نوسینی: دانا محمد عبدوڵا: داڤینشی دەڵێت (ھونەر کارێکی ھزریە) ئاشکرایە ھونەر وەک خود و ئەزمونی تاک پەیوەندییەکی بەھێز و ڕاستەوخۆی لەگەڵ مرۆڤدا ھەیە، مرۆڤ بەھۆی کارابوونی عەقڵی و توانستی دەست بەسەراگرتنی ھەموو گیانلەبەرانی دیکەوە، کە ھەندێکیان لەڕووی قەبارەوە دە بەرابەری خۆی دەبێت، بەردەوام مرۆڤ بەرەو گەڕان بە دوای دۆزینەوەی ڕەھەندی نوێیە بۆ ژیان و ئەو گەردوونەی تێیدا دەژی پاڵ دەنێت، مرۆڤ تاقە گیان لەبەرێکە ھێزی گواستنەوەی خەیاڵی ھەیە بۆ ناو واقیع، ئەم گواستنەوەیە بە دوو رێگە دەکرێ، یا دەبێت لە رێگەی زمان، یان ھونەر بە گشت پانتاییەکانییەوە بەرجەستە بکرێ . ئەمڕۆ پانتاییەکانی ھونەر لە ژیاندا بە ئەندازەیەک تێکەڵاوی تەونی ژیانی ڕۆژانە بووە لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤەکانە ناتوانرێت لە ژیانی دەربھێنن بۆ نموونە ناتوانین بۆ یەک چرکە سات دیدگایەکمان بۆ جیھانێکی بێ ھونەر ھەبێت، ھەموو دەقێکی شیعری و ھونەری زادەی زەمەنێکی دیاریکراوە لەڕووی مێژوویەوە . ئەگەر شیعر بەرھەمی بیرکردنەوە و تێڕامانی شاعیر بێت لە ھەلومەرجێکی دیاریکراودا ئەوا بێگومان نووسەر وەک مرۆڤێک لە زەمەن دەژیت لە بەریەککەوتن و کارلێکردندایە لە گەڵ توخمەکانی دەوروبەری . لە زۆرکاتدا شاعیر زەمەنی مێژوویی و فیزیکی جێدێلێت و لەزەمەنی دەروونی خۆی دەژیت کەڕەنگە دابڕاو بێت لەو زەمەنەی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان لە خۆ دەگرێت لەھەمان کاتیشدا دەشێ ئەو دەقە ڕەنگدانەوەی ئەو زەمەنە مێژوویە بێت کە تیایدا شاعیر لە ژیانیدا بەریەکێ لە رووداودیاردەکان دەکەوێت . کە دواجار ئەو بەریەککەوتنە لە دنیابینی شاعیر ڕەنگدەداتەوەو سەرەنجامیش لە دەقێکی ئەدەبیدا بەرجەستە دەبێت . زەمەن لە شیعردا مەرج نییە ھەر تەنھا پەیوەست بێت بە زەمەن و شوێنێکی دیاریکراو بەڵکو دەشێ ئاماژە بێت بۆ زەمەنی ڕابردوو، ئێستا یاخود ئاییندە . بەومانایەی شاعیر گوزاشت لە ڕووداوێک دەکات کە ڕەنگە ھێشتا ڕووینەدابێت، یاخود ڕوویدابێت و ببێتە بە شێک لە ڕابردوو . بۆیە ڕەنگە ساتەکانی نووسینی دەقێکی شیعری ڕەنگدانەوەی ڕووداوو زەمەنێکی مێژوویی بێت . واتە دەق بە شێکە لەو بەریەککەوتنانەی شاعیر وەک مرۆڤێک لە ژینگە و سروشتی دەوروبەری بەرھەمی دەھێنێت، بە شێکیشە لەمەدلولە تایبەتیەکانی دۆخی سایکۆلۆژی شاعیر وەک مرۆڤێک، کە ڕەنگە دالەکانی تەنھا پەیوەست بن بە دنیابینی و