بەشی سێیەم
دیمانە: مامەیارە ئەحمەد
لەم بەشەی دیمانەکەدا، سەڵاحەددین سیامەند، لە چەند ڕوویەکەوە دێتە گۆ و لە گێڕانەوەی قسەکانی بۆ (هەولێر وەرزش) بەردەوام دەبێت، باسی ئەوە دەکات کە ئازایەتیی بەرپرسانی یانەکە نەبووە، کە دوو ساڵە یانەی هەولێر جامی خولی عێراق دەباتەوە، هەروەها ئەوەیش دەخاتە ڕوو، کە ئەو بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت یانەی هەولێر زانستییانە بیر ناکەنەوە، دەیشڵێت یانەکە بەرانبەر یاریزانە عەرەبەکان دەستی کراوەتەوە و بەرانبەر کوردەکان نوقاندوویەتی. باسی پێکانەکەیشی دەکات، کە 30 هەزار دۆلاری لە پارەی خۆی بۆ چارەکردن داوە و یانەکە فلسێکیان نەداوەتەوە…
(سەڵاحەددین سیامەند) لە بارەی بەدەستهێنانی نازناوی ئەم دوو وەرزەی ڕابردووی خولی عێراق لە لایەن یانەی هەولێرەوە، دەڵێت: “لەوانەیە زۆر کەس بڵێن بۆچی پێشتر یانەکە نازناوی خولەکەیان نەبردووەتەوە و ئێستا پاڵەوانی عێراقن و، لەوانەیشە ئەوە بکەنە چالاکی کارگێڕیی یانەکە، من بە ڕاستگۆییەوە قسە دەکەم، پێشتر هەموو تیپەکانی بەرانبەری بەهێز بوون، هۆکاری بەدەستهێنانی ئەو دوو نازناوەی ئێستایش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەم دوو ساڵەی دوایی، باری ئەمنی بەغدا ناتەواو بوو و زۆربەی یاریزانە باشەکانیش لە بەغدا نەمانەوە و یانەی هەولێریش بە هۆی ئەو پشتگیرییە زۆرە داراییەی کە لە لایەن حکوومەتەوە هەیەتی، هەرچی یاریزانی باشە هێنایە ڕیزەکانی، تەنانەت ئەگەر پێویستییشی پێی نەبووایە، یاریزانی دەهێنا، بۆ ئەوەی یانەکانی دیکە بێهێز بن، بۆیە دەڵێم ئەوە (پارە) بوو کە خولی عێراقی بردەوە، نەک بەرپرسانی یانەی هەولێر، ئەمساڵیش بوودجەی یانەی هەولێر (بە خۆشحاڵییەوە لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دابین کراوە) 3 ملیۆن دۆلارە، کە ئەگەر تۆ بیت، لەوانەیە زۆر لە دەستەی کارگێڕیی هەولێر زیاتر کار بکەیت، بە ڕای من بە 1 ملیۆن هەموو کارەکان تەواو دەبن و دوو ملیۆنیشی دەمێنێتەوە، حەزیش ناکەم باسی چۆنیەتیی خەرجکردنی ئەو پارەیە بکەم، بەڵام من دەمەوێت بناغەیەک بۆ ئەم شارە دابنێن، ئێستا دەتوانن ڕاهێنەرێکی بیانی بهێنن و لە ماوەی 4 ساڵدا 20 یاریزانی کورد کۆ بکەنەوە و لە نێو بەغدا لە جەوییە و زەورا ببەنەوە، نەک 20 یاریزانی عەرەب بهێننە یانەکە، بەڵگەی نەبوونی بناغە، ئەوەیە کە تازەپێگەییشتووانی یانەکە نەبووە یەکەمی خولی نایابی کوردستان، من دەڵێم ڕۆژێک دادێت یانەی هەولێر لە پلە نایابییش نامێنێت، چونکە بارودۆخی عێراق خۆش دەبێت و یاریزانەکان دەچنەوە بەغدا، ئێستا 10 تا 12 یاریزانی هەولێر لە یانەکانی دیکەی کوردستان یاری دەکەن و زۆر جاریش کە دژی یانەی هەولێر یاری دەکەن، یانەکە تووشی زەحمەتی دەکەن، بۆ نایەن ئەو یاریزانانە کۆ بکەنەوە؟”
سەڵاحەددین بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و ئەمجارە دەڵێت: “بە بەڵگەوە دەیسەلمێنم کە یانەی هەولێر زانستییانە بیر ناکەنەوە، لە بواری تۆپی پێیش شارەزاییان زۆر زۆر کەمە، چونکە بەرپرسی سەرەکییان، تایبەتمەندیی لە تۆپی پێدا نییە و نازانێت چی دەکات و چی ناکات، بەڵگەی ڕاستی قسەکانم ئەوەیە، ئێستا یانەی هەولێر شەش هێرشبەری هەیە (ئەحمەد، عەلی، موسلیم، دڵدار، شوان و لوئەی)، کەچی تەنیا یەک یاریزانی بەرگری چەپی هەیە (یاسر)، هەروەها 4 یاریزانی باڵی ڕاستی هەیە (رافد، هەردی، دیار و شێرزاد)، کەچی یەک یاریزانی باڵی چەپی هەیە (ویسام)، کە پێکانی تووش هات، یانەکە پەکی دەکەوێت. سەرنجی ئەو هاوکێشەیە بدەن، چۆن دەبێت کەسانێک باشترین بڕوانامەیان هەبێت، کەچی 6 هێرشبەر و 4 باڵی ڕاستی هەبێت، لە هەمان کاتدا تەنیا یەک باڵ و بەرگریکاری چەپی هەبێت، ئایا ئەوە هاوکێشەیەکی زانستییە؟
