هونەرمەندی دەرهێنەری بواری دراما (لوقمان غەریب) توانیویەتی لە چەند درامایەک و کاری فلیمی تەلفزیۆنی دا بە شێوازێکی سەردەمیانە کاری سینارست و دەرهێنانی بۆ چەند درامایەک ئەنجام بدات،
لەمیانەی لێدوانێکی دا بۆ خوێنەرانی رۆژنامەی “هەولێر” تیشکە خستە کاتی نزیک بوونەوەی نیشاندانی زنجیرە دراما تازەکەی، کە ماوەیەکی زۆرە کاری بۆ کردووە، کە بریتیە لە (نامەکانی ئەشرەف).
دەرهێنەر لەسەرەتای لێدوانەکەی دا گوتی : “ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای (نامەکانی ئەشرەف)ـم، لە مانگى ئەیلوولى ساڵى (2008)ـوە سەرقاڵى بەرهەمهێنانیم، کە سیناریۆکەیم لە لە شاکارەکانى رۆمانی نووسەری بە توانا (عەزیز نەسین)ـەوە ئامادە کردووە. لە(20ئایارى2009)ـ وە دەستمان بەکارى وێنەگرتن کردووە لەکۆتایى مانگى (10ى 2009)ـدا کارەتەکنیکییەکان و مۆنتاژکردنى تەواوبووە، ناوەرۆکەکەى باسى کۆمەڵگایەکە لەبەر ساویلکەیى و نابووتى خۆیان کابرایەکى فێڵباز بە ئارەزووى خۆى یاریى بە موقەدەراتییان ئەکات .
دەرهێنەری درامای (نامەکانی ئەشرەف) گوتیشی : “من ویستوومە ئیش لەسەر سێ شاکارى (عەزیز نەسین) بکەم، کە ئەمە یەکەمیانە دووانەکەى تریش پاش ئەم بەرهەمە دەست بەگەڵاڵە کردنى ئەکەم. شاکارەکانى ئەو گەورە نووسەرە کۆمەڵێ دیاردە بەرجەستە دەکات، کە پێشتر رەهەندێکى جیهانیى وەرگرتبوو، تائەمرۆش وڵاتانى ئەم دەووروبەرە گیرۆدەى دەستى ئەم دیاردانەن (دواکەوتوویى کەلتووریى ، خۆشباوەڕیى ، خۆبەکەم زانیین ، خەیاڵپڵاویى ، سەرى یەکترخواردن ، جۆرەکانیى گەندەڵیى ، مەسڵەحەتچێتى و بێبەرنامەیى و …..) زۆر بابەتی تریش، ئەم دیاردانەیە بێ ئۆقرەیى خستۆتە ناو گەلانى ئەم ناوچەیەوە. هەربۆیە ئەهێنێ ئێمەش پەنجەیان بخەینەسەر و لەدرامایەکدانیشانى بدەین تا بەقاقاو پێکەنینەوە، هەوڵى کەمکردنەوەو لەناوبردنیان بەریین . چونکە ئەم دیاردانە وەک نەخۆشیى وایە لە هەموو دنیادا یەک جۆرە میکرۆب و ڤایرۆسیان هەیە. بۆنموونە پەتاى مەسڵەحەتچێتى یان ئیستغلالکردنى پلەو پایە لەهەرجێیەکى دنیابێت هەریەک هۆکارو ئامانج و دەرئەنجامى هەیە. سروشتى ئەم جۆرە کارانە لەهەموو دنیادا هەروەک یەکە. مەبەستى سەرەکى من لەئیش کردن لەسەرئەم ستایلە ئەوەیە کەبەپێکەنیین و رووخۆشى پەنجە لەسەر کەموو کورتى و دیاردە نەشیاوەکان دابنێین. سروشتى دراماش وایە. ئەبى تەرحکردنى بابەتەکان فۆرمیکى تەمسیلیى وەربگرێت، بۆ ئەوەى نەبێتە حیکایەت و ڕاپۆرت و ئەم جۆرە شتانە”.
