گۆرانی یان سروود بۆ ھەموو بۆنەیەکی نەتەوەیی، بەتایبەتی بۆ جەنگ و پێشھاتێکی لەناکاو زۆر پێویستە، سروود و گۆرانی بۆ میدیای بینراو بیستراو گرنگیی خۆی ھەیە، لە ھەموو دنیادا لەکاتی ھەبوونی جەنگ و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخێکی نەخوازراو، ئیدی میدیا بە گشتی لە خەمی ئەو بارۆدۆخەدا دەبن.
لە ئێستادا کە شەڕێک بەرۆکی کوردی گرتووە و نزیکەی دوو مانگ و نیوە ئەو گروپە دڕندەیە ھاتوونەتە عێراق، ئەو ھێزەی توانی روو بەروویان ببێتەوە تەنیا ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کەواتە پێویستە ھونەری گۆرانی و سروود رۆڵێکی باڵا ببینن بۆ ھاندان و بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی پێشمەرگە و خەڵکیش، چونکە ھەبوونی سروود و گۆرانی کەرەستەیەکی یەکجار پێویستە بۆ میدیاکانی TV و رادیۆ، ئەوەی کە ھەستی پێدەکرێت، ماوەیەکی زۆر تێپەڕێوە، کەچی جگە لە ھەوڵی چەند ھونەرمەندێک و بەھرەمەندێک، کە ئەو بەرھەمانە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو رێژە زۆرەی ھونەرمەندان و دەنگبێژانەی ھەمانە، کە بەردەوام لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەیانبین و دەیانبیستین، سەدان بەرھەمی عاشقانە و دڵدارنە و دولبەرانە و دابڕان و ھتد… پێشکەش دەکەن، کەچی لە ئاستی ھاتنەپێشەوەی مەترسییەکی لەو جۆرە، بەداخەوە ئەو رێژە باش و گونجاوەی لە سروود و گۆرانی بۆ پێشمەرگە و خاکی کوردستان و ئاوارەکانی شەنگال و مەسیحییەکان و کاکەیەکانمان نییە.
من لێرەدا ناتوانم بەتەنیا ھونەرمەندان و بەھرەمەندان لۆمەبار بکەم، بەڵکوو پێوستە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەتایبەتی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی میوزیک لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆکیش ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بوونیان ھەیە و خاوەنی چەندان میوزیکژەنن، چی دەبێ ئەگەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە ھەریەکەیان چەند سروودێک ئامادە بکات، لەو کاتەدا دەتوانن داوا لەو ھۆزانڤان و تێکستنووسانەی کوردستان بکەن، ھەریەکەیان ئەگەر یەک ھۆنراوەش بنووسن، ئیتر ھەر ئەو موزیکژنەنانە کە لەو بەڕێوەبەرایەتیانە کارمەندن، دەتوانن ئاواز بۆ ئەو ھۆنراوانە دابنێن، پاشان ھونەرمەندانی گۆرانیبێژی شارەکان بەشداریی لە گوتنی ئەو سروود و گۆرانییانە بکەن، کە پێم وایە ئەو کارە بودجەیەکی ئەوەندە زۆری تێناچێت، ئیتر ئەو بەرھەمانە بەبێ جیاوازی بەسەر سەرجەم کەناڵەکان دابەش بکەن و ئەو کاتە کەناڵەکانیش لەو دۆخە دەردەچن، کاتێک دەبینین سروودێک پەخش دەکەن، باسی بارودۆخێک و سەردەمانێک دەکات زۆر لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان پێدا تێپەر دەبێت جیاوازە، ھەر سروودێک و گۆرانییەک بۆ بارودۆخ و سەردەمی خۆی جوانە، سروودێک بۆ بەھار و نەورۆز و یادی راپەڕین و ھەڵەبجە گوتراوە، بۆ کاتی خۆی دابندرێت، کە دیارە ھەموومان دەزانین چ کاتێک کاتیەتی و ھەر ھەموومان لە کاتی خۆیدا دەچینەوە نێو ئەو یادەوەرییانە و شانازییان پێوە دەکەین، بەڵام ئەوەی ئێستا گوزەر دەکات بەپلەی یەکەم بەرگریی قارمانانەی پێشمەرگە جوامێرەکانی کوردستانە و ئینجا ئەو خەڵکە لێقەوماوەی ماڵ و خاکی خۆیان بەجێ ھشتووە، بۆیە پێویستە پلانێک ھەبێت بۆ تۆمارکردن و بەرھەمھێنانی چەندان سروود بۆ ئێستا و ئەو بۆنە و یادانەی کە ھەمانە، چی دەبێت لە بری ئەوەی ساڵانە ئەو ھەموو پارەیە خەرج دەکرێت بۆ ئەو ھەموو ئەلبووم و کلیپ و گۆرانییانەی کە ھونەرمەندان ھەوڵی بۆ دەدەن، ئیدی پێم وایە ھیچ عەشقێک و دولبەرێک بە قەدەر خاک و نیشتمان گەورە نییە، مرۆڤ ئەگەر بۆی نەژیت و ھەوڵی بۆ نەدات.
ئەگەر بە خێرای سەیرێکی مێژووی سەردەمی شاخی و بەرخودانی پێشمەرگەی کوردستان بکەین، ئەو کاتە وەک ئێستا خاوەنی ستۆدیۆ و کامێرا و موزیکژەنی بەتوانا نەبووین، کەچی ھونەرمەندانی کورد لە شاخ تونییان خەرمانێک سروود و گۆرانی تۆمار بکەن، کە تائێستاکەش بوونەتە یادەوەرییەکی ئەوەندە جوان و شیرین ھەرگیز بیرناچنەوە، کێ لە ئێمە سروود و گۆرانییەکانی ھەریەک لە ھونەرمەندان (شڤان پەرەوەر، ناسری رەزازی، حەمە جەزا، نەجمەددین غوڵامی) و چەندان ھونەرمەندی دیکەی کوردی تا ئێستاش لە بیرو ھزرماندا ماوە و ئەو سروودانە ھەر بەسەر زاری خەڵکەوەن.
بۆیە پێویستە لەو سەردەمە پێشکەوتووەی ئێستامان کە خاوەنی چەندان ھونەرمەندی گۆرانیبێژی دەنگخۆشین، جارێکی دیکە لە خەمی ھەبوونی چەندان گۆرانی و سروودی جواندا بین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناوی پێشمەرگە و بەرگری لە خاکی جوانی کوردستان بکەینەوە بەسەرمەشقی بەرگری و بەرخودان.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا