شیکردنەوە: مامەیارە ئەحمەد : ئێستا کات، کاتی یاریزانی ئەرژەنتینیی یانەی بەرشلۆنە (لیۆنێل مێسی)ـیە و بەردەوام باسی ئەو یاریزانە دەکرێت، ئاخر ناهەقی وەرزشوانان نییە کە پرسوباسی مێسی، دڵ و دەروونی داگیر کردوون، چونکە ئەو لە ماوەی کاتی دوایارییەکانی یانەی بەرشلۆنە، بە ئاستێکی زۆر باڵا دەرکەوت و جگە لە نماییشە هونەرییە بەرزەکانی، چەندان گۆڵی نرخداری بۆ یانەکەی تۆمار کرد، ئەوە هەم لە خولی نێوخۆی ئیسپانیا (لا لیگا)، هەمیش لە خولی پاڵەوانانی ئەورووپا (چامپیۆنس لیگ). ئێستا دەوترێت کە هیچ یاریزانێک ناتوانێت یاریزان مێسی ڕابگرێت، ڕاگرتن بەو واتەیەی لە نێو یاریگەدا بەرهەمی نەبێت، یان نماییشە هونەرییەکانی پێشەکەش نەکات.
هەمووان دەزانن ئەگەر یاریزان مێسی دوو قاچی هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە کاتی یارییەکی بەرشلۆنەدا خۆی تەنیا قاچێکی پێک دەهێنێت و ئەوەی قاچی دووەمی مێسییە، هەردوو یاریزان (چاڤی و ئەلڤێس)ـن، مەبەست لەم وتەیە، یاریزان مێسی بەبێ ئەو دوو یاریزانە ناوهێندراوە، مەلێکی باڵشکاوە و بەڵگەی ڕوون بۆ ئەمە هەن، بۆیە لە کاتی پلاندانان بۆ ڕاگرتنی مێسی، دەبێت حسابی تایبەت بۆ چاڤی و ئەلڤێس بکرێت.
سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕادەکێشم، کە ئەگەر هەر ڕاهێنەرێک یاریزانێکی تایبەت بۆ مێسی دابنێت، هیچ کات سەرکەوتوو نابێت لە بەستنەوەی پێی ئەو یاریزانەدا، چونکە یاریکردنی هەردوو یاریزان چاڤی و ئەلڤێس بە شێوەیەکە، کە یاریزان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، واتە باری دەروونی یاریزان دەورووژێنن و وا دەکەن کە ئەو یاریزانەی بۆ مێسییش داندراوە، بۆ لای خۆیانی ڕابکێشن و ئەو کات بە ئاسانی مەبەستەکەیان بپێکن و تۆپەکە بدەن بە مێسی، کە ئەم پێشهاتە مەرج نییە لە هەموو هێرشێکی بەرشلۆنەدا ڕوو بدات.
یاریکردنی چاڤی بۆ مێسی چەند گرینگە، هیی ئەلڤێسیش ئەوەندە گرینگە، چونکە ئەگەر گریمان قاچی مێسی دوو گرێی پێوە بێت، دوو یاریزان ئەو گرێیانە بکەنەوە ئاسانترە لەوەی تەنیا یاریزانێک بەو ئەرکە هەستێت. هەم ئەلڤێس، هەمیش چاڤی وەستایەکی شارەزان لە کردنەوی یاریی بۆ مێسی و ڕێخۆشکردن بۆ یاریکردنی. بۆیە هەر ڕاهێنەرێک کە ویستی یاریزان مێسی ڕابگرێت، دەبێت بیر لەو دوو یاریزانە و چەند لایەنێک بکاتەوە، کە پێم وایە گرینگترین خاڵەکانی کە دەبێت کاری پێ بکات، ئەمانە بن.
– تیپ بە شێوازی 4 – 3 – 2-1 یاری بکات، چونکە بەو شێوازە ڕێ لەوە دەگیرێت کە یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستی بەرشلۆنە بە ئارەزووی خۆیان یاری بکەن، چونکە هەر سێ یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاست (چاڤی، کیتا، بۆسکیتس) کە ئێستا بە شێوەی سەرەکی یاری دەکەن، یاریزانی ئاستباشن و بە باشیاریکردنی ئەوان، بە تایبەت چاڤی، ڕێ بۆ یاریکردنی مێسی خۆش دەکرێت، بەڵگەیش بۆ ئەوە، باشیاریکردنی چاڤی لە یاریی ڕیاڵ، لەوەی 4 تۆپی دایە یاریزانانی بەرشە و سێیان (مێسی)ـی لەگەڵ گۆڵدا بە تەنیا هێشتەوە و دانەیەکیشان پێدرۆی لەگەڵ گۆڵدا هێشتەوە، کە هەر بەو هۆیەوە بەرشلۆنە لەو یارییەدا دەستەملانێی بردنەوە بوو.
– لە کاتی ویستنی ڕاگرتنی مێسی، دەبێت یاریزانێکی وریا و خێرای لەگەڵ دابندرێت، هاوکات دوو یاریزان لە کۆی ئەو 3 یاریزانەی لە پێش هێڵی بەرگری یاری دەکەن، دەبێت جگە لە ئەرکی خۆیان، بەردەوام چاودێریی ئەلڤێس و چاڤی بکەن، چونکە وەک ئاماژەمان پێ دا، ئەو دوو یاریزانە بەشێکن لە باشیاریکردنی مێسی.
– ڕاهێنەری تیپی دژەبەرشلۆنە، دەبێت ڕێنمایی تەواوی ئەو یاریزانە بکات کە بۆ مێسی دایناوە، بەوەی زۆربەی کات لای چەپی مێسی بگرێت، هاوکات دەبێت وریا بێت مێسی لە لای ڕاستەوە نەچێتە ژوورەوە، چونکە زۆر جاران لە لای ڕاستەوە چووەتە ژوورەوە و یان خۆی گۆڵی تۆمار کردووە، یان گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروست کردووە.
– لایەنێکی دیکەی ڕاگرتنی مێسی، پێوەندیی بە لایەنی هونەرییەوە نییە، بەڵکوو ئەگەر یاریزانانی بەرانبەر مێسی، کەمێک ژیر بن، دەتوانن بە چەند ڕێگەیەک، مێسی دەمارگرژ بکەن، بەوەیش قەت ئەو ئاستە نیشان نادا کە پێی ناسراوە، لەوەیشدا کاری یاریزانانی بەرانبەر مێسی زۆر ئەستەمە، چونکە مێسی یەکێک نییە لەو یاریزانانەی بە زوویی تووڕە بێت و بەردەوام بە هێمی دەبیندرێت.
– لایەنێکی دیکەی گرینگ. دانانی دوو یاریزانە لەگەڵ مێسی، ئەوەیش کەمجار لە یاریی تۆپی پێ ڕوو دەدات کە دوو یاریزان بۆ تەنیا یاریزانێک دا بندرێت، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە مێسی تاکە یاریزانی باشی یانەی بەرشلۆنە نییە، بەڵکوو ئەگەر دوو یاریزانیان بۆ ئەو دانا، ڕێگە بۆ یاریزانانی دیکەی تیپەکە خۆش دەبێت بە ئاسانی بگەنە گۆڵی تیپی بەرانبەر، خۆ مەبەست لە ڕاگرتنی مێسی، ئەوە نییە کە شەڕەکە تەنیا لەگەڵ ئەو یاریزانەدا بێت، بەڵکوو ڕێگریکردنە لە بردنەوەی تیپەکەی مێسی، کەواتە ئەوە هەڵەیە لە پێناو ڕاگرتنی مێسی، بۆشایی لە ڕیزەکانی تیپەکەتدا دروست بکەیت و بە ئاسانی دۆڕاندن بکەیتە بەشی یانەکەت.
جگە لەو ڕێگەیانەی باس کران، ئەستەمە هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بریت هەبێت بۆ ئەوەی هەر تیپێک بتوانێت یاریزان مێسی ڕابگرێت. هەرچەندە رێگەیەکی دیکەیش هەیە، کە لە قالبی کۆمیدیادا جێی دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە لە نێو یاریگەدا بە زنجیرێک قاچەکانی مێسی ببەستییەوە، کە ئەوە لە مەحاڵەوە نزیکە.
شیاوی تیشکخستنەسەرە، ئەو ڕۆڵەی مێسی لە بەرشلۆنە دەیبینێت، دەتوانێت لە هەڵبژاردەی ئەرژەنتینیش بیبینێت، ئەویش بەو مەرجەی یاریزان (ریکوێلمی) بگەڕێتەوە ڕیزی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین و یاریزان (خافیێر زانێتی)ـیش بتوانێت حەزەکانی مێسی لە وەرگرتنی تۆپدا تێر بکات، لەو بارەدا ڕیکوێلمی ڕۆڵی چاڤیی بەرشلۆنە و زانێتییش ڕۆڵی ئەلڤێس دەبینێت. کە لەوانەیە ئەو کات ئەرکی مێسی لە هەندێ یاریی هەڵبژاردەکەیدا ئاسانتر بێت، بە تایبەتی لە یاریی هەندێ هەڵبژاردە، کە یاریزانی نموونەییان نییە.
پێشتر لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاو کراوەتەوە