بورھان شیخ ڕەئوف
لە ١ ی مانگی تشرینی ڕابردووەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکانی بەغداو پارێزگاکانی باشووری عێراق لە ھەڵکشانێکی بەردەوامدایە , بە جۆرێک زیاتر لە ٤٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوەو زیاتر لە ١٤ ھەزار کەس بریندار بوون .
ئەمە پێشھاتێکی نوێ یە لە مێژووی نوێ ی عێراقدا کە ھەندێک ناوەند بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری فراوان ناوی دەبەن کە گەنجان و لاوانی وڵات بە نێرو مێ وە بەشداران و کەتەمەنیان لە نێوان ( ١٥- ٣٠)ساڵە کە ڕووبەڕووی حکومەتێک بوونەتەوە کە ھێزو توندوتیژی بەکارھێناوە بۆ پەرپەرچ دانەوەیان ھەر لە غازی فرمێسک ڕێژەو تاوەکو گوللە لە لایەن تاقم ومیلیشیا چەکدارەکانەوە , لە کاتێکدا لاوەکان بە سنگی ڕووت و ئاڵای عێراقەو بە ئاشتیانە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن .
ھۆکاری خۆپیشاندانەکان
گەندەڵی : ئەو پەتا کوشندەو سامناکەی کە مەترسی لە تیرۆر زیاترەو زیانی گەورە ی بە گەلانی تازە پێگەیشتووی جیھان گەیاندووە, لە پێش ھەموویانەوە گەلانی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوین , ھەربۆیە دروشمی خۆپیشاندەران ھەر لە تونس و لیبیاو جەزائیر و میسرو یەمەن و سوریاو لوبنانەوە تاوەکو عێراق لە ناوبردن و بنبڕکردنی گەندەڵیە و بە فاکتەری سەرەکی ھەموو قەیران و نەگبەتیەکانی وڵاتەکانیانی دەزانن .
ڕێکەوت نیە کە ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە دوا ڕاپۆرتی ساڵانەیدا گەندەڵی سیاسی بە ئالنگاری سەرەکی بەردەم گەلانی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقیاش بزانێت ,
لە بەرئەوەی زۆرێک لە حکومەتەکانی ناوچەکە لە ژێرکاریگەری ھەندێک کارەکتەرو کەسایەتی سیاسی دەست ڕۆیشتوودا بوودجەو پلانە ئابوورییەکانیان دادەڕێژن کە ئەمەش وادەکات بەرژەوندی ئەو تاقم و کەسانە بخرێتە سەرووی بەرژەوندی گەل وھاوڵاتیان ,
ھەر ڕێکەوت نیە بەشی زۆری ئەو انەی ئێستا لە عێراق و تەنانەت لوبنانیش خۆپیشاندان دەکەن گەنج و لاوانن چونکە ئەوان زیاتر ھەستیارن و ھەست بەو زوڵم و ناھەقیە گەورە دەکەن کە لێیان دەکرێت لەلایەن تاقم و توێژێکی کەمەوە کە ھیچ شتێک بە لایەنەوە گرنگ نیە ئەگەر ھەموو خەڵکی وڵات تەنانەت لە برسیشا بمرن بەڵام ئەمان سامان و داھاتەکەیان زیاد بکات و زیاتر دەوڵەمەند بن بە شێوەیەک ئێستا و ئایندەیان وێران بکرێت لە لایەن ئەو تاقمە بێ ڕەوشت و داماڵراو لە مۆراڵانە .
خەڵکی ئەم وڵاتە عێراق چۆن بێ دەنگ بن ئیتر لە کاتێکدا وڵاتەکەیان لە ریزی پێشەوەی وڵاتە دەوڵەمەندەکان بێت بەڵام گەلەکەی داماو و بێ کارو بێ خزمەتگوزاری بێت لە سایەی کاربەدەستی گەندەڵدا ,بەڵام لە لیستی وڵاتە گەندەڵەکاندا لە لیستێکدا بێت کە لە پێش وڵاتانی لیبیاو سودان یەمەن و سوریا و سۆمالەو بێت .
