سەردار جاف
ئەڵمانیا
شاعیرaی ( تەسەوف و خواپەرستی ) و ( خۆشەویستی و ئیشق ) ی دولبەر دەست و پەنجەیەکی دیار و درەوشاوەیە لە نێو ئەدەبی کلاسیکی کوردی و ناکرێ کە باس لە شیعری کلاسیکی بکرێ کەسێکی وەک ڕەوانشاد سافی ھیرانی لە یاد بکرێ، تەنانەت لە نێو ھونەری میلۆدی کوردیشدا وشەکانی دەبریسکێنەوە، بیر و ھزرێکی بەرفرە و دەوڵەمەندی ئەوین و ئیشق و سوتان و پوکانەوە بۆ دولبەرەکەی، وشەکانی لە نێو ئاوازی کوردیدا ڕەنگینتر بە دەردەکەون و ئەم بوارەی دەوڵەمەند کردووە، بیری و خەیاڵی ئێمەی ھەمیشە بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە بێ ئەوەی ھەست بە خۆمان بکەین، (( ئەی موتریبی حەریفە )) ی ڕەوانشاد تایەر تۆفیق لە خەیاڵدانی سافی ھیرانییەوە ھەڵقوڵابێ ئەوا ئێمەین لە سەر زارمان ھەردەم دەیڵێینەوە یادی خاڵە تایەر دەکەینەوە وەلێ لە بەر ئاشنا نەبوونمان یان بێ پەرواییمان کەمتر کاکی ھیرانی بە ھزرماندا دێتەوە، یان کە پەرچەم و ئەگریجە خاوەکەی عەلی مەردانی ڕەوانشاد جۆش و خرۆشمان دەدا و بە دوژمنی دینی دەزانین، ئەوە شیخی سەنعانی کوردە کە بە پاکی و جوانی و بەرائەتەوە لە وەسف و پیاھەڵدانی دولبەرەکەیەتی ، سەرباری ئەو تەکییە و موریدچاکییەی خواپەرستی قایلە بەو ڕێچکە باوەی دژ بە دینەکە چونکێ دولبەرەکەیشی لا شیرین و خۆشەویستە، قایلە بەوەی ئەو پەرچەمە بە سەر کوڵمەکانیدا پەخش بێت و پۆپەشمینێک بێت بە سەر گەردنیدا شۆڕبێتەوە، ئەوەیە ئەو حاڵەتە ھۆگرییەی ھیرانی کە لە نێو زیکر و تەھلیلە و خوداپەرستییەوە حاڵگرتوو بێ، کەچی نەیتوانیوە لەوەسفی دولبەرەکەی دا کەمتەرخەم بێت و وەک خۆی وەسفی نەکات، بە جوانی و روونی دەقاودەقی وەک خۆی لە ئەندێشە و نوسینەکانیا وێنای کردووە.
ئەگەر بە وردی دیقەتی دەقەکانی شاعیر بدەین دەزانین ئایین و خۆشەویستی و ئیشقی یارەکەی وەک دوو ھێڵی شەمەندەفەر ھاوتەریب بوون و لە تای یەک تەرازوودا ڕایگرتوون و یەکسانی کردووە. وەک بۆماوەییش ( میرات مانەوە ) لە رووی کۆمەڵایەتی و ئەو ڕێچکە و تەریقەتەوە لە نێو کوڕ و کوڕەزاکانیدا ڕەنگی داوەتەوە کە تەنھا کەسێک جێنشینی گرتووە و درێژەی بەو تەریقەتە ئاینییەی دەدات. کە لای مورید و دەروێشانی ( کاکی ھیرانی ) لە شای ئێران بە ھەیبەتتر و قیمەتدارتر بووە لایان، ئەمڕۆیش ئەو ڕێگای ون نەکراوە.
