دکتۆر رەوەند عوسمان، پسپۆر لە نەشتەرگەری جوانکاری: لێزەرم بۆ دڵنیا قەرەداخی بەکارھێناوە کە ژیانی قەڵەو نەبێتەوە و بەمنزیکانەش پەلە ڕەشەکەی دەموچاوی عیماد ئەحمەد لادەدەم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
دکتۆر رەوەند عوسمان، ساڵی ١٩٦٣ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە، سەرەتا لە موسل پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، بەشی موزیکی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٩٠- ١٩٩١ بڕٍوانامەی پزیشکی لە ھەولێر بەدەستھێنا، سەرەتا لە نەخۆشخانەی رزگاری وەک پزیشک دامەزرا، ساڵی ١٩٩٤ – ١٩٩٥ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتن بووە، بەڵام ئەو دەڵێت “لەگەڵ ئەوەشدا قەت لە مۆسیقا دانەبڕاوم، بەردەوام لە بۆنەکانی کۆلیژی پزیشکی و ئاھەنگی ھاوڕێکانم مۆسیقام ژەنیووە”. لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) دکتۆر رەوەند ئاشکرایکرد نەشتەرگەری جوانکاری بۆ چەندین ھونەرمەندی کورد و عەرەب و تورک ئەنجام داوە و “بڕیارە بەم نزیکانە بۆ کاک عیماد ئەحمەد ئەنجامی بدەم”.
سڤیل: تۆ لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجانم دەدەی، بەڵام لەو چەند ساڵەی دوایدا ناوبانگ دەرکرد وەک پزیشکی نەشتەرگەری، ھۆکاری ئەوە چییە؟
د. رەوەند عوسمان: ئەوکات تەکنەلۆژیا لە بواری جوانکاری پێشکەوتوو نەبوو یان ھەر نەبوو، پاشان ساڵی ١٩٩٦ لەبەر خراپی بارودۆخی سیاسی کوردستان، رووم لە وڵاتی لیبیا کرد و لەوێدا پێنج ساڵ لە بواری نەشتەرگەری کارم کرد، ساڵی ٢٠٠٢ لە نەخۆشخانەی سعودیەی ئەڵمانی دەستبەکار بووم، بەڵام ساڵی ٢٠٠٣ یەکەم دکتۆر بووم لە دوای روخانی رژێمی سەدام گەڕامەوە شاری ھەولێر، ساڵی ٢٠٠٥- ٢٠٠٦ چووم بۆ ئیتالیا و ئەڵمانیا نەشتەرگەری لێزەرم خوێند، کە تەکنەلۆژیایەکی زۆر نوێیە، ئەو نەشتەرگەرییەی کە دوو سەعات دەخایەنێ لەژێر بەنجی دکتۆر، ھەمان نەشتەرگەری بە لێزەر بەماوەی ١٠ دەقیقە تەواو دەبێ، کە ھیچ زیانێکی نییە، ئینجا لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ جارێکی دیکە گەڕامەوە کوردستان و لە شەقامی پزیشکان نۆرینگەم دانا، کە سەیرمکرد نەخۆشەکانم رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن سەنتەرێکم دامەزراند، بەڵام لەبەرئەوەی لە وڵاتانی دەرەوە نەخۆشم بۆ دێت، ئێستا نەخۆشخانەیەکی lbh لە عەنکاوە دامەزراندووە.
سڤیل: سەرەتا پەیمانگای ھونەرە جوانەکانت خوێند، دوای ئەوە چۆن بوو چوویتە خوێندی پزیشکی، ئەمە بەڕێکەوت بوو یاخود حەزی خۆت بوو؟
د. رەوەند عوسمان: حەزی من موزیک و گۆرانی و ھونەر بوو، باوکم قەت پێی خۆش نەبوو موزیک بخوێنم، زۆرجار گیتارەکەی لێ شکاندووم، بۆیە ئێستاش لە نۆریگەکەم چوار گیتارم داناوە، لەترسی ئەوەی نەوەکو لێم بشکێنن، چونکە بەردەوام گیتاریان لێ شکاندووم، جا باوکم زۆری لێکردم پزیشکی بخوێنم، ئێستا باوکم دەڵێ ئەگەر من نەبام نەدەبوویە دکتۆر، راست دەکات، بەڵام بەبڕوای من لە بواری موزیک زیاتر سەرکەوتنم بەدەست دەھێنا، ئێستا کە دکتۆرم زۆربەی ئامێرە موزیکییەکان لە نۆرینگەکەم ھەیە، ناچمە ژووری نەشتەرگەری ئەگەر موزیکێک لێنەدەم، نەشتەرگەری دەکەم و گۆرانی دەڵێمەوە، کەش و ھەوایەکی زۆر تایبەتم دروستکردووە کە ھیچ نەخۆشێکم ھەست بە ترسی نەشتەرگەری ناکەن، جگە لەوەش دکتۆری نەشتەرگەری جوانکاری دەبێ ھونەرمەند بێت، چونکە ئیشێکی ھونەرییە، ھەر دکتۆرێکی جوانکاری ئەگەر ھونەرمەند نەبوو سەرکەوتوو نابێ، دکتۆر محەمەد باجەلان دەنگێکی زۆر خۆشی ھەبوو لە ژووری نەشتەرگەری، عەلا بەشیر وێنەکێشێکی جوان بوو.
