکا پتر پێشوازی لە کارە خۆشنووسییەکانم دەکرێت، چونکە فۆڕمێکی هونەریی نوێ و نامۆیە لایان.
لەبارەی ئەو ڕێبازە هونەرییەیش کە خەلیل کاری لەسەر دەکات گوتی من پێم باشە بەشێوەیەکی ئازاد شتەکان تاقی بکەمەوە، تێکەڵکردنی وشە و هەناسەیەکی دەروێشی بەهێڵ و ڕەنگەکاندا ڕاستگۆیییەک بەپانتاییی واتاکان دەدات لە ئامێزی کەڤاڵێکدا، هەر بەو هەستەوە مژووڵم و لە گەڕاندام، گەڕانەوە بۆ ناخی شتەکان دەربڕینەکان قووڵتر دەکاتەوە نێوان ناخی مرۆڤ و دنیای دەرەوە.
بەپێی زانیاریی من ئەو یەک لە هونەرمەندە کوردە چالاکەکانی بواری شێوەکارییە لە ئەوروپا، کەچی خۆی بەبینەری ئەم بوارە لە کوردستان نەناساندووە، بۆ ئەمەشیان کاکەیی دەڵێت دوورە پەرێزیم بەویستی خۆم نەبووە، هەموو دەروازەکانیش بەڕووماندا واڵا نەکراون، ئەگەرچی ئەمڕۆ مەرج نییە تەنیا لە ڕێگەی پێشاندانی کارەوە شێوەکارێک خۆی بناسێنێت، ڕەنگە بەهۆی ماڵپەڕێکەوە کاری هونەری بەشێوەیەکی خێراتر بگاتە بەرچاوی بینەران، ساڵی پار بەڕەسمی سەردانی جەزائیرم کرد بۆ بەشداریکردنی هونەری ئەمساڵ، بەهەمان شێوە بڕیارە لە توونسیش پێشانگەم بۆ بکرێتەوە، زۆریش خوازیاری ئەوەم لە وڵاتی خۆم بەچاوی گرینگ و بایەخپێدانەوە تەماشای شێوەکاران بکرێت وەک وڵاتانی تر، بۆ ئەوەی ڕەوتی شێوەکاری لە کوردستانیشدا هەنگاو بنێت و بچێتە پێشەوە.
لە کوردستان بواری ڕەخنەی شێوەکاری لە ئاستێکی لاوازدایە، تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو بوارەدا دەنووسنەوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا (تاریق کارێزی) لە هەرە دیارترینیانە، بەڵام ئاخۆ ڕەخنە لە ئەوروپا لە چ ئاستێکدایە و بەڕای (خەلیل کاکەیی) تا چەند ڕەخنە دەتوانێ پەرە بەبوارەکە بدات؟ باسی ئەوەی کرد لە ئەوروپا گرنگی بەو بابەتانە دەدەن کە خەڵک پتر دەیانخوێننەوە، ئەویش بەندە بەتازەگەرییەوە، پێم وا نییە لە ئەوروپایش ڕەخنە لە لووتکەدا بێت، لە ئەوروپا هەموو شتێک بووەتە بیرۆکە و پرۆژە و ڤیدیۆ ئارت، لەوەیش سەیرتر وەک هونەری فۆتۆگرافی بەچاوی کامێرا شتەکان گەورە و بچووک دەکرێنەوە و پێشان دەدرێن بەتەکنیک و کەرەستەی جیاواز، ڕەخنەنووسیش بۆ هونەر بەشێوەی داغستانێکە بێ خزمەت و بێ باخەوان نابێت، لەبەر ئەوەی هەردووک پێکەوە بەندن و یەکتر بەهێز دەکەن.
لەبارەی ئاست و ڕەوتی هونەری شێوەکاری لە کوردستانیش ئەو هونەرمەندە دوورە وڵاتە گوتی زۆر هیوام بەو هونەرمەندانە هەیە کە بەشێوەی خۆ دووبارەکردنەوە و لاساییکردنەوە کار ناکەن، واتە لاساییکردنەوە ناکەنە هەوێنی کارەکانیان، بەبیرۆکەی تازەگەری و چاوی بەرفراوانەوە دەڕواننە دنیای هونەر، پێم وایە هەنگاو و قۆناخەکان هێشتا لە سەرەتادایە بەبەراورد لەگەڵ حەشاماتی پێشڕەویی هونەری دنیا. هونەر دنیایەکی بەرین و بەرفراوان لەخۆ دەگرێت و سنووری بۆ نییە، ئەگەر هونەرمەند تەنیا بۆ بازاڕ و زەوق و ویستی بینەر کار بکات ئەوە کارەکەی باش نابێت، ڕەچاوکردنی داواکاریی بینەر کارێکی هەڵەیە و ئەگەر شێوەکار گوێرایەڵی کەتوارێکی دیاریکراو بێت داهێنان پەک دەخات، بۆیە پێویستە هەموو هونەرمەندێک بەدید و بۆچوون و ستایلی خۆی کار بکات، داڕشتنی قاڵبێکی گونجاو بۆ کۆمەڵگەیەک بەزیانی هەموو لایەک دەگەڕێتەوە، دەبێ بینەریش هەوڵ بدات خۆی بەبەها هونەری و مەعریفییەکان دەوڵەمەند بکات و چاوەڕوانی شتی پاککراو نەبێت لە هونەرمەند.
من پرسیاری ئەوەم لە خەلیل کاکەیی کرد کە لەناو هونەرمەندانی کورددا ئەوەندەی بایەخ بەتابلۆی شێوەکاری واتە نیگار دەدرێت، کەمتر بایەخ بەپەیکەرتاشی و هەڵکۆڵین دراوە، ئەمە لە کاتێکدا دەبینین بەتایبەتی لە ئەوروپا زۆرترین بایەخ بەپەیکەرسازی دەدەن؟ ئەو لە وەڵامدا ئاماژەی دا ئەگەرچی ئەم وەڵامە پتر لای پەیکەرتاشێکە، بەڵام بەبۆچوونی من نەبوونی کەرەستەی پێویست و ئالیەتی گونجاو و پێداویستییەکان، هەروەها دروستکردنی ژێرخانێکی تۆکمە بۆ هەموو بوارەکان، بۆ سیڕامیک و بڕۆنز و هەموو جۆرە گاشەبەردێک، فەراهەمکردن و سوودوەرگرتن لە کەسانی شارەزا و بەئەزموون، باری ئەو کارە قورسە سووک دەکاتەوە، لە ئەوروپا ئەو شتانە لە پڕێکدا دروست نەکراون، بۆیە لە کوردستانیش پێویستە هەنگاوی کردەنی و زانستانەی بۆ بنرێت.
خەلیل حوسێن کاکەیی لە ساڵی 1958 لە کەرکووک لەدایک بووە، بەپێشانگە تایبەت و هاوبەشەکانەوە لە پتر لە 45 پێشانگە کارە هونەرییەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و کوردستان پێشان داوە کە تابلۆی شێوەکاری و خۆشنووسی و گرافیکی لەخۆ گرتووە، بەشی گرافیکی ئازادی لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەلجیکا خوێندووە.