ئیشق و ئەوین و دلگیرۆدەیی شۆخەژن لە دڵی شاعیردا دەردێکی کاریگەر بووە دەکارێ بڵێین ئالوودە و نەخۆشی ئاشقەکەی بووە، لە دەقە شیعرییەکانی بە جوانی ڕەنگی داوەتەوە، نمونەیش بۆ ئەم برینداری و نەخۆشییەی ئەم بەیتە لە غەزەلی / ١ کە دەڵێ :
ڕۆژی عەیدان عادەتە دەستی حەنایی کا ، مەگەر
سا کە وابێ ، دێ بە خوێنم پەنجەکەی ڕەنگین دەکا
تەماشا چۆن لە گەرمەی خۆشی و کەیفسازی تەواوی خەڵکی موسڵمان کە جەژن دەگێڕن و شایی و لۆغانیانە و یارەکەیشی دەستی خەنەبەندان دەکا، پێشوەخی گەرەکمە ئەوە بێژم کە خەنەبەدان و خەنە گرتنە دەست دەلالەتی ڕەوینەوەی خەم و خەفەت و کۆست کەوتنە و ھاتنی ڕۆژی جۆش و خرۆشییە، دەڵێ کە لە چەژندا عادەت بێ دەست و پێ و پەنجەکان خەناوی بکات، کە ئەو بێ ئاگا بێ و لە من و دڵی بۆم نەبێ و نەزانێ من چەند دڵبرینم و خوێنم لێ دەچۆڕێ بۆ بە خەنە دەست و پێی جوان دەکا با بێت و بە خوێنی برین و ئازار و نەخۆشی من کە تووشم بووە بۆ ئەو، با دەست و پێ و پەنجەکانی خەنەیی بکا… ئەوەمان تەنھا وەک نمونەیەک ھێنایەوە کە ئیشق لای سافی بۆتە نەخۆشی و خوێنچۆڕاندن.
ئەگەر ئێمەی تەمەنداران کەمتر دیدی بدەینێ ئەوا لە گۆرانییە پڕ سۆزدارییەکانی خۆشەویستیدا دیارە کە گەنجانی ئەمڕۆ جۆش و خرۆشێکی دیکەیان بە وشە و بیر و ئەندێشەکانی شاعیر داوە ئەوە لای ھێمن حوسێن بەدی دەکرێ کاتێ میلۆدییەکەی مەردان ئەگریجەی یارەکەی ھیرانی ئاویتەی چایخانەیەکی پڕ ئیشق دەکا لە تەک دۆمینەکردن و نێرگەلەوە بە یادی عەلی مەردان بیرو خەیاڵەکانی شاعیر دەڵێنەوە، سۆزێکی جوانتر و سەردەمیانەتری پێ دەبەخشێ، ئەمەیش ئەوە بە گوێماندا دەچرپێنێ کە دەقەکانی شاعیر بۆ زەمەنێکی قەتیس کراو نەبووە و نییە و نەوە دوای نەوە نوێ دەبێتەوە، لە دەنگی ڕەوانشادان عەلی مەردان و خارە تایەرەوە بۆ عەدنان کەریم و ھێمن حوسێن زۆرێکی تر لە ھونەرمەندانی دەنگخۆش. ئەوە ئەگەر پاکی و جوانی ئیشق بۆ دولبەر نەبێ وا بەردەوامی نابێ، ئا ئەوەیە خەسلەتی جوانی ئاشقان.
لێرەدا بۆ چوونێک زێتر ساغ دەبێتەوە کە دەگوترێ : (( خۆشەویستی کار و کردە و فەرمانی دڵە ، لە قوڵایی دڵی مرۆڤەکانەوە چەکەرە دەکا بە ھۆی ھەر یەکێ لە ھۆکارەکانەوە سەر ھەڵدەدات، جا دیار بێ یان نادیار بێ ، ئەم حاڵەتە قەتیس کراو نییە لە نێو ڕەگەزێکی نێر یان مێ، دەکرێ لە ژنەوە یا کچەوە بۆ پیاو بێ کە لای کۆمەڵی کوردی پێچەوانەکەی باوترە، ئیدی ئەم جۆرە بەر لە ھاوژینی بوون بێ یان پاش ھاوژین بوون، کە ژیان لێرەدا دەبێتە ھاوتەریب و پێکەوە سوتماکی یەک دەبن)). دەکارێ بێژین سافی خۆشەویستی بۆ نادیار نەبووە بۆ کەسێکی دیار بووە و دەستنیشانی دەکات کە سەرپۆش بە سەر نەبووە و لەو سەردەمەیش ڕەنگە نەنگ بووبێ کاری لەو شێوە بۆیە بە دوژمنی دینی زانیوە کەچی لە ھیچ شوێنێکی ئەم دەقە پاشگەز نییە لە خۆشەویستەکەی بەڵکو بە تەشویقترەوە باس لە خۆشەویستی دەکات. کە لە دوا بەیتە بۆ ئەو یارە دوور لە دینەی دەڵێ:
( سافی ) کە لە خاکی دەری تۆ دوورە بە قوربان
سەگ مەرگی نەبێ، ھێندە چلۆن قابیلی ژینە …
کەواتە سافی بۆ ئیشقێکی دیار و کچێکی شۆخ و نازداری نوسیوە و دیاری کردووە، گەرچی ئەگریجەکەی دوژمنی دینە وەلێ ھەر پێی قایلە و بێ وی ژینی قابیل نییە.
