کازیوە ساڵح : “کورد لە سەر ماچێک کچەکانی خۆیان دەکوژن، بەڵام داگیرکەر کۆڵەکەیەکی بڕیوەتە نیشتمانەکەیان قسە ناکەن” ئیسماعیل بێشکچی
ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووئەدات هەڵگری یەک جۆرە خوێندنەوە و یەک تێروانینی یەک جەمسەری سیاسی نیە، هەتا ڕێگە بە خۆمان بدەین بە یەک تێڕوانینی کولتووری ببەخشین. کوردستانیانی ڕۆژهەڵات بۆ دەیان ساڵە لە ژێر دوالیزمی دوو کارلێکەری کوشندەدا ورد و خاش ئەبن؛ ئەوانیش لە لایەک ڕووبەرووی جینۆسایدی لە سەر خۆیانە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بە کوشتن ، لە سێدارەدان و زیندان و سەرنگۆمکردن ئەبنەوە، جگە لەوەی جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکولتووری نۆرمێکی باوی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئێرانە بە گشتی بە هاوڵاتی ودەسەڵاتەوە. لە لایەکی دی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردی سێ بەشەکەی دی زیاتر و توندتر لکاون بە کولتووری بکوژەکەیانەوە. ئەوان بە شیوەیەک شەیداییان بۆ کولتووری فارس و ئێران قوڵبووەتەوە ژمارەیەکی زۆریان گەر ڕزگار بوون وکوردبوونیان بۆ بکەیت بە لەمێک بۆ ئەوەی بە سەر دەریای ئورمێدا بپڕنەوە، ئەوان خۆیان فڕێ ئەدەنە ئاوەکەوە. ئەم بەرهەم هێنانەوەی ‘کۆیلە بوون’ ە هۆکاری خۆی هەیە و پابەندە بە پلانە درێژ و کورت خایەنەکانی ئێران و سەرجەم ئەو ڕژێمانەی دیش کە کوردستانی داگیرکردووە، بەڵام خەوی قوڵی بە ئاگا نەهاتنەوەش هەر هۆکاری خۆیی هەیە و چیرۆکێکی دوولایەنەیە. .
ئەو هۆکارە باسکراوانە و کەمی ژمارەی دانیشتوانی کوردی ئەوێ بەراورد بە بەشەکانی دی و یەک دەست ودەنگ نەبوونی پارچەکانی کوردستان ولایەنە سیاسیەکان، هەروەها جۆری سیاسەتی ژمارەیەک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات، هەموو جم و جۆڵێکی شۆڕشگێرانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بارگاوی کردووە. مەحکومی کردووە بە دۆڕان ، گومان و بەدناوی یوتۆپیای خێلەکیانە، تەنانەت ئەگەر قوربانێکی وەکو ئەوەی فەرینازیش بووبێت.
ئەکرێت فەریناز ئەو ساتەی بڕیاری خۆکوشتن ئەدات بیری لە شۆڕش نەکردبێتەوە، بەڵام بیری لە ناسنامە و بڕیای خۆی کردوەتەوە کە دواجار ناسنامەی نەتەوەکەی ئەکات ، ئاکارێکی ڕەتکردوەتەوە کە سەرجەم ڕژێمەکان بەکاریانهێناوە بۆ کوژاندنەوەی شۆڕش ، بۆ کوشتنی کولتووری کۆمەڵگەیەک ، گۆڕینی بۆ کۆمەڵگەیەکی نەخۆش ئەویش ‘ لاقەکردنە’. لێرەدا هەڵوەێستەی ئەم وتارە لە سەر وەرگێرانی کوردە بۆ بڕیارەکەی فەریناز و پەرچەکرداری جەماوەرەکەیە، نەک هەژموون و ئامانج و کاریگەریەکانی لاقەکردن.
وەرگێرانی خەڵک بە ژمارەیەکی ژنان خۆشیانەوە بۆ هەڵوێستەکەی فەریناز هەڵویستەیەکی خێڵەکیانەیە و لە یوتۆپیەی هۆزمۆدێرنەدا بۆ پێناسەکردنەوەی شەرەفی میللەتێک ئەگەڕێن لە میانەی ئەندامی زاوزێی ژنێکەوە، چەند نموونەیەک لەو نموونە زۆرانە پێک هاتوون لە:
یەکەم: ئەوانەی ئەڵێن فەریناز خۆی پەیوەندی هەبووە لە گەڵ بکوژدا و ئەمەی ئەکرێت زیادە ڕەوییە. وەها بۆچونێک لە کورد هەرگیز سەرسامم ناکات، چوون تا ئەم سەردەمەش پیاوی کورد خۆی بە خاوەنی جەستەی ژن ئەزانێت و پێی وانیە تەنانەت ژنی خۆشی مافی ئەوەی هەیە سێکسی لە گەڵ نەکات وخاوەنی جەستەی خۆی بێت. لێرەوە پێی وایە ( ئەگەر پەیوەندێکەی راستیش بێت) مادام پەیوەندی لە گەڵی هەبووە، ئەوا ئەو پیاوە مافی ئاسایی خۆیەتی لاقەی بکات. ئەگینا هەر کەس پەیوەندی لە گەڵ کەسێک هەبوو ئاسایی بێت کەسەکە لاقەی بکات، ئەوە سەرجەم ژنانی دنیا لاقەکراون.
