چاودێری کردنی ژیانی تایبەتی کەسە دیارەکانی ناو کۆمەڵگا ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی تەندروستە و پێویستە بە گرنگ ببینرێت. لە وڵاتانی دنیادا ئەم دیاردەیە بە زەقی دەبینرێت و ئەو میدیایانەی گرنگی بەم بوارە دەدەن زیاتر جێگای سەرنج و تێڕوانینن لە لایەن خەڵکەوە. هونەرمەندان و وەرزشەوانان زۆرترینی لاپەڕە و شاشەکان داگیر دەکەن، ڕۆژانە دەتوانین بە ئاسانی ببینین و ببیستین کە هونەرمەندێک بە سەرخۆشی بینراوە لەکاتی سەیارە لێخوڕیندا، یان پەیوەندی ژێربەژێری نێوان هونەرمەندان یان بڵاوبوونەوەی گرتە سێکسیەکانیان … زۆرێک لە ڕووداوە سکانداڵەکان و باسە ئاساییەکان کە دەبن بە سەردێڕی هەواڵەکان.
بەڵام ئەم بوارە ڕۆژنامەوانییە هەتا ئێستا لە میدیای کوردیدا بوونی نیە، سەرەڕای ئەوە ئەگەر ڕەخنەیەک لە کەسێکی دیار لە هەربوارێکدا بگریت، ئەوا ئاگری شەڕ بۆ خۆت هەڵدەگیرسێنیت لەگەڵ جەماوەر و کەسە نزیکەکانی ئەودا. ئەم کەمتەرخەمییەی میدیای کوردی لەم بوارەدا وایکردووە کەسە دیارەکان کەمتر گرنگی بەوە بدەن کەسێکی تایبەت و جیاواز بن لە خەڵکی ئاسایی، ئەگەر هونەرمەند بە نمونە بهێنینەوە ئەم بۆشاییە زیانی گەورە بە هونەرەکەی دەگەیەنێت و هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنی هونەرێکی خاوێن دەخاتە گومانەوە. چوونکە هیچ گوێدان بەوەی ئایا هەتا چەند چاودێری دەکرێت بوونی نیە.
گرنگی ئەم بوارە ڕۆژنامەوانییە لەوەدایە کەسی دیار هەموو کاتێ لە ئامادەباشیدایە بۆ پیشاندانی باشترین و جوانترین لە هەموو کایەیەکدا، هەوڵدەدات کەمترین هەڵە و کاری نەشیاو ئەنجام بدات لە ژیانی ڕۆژانەیدا، پاشان هاندانێك دروست دەبێت لە کەسی دیاردا بۆ گرنگیدان بە بواری پەروەردە و خوێندن و بەرەوپێشچوون.
پێمان وایە میدیای کوردی بە بێ بوونی باڵێکی سەرەکی گوزەر دەکات، ئومێد دەکەین لەم بوارەدا هەنگاو بنرێت. هەتا بتوانین قاوەکان تاڵتر بگرینەوە لەگەڵ بەڵگەکاندا.