ئەوەی ڕەوانشاد عەلادین سجادی باسی کردووە لە پێشەکی دیوانەکەیدا لە بارەی شەیدایی بە جوانی سروشت و دەنگی باڵندەکان ، بە پێی دیدگای سەردەمی پێشوو و تا ئەندازەیەکیش باوەڕبوونی ھەندی دیدی نوێخوازی و بوونیادگەرایی ئەوە جاڕ دەدرێ کە ترس لە سروشت گوازراوەتەوە بۆ ترس لە ژن، کەسایەتی ژن لە ئەفسانە و چیرۆک و سەربوردە کۆنەکانەوە سەرچاوەی ئەم بیرکردنەوەی گرتووە، مێژووی مرۆڤایەتی خۆی لە خۆیدا نوێنەرایەتییەکی ڕوون و دیار و ئاشکرای ئەم پەیوەندییە پڕ مەترسییە دەخاتە ڕوو، ئەز لێرەدا بە دیوێکی دیکەدا وەک خویندنەوەی ئەوی دی تێڕوانین و دید و بۆچوونەکە ھەڵاوێرد دەکەم، سروشت ئەو دیمەنە ڕەنگین و جوانەیە مەگەر تەنھا شاعیر بە ھەستە ناسکەکانی بتوانێ باسی بکات، لەوێوە درک بە دیوە شاراوەکانی سروشت دەکات دەزانێ ئەو گوڵە پێویستی بە خوێندنێکە جوانتر و لاف و گەزافی فانتازیانەتر بنوێنێ ، سافی ھەستی بەوە کردووە بۆیە جێ بایخ بووە، دەنگی کەوی تێکەڵ باخچە و باغی ئیرەمی تەکیەکەی کردووە، لە تەک حەوز و ئاوەکەیدا جوانی زێتری خوڵقاندووە، لە سروشت بە خەسڵەتە جوانەکەیەوە فرە حاڵی بووە و لە مانا و مەغزا و چێژەکانی تێگەیشتووە، دونیای خۆی جوانتر و قەشەنگتر و ڕەونەقدارتر کردووە ئاوێتە بوون و شوبھاندنی دوو دونیا بە یەک نیگا ئەوە کارامەیی و سەلیقەیی زەمانی خۆی بووە، لێ ئاوا شاعیر ژن و سروشت لەم گۆشە نیگایەوە یەک ڕەنگ دەکا.
ئەگەرچی سافی ھیرانی ھەندێ دەقی ھاوشێوەی شاعیرانی دیکە داڕشتووە وەلێ زیرەکانە و ئەندازیارانە بیناسازی و تەلاری وشە ریزبەندی پێکاوە و باڵەخانەی دەقی بونیادناوە، ناکرێ بە وردی لە سەر تەواوی ئەو دەقانە ھەڵوێستە بکەین و شرۆڤە و شیکاری ورد بخەینە ڕوو، لێ خوێنەر بۆ خۆی ھەستی پێ دەکات و ھەندێ جار ئەو شاعیرانەمان بە بیر دەھێنێتەوە، ئەوە جگە لەو چوار خشتەکی و پێنج خشتەکیانەی لە سەر دەقی شاعیرانی دیکەی نوسیون، دەکارێ بڵێین وەرگیراو ( ئیقتیباس) و لاسایی کردنەوەی ریتم و وشە و فۆرمی شاعیرانی وەک : نالی ، سالم ، کوردی ، ئەحمەد موختار بەگی جاف و حاجی قادری کۆیی بە بیر و ئەندێشماندا دێنێتەوە و پەنجەکانیان بەدی دەکەین، ئەگەر خوێنەر بە وردی دیوانەکەی ھەوداھەودا بکا ئەم بۆ چوونەی لە لا گەڵالە دەبێت، کەچی بە داخەوە ئەگەر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا جۆرێک لەو لاسایی کردنەوە و ریتمە لە دەقی شاعیراندا بە دی بکرێ ، ئەوا پەنجەی تۆمەت و تاوانی بۆ درێژ دەکرێت، وەرگرتنی دەقاودەقی دەقەکان خۆی لە خۆیدا تاوانە یا وەرگرتن لە زمانێکی دیکەوە تەنھا وەرگێڕانەکە بێت و بیکاتە داھێنانی خۆی ئەوانە دەچنە خانەی تاوانەوە، بەڵام سافی ھیرانی زیرەکانە لەو بوارە توانیویەتی یاری بە وشە و بیرەکانی خۆی بکا و لێی دەرباز ببێ.
