ئارام قادر خەلەکانى – دەرچووى فەلسەفە
“هاتن بەدەستى خۆم نەبوو هێنایانم دەرچوونە دەریش چۆن و کەیە؟ نازانم
سەد خۆزگە نەهاتبام، نەچووبام، نەببام لەم گێرە و کێشەدا رەحەت با گیانم” خەییام
“هەموو شتەکان بە زەروورەت روو دەدەن” سپینۆزا
“من بەشێکم لە هەموو ئەوەى، کە بە رێکەوت روودەدات” تێنیسیۆن
حەتمیەت
ئەمڕۆ تیۆرى حەتمیەت نەک هەر لە فەلسەفەدا، بەڵکو لە زانست و فەلسەفەى زانست و سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و سەرهەڵدان و داڕمانى شارستانییەت و مێژوو…هتد بایەخى خۆى هەیە. سەرچاوەى تیۆرى “حەتمیەت – دیتەرمینیزم” بنۆس و بەربنۆسە (علە و معلول)، هەروەها کێشەى نێوان گەردوون و سروشت و ئیرادەى مرۆڤە.
یەکەم رێبازى حەتمیەت لاى (تۆماس هۆبز) بوو لە سەدەى حەڤدەدا، بەڵام (سپینۆزا) لە فەلسەفەى نوێ بە مەزنترین فەیلەسوفى حەتمیەت دادەنرێت لە “تیۆرى یەکێتى بووندا – وحدە الوجود”، ئەو دژ بە ئیرادەى ئازادى مرۆڤ بوو، پێیوابوو مرۆڤیش وەک هەر شتێکى دیکەى نێو سروشت کردارەکانى ملکەچى حەتمیەتێکى وردن، لەبەر ئەوە رەفتارى مرۆڤ لە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیدا نییە و بە پێى رێساکانى گەردوون و جیهانى سروشتى و دەرەکییە، هەروەک ئەوەى ژیانى مرۆڤ لە ژێر کاریگەریى هەسارەکاندا بێت (بۆ نموونە پێشبینیى ئایندەیی بورجەکان بۆ مرۆڤ).
زۆر جار تێگەى “قەدەریەت – فاتالیزم” تێکەڵ بە حەتمیەت دەکرێت، بەو پێوەرەى کە قەدەریەت حەتمیەتێکى چارەنووسراوە، کە لە بەرامبەر واتاى “جەبریەت” دێت، هەربۆیەشە لە هێندێ فەرهەنگدا (دیتەرمینیزم بە فەلسەفەى جەبرى یان قەدەریى) پێناسە کراوە.
لە قەدەریەتدا هەموو رووداوێکى نێو گەردوون لە پێشکاتەوە نووسراون و پێشبینیى کراون هەر لەسەرەتاوە، بە جۆرێک بە هیچ ئامراز و هۆیەکى دیکە ئاراستەیان ناگۆڕێت، کە کاتى روودانییان هات پێویستە و بە زەرورەت دەبێت رووبدەن و مرۆڤ هیچ بڕیارێک و ئیرادەیەکى نییە تیایاندا جگە لە جێبەجێکردنییان، واتا مرۆڤ ئامێرێکى ئەنجامدەرە.
قەدەریەت زێتر وەک تێگەیەکى ئایینى لە هزرى خۆرهەڵاتی وەرگیراوە نەک خۆرئاوا، وەک لە هزرى ئیسلامیدا بە (قیسمەت، نسیب، مەکتوب) هاتووە.
هەروەک عومەر خەییامى هۆزانڤان دەبێژێت:
تیرێژ کە بە رۆژ و پێل بە دەریا دریا لەو رۆژەوە گوڵ پێکەنى بولبول گریا
خوا نووسى لە چارەى رەشى ئێمەش بەشمان ژینێکى هەژاری پڕ لە خۆزیا و بریا
یان:
بێهودەیە بیروخەم دڵت خۆشکە برا پرسیار نەکرا بەشت درا، هەرچى درا
تۆ هێشتا نەهاتوویە جیهان رۆژى بەرێ ئەو رۆژە دەبوو بچییە دەر، دیاریکرا
لە کن قەدەرییەکان چارەنووس لە دەرەوەى تواناى مرۆڤدایە و هۆشێکى دەرەکى حوکم بە ژیانییەوە دەکات.
