ئەو ژنانەی بە ناوی پیاوێڪەوە ناسراون لەناو ڪۆمەڵگە، ئەو پیاوە کەسێکە دارای پێگەو مەقامێڪە، یان کەسێکی ناسراو و خۆشەویستە و خاوەن ھەڵوێست و لەخۆبووردەیە و بەم شێوەیە ناو و ناوبانێگێکی ھەیە لەناو خەڵک و کۆمەڵگەدا، لە پاش مەرگیان جا ئەم مەرگە بە شێوەی ئاسایی و دەستی قەدەربێت، یان بە گیانبەخت کردن و شەھید بوون و خۆ قوربانی کردن بێت، ئەوە ژنەکانیان لەپاش مەرگیان قوربانییەکی ترن و دۆخی ژیانیان ئەستمە درکی پێبکرێت، ھەر ڕۆژێکیان مردنێکە.
ئەو ژنانەی ھەتا دوێنێ ژیانێکی ئازادیان ھەبووە و خاوەنی بڕیاری خۆیان بوون لە ھاتووچۆو ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیاندا، ئەمڕۆ ئیتر بێ مێردو بێ خاوەن دەبینێرن، ئەوان ئیتر تەنھا جەستەیەکن لە چاوی کۆمەڵگە، جەستەی بێ خاوەنیش بەتێڕوانینی باوی کۆمەلگە ڕۆژھەڵاتیەکانیش ڕێگەیەکە بۆ تاوان و گوناە و عەیبە .
ئیتر ئەبێ ئەم ژنانە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، لە ماڵە باوک یان برا، بەکراسێکی نیلی و بێ ڕەنگ بە خامۆشی وبە حەیاو حورمەتەوە ھەنگاو ھەڵنێن، حەیاو حورمەت دووبارە بە پێناسەی کۆمەلگە داخراوەکان بەواتەی گرنگی نەدان بە شێوەو ڕووخسار و سەرو قژ و جوانی و گەنجی ژن دێت ، یانی لە گۆڕ نانی حەزو غەریزەکان، یانی بە قەدەری خوا قایل بوون و گوڕایەڵی ئەمر و نەھی پیاوەکانی بنەماڵە.
نابێت لە بیرمان بچێت ژن ھەرچەند ئازاد و خاوەن بڕیاری خۆی بێت، بەڵام وەک خەسەڵتێکی مێینەیی پێیخۆشەو پێویستی بەوەیە پیاوێک لە ژیانیدا وەک ھاوسەرو ھاوڕێ گرنگی پێ بدات و ڕۆژانە بۆی دووپات بکاتەوە کە چەندی خۆشدەوێت، یان ئەو بۆنەی لەخۆیی داوە تا چەند بۆنێکی خۆشە، یان ئەو کراسەی پۆشیوییەتی چەند ڕەنگی جوانە و چەندیش لێی دێت، یان ئەمڕۆ جوانتر لە ھەرکات دەنوێنێت. بیستنی ھەموو ئەوانە بۆ ژنە شەھیدێک یان ھە ر کەسایەتیەکی بەو جۆرە وەکو ئاماژەمپێدان لە زاری پیاوێکی دیکەوە بۆ ھەمیشە دەبێت خەیاڵی خامۆش و شاراوەی شەوانی تەنیایی بێت.
ئەو ژنانەی تەنانەت خاوەنی ناوی خۆشیان نین و ناوەکەشیان لێ دەسەندرێتەوە و بەناوی ھاوسەری کۆچکردووی فڵان و فیسار بانگ دەکرێن .
ئیتر ئەو ژنانە موڵکی نیشتیمانی ئەو مرۆڤانەن کەوەھا دەڕوانن لە ژنانی دوای ڕوداوەکان و کارەسات، ھەر بە موڵکی پیاو دەمێننەوە بە مردویی.
“خەزان ڕەحیم”