ئەوەی ئێمە لە دیوانە شیعرییەی بەردەستماندا سەرنج و تیبینیمان کردووە، زۆربەی دەقە شیعرییەکانی شاعیر لە چوارچێوەی ئیشق و ئەوینداریدایە، کەمتر لایەنی تەسەوف و خودا پەرستی بەدی دەکرێت و بەرچاو دەکەون، جا نازانین بشێ ھۆکارەکە ئەوە بێت ئێمە لەم دوور دەستییەوە ھەر ئەوەمان بەر دید کەوتبێ یاخود بۆ خۆیش لە بنەرەتدا ھەروایە، ئێمەیش لەم پەراگەندی و ئاوارەیی و دوور دەستییەوە ھەر ھێندە دەکەونە بەر دەست و پێمان نەنگییە ئەو شیعرە جوان و بە سەلیقەیی نوسینە ئاوڕی کەم لێ بدرێتەوە و زێتر شی نەکرێتەوە ، ھەر چەندە ئێمە شیکاری وردی دانە بە دانەی دەقی شیعریمان نەکردووە، ئەوە جگە لەوەی زەمەنێکی زۆرتری گەرەکە ھاوکات پێویستی بە سەرچاوەی شیکاری و شرۆڤەی زانستیانە و ئەکادیمیانەی فیکری و فەلسەفی و دەروونی ھەیە، کە بە داخەوە ئێمە لەم رووە وە ھەژارین و ئاشنا نەبوونی زمانەکەیش کارێکی وای کردووە لەو سەرچاوە بەھێز و دەوڵەمەندانەی وڵاتی ئەڵمانیا بێ بەش بین، ھەوڵ دەدەین لە داھاتوودا لە بری ئەم شرۆڤە سەرپێیە خوێندنەوەی وردی دەقە شیعرییەکانی بکەین، ئەگەر تەمەن ڕێ بدات و کۆسپ و تەگەرە ڕێمان لێ نەگرن.
لێرەوە دەمانەوێ ڕووی نوسین و قسەمان بکەینە ئەو قوتابییە ژیر و چالاکانەی کۆلیژە ئەدەبییەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان لە پاڵ شاعیرانی دیکەی کلاسیکی کوردی بایەخ بە شیعرەکانی سافی بدرێ ناکرێ شاعیرێکی واھەست ناسک نادیدە بکرێ، دەرگای توێژینەوە زانستییەکانیان بۆ کاکی ھیرانی و دەقەکانی واڵا بکەن، یا دەکرێ نامەکانی ماستەر و دکتۆرا ئەم شاعیرەیش بگرێتەوە و زێتر بایەخدار بکرێ، ئەنجامدانی کاری وەھا پێمان وابێ زیاتر شۆڕبوونەوەمان بە مێژووی ئەدەبیات و شیعری کلاسیکی کوردی جاڕ دەدا.
بە ھیواین توانیبێتمان ئەگەرچی نوسینێکی کورت و سەرپێی بوو بێت گەڕانێکمان بە ھزری سافیدا کردبێت، دەکارێ ڕەخنەگران زیاتر و زیاتر و بە دیدی بەرفراوانتر و بە سەرچاوەی فەراھەمکراوی بەردەستەوە ڕۆشنایی باشتر تیشکی جوانتر بخەنە سەر دەقە شیعرییەکانی..
سەرچاوە :::
دیوانی سافی ( مستەفا ھیرانی ١٨٧٦ – ١٩٤١ ) چاپ و بڵاوکردنەوە ، سەقز ، فەرھەنگسەرای ھونەر و ئەندێشە ، کەڕەتی چاپ – یەکەم بەھاری ٢٧١٦ ی کوردی .