دەربارەی ناوەرۆکی زنجیرەی (نامەکانی ئەشرەف) تاڕادەیەک ئەرک و قورسایی زیاترە، چونکە تۆ باس لە مێژوویەکی دوور دەکەیت، کە خۆی لە پەنجا ساڵ لەمەو بەر دەدات، بە تایبەتی لە رووی جل و بەرگ و شوێنی وێنەگرتنەوە، ئایا کێشەت بۆ دروست نەبوو لەوەڵامدا هونەرمەند (لوقمان غەریب) گوتی : “بێگومان کاری دراما لەبەرنەبوونى زەمینەى لەبار خۆى لەوڵاتى ئێمەدا کارێکى قورسە چ جاى ئەوەى تۆ کارێکى کۆن بەرهەمبهێنیى. سەرەتا هەموو بەشداربووەکان جۆرێک لەحەزەرییان هەبوو، دەیانگووت و پرسیارییان ئەکرد، لەوبڕوایەدام کە هەندێ کەس گاڵتەشییان پێئەهات. بەڵام خۆشبەختانە کارەکە بەپێچەوانە کەوتەوە . مەسەلەى لۆکەیشن و ئیکسسوارو جلوبەرگ و ماکیاج بەهەوڵى هەموو لایەک زۆربەسەرکەوتوویى جێبەجێکرا، ئەوەى بەپارەبووبێت تەخسیرییمان نەکردووە، باقیەکەی تریش هیمەتى خاوەنماڵەکان و هاوڵاتیانى خۆشەویست و هونەردۆستى شارى سلێمانى بووە، کەچووینەتە هەرشوێنێ بەسنگى فراوانەوە پێشوازییان لێکردوین. هەروەها هەوڵى بەردەوامى هونەرمەندانی بەرێز (بەکر مستەفا، ماهیر حەسەن، کەمال چالاک، بەیان زەریفى، رێزان فەرەج، قادرجەلال، مامۆستا تەها خەلیل، فریاد خەلیل و ئەحمەد رەوف) بەڕاستى شایەنى باسکردنن. لێرەشەوە لەرێگاى ئێوەى بەرێزەوە رێزوسوپاسى زۆرم بۆ هونەرمەندى گەورە مامۆستا (مەزهەرى خالقى) و کۆمپانیاى سۆلى فلم و کاک (شادمان) بەڕێوەرى ئیداریى ئەو کۆمپانیایە لەهاوکاریى کردنیان لەرووى دابینکردنى هەندێ جلوبەرگ و ئیکسسوارەوە لەگەڵ مۆزەخانەى ئەتنۆگرافیاو کارگەى جگەرە. بەڵام هەتابڵیى کارێکى قورس بوو . بەڵام من مەبەستێکى تریشم هەبوو ئەویش ئەوەیەکە هەمووان ئاگاداریى ئەوەن کەلەبەر خەمساردیى خەریکە تەواوى شوێنەوارو بیناسازیى کۆنى وڵاتى ئێمەلەناوئەچێت . هەرنەبێت لەکارێکى وادا وەک وێنە هەندێکییان دەمێننەوە . لەگەڵ ئەمەشدا چیبکەم خۆى زەمانى گێڕانەوەى چیرۆکەکە ئەو کاتەیە. هەڵبەت گەڕانەوەش بۆ ڕابردوو، جۆرێک لەجیاوازیى لەوەرگرتندا لاى بینەر دروست ئەکات. ئەم جۆرە کارانە بینەرى زۆرییان هەیە لەسەر هەموو ئاستکان”.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی رۆڵی سەرکەیت لەو درامایەدا داوە بە هونەرمەند (ماهیر حەسەن)..؟
لە وەڵامدا (غەریب) گوتی : “چونکە ئەکتەرێکى سەرکەوتووە، هونەرمەندێکى زۆر بەتوانایە (ماهیر حەسەن) ئەستێرەیەکى درەوشاوەیە لە دونایی نواندن و بەتایبەتی (کۆمیدیا)دا، هەروەها من پێش ئەوەی پەخشبوونى بەرهەمەکە،سەبارەت بەکاک (ماهیر) ئەڵێم ، تا ئاستێکى زۆر بەرز ئەفراندن و داهێنانى پیشانداوە لە و درامایەد. هەموو ئەکتەرەکانى تریش بەهەمان شێوە، من زۆر سوپاسى هەموویان ئەکەم”.
لە کۆتایی دا (لوقمان غەریب)ـی دەرهێنەر گوتی :” کارەکان هەمووی تەواو بووە، خۆی لە (24) ئەڵقەی (45) خولەکی دەدات، ئێستا بەرهەمەکە بە پێ ی گرێبەستێک لە کەناڵى (کوردستان تى ڤییە)، ئەوانیش بەپێى پرۆگرامەکانى لە داهاتوویەکی نزیکدا نیشانی بینەرانی دەدەن، کە ماوەی هەفتەیەکە دەستیان کردووە بەریکلام کردنی بۆی”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا