زاگرۆس نانەکەلی: خاڵە تاھیرتۆفیقی کۆچکردوو دەڵێت، سێو پێگەیی نەھاتی کە لیمۆ زەرد بوو وەرە، نەخۆش کەوتم نەھاتی وادەی رۆح کێشان وەرە،من وخاڵًە تاھیر و رۆژنامەنووسانی وەرزشی بۆ لەیلای خۆمان گۆرانی دەچڕین! بەڵام یەک سۆنگە کۆمان دەکاتەوە و ئۆقرەیی لێ بڕیوین ، ئەویش چاوەڕوانیە، دەڵێن بێ چاوی باشترە لەچاوەڕوانی! دوای کۆنگرەیی سێیەمی سەندیکایی رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرجەم لیژنەکان کۆنفرانسی خۆیان بەستا وھەر چۆنێک بێت لیژنەکانی ئەو سەندیکایە بەکۆتا ھات ودەستیان بەکارەکانی خۆیان کرد،بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا لە چاوەڕوانی گۆدۆین ، گلاراو دیدەی چاوەکانمانی کز کردووە و نەھاتووە، ئەویش لیژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستانە کە تاکە لیژنەیە لەسەندیکا کۆنفرانسی بۆ نەکراوە!!! من قسەم لەسەر ئەنجام نەدانی کۆنفرانسەکەیە، چونکە قەدەر عەیامێکە رۆژنامەنووسانی وەرزشی لەنێوان خۆیان ئەو پرسیارانە لەیەکتر دەکەن، کۆنفرانس چی بەسەرھات؟ بۆ کۆنفرانس ناکرێت؟ ھۆکارەکەی چییە؟ کێیان بۆ ئەو پۆستانە ھەڵبژاردووە؟ باشە کێ دەبێتە بەرپرس؟ دەڵێن ئەمجارەش تەوافقە یان رۆژنامەنووسانی وەرزشی کارا وچاڵاک وپڕۆفیشناڵ ھەڵدەبژێن؟ ئەوانە وچەندین پرسیاری تر رۆژانەی مقۆمقۆ وگفتوگۆی رۆژنامەنووسانی وەرزشیە،پرسیارەکانی من ئەوەیە دوای کۆنفرانسی لیژنەکان تەنھا لیژنە وەرزشی دواخرا ھۆکارەکەشی نەزاندرا، رۆژێک دەیان وت پێش رەمەزان و دواتر وتیان گەرمایە ناکرێت! پاشان وتیان لەناوەراستی رەمەزان ،وتمان گرنگ نیە چونکە بەرۆژ بەرۆژووبووین گەرما بوو شەوانەش دەچوینە تەراویح واتە بۆمان نەدەکرا!!و دواتر بووە دوای رەمەزانیش و جەژنی رەمەزانیش رۆیی کۆنفرانس نەکرا! لێرەدا من دەترسم ئەمجارە بڵێن ساڵی خوێندنی نوێ دەستپێدەکات، بەھەر حاڵ دەمێکە دەڵێن رۆژنامەنووس یاخود راگەیاندنی وەرزشی بە پلەی دووەم ئەژمار دەکرێت! گەر باوەڕیش نەکەین وامان لێھاتووە باوەڕ بکەین،لە زۆربەی دەزگاکانی خۆشمان تاکو ئێستا راگەیاندنی وەرزشی نەک (بەش – قسم ) نییە، بگرە ژوورێکی خۆشمان نیە، ئەمانە بۆ چەند ھۆکارێک دەگەرێتەوە، *یەکەمیان ئێمەی راگەیاندنکارانی وەرزشی بەرگری لەیەک پیشەکەمان ناکەین و ھەردەم رەخنەی ناتەندروست لەیەکتر دەگرین،
*دووەمیان کەم خوێندنەوە لەنێومان زۆر بووە و زیاتر دەنووسین وەک ئەوەی دەبێت زیاتر بخوێنینەوە،
* سێیەم نەبوونی کۆلێج یان پەیمانگای راگەیاندنی وەرزشی لە کوردستان ، واتە ئێمە ئەکادیمی نین و بەھەڕەمەکی ئەژمارمان دەکەن، *چوارەمیان کاری راگەیاندنی وەرزشی لە کوردستان بە( تەوزیف) سەیر دەکرێت،وەک ئەوەی بە پیشە سەیر بکرێت،
* پێنجەمیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات و خەڵات ورێزلێنان وپاداشتمان پێ باشترە لە خول و وۆرک شۆپ و پرێس کۆنفرانس، بەڵگەشمان زۆرە کاتی خولێک یان ساڵیادێکی ھاورێیەکانمان بەرێوە دەچێت ئامادەبوون لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نادات.،
* شەشەمیان ئێمەی راگەیاندنکارانی وەرزشی تا ئێستا ولە سەدەی بیست ویەکین تەنانەت خاوەنی ناسنامەی خۆمان نین …………..ھتد.
بۆیە دەڵێین سێو پێگەیی نەھاتی گیانە و جەژن رۆی وەرە گیانە، ئێمەی راگەیاندنکارانی وەرزشی بۆ دەرباز بوون و ئەنجامدانی کۆنفرانس لە چاوەڕوانی گۆدۆین.