ئەی شرۆڤەو وەڵام بۆ ئەو پرسیارە چیە کە لە وڵاتێکدا دەستەی دەستپاکی ھەبێت کە لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە دامەزرابێت و گەندەڵی ھەبێت ؟ ھەر وەزارەتێک پشکنەرێکی گشتی بە دەزگایەکەوە لە گەڵدا بێت و کەچی کەس سڵ نەکاتەوەو گەندەڵی ھەر ھەبێت ؟ دیوانی چاودێری دارایی جگە لە دەزگای دادوەری و پەرلەمانی ھەڵبژێراو ھەبێت گەندەڵی ھەر گەشە بکات ؟
دەبێت لە ئاوا دۆخێکدا خەڵکی ئەم ولاتە لە ھەموو دەزگاکان بە گومان بێت دەبێت بپرسین دەبێت ماڵێک نەمابێت لەم وڵاتەدا گەندەڵێکی تێدا نەبێت ؟
ئەگەر سکتەری کارەبا بە نمونە بھێنینەوە لە عێراقدا لە دوای ١٦ ساڵ دوای خەرجکردنی دەیان ملیار دۆلار تا ئێستا نەیانتوانیووە کارەبای ھەمیشەیی بۆ عێراق دابین بکەن .
دەستوەردانی دەرەکی
فاکتەرێکی دی خۆپیشاندانەکان کە لە ھەموو گۆڕەپانەکانی شارەکانی عێراقدا ڕەنگی داوەتەوە
وڵاتانی ئیقلیمی یە لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بە تایبەتی ئێران کە کاردانەوەیتوندی خۆپیشاندەرانی لێکەوتۆتەوەو کە پەلاماری سومبول ڕابەرو تەنانەت کونسڵگەرییەکانیش بدرێت لە کاتێکدا باس لە پەیوەندی تائیفی نێوان ئێران و ئەو شارانە دەکرا لە پێشوودا .
لە کۆتاییدا لە دوای شازدە ساڵ لە حوکمڕای ئەم تاقم و ھێزە تائیفیانە کە جومگە سەرەکیەکانی عێراقیان بە دەستەوە بووە , ئێستا عێراق لە دۆخێکدایە کە ئیرەیی پێ نابرێت کە بە کورتی پێمباشە ھەندێک زانیار و داتای ورد بخەمە ڕوو بۆ ئاشنابوونی زیاتری خوێنەران ئازیزم :
عێراق ١٣٤ ملیار دۆلار قەرزدارە بە گوێرە ھەڵسەنگاندنەکانی بانکی دەولی , کورتھێنانی دارایی ١٠٠ ملیار دۆلار , عێراق پێویستی بە ٤٠٠ ملیار دۆلارە بۆ بنیاتنانەوەی ئەوەی لە دوای ٢٠٠٣ ەوە وێرانکراوە . عێراق بوودجە تشغیلی بەکاربەری ٤٤ ملیار دۆلارە تەنھا بۆ بیرۆکراسیەت و مووچەی ٨ملیۆن کارمەند , لە کاتێکدا ٣٥% کۆمەڵگای عێراق ھەژارن , ٦ملیۆن ھەتیوی تێدایە , ٢ملیۆن بێوەژن , ٨ملیۆن نەخوێنەوار , پێویستی بەبنیاتنانی ١٥ ھەزار قوتابخانە ھەیە , ٧% مادەھۆشبەرەکان بەکاردەھێنن .
لەوانەش سامناکتر عادیل عەبدولمھدی بایی ١٨٧ ملیاردۆلار واژۆی گرێبەستی بۆ ٦ ھەزار پرۆژە لە گەڵ وڵاتی چین لە دوا سەردانیدا کردووە بێ ئەوەی ھیچ بڕەپارەیەک ڕەسید و دەستمایەی لە بەردەستدا بێت .