دووە: لە گەڵ ئەوەی کورد بە هەموو فۆرمێک لاقەکراو بووە . بەڵام لە بەر ئەوەی کوردیش بەشێکە لە ئیسلام وکلتوری ناوچەکە، لاقەکردن بەشێکی دانەبڕاوە لە کولتووری خێڵەکیانەی کورد. هەبوونی کۆشک وپاڵاسەکانیش ئەوە ناگەیەنێت لە ژێر چادری هۆز هاتوەتە دەرێ. نەخێر کورد هەرگیز دژی لاقەکردن نەبووە. لە کاتی ژێر چادری هۆزدا ئەگەر دەستیان نەگەشتبێت بە ژنی هۆزەکەی تر بۆ ئەوەی لاقەی بکەن ، کەری ماڵ یان خێڵە ناحەزەکەیان لاقەکردووە و یان کلکیان بڕیوە. کە هاتە ناو کۆشکیشەوە، دەسەلاتدار و خاوەن کۆشکەکان بێ لانەکانیان لاقەکرد لە بری کردنەوەی لانە وماڵ بۆیان. لە سایەی دەسەڵاتی باشووردا دەیان ژن لاقەکران بە هۆی دژایەتی حزبی، هەژاری ، یان هەر زۆرداری . سەدانی دی پلانی لاقەکردنیان بۆ دانرا و سەدانیش کە دەستیان پێیان نەگەشتووە بە شیوەی زارەکی کەرامەتیان لاقەکراون. بۆیە ئیستا ژمارەیەک خوێندنەوەیان بۆ سەرجەم ئەم کارەساتەی مهاباد لە خاڵی لاقەکردنەکەدا کۆ ئەکەنەوە.
سێ: کورد لە شەڕ و ناکۆکیەکاندا بە لاقەکردن بەشداریکردووە، ئەم ئاکارەش بۆی ئامانج بووە. ئەگەر سەیری بەشداری ئەو هۆزە کوردیانە بکەیت لە جینۆسایدی ئەرمەنیەکاندا بەشداریانکردووە و دەیان ڤیدیو و دیداری دەربازبووانیان لێ بلاوکردوەتەوە، بەشداریکرنەکانیان بە لاقەکردن بووە. کە حزبەکانی باشوور شەڕی ناوخۆیانکرد ژنی یەکتریان لاقەکرد. لە ڕۆژهەڵاتیش دۆکۆمێنت کراوە کە دەیان پیاوی کورد بوون و ئەبن بە دەزگیرانی کچە کوردەکان وپاشان لاقەیان ئەکەن وێنەیان ئەگرن و دوایی بە وێنە وڤیدیوکە هەڕەشەیان لێکردوون ئەگەر بۆ ڕژێمی ئێران کار نەکەن ڤیدیوکە بڵاو ئەکەنەوە. یان کچەکەیان بە شیوەیەک خستوەتە بەر دەستی پیاوانی ڕژێم بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەن. ئەم ئاکارە لە بنەمادا کۆپی کارەکانی ڕژێمی ئێرانە لە میانەی ناکۆکیەکانی بەرانبەر بە کورد کردویەتی بە ئامانج. ئەو کەس و لایەنانەی لەم کاتیگۆریانەدا جێگەیان دەبێتەوە بێ گوومان تەنانەت پاش مەرگیش پێیان وایە ئەوە گوناهی فەریناز خۆیەتی، خواست وحەزی خۆی گەیاندوەیەتی بەو دەرئەنجامە، چوون لەم کلتورەدا لاەقکردن ئاسایی، ئاشکراکردنی یان خەڵک پێزانینی ئاسایی نیە.
