سەدیق سەعید ڕواندزی
تیمەی بەشێکی زۆری ئەوڕۆمانانەی نووسەرانی فارس نووسیویانە، بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی من خوێندوومنەتەوە، تیمەیەکی سادە، بابەتێکی ساکاربوونە.ڕووداو لەوڕۆمانانەدا، ڕەنگە ڕووداوێک بێ، ئاڵۆز نەبێت کەھەموومان پێی ئاشنا نەبین، بەڵام ئەم ڕووداوانە دەبنە جێگەی سەرنجی خوێنەروھەڵوەستەکردنی. ئەمەوێرای ئستاتیکای گێڕانەوە لەودەقانەدا، کەھونەرکارییەکی ھێندەجوانی تێدایە، کە سەرنجی خوێنەر ڕابکێشن. خوێنەرکەڕۆمانی(لەمەککە)دا دەخوێنێتەوە، سەرسام دەبێت لەوھەموو ھونەرکاریەی لەوەسفی شوێن وکەرستەوکارەکتەرەکان، بەزمانێکی سادەکراوە. وەک ئەوەی خوێنەرخۆی کارەکتەری ئەوڕووداوانە بێت و لەپەیوەندی دابێت لەگەڵ شتەکان. من وام ھەست دەکرد، ئەوە خۆمم سواری ئەوجێبە بوومە کەمەترێک لەئوتومبیلەکانی دیکەبەرزترە. شیعریەتی گێڕانەوە لەوڕۆمانەدالەئاستێکدایە، کەخوێنەرچێژلەخوێنەوەی ھەمووئەودیمەنانە دەبینێت کەڕۆماننووس باسیکردوون. ڕۆمانی لە مەککە، لەوجۆرەڕۆمانانەیەکەسادەن، وەلێ لەکاتی خوێنەوەیاندا خوێنەرچێژیان لێدەبینێت و وشەو دەربڕینەکانی دەبنە جێگەی ھەڵوەستەکردنی. بێگومان نابێ ئەوەشمان بیربچێت، کەئەمە پەیوەندی بەئاست وتوانستی وەرگێڕەوە ھەیە، بەتایبەتیش لەزمانی ھۆڵەندی کەلەڕەگەزی زمانە قوڕسەکانە. بەڵام وەرگێڕی ڕۆمانەکە،توانایەکی زمانەوانی دیاری لەمیانەی وەرگێڕانەکەدا،بەرجەستە کردووە. ڕۆمانی لەمەککە،باسی پەیوەندی نێوان دایک وکوڕێک دەکات، کەڕەنگە ھەرخودی ڕۆماننووس خۆی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، لەئێران دەژیت وقوتابی زانکۆیە. لەسەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێراندا لەکۆتایی ھەفتاکان، وەک ڕۆژنامەنووسێک چەندڕاپۆڕتە ھەواڵێک بەنھێنی ئامادە دەکات و پەیوەندی بەبزووتنەوەیەکی گەریلاییەوە دەکات. ھاوکات کتێبێکیش لەبارەی کوردەکانەوە دەنووسێت. دەستنووسی کتێبەکەی لەماڵەوە، دەشارێتەوە لەدووتوێی کتێبەکانی، تاکوڕۆژێکییان پیاوانی ڕژێم، بەمەبەستی پشکنینی ماڵەکەی، کەپێشترھەستیان بەوەکردووە کەلەبارەی کوردەکانەوە کاری نھێنی دەکات، بەسەرماڵەکەی دادەدەن. ئەگەرچی خۆی ھەرچۆنێک بێت ھەڵدێت وڕزگاری دەبێت، بەڵام پسمامێکی دەگیرێت، دواترلەسێدارە دەدرێت و ھاوکاتی مەحبووبەی خوشکیشی، ئیتلاعات زیندانی دەکات. بەشێکی زۆری تەمەنیشی لە زیندان دەباتە سەرودواجاریش وەک غەریب وگۆشەگیرێک وتێکشکاوێک ئازاددەکرێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، ئیدی دەزانێت ژیان بۆئەولەئێران، بەمانای کوشتن ولەسێدارەدان.بۆیە وڵات جێدێڵێت ولەھۆڵەندا، بۆماوەی سی ساڵ ئاوارەدەبێت. لەوماوەیەدا، چەندجارێک دایک و خوشک و باوکەخاوەن پێداویستییە تایبەتییەکەی(کەکەڕوڵاڵە) سەردانی دەکەن. دوای ساڵانێک جارێکی دیکە، دایکی دەیەوێت تاکو نەمردووە، بەدیداری شادبێتەوە. بەڵام بەداخەوە دایکی تووشی نەخۆشی( زەھایمەر_خەڵەفان)بووە. ئەمەش بۆئەوسەختە شەش کاتژمێر بەفڕۆکە گەشت بکات تاکو دەگاتە لای کوڕەکەی لە ھۆڵەندا.