نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
ئەگەرچی ھێشتا زووە ھیچ حوکمێک بەسەر د. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا بدەین چونکە ھێشتا چەند مانگێکی کەم بە سەر پێکھێنانی کابینەکەیدا ڕابردووە و حکومەتەکەی بەرەو ڕووی چەندین تەگەرەو کۆسپی گەورەبووەتەوە لەوانە شاڵاو و شەڕی دڕندانەی داعش بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق و شاڵاوی بانگەشەوە ھاندانی لایەنگرانی مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو دژی و پەتای کوشندەی گەندەڵی .
ھەرچەندە من لە سەروبەندی پێکھێنانی کابینەکەی عەبادی دا لە چەندین بەرنامەو مێزگردیشدا ئاماژەم پێداوە کە عەبادی جیاوازە لە مالیکی لە زۆر ڕوەوە ھەرچەندە لە یەک قوتابخانەو یەک حیزب و یەک ئاینزان بەڵام ژینگەی پەروەردەو خوێندنیان جیاوازی زۆری ھەیە بۆیە ڕەفتارەکانیشیان جودا دەبن .
من نامەوێت لێرەدا ھەڵسەنگاندن بۆ ھەموو بوارەکانی کارکردنی عەبادی بکەم لەم ماوە کورتەی فەرمانڕەوییدا , بەڵکو تەنھا ئاماژەیەکی کورت بە ڕێکەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد و دۆسییەی گەندەڵی دەکەم , کە تێبینی ڕێکەوتنەکەی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراقم کرد بینیم عەبادی دوور لە شێوازەکەی مالیکی کە ھەموو دەستەڵاتەکانی بۆخۆی قۆرخکردبوو ڕێکەوتنەکەی بردە ئەنجومەنی وەزیران و ووتی من ھەرچەندە دەستەڵاتم ھەیە واژۆی بکەم بەڵام دەستەڵاتەکە دەدەم بە ئەنجومەنی وەزیران با ھەموو وەزیرەکان گفتوگۆی تەواوی لەسەربکەن و تێبینیەکانیان بڵێن و دەیخەینە دەنگدانەوە ئەگەر دەنگی پێویستی ھێنا جێبەجێ دەکرێت ھەرواش کراو بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا .
بەڵام ئەوەی کە زیاتر گرنگەو لە شەڕی داعش قورسترە کێشەی گەندەڵییە کە ھەموو جومگە گرنگەکانی ووڵاتی گرتۆتەوە کە بە شێوەیەک عێراق لە ریزبەندی پێشەوەیە لە لیستی گەندەڵی لەسەرئاستی جیھان و ھەڕەشەی مایە پوچ بوونی ئابووری ووڵاتی لێدەکرێت بە تایبەتی لە گەڵ دابەوزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا .
بۆیە حەیدەر عەبادی بە ئاشکرا ھاوار دەکات بە دەنگی بەرز بە دۆستەکانی پێش ڕکابەرەکانی دەڵێت (( من ئەگەر سەریشم دابنێم واز لە بە گژاچوونەوەی گەندەڵی ناھێنم )) چونکە دروشمێکی وا پیرۆز لە کاتێکدا بەرزدەکرێتەوە کە ووڵات لە ١٠ حوزەیرانی ئەمساڵەو ٢٠١٤ ڕووبەڕووی ھێرشێکی دڕندانەی داعش بووەتەوە کە نزیکەی سێ یەکی خاکی عێراق داگیر کراوە ئەمەش بە گیرفانی بەتاڵ و ئەو سوپایەوە ناکرێت کە مالیکی لەسەر بنەمای مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و تائیفەگەر ی دایمەزراندبوو , بۆیە عەبادی ھیچ چارەیەکی تری لەبەردەستدا نیە جگە لە بە گژاچوونەوەی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی ماڵی گشتی , ھەروەکو ھەموو ئاگادارین لە ڕێگەی میدیاکانەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆر بەرپرس و کارمەندی پایە بەرزی دەوڵەت کارکەنار کران کە دەستیان لەو گەندەڵی و گرێبەستە خەیاڵی و گوماناویانەدا ھەبووە کە بە شێوەیەکی ڕێکخراوو فراوان ئەنجامدرا بوون .
تیبنیەکی تر ئەوەیە ئەو ڕاپۆرتەئەمریکییە کە بەم دواییە بڵاو کراوەتەوە ناوی ١٧ بەرپرسی باڵای عێراقی تێدایە لە ھەموو پێکھاتەکان کە سامانەکانیان چەندین ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت کە ئەو لیستەش تا ئیستا عەبادی تێدا نیە ئەمەش پێگەی بە ھێز دەکات و سەرەڕای ئەوەی زانیارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە دوو خولی ڕابردوودا باس لەوە دەکەن کە عەبادی دەنگێکی بەرز بووە دژ بە گەندەڵی ,ھەروەھا ئاماژەکانی ئەو ڕاپۆرتە ئەمریکیە ئەوەشمان پێدەڵێن کە ئەگەر ھەموو ئەو سەرە گەورانەی ووڵات خاوەنی ئەو ملیارەھا دۆلارانە بن ئەوا ئەرکەکەی عەبادی بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی وا ئاسان نابێت !!!!