کامەران حاجی ئەلیاس
ئەگەر لە مانشێتی شانۆگەرییەکە دەست پێبکەین (ئافرەت لە دۆزەخ دا) سەرەتا راستەوخۆ فۆکسمان بۆ ئەو بۆ ئەو دۆزەخە و بەھشتە دەچێت ، کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی لێوەدەکات ، بەڵام دوای بینینی نمایشەکە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە دەرھێنەر مەبەستی لەو دۆزەخەیە کە خودی مرۆڤ لەم جیھانەدا بەگشتی بەرامبەر بە مرۆڤ وەبە تایبەتیش بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدات .
روداوەکانی شانۆگەرییەکە لە رێگەی گێرانەوەی روداوی راستەقینەی پێنج ئافرەتە کە لەژێر دڕندایەتی مرۆڤدا گەیشتوون بە دۆزەخ دەست پێدەکات کاتێ پیاو بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە دژی رەگەزی مێینە ھەڵس وکەوت دەکات باس لە پێنج دیاردەی قێزە وونی ناو کۆمەڵگا کەلەژێرپەردەی ئاین و کلتوور وحەز و ئارەزووەکان، ئەنجامی دەدات.
دەرھێنەر بەشێوەیەکی فیدباک روداوەکان دەگێرَتەوە ، کاتێ پێنج ئافرەتەکە لە تابوتەکان دێنەدەرەوە ھەرەیەکەو باس لە چۆنیەتی کوشتنی خۆیان دەکەن ، دەرھێنەر بە نیشاندان و فۆکس کردنی لەسەر رووداوێکی وەکو کوشتنی (دوعا) بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە بەھۆی ئەوەی ئەوینداری لەگەڵ کورە موسڵمانێک ھەیە پاشان روداوی کچە کریستانەکەی بەغدا و لەگەڵ ئەو کچەئینگلیزەی تەمەن (١٧) ساڵان (ساراکان) کەلەلایەن باوکی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەری بۆیە (ساراکان) خۆی دەکوژێت بەھەمان شێوەش لەرێگەی کارکتەری (ڤیان) باس لە ئافرەتانی ئێزێدییەکان و کریستانیەکانی ژێر دەستی داعش دەکات کە چۆن بەناوی ئاین جینۆساید دەکرێن و دەستدرێژی سێکسیان لەگەڵ دەکرێت ،لەگەڵ بوونی چەندین فۆکسی تر وەکو کوشتنی ئافرەتێک بەھۆی بوختان ھەڵبستن وکوشتنی ئافرەت لەسەر ئابروو بەڵام ھەندێک لە تاوانەکان خودی ئافرەت ھۆکار بوو بۆ کوشتنی ئافرەت بە تایبەتی لەدیمەنی بووختان ھەڵبستن لەسەر ناپاکی و خیانەتکردن.
دەرھێنەر ئەو ھەموو رووداوە تاوانکارییە نەبستۆتەوە بە شوێنێک یان کۆمەڵگایەک بۆ ئەوەی پێمان بڵێت مرۆڤ دڕندەیە لە ھەر شوێنێک بێت یان لەسەر ھەر ئایین و مەزھەبێک بێت بەڵام زیاتر فۆکسەکان بۆسەر نێو کۆمەڵگای خۆمان بوون.
دەرھێنەر بۆ ئەوەی ھەر لەسەرەتای نمایش بینەر بخاتە نێو کەشوھەوای شانۆگەرییەکەو بەشداربووی رووداوەکان ببن لەرێگەی تونێلێکی تاریک دەچنە ناو ھۆڵی نمایش کە گوزراشت لەودۆزەخە دەکات کە مرۆڤی دڕندە بەدەستی خۆی بەرامبەر بە ئافرەت ئەنجامی دەدات.
راستە پێنج ئەکتەری کچ رۆڵەکانیان بەرجەستە دەکرد بەڵام لە ھەمان کاتدا جگە لە رۆڵی سەرەکی خۆیان چەندین رۆڵی تریان بەرجەستە دەکرد ئەمەش کارێکی ئاسان نیە کە لەیەک کاتدا بتوانی دوو تا سێ کارکتەر بەرجەستە بکەین بەتایبەتی لەرووی دەنگ و ئاماژەکان بەڵام پێنج ئەکتەرە کچەکە تارادەیەک سەرکەوتوو بوون ئەگەرچی ھەندێک جار لەرووی دەموو دوو جۆرە تێکەڵ بوونێک ھەبوو بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر نواندنەکە نەبوو چونکە وەکو زانراوە جۆری دەنگی ئافرەت لەگەڵ دەنگی پیاو جیاوازە بەڵام ئەوان زۆر جار لەرێگەی گۆرینی بەشێک لە جل وبەرگیان کەسایەتی پیاویان بەرجەستە دەکرد گرنگ ئەوە بوو بەگشتی کاریگەری نەرێنی لەسەر نمایشەکە نەبوو ئەوەی دەرھێنەر مەبەستی بوو لەگەیاندنی پەیامەکە گەیشتە بینەران ،قوماشە سپییەکە(کفن) ھاوکارێکی باش بوو ھەم وەکو ئیکسسوارات ھەم وەکو جل و بەرگ بە چەندین شێوە بەکاری بھێنن ئەمە جگە لە لەوەی قوماشی سپی ماناومدللولی زۆر ھەڵدەگرێت وەکو پاکی و راستگۆیی…
ئەگەر باس لە سینۆگرافیای نمایشکە بکەین دیکۆر و رووناکی و میوزک لەگەڵ ئیکسسوارت ھاوکارێکی باشی ئەکتەرەکان بوو بەکارھێنانی تابوتەکان گۆرینی بۆ چەندین فۆرم لای من ماییە تێرامان بوو لە ھەمان کاتدا ھاوکارێکی زۆری کەش گشتی نمایشەکە بوو تا ئەو رادەییەی بینەرانی بە تەواوی نقومی نمایشەکە کردبوو .
لە کۆتاییدا دەست خۆشی لە ستاڤی شانۆگەری (ئافرەت لە دۆزەخ دا) دەکەم بەھیوای کاری زیاتر .
شانۆگەری (ئافرەت لە دۆزەخ دا) لە نووسینی و دەرھێنانی ھونەرمەند “ھیوا سوعاد یونس” نواندنی ھەریەک لە(کەژاڵ حەسەنی،شەیما فریاد ،سۆنیا ھیوا، عەسەل ئەحمەد حەسەنی، ئەژین بێلاف سارمەمی) بوو لە٢٢-٢٤/١/٢٠١٩ بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ھەولێری پایتەخت نمایش کرا لە ٥/٢/٢٠١٩لە شاری دەربەندیخان نمایش کرا ، لە ٧/٢/٢٠١٩ لە شاری سلێمانی پایتخەتی رۆشنبیری نمایش کرا (ئافرەت لە دۆزەخ دا) بەرھەمی بەرێوەبەرایەتی ھونەری شانۆیی ھەولێر بوو .