مهنسوور جیهانی ـ “عهباس غهزالی” کهسایهتی چالاکی فهرههنگی ههرێمی کوردستان، به بۆنهی ساڵوهگهڕیی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی ههرمانی کورد مامۆستا “محەمەدی ماملێ” جهختی کردهوه: مامۆستا محەمەدی ماملێ هونەرمەندێکی ڕەسەن و دڵسۆزی نەتەوە و نیشتیمانهکهی بوو.
“عهباس غهزالی” کهسایهتی چالاکی فهرههنگی و ئهندامی بهرچاو و ڕاوێژکاری فهرههنگی و هونهری پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق و نوێنهری پێشووی پهڕلهمانی ههرێمی کوردستان؛ به بۆنهی ساڵوهگهڕیی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی ههرمانی کورد مامۆستا “محەمەدی ماملێ” وتارێکی نووسیوه که دهقی تهواویی ئهم وتاره سهبارهت به ئهفسانهی مۆسیقای کوردستان له خوارهدا هاتووه:
مامۆستا محەمەدی ماملێ کەسێکە کە لەبەر دەنگە سیحراوییەکەی ناوی هاتە ناو دیوانی شاعیران؛ بۆ نموونە، کەسایەتییەکی وەک مامۆستا هێمن لە شیعری «یادم بکەن»دا دەڵێ: “لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ – لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ”. وێڕای ئەو دەنگە خۆشە، پێویستە ئەو هونەرمەندە، ڕەسەن و پابەندە بە ڕەوشتی بەرزی کوردەواری، لە ڕوانگەی تریشدا ببینین.
ماملێ کوردانە وەفادار بووە بە ڕێچکەی هونەریی باب و باپیرانی و هیچ کات هونەری وەلا نەنا. لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا هێندە پێشکەوتوو نەبووە، ئەو بۆتە پردێک بۆ گواستنەوەی دەنگ و گۆرانییەکانی باب و باپیران و پێشینانی خۆی بۆ ئەوەی ئەو دەنگ و کەلتوورە زارەکییانەی کوردەواری لە سەردەمی وەفاییەوە بگەیێنێتە نەوەی دوای ئەوان و بەم جۆرە توانی سەدان گۆرانی بۆ کورد تۆمار بکات.
ماملێ نەک هەر وەفادار بوو بە شاعیرێکی وەک وەفایی لە سەردەمی پێش خۆی، بەڵکوو لە سەردەمی خۆشیدا شیعری شاعیرانی بەرزی وەک هەژار و هێمنی بە دەنگە خۆشەکەی بڵاو دەکردەوە. هەروەها جگە لە شیعری ئەم شاعیرانە، گرینگی بە شیعری شاعیرانی تریش داوە؛ بۆ وێنە ماملێ شیعری “ڕاوچییان ڕاوە”ی سولەیمان ئەمیر عەشایێری [کاک سێمانی شاوەلە] کردۆتە گۆرانی و هەروەها شیعری “دەشتی پیرانان”ی مەعرووف ئەمین عەشایێری [مارف ئاغای قەڵاتە ڕەشێ] هێناوەتە ناو مۆسیقای کوردی. جگە لەوانە، مێلۆدییە کوردییەکانی لە ناو زمانەکانی دیکەدا دیتۆتەوە و دووبارە کورداندوونییەتەوە. هەروەها ئەو بە گوتنەوەی مێلۆدی فارسی و ئازەری کەلتووری پێکەوەژیانی کوردانی بێ جیاکاری بە نەتەوەکانی دیکە ناساندووە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ماملێ بە گۆرانییە خۆشەکانی خزمەتێکی زۆری بە فەرهەنگی کوردی کردووە و لە گۆرانییەکانی ئەوڕا دەکرێ شێوە ژیانی کوردەواری وێنا بکرێت. ئەو توانی بایەخی گۆرانی دیوانی و مەجلیسی لەناو کورددا بگەیێنێتە ئاستێکی بەرزتر.
هەروەها وەک کەسایەتییەکی پێشکەوتوو و هونەرمەندێکی کۆمەڵایەتی، بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی بۆ ژنی کورد بووە و کەسێکیش بووە کە ئازادیی ژنی لە ماڵەکەی خۆیدا دەست پێکردووە. ماملێ بە گۆرانی “یادگاری شیرین” بیرۆکەی پیرۆزبوونی ئافرەت و ئازادیی ژنی لە ناو کوردەواریدا شیرینتر کرد. شایانی ئاماژەیە ئەم بیرۆکەیە کە لە دێڕی “با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی ڕوونیشمان هەبێ – تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە”ی (یادگاری شیرین)ی مامۆستا هێمندا چەکەرەی کرد و وەک بەشێکی گرینگی فەرهەنگی کوردەواری، ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا بۆتە دروشمێکی مرۆیی و دیمۆکراسیانە کە کورد سەری پێ بەرز بووە.
ماملێ وەک کەسێکی زمان دۆست، جگە لەوەی بە گۆرانییەکانی سەدان وشەی کوردی ناوچەیی لە ونبوون پاراست، لە ناو گۆرانییەکانیدا ئەوەندە باسی شار و گوندەکانی کوردستان کراوە کە بیسەر خۆشەویستی نیشتیمانی زیاتر دەکەوێتە دڵ. گۆرانییەکانی ماملێ جگە لە ناوچەی موکریان لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش وەک ناوچەی ئەردەلان و کرماشان و سۆران و پشدەر و بیتوێن، هەوادار و تامەزرۆی زۆری لێ بوون. ماملێ بە گۆرانییەکانی ئەوەی سەلماند کە کورد یەک فەرهەنگ و زمانە و بەم جۆرە سنووری دەستکردی کوردستانی وەلا دەنا.
وێڕای توانا هونەرییەکەی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکەی، ماملێ کەسێک بوو کە لە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردیدا بەشدار بووە و بە هونەرمەندێکی سیاسیش ناو دەبرێ و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە. ئەو کەسێکی وەفادار بە نیشتیمان و نەتەوەکەی بووە و لە سەر بیروباوەڕی خۆی سەختی زۆری کێشاوە و تا کۆچی دوایشی کرد هەر بە سەربەرزی و عێزەتەوە ژیا.
ماملێ لە کاتی خۆیدا بەو پەڕی ئەرکناسییەوە کاری خۆی کرد و هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە کەلتوور و هونەری کوردی تەرخان کردووە. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەت بەو هونەرمەندە بەرزە بکات. ماملێ کەسێکە کە شایستەی ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە یادی بکاتەوە. هەروەها پێویستە لە ڕێگەی گۆرانییەکانی ماملێ خزمەتێکی زیاتر بە زمان و ئەدەبیاتی زارەکی کوردی بکرێت و بە ڕێکوپێکی بنووسرێنەوە. هەروەها پێویستە شوێنێک بە ناوی ماملێ بکرێت و جێی خۆیەتی پەیکەرێکی باڵانوێنیشی بۆ دروست بکرێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
Discussion about this post