نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
لەم رۆژانەدا سەرنجی ھەموو جیھان لەسەر ھۆلۆکۆستێکی تری مێژووییە دەرھەق بە کەمینە ئتنیکی ومەزھەبیەکانی عێراق و کوردستان
بە تایبەتی یەزیدیو شەبەک و کریستیان و تورکمانەکان بە شێوەیەک کە پیاوان و مناڵەکانیان دەکوژن و ژنەکانیشیان وەکو کەنیزەک و دەستکەوتی جەنگی ڕەوانەی بازاڕەکانی موسڵ دەکرێن بۆ فرۆشتنیان یەکی بە کەمتر لە سەدوپەنجا دۆلاری ئەمریکی ,ئەمە شتێکە کە لە ھەزاران ساڵی پێش ئێستەشەوە ڕووینەداوە لە عێراقی فرەنەتەوە و ئتنیک دا کە بە پێکەوە ژیانی شارستانیانەی پێکھاتەکانیەوە ناسراوە لە دێرزەمانەوە .
حەزم نەدەکرد جارێکی دی قەڵەم ھەڵبگرم و تراجیدیاو مەرگەساتێکی تر بۆ سەر تراجیدیاو مەرگەساتە خوێناوی و خەمناکەکانی نەتەوەکەم زیادبکەم لە دوای ئەنفال و ھەڵەبجەو کۆڕەوی ملیۆنی و سەدان و ھەزاران چیرۆکی پڕلە نەھامەتی و ناسۆر ی و دەربەدەری و جگەرسووتان و لێکدابڕان و شیوەن و مەینەتیەکان , بە بیرمدا نەدەھات مەرگەساتێکی تریش دوای ڕووخانی ڕژێمی پەت و سێدارەو ئەنفالی سەدام جارێکی تر ناوچەیەکی تری وڵاتەکەم بەر شاڵاوێکی ئاوا بەربەریانە ی چەتەکانی جەھل و نەزانین و ھەڵگرانی ئاڵای ڕەش بکەوێت ,بەڵام مەخابن ئەوەشمان دی نەوەی نوێ ی دوای ڕاپەڕینیش تراجیدیاو مەرگەساتێکی تریان بە چاوی خۆیان بینی ئەگەر جاران لە دووتوێ ی کتێبەکانی مێژوودا باسی جینۆسایدو کیمیاباران وئەنفال و تەعریب و تەھجیریان بینیبێت ئەوا ئەمڕۆ بە چاوی خۆیان جینۆسایدێکی تری براکانیان دەبینن لە شەنگال ,کە نەک ھەر کورد لە ھەر چوار پارچەکە چاویان لە چیای شەنگالە و ئەوەی لە دەستیان ھاتبێت کردوویانە بۆ یارمەتی و بە ھاناوەھاتنی براکانیان لەشەنگالی کۆستی تازەو دواتاوانی داعشیەکان لە گەڵ ئێمەشدا ئەمجارە ھەموو خەڵکی دونیا بوونەتە پشت و پەنا و پێتان دەڵێن جارێکی تر بە تەنیا جێتان ناھێڵین گورگە دڕندەو برسیەکانی داعش بتانخۆن ,ئەوانەی تا چەند رۆژو مانگێکی پێشووئامادەنەبوون چەکمان بدەنێ بەرگری لە خۆمان پێ بکەین ئێستە خۆیان چەکمان بۆ دێنن , ئازیزانم لە شەنگال ھاووڵاتیە بێ دیفاع و بێ وەیە کریستیانەکانم لە دەشتی نەینەوا ئەگەر لە ڕابردوودا لە کاتی دووجەمسەری جیھاندا کەڕوکاس و نابینا بوون لە ئاست تاوانی قڕکردنماندا ئەوا ئەمڕۆ ئاھووناڵەی ئێوە نەک لە ھەمووماڵێکدا بەڵکو لە ھەموو ناوەندە گرنگەکانی بڕیاری نێودەوڵەتی دەبیسترێ و بە ھەند وەر دەگیرێت بە مالیکی سەرۆک وەزیرانی بەزیووی عێراق دەڵێن ئەو چەکانە سەروەری عێراق ناشکێنن ئەوە گەمژەیی و سیاسەتە چەوت و چەوێڵەکانی جەنابتە لە پەراوێز خستنی ھەموو پێکھاتەکانی تری عێراق و بەتایبەتی سوونە کە ناچاربوون بۆ ڕزگاربوون لە ڕەفتارەکانی تۆ یارمەتی شەیتانیش قبوڵ بکەن ,کە بووە ھۆی گەشەکردنی تیرۆرو دابەشبوونی عێراق بەم شێوەی ئەمڕۆ , ھەر لە سایەی تۆوە بوو مالیکی ھەموو تاوانبارانی داعش لە ھەموو دنیاوە بێن ولە عێراق کۆببنەوە تاوانەکانیان دەرھەق بە کوردو ھەموو کەمینە نەتەوەیی ئتنیکیەکان ئەنجام بدەن ,ئێستەش بەم حالەشەوە واز لە عێراق و عێراقیەکان ناھێنی و لە دوا ووتاری ھەفتانەتدا دەتەوێت ببیت بە سێبەر بە سەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوەو پێ ی دەڵێیت مەرج لەکەس قبووڵ مەکە بۆ پێکھێنانی حکومەت و لە دوای ئەو ووتانەش تا ئێستە لەکەسم نەبیستووە وەڵامێکی بە جێ ی مالکی بدەنەوە .
لە کۆتاییدا گیانی نەمری ھەموو شەھیدانی کوردستان لە باکوری کوردستان و لەرۆژھەڵات ورۆژئاواو باشوور داوا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە سوپایەکی نیشتمانی پڕچەک و مۆدێرنمان بۆ دروست بکەن ئەگەر لە ڕێگەی تەجنیدی ئیجباریشەوە بێت باشترە بۆ پاراستنی ووڵات و بۆ ئەوەی گەلەکەمان جارێکی تر بەر ئەم جۆرە شاڵاوانە نەکەوێتەوە .