سڤیل: لە کوێ دەستت بە نەشتەرگەری جوانکاری کرد؟
د. رەوەند عوسمان: ساڵی ١٩٩٤ – ١٩٩٥ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتن بووم، لە شەڕی ناوخۆ بریندارێکی زۆر دەھاتنە لامان، زۆرم پێخۆشبوو شوێن و ئاسەواری برینەکانیان نەھێڵم، بڕیامدا تەکنەلۆژیایەکی وا بدۆزمەوە بتوانم ئاسەواری برینەکانیان نەھێڵم، چووم لە وڵاتی لیبیا خوێندم و ھەر لە لیبیاش لە نەخۆشخانەی (تەرابلوس) رۆژانە نەشتەرگەریەکی زۆرم ئەنجام دەدا، چونکە خەڵێکی زۆر بە چەقۆ بەشەڕدەھاتن، بەڵام سەرەتا وڵاتی سعودیا لە نەخۆشخانەی (سعودیەی ئەڵمانی) لە جدە، فێری جوانکاری بووم و تەکنەلۆژیای ئەوەم خوێند چۆن بتوانم ئاسەواری برین بزر بکەم، کە ٩ مانگی خایاند.
سڤیل: زۆربەی ئەوانەی نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجام دەدەن ھونەرمەندەکانن، بەتایبەت گۆرانیبێژەکان، تۆ جوانکاریت بۆ ھیچ ھونەرمەندێک ئەنجام داوە؟
د. رەوەند عوسمان: بەڵێ بۆ زۆربەی ھونەرمەندەکان، لە نەشتەرگەری (سوڵتان قاسم) بەشدار بووم کە لە لوبنان کردم، ھەروەھا لە ئوردن بۆ (دیانا کەرۆزن) و لە میسر (حەمید شاری) و لە دوبەی بۆ (عمرو دیاب)، لەبارەی نەشتەرگەریەکانیشەوە (دیانا کەرۆزن) پێشتر لە میسر نەشتەرگەریەکی ھەڵەیان بۆ “گەدە”ی کردبوو، کە بە گوێ ھەناسەی دەدا، تەنانەت نەیدەتوانی دوو سەعات بەبێ ئاو و خواردن بژی، ھەروەھا (عمرو دیاب) ئەوەندە قەڵەو ببوو کە نەیدەتوانی لەسەر شانۆ بوەستێ گۆرانی بڵێ، ھاتە لای من نەشتەرگەری کەمکردنەوەی کێشم بۆ کرد، لە کوردستانیش یەکەم کەس بۆ گۆرانیبێژ (دڵنیا قەرەداخی)ـم نەشتەرگەریم کرد، بۆ کەمکردنەوەی کێشی بوو، کە ھاتە لام ١٢٨ کلیۆ بوو، ئێستا ٥٠ کیلۆیە، ھونەرمەندەکان سەدا حەفتای ئەو پارەیەی کە دەستی دەکەوێت لە نەشتەرگەری جوانکاری سەرفی دەکەن.
ھەروەھا پێش دوو ھەفتە لەڕێگەی برای خۆشەویستم دکتۆر روشدی، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی (عادل موتەحیدە)، داوایکرد وەک دکتۆر سەردانی ئیبراھیم تاتلیساس بکەین لە تورکیا، کە چووم ئاسەوارێکی زۆر برینی ھەبوو، دەست و قاچێکی ئیشی نەدەکرد، چاودێری نەشتەرگەریەکانم بۆی دەکرد و ئاسەواری برینەکانم بۆ لادا، پێمگوت بەزووترین کات چاک دەبیەوە.
سڤیل: ماوەیەک دەنگۆیەی ئەوە ھەبوو کە دڵنیا قەرەداخی دووبارە قەڵەو بۆتەوە و نەشتەرگەریەکەی سەرکەوتوو نەبووە، ئەوە تاچەند راست بوو؟
د. رەوەند عوسمان: نەخێر، دڵنیا قەت قەڵەو نابێتەوە، چونکە لێزەرم بۆ بەکارھێناوە، پاشان دڵنیا مرۆڤێکی گوێرایەلە، لەبەرئەوەی ھونەرمەندێکی راستەقینەیە لەسەر وەرزش و رێنماییەکانی دکتۆر ئێستاش بەردەوامە.
سڤیل: ئەی بەرپرسەکان، نەشتەرگەری جوانکاریت بۆ کام لە بەرپرسە کوردەکان کردووە؟
د. رەوەند عوسمان: بەرپرس ھەیە بۆم کردووە، بەڵام ئەو رۆژەی کە ئاھەنگی دەرچوونی زانکۆمان کرد، بەڵێنمان داوە نەھێنی نەخۆش بپارێزین، لەبەرئەوە ناتوانم ئێستا پێت بڵێم کێن ئەوانەی ھاتوونەتە لام، بەڵام یەک لەوانە خۆم تەلەفۆنم بۆ کاک عیماد ئەحمەد کرد بە مەبەسەتی نەشتەرگەری بۆ لابردنی پەلە رەشەکەی دەموچاوی، پێمگوت سەد لەسەد سەرکەوتوو دەبم، چونکە عیماد ئەحمەد وەک شەخسیەتێکی کورد خۆشم دەوێت، دوای ئەوە خۆی ھاتە لام و بڕیارە لەم نزیکانە نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام بدەم.