لە درێژەدا کاپتنی پێشووی یانەی هەولێر، دەڵێت: نازانم بۆچی بەرانبەر یاریزانی کورد، دەستیان نوقاوە، کەچی بۆ یاریزانی عەرەب دەستیان کراوەیە. ئاخر ئەو پارەیەی عەرەبەکان وەری دەگرن، کاریگەریی لەسەر ئابووری کوردستان دەکات، چونکە پارەکە دەبەنەوە شارەکانی خۆیان، هەروەها ئەوە دەبێتە هۆی پاشخستنی ئاستی یاریزانە کوردەکان و لە ڕووی دەروونیشەوە وای لێ دێت، خۆی بە کەم بزانێت. سەرنج بدە، بۆ 10 ملیۆن دینار، لە بری من چەندیان پارە دایە یاریزان، من ئەمانەتەوە دەڵێم، لە عێراق عەلی حوسێن ڕەحێمەی لێ دەر بچێت، خۆم بە یەک یاریزان ناگۆڕمەوە، با منیان ئاسوودە کردبایە، بزانە باشترین بەرگریکاری عێراق بووم یان نا. من لە یانەکە تووشی پێکان هاتم، لە ڕووسیا چارەم کرد و 30 هەزار دۆلارم خەرج کرد و فلسێکیان نەدامێ، کەچی ئێستا یاریزانێکیان توشی پێکان هاتووە، چونکە عەرەبە، لە ئیمارات و لەسەر ئەرکی خۆیان چارەی دەکەن”.
سەڵاحەددین سوورە لەسەر ئەوەی کاتێک ویستوویەتی بچێتە یانەی دهۆک، لە سەرەتادا یانەی هەولێر لێ نەگەڕاوە، لەمبارەیەوە دەڵێت: “خالید موشیر پێی گوتم، کە کەسێک لە کارگێڕیی یانەی هەولێر، پێی گوتووین ئەگەر سەڵاح بێتە دهۆک، پێوەندیی نێوان هەردوو یانە تێک دەچێت، لەوەوە دەرکەوت کە ئەوان ڕێگرن لە چوونم بۆ یانەی دهۆک، ئیدی دواتر کاک هیمداد بارزانی، سنووری بۆ هەردوو یانەکە دانا، پاشتریش بۆندم لەگەڵ یانەی دهۆک مۆر کرد، بەڵام کەسێکی ناسراو پێوەندیی پێوە کردم و پێی گوتم، کە پێی خۆش نییە بۆ یانەی دهۆک یاری بکەم و ئیدی منیش بڕوام بە قسەکانی هێنا، بۆیە داوای لێبوردن لە یانەی دهۆک دەکەم، هەموو کات لە نێو دڵمدایە و بەردەوام ئاگام لە هەواڵەکانیەتی، چونکە شەڕی زۆریان لەسەر کردم، سوپاسی هەموو یاریزانەکانیان، سەرۆکی یانە و ڕاهێنەرەکەیان دەکەم، خۆم بە شەرمەزاری باسم قاسم دەزانم، چەندین جار ویستوومە تەلەفۆنی بۆ بکەم و داوای خواستنی لێ بکەم، بەڵام شەرمم کردووە.
لە بارەی چوونی بۆ یانە تازەکەی، سەڵاحەددین سیامەند، وەها پەیڤی: “لە 2ـی 4ـدا چوومە وڵاتێکی ئەورووپی و چوومە ئەو یانەیەی کە مەبەستم بوو، 15 ڕۆژ لەوێ مامەوە، پشکنینی پزیشکی و توانای لەشم کرد و لە هەردووکیدا سەرکەوتوو بووم، لە یەکیاندا دەبوو بە 12 خولەک، 3 هەزار مەتر ببڕم، بە 11 خولەک من ئەو ماوەیەم بڕی. لە 10ـی 08ـەوە موڵکی ئەو یانەیەم، لە 15ـی ئابدا کەمپێکی مەشقیی لە ئیسپانیا ئەنجام دەدەین، لەم ماوەیەیشدا دەچمە سوێد و بۆ ئەو مەبەستە خۆم ئامادە دەکەم، لەبەر چەند هۆکارێکیش حەز ناکەم ناوی یانەکە و بڕی بۆندەکەیش بڵێم، بەڵام بۆندەکەم بڕێکی ناوەندییە و بۆ ماوەی ساڵێکە، ئەو یانەیە ئێستا لە پلەی پێنجەمە و ئەگەر هاتە پلەی سێیەم، بەشداری لە پاڵاوتنی جامی یەکیەتیی ئەورووپا دەکات، هەروەها لە کاتی یارییەکانیشماندا، وێنەی ڤیدیۆیی دەگرم و یەکێک لە تیڤییەکانی خۆمان پەخشی دەکات”.
سەڵاحەددین شتێکی دیکە لەسەر هەمان بابەت باس دەکات و دەڵێت: “من ماوەی مانەوەم بۆ 4 ساڵ لە سوێد وەر گرتووە، لەوێشدا نە ناوەکە هیی خۆمە، نە ساڵی لەدایکبوونیش، بۆیە پێویستم بە مافی گواستنەوە نییە و کەسیش ناتوانێت هیچم لەگەڵدا بکات، چونکە پاسپۆرتەکەیشم بە ناوی خۆمەوە نییە”.