چوار: کورد هەتا ئەمڕۆش شەرەف ، ئازادی وکەرامەتی خۆی و نەتەوەیەکی چل و پێنج ملیونی لە ناوگەڵی ژندا ئەبینین ، لێرەوەیە توانیویەتی ئەو سێ خالەی سەرەوە خەتم بکات، لە کاتی پەرچەکرداری بە ناو شۆڕشیدا و هەمان پەرچەکرداریشیان بۆ ژن هەبێت ئەگەر پەیوەندی سێکسی هەبێت
لە میانەی ئەو خاڵانەی سەرەوە، ڕاستە ژمارەیەکی خەڵک بە هەمان عەقڵیەتی فیوداڵیزمی کوردی چوونەتە مەیدانی مهاباد بۆ شەڕ و بوونی ئەو بوختانانەش باسمانکرد بە ئاسانی ئەتوانێت ساردی بکاتەوە، چوونکە لای ئەو گرنگە فەریناز لە پێناوی سەلامەتی ئەو شوێنەدا مردبێت، ئیتر لە دەست چوونی تاکێک، یان ئەو شوناسەی ئەکرێت فەریناز باوەڕی پێ هەبووبێت بایەخێکی نیە. هەر لێرەشەوەیە پێی وایە ئەوەی لە مهاباد ڕووئەدات پەیوەندی تەنها بە ژنێکەوە هەیە. .
ئەگینا هۆکاری راستەقینەی ژمارەیەکی زۆری ئەو مرۆڤە توڕانەی ڕۆژهەڵات پەیوەندی نە بە لاقەکردنەوە هەیە و نە بە پەیوەندی هەبوون و نەبوونی فەرینازیش. بەڵکو فەریناز و هەلوێستی جوامێرانەی بەهانەیەک بوو بۆ ئەوەی توڕەیی دەیان ساڵەیان هەڵڕژن. وەکو چۆن بەهاری عەرەبی لە تونسەوە بە سوتانی لاوێک بە ناوی محەمەد دەستی پێکرد، لە کاتێکدا دەیان لاو لە نیشتمانی عەرەبیدا بە هەمان ئازارەوە خۆیان سووتاندووە؛ وەکو چۆن بەهاری میسری لە کچێکەوە دەستی پێکرد لە کاتێکدا ئەکرێت دەیان کچی دی هەمان هەڵوسیتی هەبووبێت.بەهاری ڕۆژهەڵاتیش لەگیان بەخشینەکەی فەرینازەوە دەستی پێکرد.
لێرەوە ئەو ژمارەیەی خەڵک کە نیگەرانن بەوەی سەدان کوڕی پاڵەوان ئەکوژرێت نابن بە خاڵی دەست پیکردنی شۆڕش و بایەخ پێدان، جگە لەوانەی باسم کردووە، پەیوەندی بە دوو ڕەهەندی دیکەشەوە هەیە، یەکیکیان کاتی کارەساتەکە. فەریناز لە کاتێکدا هاتە پێشەوە کە لە رووی کاتەوە بۆ کورد بە گشتی وناوچەکەش ئەو ئامادەباشییە هەیە . ئەگەر مەسەلەی نێو دەولەتیشیان مەبەستە، با بیری خۆمانی نەبەینەوە، میدیا کە هەموو کاریگەریەکان دروست ئەکات ، بەم دواییە نەبێت پیاوی کوردی تەنها بە ژن کوژ ناسیوەو نە ک وەکو شۆڕشگێر . ئەمڕۆش ژنانی کورد زیاتر لە میدیای جیهاندا بە شۆڕشگێر ناسراوون هەتا پیاوان. کەواتە بەر لەوەی جڵەوی بۆڵە و ناسازیەکان بە سەر جەستەی خۆبەخشی فەریناز وخێزانەکەیدا هەڵبڕژرێت،پێویستە کارەگەکانی بوختانکردن بۆ ساتێک لە کار کەوێت وهەندێک بیر لە رابردوو و ئێستای کورد بکرێتەوە، لە ڕووی شۆڕش و مامەڵە و تێڕوانینشی بۆ ژن. لە سەر هەموو ئەمانەوە، ئەبێت نەنگی و پۆشمەیی لە کٶیدا بێت، ئەگەر ڕۆژهەڵات بڵێت ئیتر سنوورم بۆ لاقەکردن دانا و دژی ئەوەستم؟
تەرجەمکردن و خوێندنەوەی ئەو کارەساتە بە پێوەری ئەو خاڵانە باسکراوان لە سەرەوە ، هیچ نیە جگە لە تەرجەمەکردنی ئاوەز و بۆچوونی کەسەکان ، کە لە میانەیەوە ئاوەز وکلتووری کوردیش ئەگەیەنێت. هیچ نیە جگە لە نمایشکردنی بۆچوونە خەفەکانی نەست، کە پێناسەکردنەوەی شەرەفی نیشتمان ئەگەیەنێت لە میانەی ئەندامی زاوزێی پیاو و ژنەکانی نیشتمانەوە و لە یوتۆپیای خێلدا، کە ئەندامەکەی پیاو وەکو ئامانج وژنیش وەکو ئامراز ئەناسێنێت .