من له نوسینه‌کانمدا زۆر جار وشه‌ی به‌ئاگای و نائاگای به‌کارده‌هێنم ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که من وه‌ك ڕاهێنه‌رێکی ده‌روونی باشترین ئاسانکاری بکه‌م بۆ خوێنه‌ران و ئاره‌زومه‌ندانی وه‌رزشه ده‌روونییه‌کان.ئه‌وه‌ی که 24 کاتژمێری مرۆڤ پێکده‌هێنێت له بواری ده‌روونیدا (بیرکردنه‌وه‌و هه‌ست و وێنه‌یه)، که هه‌ریه‌ك له مانه‌یه ده‌بنه میوانمان به ئاگای و نائاگاییه‌وه. ده‌مارو مێشکی مرۆڤ ناتوانێت جیاوازی بکات له نێوان فهنتاسیاو ئه‌و شتانه‌دا که له ڕاستیدا ڕووده‌ده‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر مێشك ئه‌و جیاوازییه‌ی بکردایه گرژبوونی ده‌روونی/ سترێسمان زۆر که‌می ده‌کرد و باشتر کارمان ده‌کردو ته‌ندروستر ده‌ژیاین. له‌زۆربه‌ی باره‌کاندا ته‌نها بیرکردنه‌وه‌کانمانه که ئێمه ده‌تۆقێنێت و ده‌بێته ڕێگرمان بۆ گه‌شه‌کردن و به‌ره‌و پێش چوومان به‌هۆی گۆڕانکارییه‌کانه‌وه. بگره ئه‌و بیرکردنه‌وانه‌مان وامان لێده‌کات که ئێمه ئارامبین له‌و باره‌ی خۆماندا و بوه‌ستین نه‌کا توشی کێشه‌یه‌ك ببین. به‌م شێوه‌یه‌ش ئێمه سنورێکمان بۆ گه‌شه‌ی خۆمان دانا. زانایه‌ك ده‌ڵێ: مه‌گه‌ر خۆت به‌ند بکه‌یت و له ماڵه‌وه و نه‌چیته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی توشی کێشه‌و ململانێ نه‌بیته‌وه.
ئه‌و کاته‌ی تۆ ڕوداوێك یان به‌سه‌رهاتێکی کۆنت به‌بیردێته‌وه و به خه‌ستی ده‌چیته ناوی له‌وکاته‌دا هه‌موو ده‌ماره‌کانی مێشكت چالاك ده‌بنه‌وه هه‌روه‌ك له‌و کاته‌دا بژیته‌وه. له هه‌مو سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که هه‌ندێ شت هێشتا ڕوینه‌داوه و له‌وانه‌یشه زۆر دووریش بێ له ڕودانه‌وه که‌چی ئێمه به‌ته‌نها بیرکردنه‌وه‌مان بۆی به ئاگایانه له‌وشته یان خه‌یاڵه که ئێمه ده‌گرێت یان ئێمه ئه‌و ده‌گرین… ماوه‌یه‌كی زۆر دڵمان خۆش یان ناخۆش ده‌بێت ئه‌ویش په‌یوه‌ندی هه‌یه به ناوه‌ڕۆکی خهیاڵهکهوه. ئه‌گه‌ر ناخۆش بێت ئه‌وا دڵمان به خێرای لێده‌دات و له‌وانه‌یه ئاره‌ق بکه‌ینه‌وه ، په‌ستانی خوێن و شه‌کره‌مان به‌رز ده‌بێته‌وه، هه‌ناسه‌مان تونگ ده‌بێت وهه‌ناسه سروشتیه‌که‌ی خۆمان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین بۆ ماوه‌یه‌ك وه هه‌ست به گرژیه‌ك ده‌که‌ین له شان و ملماندا. پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ست ده‌که‌ین که ته‌نها خه‌یاڵ بووه و دووریش بووه له ڕاستی، به‌ڵام ئێمه هه‌روه‌ك له ڕاستیدا ڕووبدات مێشکمان چالاك بووه و زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانی له‌شمان له کاردابووه به هۆرمۆنه‌کانه‌وه هه‌روه‌ك کاتی ڕووداوه‌که.
ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وانه له مرۆڤدا به‌هره‌ن و ئاماده‌کراون له بێئاگایماندان، خۆمان ده‌توانین به‌کاریان بهێنین چ به باش یان به خراپ. که مجار ئێمه بیرکردنه‌وه‌مان بۆ پێشهاته‌کانمان باش و دڵخۆشانهن که ئه‌مه‌ش جێگای بیرکردنه‌وه‌و پرسیاره . بۆچی ئێمه وا بیرده‌که‌ینه‌وه که بیرده‌که‌ینه‌وه؟ بۆچی وا بیر ناکه‌ینه‌وه که ژیانێکی خۆشتر و ته‌ندروسترمان پێببه‌خشێت؟
که ده‌زانیت تۆ خۆت کۆنترۆڵێکی زۆر له‌و خه‌یاڵانه‌ت به ده‌سته بۆ به کاریان ناهێنیت بۆ جوانتر کردنی ژیانت بۆ ئه‌وه‌ی توانا شاراوه‌کانی خۆتی د‌رك پێبکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی ببیته مرۆڤێکی جیاتر له‌وه‌ی هه‌یت له‌ڕووی گۆڕانکاری و گهشهکردنتهوه و بوێربیت له ململانێکانی ژیانتدا.
ڕێنمای من بۆ تۆی به‌ڕێز ئه‌وه‌یه که له‌مه‌ودوا به‌شوێن بیرکردنه‌وه‌کانتا مه‌رۆ ئه‌گه‌ر زانیت بێ سوودن و ده‌تبات به‌ره‌و نائارامی و نا هاوسه‌نگی ته‌ندروستی ده‌روونی. به‌ڵکو هه‌وڵبده تۆ ملی بیرکردنه‌وه‌کانت بگریت و به باشترین شێوه ڕه‌نگیان بکه‌یت له پێناو ئاسوده‌ی و خۆشحاڵیتدا. تۆ له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌بیته مرۆڤێکی ده‌روون به‌هێز و داهێنه‌ر.
سه‌رکه‌وتوبن