تێڕوانین و گوزارشتکردنی ئەو . ئەزموونی شیعر لای سوریالیەکان، ئەوەندەی لە چوارچێوەی زەمەنی دەروونی شاعیرەکان دابوو، ئەوەندە ڕەنگدانەوەی زەمەنی مێژووی و فیزیکی ژیانی شاعیرەکان نییە ئەمە بەو مانایە نا کە سوریالیەکان نەکەوتبنە ژێر کاریگەریەتی ڕووداوە مێژوویەکان، بە تایبەتیش شەڕو ئاشووب و جەنگ چونکە ھەر خودی ڕێبازی سوریالیزم بەرەنجامی کارەساتە تراژیدی و لێکەوتەکانی دوای جەنگی جیھانی یەکەم بوو، بەڵام دواجار سوریالیەکان ئەزموونێکی تایبەتی شیعریان داھێنا تا ئەو ڕادەیەی کە دەقی شیعری بە تەنھا ڕەنگدانەوەی تێڕوانین و باری دەروونی شاعیر بێت . واتە زەمەن بە شێکە لە وتوخمە بنەڕەتی و سەرەکییانەی کە ڕووداو ئاراستە دەکەن چونکە ھیچ کردارێک نییە ڕووبدات ئەگەر زەمەنێکی نەبێ . لە شیعردا وێنەی ھونەری و شیعریەت و سۆبژێکت بوونی ھەیە بەو مانایەی ڕەنگە لە ئەزموونی شیعری شاعیرێک زەمەن بە شێکی سەرەکی شیعرەکان پێک بھێنێت بەبەراورد لە گەڵ ئەزموونی شیعری شاعیرێکی دیکە . ئەگەر ئاوڕێک لەشاعیرە کۆن و نوێکانی کوردستان بدەینەوە، کێشەکانی ژیان و کارەساتە جەرگ بڕەکان و نەھامەتی و برسیەتی خەڵک و پاڵەوانەکانی کوردەواری و شەڕە داسەپاوەکانی داگیرکەران ململانێی چینە ڕەش و ڕووتەکان لەگەڵ ئاغاو چەوسێنەران توانیویانە بەشێوەیەکی ھونەریانە لەگەڵ بەرھەمە ئەدەبییەکاندا ئاوێتەی بکەن، ئەگەر بگەرێینەوە بۆ شێوازی ھونەری و ناوەڕۆکی شیعری کوردی پاش ساڵانی ١٩٧٥ دوابەدوای نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلول، باری سیاسی و دۆخی دەروونی تاکی کورد جۆرە رەنگ و سیمایەکی خەمناکی پۆشی، ئەو شۆڕشە مەزن و بەرچاوەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان کە بەپیلانی دوژمنان کە بەپیلانە ڕەشەکەی جەزائیر ناوزەد کراوە کپ کرا، وای لە کەش و ھەوای ھونەر و ئەدەب بەتایبەتیش شیعری کوردی کرد، بەرەو ئاقاری بەرەنگاربوونەوە (مقاومەت) ھەنگاو ھەڵێنێ، بەدەیان شاعیر و بەھەزارەھا دەقی شیعریمان لەبەردەستە بەرجەستەی ئەو بارودۆخەیان کردووە، شیعر ڕەنگی گوللە و بارووت و خوێنی گرتبوو، شاعیران توڕەییان پێوە دیاربوو، خوێنەری کورد بەرێژەیەکی یەکجار زۆر حەزیان لە مجۆرە شیعرانە دەکرد کە ئاگری ناخیان جۆشتر بکات و بڵێسەکانی رووناکتر، بەدەیان کۆمەڵە شیعری شاعیرانی وەک عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، لەتیف ھەڵمەت، محەمەد قادر جاف و ھتد.. نموونەی شاعیرانی بەرگریکاری کورد بوون، جگە لەو شاعیرە لاوانەش کە تازە ھاتبوونە نێو کایەی شیعرەوە و بەھەمان حەماسەتی شاعیرانی شیعری مقاومەت، درێژەیان بەو ماوە شیعرییە دەدا، وەکو دەبینین زەمنی ئیستای کوردستان بەبۆنەی شەریی داعشەوە بەشێک لە شاعیران شیعر بەباڵای نیشتیمان و پێشمەرگە و کوردستاندا دەنوسن و کەمتر ھەستی شیعرییان بۆ ئەشق و ئەڤینە وەھونەرمەندانیش کارە ھونەریەکانیان تایبەت بووە بە شەر و سەرکەوتن و گیانی فیداکاری لە نێوان تاکەکانی وڵاتدا بۆیە ھەمیشە زەمەن کاریگەری لەسەر بەرھەمە ئەدەبی و ھونەریەکان ھەبووە . زۆر جار ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت لە ھونەردا بە مەبەست تێکەڵاوی یەک دەبن ھەندێک جاریش ھەریەکەیان سەربەخۆ دەردەکەوێت زۆربەی ئەو فیلمسازانەی کە مەیلی سیاسییان ھەیە ھەوڵدەدەن لە فیلمەکانیان چۆنێتیی تێکەڵاوبوونی ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت لە ژیانی خەڵک و کاریگەرییان لەسەر ژیانیان پیشان بدەن، بۆ تێگەیشتن لە دەلالەتی ئایدیۆلۆژی و دەلالەتی سیاسی دەشێت چەند جیاکاریکردنێک لە نێوانیاندا سوودبەخش بێت، دەشێت دەرکەوتنی سەلاجەیەکی پڕ لە خواردن لە فیلمێکی ئەمەریکیدا بۆ بینەرێکی یەکێتیی سۆڤێت وەک پڕوپاگەندەیەکی سیاسی دەربکەوێت، چونکە سەلاجەی پڕ لە خۆراک ئاماژەیە بۆ سک تێرێتیی سەرمایەداری لە بەرامبەر سک خاڵێتیی کۆمۆنیستدا، ئەم نموونەیە گوزارشت لە سیمایەکی سیاسی دەکات لە روانگەیەکی دیاریکراوەوە . ھەروەھا شانۆی جەنگ لە مێژوودا رەنگە کاریگەری جەنگ و ئاسەوارە دەرونییەکانی بە سەر ھزرو ھونەرو تێکڕای رەھەندە مرۆییەکانەوە کاریگەرییەکەی بۆ ئان و ساتێکی دیاری کراو نەبێت بەڵکو ھەمیشە شوێنەوارە رەش و تفت و تاڵەکانی جەنگ ، بە بەردەوامی لە ھزرو دەروونی بینەردا زیندوو دەبنەوەو دەبن بە کەرەستە بۆ گەلێک کاری درامی ، ئەی ئەوە نیە ھەتا ئێستاکەشی لە گەڵ دابێت زۆر لە گەلانی دنیا بە تایبەت ئەوانەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کەوتنە ژێر تەوژم و گێژەڵوکەی جەنگە جیھانیەکان و شەڕی ڤێتنام و کارەساتی ھیرۆشیما و کازانزاکی ، تاوەکو ئێستاکەش لە ساڵیادەکاندا دەرھاوێشتە و سەربوردە پڕ لە مەرگە ساتەکانی ئەو کارەسات و جەنگانە دەکەنە بەرھەمی سینەمایی و شانۆیی و درامی و ئۆپرایی ، بۆ ئەوەی لە کرۆکی ئاسەوارە بە جێ ماوەکانی ئەو جەنگانە زیاتر ویژدانی مرۆڤایەتی بە دەرھاوێشتە پڕ لە تراژیدییەکانی ئەو کارەساتانە زاخاو بدەنەوە، ئەوەتا ھەر لەو رۆژانەدا گۆرانی بێژی ناسراوی ئوسترالیا ( نیک کیف ) بە بۆنەی ساڵیادی جەنگی جیھانیی یەکەم ئۆپپرایێکییان لەسەر شانۆی (شل شۆک ) لە برۆکسل پێشکەش کرد، کە تێیدا زۆر لە دیمەنە پڕ لە پاڵەوانیەتیەکانی ئەو جەنگە بەرجەستە دەکات و شوێنەوارە جەرگ بڕەکانی لە سەر دەروونی خەڵکی دا نیشان دەدات، لەو رۆژانەشدا لە ئۆسکوتلەندا فیستیڤاڵێکی تایبەت بە شانۆی جەنگ سازکراو یەکێ لە ئامادەبووانی ئەو فیستیڤاڵە تیپی ئۆپیرایی بترسبۆرگ بوو کە ئۆپیرای ( خەڵکی تەروادە) یان پێش کەش کرد ئۆپیرایێکی شانۆیی گۆرانی بوو، سەرکۆنەی ئەو جەنگانەی دەکرد کە لە ماوەی سەدەی رابووردوودا ھۆکارێک بوونە بۆ قاتوقڕ کردنی بەشێکی زۆر لە مرۆڤایەتی، ھەر لەو ماوەیەدا زانکۆی ( کۆرنیل ) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنفرانسێکی زانستی و پەروەردەیی دەربارەی کاریگەری جەنگ لە رووی پەروەردەیی و رۆشنبیرییەوە لە سەر ھەلو مەرجی شانۆی ئەمریکی وەک نموونەش لە سەر شانۆگەرییەکانی ( ت .س . ئەلیوت ) ئەنجامدا، و بە دەیان کۆنفرانس و توێژینەوەی جیھانیی تر . ھونەر وەک ژیان زیندووە و پشت بە چەندین زەمەن دەبەستێت فیلمی شۆڕشی فەڕەنسا کە لە ساڵی ١٧٨٩ بەرپابوو لە فیلمەکە زەمەنی فەڕەنسا دەخرێتەڕوو باس لە ٦ ساڵ دوای شۆرش و حکومڕانی دیکتاتۆری ناپلیۆن دەکرێت، لە دوای ئەم سەردەمەوە ئەوروپا رووداوی گەورەی بینی کاتێک جەنگی یەکەمی جیھانی تەواو بوو خەڵک بڕوایان وابوو کە ئەمە کۆتایی جەنگە لە ئەوروپا، نەتەوەیەکگرتووەکان نەیتوانی گرفتەکان چارە بکات خەڵک ھەستیان بە زیادبوونی باجەکان کرد کە ئەمە ئامادەکاری بوو بۆ پڕچەککردن و خۆسازدان بۆ جەنگی دووەمی جیھانی دواتر داڕمانی گەورەی ئابوری پەیدابوو خەڵک تووشی ترس و تۆقین ھاتن ترس لە نادیار، لە ترسێکەوە دەچوونە نێو ترسێکی دیکەوە تاوەکو ئەمرۆ ترس و جەنگ بەردەوامە، ھەر بۆیە شیعر و ھونەر بوونە ھۆکارێکی ھێورکەرەوەی خەڵک و تاوەکو ئەمرۆ کاریگەری گرنگیان لەسەر گۆرەپانەکە ھەبووە .
سەرچاوەکان
١. گفتوگۆی تایبەتی ئەحمەد کامیابی مەسک لەگەڵ (ساموێل بێکیت)ـدا..
٢. زەمەن وشوێن لە شیعری ئیسماعیل بەرزنجیدا ، سادق رەواندزی
٣. ئایدیۆلۆجیای سینەمایی و تیۆری سیاسی ، تۆنی ماکبین
٤. شانۆ لە سەردەمی جەنگدا ، حەیدەر عەبدولرەحمان, وتار
٥. جوگرافیا لە سینەمادا ، سەفەر عەلی
نوسینی: دانا محمد عبدوڵا