سڤیل: لەبارەی نرخی نەشتەرگەریەکانەوە، پێت وانییە لەبەر گرانی نرخی نەشتەرگەرییەکە، خەڵکانێکی کەم جوانکاری ئەنجام دەدەن؟
د. رەوەند عوسمان: لە ھەموو دنیا نەشتەرگەری جوانکاری لە نەشتەرگەری دیکە جیاوازترە و گرانترە، بەڵام ئەگەر لەسەر خۆم قسە بکەم نەشتەرگەری من یەک دەفتەر دۆلار جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەو نەشتەرگەریانەی کە لە دەرەوە ئەنجام دەدرێن، ئێستا نەخۆشەکانی من زیاتر ئەو کوردانەن کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، لەجیاتی ئەوەی بە ٨ ھەزار دۆلار لە وڵاتەکەی خۆی نەشتەرگەرییەکە بکات، دێتە لای لە ھەولێر بە ٢٠ ھەزار دۆلار دەیکات، شەش ھەزار دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، دەتوانی بەو پارەیە خۆی و منداڵەکانی سەردانێکی کوردستان بکەنەوە، ھەم زیارەتە و ھەم تیجارەت، نەخۆش ھەیە لە فرۆکەخانەی ھەولێر دێتە خوارەوە یەکسەر بۆ لای من دێت، ماڵەکەشی لە کەلار و سلێمانییە، جگە لەوەش ئەوەی ئەو حەزی زیاد کردووە، پێشتر تەنیا ژنە بەرپرس و کچە بەرپرس و ھونەرمەندەکان دەھاتنە لام، بەڵام لەخوا بەزیادبێ ئێستا باری خەڵک باش بووە و ھەموو خەڵێک ئەمڕۆ پارەی ھەیە، خەڵکێکی زۆر کە لە باری دارایان مامناوەندییە دێنە لام و نەشتەرگەری دەکەن. گەنجەکانمان لە کوردستان کە بە سەفەر دەچن بۆ ئەو وڵاتانەی دەورووبەر خەڵکی لاواز و پێستی جوان دەبینێ، سەیر دەکات خەڵک لە شەقامەکان وەرزش دەکەن و ڕادەکەن، کە دەگەڕێتەوە کوردستان لای گرنکە خۆی لاواز بکاتەوە، لای گرنکە پارە سەرف بکات بۆ جوانکاری پێست و لوت.
سڤیل: زیاتر ئەو نەخۆشانەی دێنە لات داوایان چییە؟
د. رەوەند عوسمان: من بەوە ناوبانگم دەرکردووە قەڵەو بە ئاسانی لاوازی دەکەمەوە، زۆربەیان کێشەی قەڵەویان ھەیە، پاشان خەڵکێکی دیکە پەیدا بووە گرنکی بە پێست دەدەن و لۆچ لە دەموچاویان لادەدەن، خەڵکێکی زۆریش بەتایبەت نەوەکانی پاش ١٩٩١ کورتەباڵان دێن بۆ لێدانی دەرزی درێژبوونی باڵا، نەخۆشم ھەبووە ١٥ سم درێژ بووە.
سڤیل: زوو زوو دەچیتە دەرەوەی وڵات، ھۆکاری ئەوە چییە؟
د. رەوەند عوسمان: خشتەی من وایە کە ٢٠ رۆژ لە کوردستانم، ٥ رۆژ لە نەخۆشخانەی “ئەمریکی”ـم لە تورکیا، ھەروەھا ٥ رۆژیش دەگەڕێمەوە وڵاتی سعودیا.. ئەوەش لەبەر دوو شتە، یەکەم لەبەرئەوەی ئەو زانستە تەکنەلۆژیایەی کە من بەکاری دێنم زانستێکی زۆر حەساسە، لە خوا بەزیاد بێ لەبەرئەوەی یەکەم کەسم لە کوردستان و عێراق ئەو ئیشە دەکەم نەخۆشەکانم زۆرە، ناکرێ لەسەر یەک زانست بمێنمەوە، بەردەوام ئاگاداری تازەترین زانست و تەکنەلۆژیام لە بواری نەشتەرگەری جوانکاری، ناتوانم وەک دکتۆرێک بژیم کە ٣٠ ساڵ یەک جۆرە حەب و مەرھەم بەکاربێنم، لەھەر وڵاتێک تەکنەلۆژیا ھەبێ دەچم دەیکڕم، دووەمیش لەبەرئەوەی لە وڵاتی تورکیا و سعودیەش نەخۆشم ھەیە و نەشتەرگەریان بۆ ئەنجام دەدەم.