هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا
بۆ ئەم بار و دۆخەی ئەمرۆ شیاوی لەوەدایە هەموو لایەنە سیاسی و دەزگا ئەهلییەکان بە پێی ئاراستەکردنێکی شیاو بەرێوە بچن
کە ببنە پاڵپشتی هێزەکانی بەرەنگار بوونەوە و هەموو ململانێ دروست و نا دروستەکان بخرێنە لاوە و تەواوی تواناکان لە پێناو یەکڕیزی و پتەو کردنەکانی ریزەکانی پێشەوەی پارێزگاریکردن بێت لە کوردستان دژ بە داعش یا هەر هێز و پێشهاتێکیتری نەویستراو، چونکە راگەیاندن لە تەواوی رووداو و گۆڕانکارییەکاندا رۆڵی باڵا دەبینێت لە گوڕینی ئاراستە و رێڕەوی سەرکەوتن و داکەوتنەکاندا و ئامادەکردنەکانی ناوخۆ بۆ بەرەکانی جەنگ.
راگەیاندن بە تەنیا چەند دەزگایەکی پەخش و ئارەزوو شکێن نیە، هێندەی لە بنچینەدا دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی نوێیە، بەتایبەت لەم دەمەی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و جیهانگیریدا، هەر راگەیاندنە ئەو تێهەڵکێش و تەونە کەلتووریە تەنانەت پڕبەهاکانیش دەبڕێت لە کۆمەڵدا و کارتێکردنی خۆی بۆ خۆشکردنی بنچینەی گۆڕانکاری نوێ دەبینێت و کارتێکردنی لەسەر بیر و هۆش و چۆنیەتی بیرکردنەوەی تاک دەسازێنێت، هەر بۆیە دەکرێت راگەیاندنی میللەتان بکەیتە پێوانەیەک تا ئاستی توانای چالاکی سیاسی و ئاستی بیرکردنەوەی سیاسییەکانی و جۆری ئابووریەکەی و تێگەیشتنی هەمەلایەنەی تاکەکانی پێ دیاری بکرێت و بناسرێن، لە زەمینەی سەردەمی ئەمڕۆی کوردستاندا کە تا ئێستاش لایەنبازی و بەرژەوەندی حزبی زاڵە بەسەر کێشە نەتەوایەتییەکانماندا و دوژمنێکی تیرۆریست یان رەگەز پەرستانێکی دژ بە کورد لە قاڵبێکی تری نوێی مەزهەبیدا بەر دەم دەرگای ژیانی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گرتووە، لە ژێر هەر فشارێکدا یان بێ توانایی یان هەر هۆکارێکی تردا بووبێت شیمانەی هەیە لێرەو لەوێ سەنگەر و ناوچەیەک چۆڵبکرێت لەبەردەم هێرشی بەرامبەردا، ئەمەش جێی بوویەکی هەبوە بووە تەنانەت لە زۆر جەنگ و شەڕدا بە درێژایی مێژووی شەڕ و پێکدا دان، دەشێت هەندێ جار دوور لە شکانی بێ توانایی بەرەنگار بوونەوە، پاشە کشە بکرێت و زیانی زۆر بکرێت، وەلێ کاتێک راگەیاندن کە هەموو سەنتەرە هەستیارەکان دەبڕێت و پاساوێکی نەشیاو بۆ شکستێکی ئەنقەستی هێنایەوە و پەی بەو بیردۆزە نەبرد کە هەر کەلێنێکی فەرامۆشکراو کەلێنی تر بەدوای خۆیدا دێنێ، ئەو دەم ئەو راگەیاندنە دەکەوێتە بەر دەم بەرپرسیاریەتیێکی مێژووی گشت و نەتەوایەتیەوە، هەر بۆیە پەلەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەت لەم بار و دۆخەدا کە سەرپەرشتی تەواوی میدیا بینراو بیسراو و نووسراوەکان بکرێت لەوەدا دەبێت بریار بەدەستە باڵاکانی هەرێم هەنگاو لەو بوارانەدا هەڵبنێن کە خواست و ئارەزووە نەتەوایەتییەکان و نیشتمانییەکانی میللەت تێر دەکەن تا تاکی کورد نەک بە تەنیا گوێبیست و گوێڕایەڵی فرمانەکان بێت بەڵکو ببێتە هاوکارێکیش بەرامبەر بەهەر میدیایەکی گوماناوی، ئاخر ئەوە هەر هەندێک لە میدیاکانە هێز دەبەخشنە پێشمەرگە و هێندێکی تریشیان ورەی پێشمەرگە دادەبەزێنن، ئالەم بار و دۆخە سەخت و دژوارەدا پلانێکی دارێژراو نیە بۆ میدیاکان، بە مەبەست یان بێ مەبەست هەندێک باس و بڵاوکردنەوەی هەواڵ دەچێتە سنووری تەقەڵاکانی تابووری پێنج و خزمەت بە دوژمنان و هێزی رەش و تاریکی دەکات، کێ بەرپرسیارە لەم کەین و بەینەی لە میدیاکاندا رەخساوە و دەرەخسێت، کێ خاوەنی سەرپەرشتیکردن و رێکخستنی تەواوی هێزی میدیاکانە تا لە پێناوی ئامانجە نەتەوایەتییەکاندا بەگەڕ بخرێن، ئیستا جەنگە و جەنگیش پێداویستی خۆی دەوێت.