بۆیە کوڕەکەی بڕیاردەدات لەوڵاتێکی نزیک ئێران، لەگەڵ دایکی یەکتری ببینن، بۆئەم مەبەستەش میرنشینی عەرەبی، واتە دوبەی دیاریدەکەن، کەتەنھا چل خولەکێک بەفڕۆکە لەئێرانەوە دوورە. ئەمیان لەڕۆژھەڵاتی کەنداوی فارسییە، ئەویشیان لەڕۆژھەڵاتی کەنداوی عەرەبییە.چونکە فارسەکان بەکەنداوی فارس و عەرەبەکانیش بە کەنداوی عەرەبی ناوی دەبەن. بۆیە ھەردووکییان بۆدوبەی زێدی شێخ زاید، گەشت دەکەن و لەوێ یەکتردەگرنەوە. دایکی کەدەگاتە ئەوێ و لەھوتێلێک دادەبەزێت، ھەرواھەست دەکات چۆتە ئەمستردام.بۆیە ژینگەو کەل وپەل و شوێنی مانەوەیانی جیاواز دێتە بەرچاو.ئەگەرچی چەند جارێک کچی و خوشکەکەی، دەیانەوێت تێی بگەیەنن کە ئێرە دوبەیە نەک ئەمستردام، وەلێ ئەو ھەر بەھەمان ڕیتمی بیرکردنەوەو تێگەیشتنی خۆی دەڕوانێتە دەورو بەر.واھەست دەکات ئەوە کوڕەکەی و ژنەکەیەتی دیزایینی ماڵەکەی و شوێنەکەیان لەئەمستردام گۆڕیوە. کوڕەکەشی ئەمجارەیان ھەوڵدەدات، بەپێی بیرکردنەوەکانی دایکی درێژە بەوگەشت و مانەوەیە بدات. چونکە ئەولەبەردایکی ھاتۆتە ئێرە. بۆیە ژنەکەی و مەحبووبەی خوشکیشی ئاگادار دەکاتەوە کە شابانووی دایکی، ھەراسان نەکەن و ڕەچاوی باری سایکۆلۆژی و ھزری بکەن. بەتایبەتی کەئەو نەخۆشی خەڵەفانی ھەیە. ئیدی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بەپێی ئاست و تێگەیشتنی دایکی دەیەوێت چێژلەوگەشتەو یەکتربینینە ببینێت. تاکو ڕۆژێکییان بەڕێکەوت دایکی لە ھوتێلەکەوە سەیری بیابان دەکات و لەخۆیەوە بێ ھیچ توانایەکی ھزری، وشەی مەککەی بەخەیاڵ دادێت. چونکە خۆشی نەخۆشی ھەیە، ئیدی واھەست دەکات پێشترکوڕەکەی چەندجارێک بەڵێنی پێداوە بیباتە حەج، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردۆتە سەر. ھەرچەندە ئەمەڕووینەداوە، وەلێ دایکی روژددەبێت کەپێشتر وای پێ وتراوە.کوڕەکەشی بۆ ئەوەی، ئەوئاواتەی دایکی ئەگەر بەخەیاڵیش بێت بێنێتە دی، بڕیاردەدات گەشتێکی مزگەوتی شێخ زایدی پێ بکات لەشاری ئەبوزەبی. ئەم مزگەوتە مزگەوتێکی گەورەیە، وەک ڕۆماننووس دەڵێت:_ (پتر ھێمابوو بۆدەسەڵات و ھەژموونی شێخ زاید نەک کارێکی خێر خوازی. بۆ ئەوەی دوای مردنیشی وەک ھێمایەکی دەسەڵات بمێنێتەوە).بۆیە ڕۆژێکییان دایکی سواری ئوتومبێلێک دەکات و بەرەو مزگەوتەکە دەکەونەڕێ. بەڕێکەوت ئەوڕۆژە،ڕێکەوتی یادکردنەوەی ساڵڕۆژی مردنی شێخ زایدە. بۆیە ھەزاران کەس لەژن و پیاو بەجل و بەرگێکی سپی تایبەتییەوە، دێنە نێومزگەوتەکەو دروشمی ئایینی دەڵێنەوە. دایکیشی بۆ ئەوەی بچێتە نێو مزگەوتەکە، دەبێ ئەو جۆرە پۆشاکە بپۆشێت. بۆیە لەگەڵ ئاپۆڕای جەماوەر دەکەوێت و چەند جارێک دەچێتە نێومزگەوتەکەوپاشانیش بۆسەر گۆڕی شێخ زاید. ئیدی دواترکەڕێوڕەسمەکە تەواو دەبێت، دایکی بەو پۆشاکە سپیە، دێتە دەرەوەو بەدەم نزاو پاڕانەوە، بەتەسبیحێکی درێژەوە، واھەست دەکات حەجی کردووە، بەڵام لەڕاستیدا بەخەیاڵ. بەتایبەتیش کەخۆی نەخۆشی خەڵەفانی ھەیە.بەم شێوەیەش کۆتایی بەڕووداوەکانی ڕۆمانەکەدێت. لەپەراوێزی ئەوڕووداوەشەوەنووسەرئاماژەبەژیانی مرۆڤەکان و ڕەنگدانەوەی جیاوازی چینایەتی وچەند بابەتێکی سیاسی دەدات لەمیرنشینی عەرەبی، وەک ململانێی ئێران و بەشێک لەوڵاتانی کەنداو، یاخود ئەو ڕووداوانەی لەسەرو بەندی حەجکردنی ئێرانییەکان بۆسعودیە، ڕوویانداوە. لێرەدا بەپێویستی دەزانم لەبارەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانەوە، سەرنجێک دەرببڕم. لەڕاستیدا، بەبڕوای من وەک خوێنەرێک، وەرگێڕ رۆِمانەکەی وەرنەگێڕاوە،بەڵکو(کورداندوویەتی). یەکەم جارە ڕۆمانێکی وەرگێڕدراو لەزمانی ھۆڵەندی دەخوێنمەوە، کەوەرگێڕەکەی ھێندەبەزمانێکی جوان وسەرنجراکێش، ناوەڕۆکەکەی وەرگێڕابێت.خوێنەرکەڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، واھەست دەکات بە کوردی نووسراوە. وشەودەربڕینەکان سادەن. بەجۆرێک ھەرکەسێک ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە، بەئاسانی لەڕووداوەکان دەگات.ئەوزمانە جوانە لەوەرگێڕان، بەلامەوە لەنگییەبچووکترین خەوشی ھەبێت. بۆیە بە ئامانجی بەبڕشتکردنی زیاتری زمانی وەرگێڕەکەی، چەند سەرنجێکی کورت دەخەمە ڕوو. ئەوانیش:_
یەکەم:_ وەرگێڕبەدرێژایی ڕۆمانەکەی، مێشک ئاڵۆزی و ورێنەی، لە جیاتی نەخۆشی خەڵەفان بەکارھێناوە. بەڵام بەبڕوای من، ئەم دوو بارە ھزرییە جیان لەخەڵەفان. بۆنموونە: ئێمە زۆرجاردەڵێین:_ مێشکم تێکچووە، یاخو ورێنە دەکەی، بەڵام لەبنەڕەتدا مێشکمان ھیچ کێشەیەکی تەندروستی ودەماری نییە. بەڵام خەڵەفان جیاوازە،چونکە نەخۆشییەکی درێژخایەن و بێ چارەسەرەو وردەوردە مرۆڤ توانای دەربڕین وکۆنتڕۆلکردنی ئاستی زمان وگوزارشتکردنی نامێنێت. بۆیە ئەگەرخەڵەفانی لە جیانی ورێنەو مێشک ئاڵۆزی بەکارھێنابا، جوانتر ماناکەی دەپێکا.
دووەم:_ وەرگێرلەڕۆمانەکەیدا، وشەی (ڕادان)ی لەبەرامبەر ئامادەکردن و سازکردن بۆ چەندین شت بەکارھێناوە. بەڵام لەزمانی کوردی، ئەم وشەیە بۆ ھەمووبارێکی گوزارشتکردن نابێت. تەنھالەیەک کاتدانەبێت، ئەویش بۆنموونە دەڵێین:_ (قاتێکمان بەڕادان داوە). بەڵام نەمبیستووە لەزمانی کوردی بوترێت: ژوورێکم بەڕادان داوە، خواردنێکم بەڕادان داوە.
سێیەم:_ وەرگێڕلەڕۆمانەکەیدا، لەچەندین شوێن وشەی(معمیل)ی بەکارھێناوە. خۆزگە لەبڕی ئەو وشە نامۆزیکی و نائستاتیکیە، وشەیەکی دیکەی کوردی ھاوواتا دەکرد.
چوارەم:_ھەرچەندە بەڕێزیان خۆشی ئاماژەی بەوە کردووە کەدەنگی حوشتر(بۆڕاندن)نییە. بۆیە ئەگەر ھەڵەنەبم دەنگی حوشتر(پڕماندن)ە. بەپێچەوانەوە بۆڕاندن دەنگی گایە و بۆ ئاژەڵی حوشتر بەکارنایەت.
پێنجەم:_ ناونیشانی ڕۆمانەکە لەمەککەیە. بۆیەئەگەرپاشگری(دا) لەناونیشانەکەھەبایە، لەڕووی ڕێزمانییەوە گونجاوتردەبوو.بەم شێوەیە _لەمەککەدا).
جارێکی دیکە، دەستخۆشانەلەوەرگێڕی ڕۆمانەکەدەکەم. چێژم لە خوێندنەوەی بینی، ھەرچەندە ڕۆمانێکی سادەوساکاریشە. وەلێ ھەمیشە بلێسەلەپرووشک ھەڵدەستێت..
پەراوێز: ڕۆمانی لەمککە/ نووسینی( عەبدوڵا قادر) وەرگێڕانی( شەفیقی حاجی خدر) ٢٠١٨..