لە هەموو جیهاندا کارى هونەریى بەگشتى پێویستى بە هاوکارى ڕاگەیاندن و میدیا و کۆمپانیاى هونەریى هەیە ، واتا کۆمەڵە پێویستیەک لە جێبەجێکردنى بەرهەمەکە دابینکردنى ئەرکى خودى هونەرمەندەکە نیە ، ئێمە وەک ئەوەى کۆمپیانیاى فەرمى تایبەت بەو کارانەمان نیە میدیاکانى خۆشمان کە بەشێک لە کارەکانیان بریتیە لە کارى لەو چەشنە ئەگەرچى بە ئاڕاستەیەکى یەکسان بۆ هەموو بوار و ئاست و ستایڵەکان پێگەى مەیدانیان نیە ، بەتایبەت کارى زۆر جدى کە بۆ کەسانى ئاسایى ناو کۆمەڵگا تازەن ،
ئەگەر میدیا و ڕاگەیاندنەکان هەستى پێنەکەن لەڕێى کەسانى شارەزاوە ئەى کێ پەى بە گرنگى ئەو کارە ناوازانە ببات ؟ بەڵام کەسانێکى شارەزا و بەتوانا و دڵ گەورە و بیر فراوان کە بەبونى زیانى زیاتر نەبێت و هونەرمەند ئەوەندەى تر پەشیمان بێتەوە ، چونکە زۆر جار کەسى شارەزا باشتر دەتوانێت کارى جوان بەرەو هەڵدێر بەرێت ، سەرجەم میدیاکان هەواڵێک دوبارە و سێبارە دەکەنەوە زۆریشیان دەماودەم هەواڵە هونەریەکانیان وەرگرتوە و زۆر جار بە ناتەواوى یان بەهەڵە باس دەکرێت ، ئەگەر پرسیار لەسەر هەڵەى هەواڵەکان بکەیت باس لە پەلەیى و بێ کارمەندیى و کۆمەڵێک پاساوى ترت بۆ دەهێننەوە ، ئەگەر هەواڵەکان لە خودى کەسایەتى هونەرمەندى بەشداربوو بکرێت ئەوکات میدیاکەش ناکەوێتە بەر ڕەخنەى هونەرمەندان و خۆشیان سەرقاڵى هەڵەى پێشوتر نابنەوە ، بەڕاستى هەندێک هەواڵى هونەرى هەیە دەبێت گەرماو گەرم ئاماژەى پێبدرێت ئەگینا چەند بە نرخ و گرنگیش بێت لە پاش ماوەیەکى زۆر باسکردنى بابەتێکى زۆر بێبەها دەبێت ، بەتایبەتى بۆ ڤێستیڤاڵ زۆر بێنرخە پاش دوو مانگ یان دوو هەفتە دواى تەواو بوونى باسبکرێت ، وێڕاى ئەوەش بەهەڵە ، وەک ئەوەى چەندین سایت و تیڤیەکان لە ڕاپۆرست و ڕێپۆرتاژەکانیاندا بڵاویان کردۆتەوە کە ئۆرکێستراى ژێدارى کورد موزیکى هونەرمەند مەزهەرى خالقیان پێشکەش کردوە ، کە بریتیە لە موزیکى ( سەماى کوردى لە ڤیەننا ) و بەرهەمى ئۆرکێستراى زۆزک قەرەداغیە و لەسەر میلۆدى کەلەپورى کوردى دامڕشتوە و کردومەتە فۆرمێکى ئۆرکێسترالى و کە لە موزیکى زانستیى جیهانیدا یاسا و ڕێساى ستانداردى هەیە و من بە هەوڵدانى خۆم پێى گەیشتوم ، لەوانەیە هونەرمەندى دەنگخۆش مەزهەرى خالقى هەر ئاگاى لەم فێستیڤاڵە نەبوبێت ، ئەم میلۆدیە کەلەپوریانە موڵکى کەسانێکە ، کە توانیبێتیان کارى جوان و تازەى پێبکەن ، خالقى خۆش وتویەتى منیش کردمەتە ئۆرکێستراى سیمفۆنیک ، کەسێکى تر دێت و بە موزیکى جاز دایدەِژێت یان فۆلکلۆر ، تیمەیەکى جوانە و خەڵکى موزیکدانەر بە پێى تواناکانى خۆیان جوانتر پیشانى جەماوەرى دەدەن ، ئەوەمان لەیاد نەچێت کە موزیسیان ئەبێت بەهەموو ئەو ڕێگایانەى باسم لێوە کردوە بەرهەمەکانیان بەیەکسانى بناسێنرێت دەنا هونەرمەند چەند ئەکادیمى و پڕ لە توانا و بەهرەش بێت چ سود و گرنگیەکى هەیە کە هەوڵ و تواناکانى نەگەیەنرێتە جەماوەر و گوێگر ؟ ئەوەى جێى پرسیارى هونەرمەندان و هەندێک لە جەماوەرى ڕۆشنبیرە کە بۆچ لەو سەرەتایەوەى کەناڵە ئاسمانیە کوردیەکانى ناو کوردستانى عێراق دەستبەکاربوونە هەمیشە گرنگى بە هونەرمەندە کوردەکانى تاراوگە ئەدەن ؟ بۆچى ئەگەر گۆرانیبێژێکى تازە یان موزیسیانێکى ناو کوردستان کارێکى جوانیش بکات هاوکارى لە جێبەجێکردنى هونەرەکەیدا سستە ؟ ئەمە پەیوەندى بە هونەرمەندەکەوە هەیە یان ئاستى هونەرەکەى ؟ ئەوەى من تا ئێستا بینیومە زۆرجار پەیوەندى هەبووە بە ململانێى نێو کەناڵەکان بۆ قۆرخ کردنى هونەرمەندەکە یان بینیومە خراپترین دنگ و سەدا گرنگى پێنەدراوە کەچى پاش گەشتێکى بۆ ئەوروپا و سەردانەوەى بۆ کوردستان کراونەتە ئەستێرەى گۆرانى و بەهەمان شێوە سەرجەم کەناڵەکان بەرهەمە باش و خراپەکانیان پەخش کردۆتەوە ، کە ئەمە خۆى بۆخۆى جگە لەوەى زیانێکى گەورەیە بە هونەر و کلتورى کوردى ، شکاندنەوەى هونەرمەندە بەهرەمەندد و بەتواناکانى ناو کوردستانى لێکەوتۆتەوە یان هەر بە تەواویى بوارى هونەرەکەیان فەرامۆش کردوە بۆ ئەوەى لەو دەردەسەریەى کە کارى هونەرمەند نیە بۆ دواجار دەرباز ببن .
زۆزک قەرەداغى موزیسیان