نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
ئەگەر ھەر چاودێرێکی ڕووداوەکانی عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەمێک ئاوڕ بۆ دواوە بداتەوە چەند پرسیارو بۆچونێکی لە لا گەڵاڵە دەبێت ئایا عێراق دەتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی وەکو قەوارەیەکی یەکگرتوو بدات و بمێنێتەوە ئەگەر نوری مالیکی بۆ
ولایەتی سێ یەم ببێتەوە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ؟ ئایا چ شتێک ڕێگرە لە دابەشبوونی عێراق و جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان ؟؟ ھەروەکو لە میدیا جیاجیا کانەوە بیستمان و لە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنیشدا مالیکی وەکو سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاساو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە دووخوولی ڕابردوودا بە دروشمی حکومەتی زۆرینەی سیاسی چووە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە و ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەزموونی سازان و حکومەتی بنکە فراوان و یەکێتی نیشتمانی شکستی ھێناوەو ناتوانێت کێشەو گرفتەکانی عێراق چارەسەر بکات بۆیە ھەوڵدەدات حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی پێکبھێنێت وەکو ووڵاتە دیموکراتیەکانی دونیا بە پێچەوانەی سازان وپیکھاتنی پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق کە لە سێ خوولی ڕابردوودا پەیڕەوی لێدەکرا ئەمەیان ئەگەرچی ھەندێ چاودێر پێیان وایە ئەگەرێکی دوور نیە بە بەشداری لایەنێکی کوردی و لایەنێکی سوونی بەڵام من بۆ خۆم ئەم ئەگەرە بە دوور دەزانم لەبەر نەبوونی متمانەی پێویست لە نێولایەنە جیاوازەکاندا و قۆرخکردنی ھەموو دەزگا ھەستیارەکانی سەربازی و ئاسایش و زانیاری لە لایەن کەسی سەرۆک وەزیرانەوە لە ھەشت ساڵی ڕابردوودا .
بەڵێ ئەمێستا عێراق ووڵاتێکی وێران و گەلێکی ماندووی دەست شەڕەکانی چل پەنجا ساڵی ڕابردوو گەمارۆی ئابووری نێو دەوڵەتی وپەروەردەی رژێمی تاک حزبی و کۆچکردنی زۆربەی توانا مرۆیی و فکرییەکانی بۆ تاراوگە گیرۆدە بوونی بەشێکی تری بە نەخۆشیە کۆمەڵایەتی وسیاسی و تائیفی و توندڕەوی گەندەڵی و توندوتیژی سیاسی ئەگەر ئەمە وێنەیەکی تاریک و سامناکی عێراق بێت لەولاشەوە ئاسۆیەکی ڕووناک بەدی دەکرێت کە گەلانی عێراق پاشخانێکی شارستانی و رۆشنبیری گەورەی دۆڵی ڕافدەین و توانای بەرنگاربوونەوەی زۆر باروودۆخی قورس و تاقەت پروکێنی ھەبووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمانەو جگە لە داھات وسامانی سرووشتی و دەوڵەمەندی خاکەکەی ھەر لە کوردستانەوە تا دوورترین خاڵی باشووری عێراق کە ئەگەر سەرکردایەتیەکی دڵسۆزوو لێھاتووی ھەبێت دەتوانێت لە کورتترین ماوەدا ساڕێژی ھەموو برینەکان بکات و ووڵات ئاوەدان و ئارام بکاتەوە .
ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ڕۆڵی کوردە لە کابینەی نوێ ی حکومەتی عێراقدا لە ئێستادا کە ئەم چەند دێڕە دەنووسم تازەترین لێدوانی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمم بیست بۆ ئاژانسی رۆیترز کە ووتبووی لەوە ناچێت کورد بەشداری حکومەتی ئایندەی عێراق بکات ,بەڵام ئەوەی دڵخۆشکەرە ئەمجارە لە کوردستاندا بڕیاری پێکھێنانی حکومەتی بنکەفراوان دراوە و سەرەتایەکی باشە بۆ ڕێکخستنی نێوخۆی ماڵی کورد و بەھێزکردنی پێگەی کورد لە بەغداد بەڵام لە ھەمان کاتیشدا سەرەتایەکی لێکترازان بینرا کاتیک شاندێکی لایەنێکی کوردی بەتەنیا سەردانی بەغداد ی کردو ھەروەھا باس لە دووکاندیدی کورد دەکرێت بۆ سەرۆک کۆماری عێراق ئەگەر بەر کورد بکەوێت ھەرچەندە لایەنی سوونەش ئەمجارە چاویان لەو پۆستەیە ,بەھەرحاڵ ھیوادارم من ھەڵەبم و ھیچ لێکترازان و ھەرکەس بۆخۆی لە نێو کورددا ڕوونەدات . جارێکی تر دەچمەوە سەر لێدوانەکەی سەرۆکی ھەرێم و کە ووتبووی لەوانەیە ئەمجارە کورد بەشداری حکومەتی نوێ ی عێراق نەکات کە ئەمەش بۆ ھەرێم ھەنگاوێکی قورس و پڕلە سەر ئێشە دەبێت لە کاتێکدا کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان و ماددەی ١٤٠ ی دەستوور ی عێراق بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە وجگە لە کێشەی پێشمەرگەو نەوتو غازو سامانی سرووشتی و بوودجەی ھەرێم کە ئەمانە ھەموو کێشەی ڕاستەقینەن و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەتاک بەتاکی ئەم ھەرێمەوە ھەیە پێویستیان بە چارەسەری خێراو دەستبەجێ ھەیە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستیە حاشا ھەڵنەگرە بڵێم کە ھەموو مەرجەکانی سەربەخۆیی کوردستان لە ئارادان چ لە خاک و گەل و مێژوو زمان و کەلتوورو سامانی سرووشتی ھتد ….بەڵام ئەوەی ڕێگرە ھۆکارە ئیقلیمی و دەرکیەکانن کە لە شەست حەفتا ساڵی ڕابردوودا کۆسپ و تەگەرە بوون لەبەردەم گەیشتنمان بە مافی چارەی خۆنووسین چ لە پەیماننامەی بەغداد و پەیمانی ڕەشی جەزائیر ساڵی ١٩٧٥ لە نێوان عیراق و ئێران و بۆ لەناوبردنی شۆرشی ئەیلول (١٩٦١- ١٩٧٥) بە پشتیوانی ئەمریکا و ھەروەھا ڕێکەوتنامەی سەربازی ساڵی ١٩٨٣ لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ڕاوەدوونانی شۆرشکێڕانی کورد لە ھەردوولای سنوورلە دوای ساڵی ١٩٩١ بە دواوە پاش ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان و دابین کردنی ناوچەی ئارام ودژە فڕین بۆ کورد ووڵاتانی ناوچەکە بۆ چەند ساڵێک کۆبوونەوە دەوریان دەکرد بۆ چاودێری دۆخی کورد .بەڵام لە ئەوانەش گرنگتر لایەنی ناوخۆیی عێراقە سەرە ڕای ساڕێژ نەبوونی برینەکانی جینۆسایدکە لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی خەڵکی کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ,ئەمێستاش لە عێراقدا لە دوای دەساڵی خوێناوی شەڕی تائیفی لە نێوان لایەنە شیعی و سونیەکاندا ,حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کە حزبە شیعیەکان زاڵن بە سەریدا خۆیان دەدزنەوە لە داخوازیە ڕەواو دەستووریەکانی کورد لە جێ بەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری تایبەت بە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان و ھەروەھا دەرنەکردنی یاسای نەوت وغاز کە کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە لە بەردەم وەبەرھێناندا لە بواری نەوت و غازدا وھەروەھا پا بەند نەبوون بە دابینکردنی مووچەی پێشمەرگە کە بە گوێرەی دەستوورە بەشێکە لە ھێزە چەکداری عێراق و سنووری ھەرێم و ئاسایشی ناوخۆی دەپارێزێت وبڕینی مووچەی کارمەندانی دەوڵەت لە چەند مانگی ڕابردوودا ,ئێستا ئیتر شتێک نەماوەڕێگری لە خەڵکی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لە ناو دەوڵەتی عێراقدا بمێننەوە جگە لە بڕیارێکی ئازایانەی سەرکردەکانی کورد بۆ ریفراندۆم و ئەو ووتەی نووسەرێکی کوردم بیر کەوتەوە کە لەسەرەتای نەوەدەکاندا وابزانم لە رۆژنامەی (تەریق ئەلشەعب ) دا نووسیبووی خوا حافیزئەی عەرەب ( وداعا ایھا العرب ).