رێبازى ئامێریى لە حەتمیەتدا
دەکرێ ئەم رێباز و ئاراستەیە ناوبنێین حەتمیەتى پێشنیارکراوى زانستى یان حەتمیەتى ئامێریى، واتا زانایان دەیانەوێت لە رێگەى توێژینەوە و داهێنان و دۆزینەوە زانستییەکان پێشبینیى ئایندەیی بخەنەوە و زانینیان لەبارەى رێکەوت و یاسا سروشتى و گەردوونییەکانەوە هەبێت، بەم بەڵگانە:
– ئەو تیۆرەى کە پێیوایە وزە نافەوتێت و دەمێنێتەوە، هاوکات وزەى زەینى بەشێک نییە لە وزەى فیزیکى کە ملکەچى یاساکانى بنۆسە بەسەر بەربنۆسدا، کە حوکم بەسەر جیهاندا دەکات.
– تێگە ئامێریی و نیمچە ئامێرییەکان لە زانستەکانى کیمیا و بایۆلۆژیادا ماددەى زیندوو دەگێڕنەوە بۆ کۆکراوەیەکى ئاڵۆزى رەگەزە فیزیایى و کیمیاییەکان، کە ملکەچى یاسا فیزیایی و کیمیاییەکانن، کە رەفتارەکانى خێزانى زیندەوەران دیاریدەکەن.
– بە هۆى ئارەزووە رەمەکییەکان و سروشتمان زانینمان زیاد دەکات، بە وەڵامى ئاگادارکردنەوەکان و کاریگەرییەکان بۆ نموونە هەر گۆڕانێک لە گەردوون و جیهانى دەرەوەدا بەسەرمانەوە کاریگەرە، هەروەها لە ئاژەڵان و رووەکەکانیشدا لە ژێر کاریگەرى خۆردا یان ماددەى کیمیایى و …
– یاساکانى بۆماوەیى کە کاریگەرییەکى بەردەوام دەنوێنن بە بێ ئیختیار لە دیاریکردن و ئاراستەکردنى بڕیار و رەفتارەکان، واتا وەرگرتنى مۆراڵ و سیفاتى باوان بە رێگەى جینەکانەوە وەک نێوەندى گوێزەرەوە و هەڵگرى بۆماوەیى.
– هۆکارەکانى جیۆگرافی و ژینگەییەکان و کەش و هەوا لە ژیانى مرۆڤدا و کاریگەرییان، کە ئەمە نەک هەر بەسەر رەنگى پێست و مۆرکە لاشەییەکانماندا زاڵە، بەڵکو بەسەر بیرکردنەوە و هزرینیشمانەوە کاریگەرن، بۆ نموونە سەرهەڵدانى فەلسەفەى پوخت لە ژینگەى گریکى و تێڕوانینەکانى ئەریستۆتێلیس بۆ ئەم بابەتە کە پێگەى گریکستان کەشێکى گونجاوى هەیە و دەکەوێتە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا، یان فەلسەفەى ئێدیالیى ئەڵمانى و ئیمپریسمى ئینگلیزى و پراگماتیزمى ئەمریکى و …
– پاڵنەرە نەستییەکان و کاریگەرییان بەسەر مرۆڤەوە، بە تایبەت لە فێرگەى فرۆیدیى و دەروونشیکاریدا، کە لە نەخۆشى و شێتى دا سەروەرن بەسەر رەفتارەکانەوە.
– زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەک تیۆرى حەتمییەتى ئابوورى کە ململانێى نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵدەگێڕن، بۆ نموونە ماتریالیسمى دیالێکتیکى مارکسى لە گەشەى کۆمەڵایەتى و فەلسەفەى سیاسى و دەوڵەت و تیۆرە ئابوورییەکاندا.
لە رێبازی سروشتیدا حەتمیەت زاڵە، کە پێیوایە چۆن تاوانە گالیسکە بکەوێتە پێش ئەسپەوە و رایکێشێت، ئاواش تاوانە لە هزرینێکدا نغرۆ بیت، کە لەسەر خۆزگە و هیوا وەستابێت، چونکە رووداوى حەتمى (مسۆگەر) هیچ بوارێک ناهێڵێتەوە تا خۆزگەى روودان بخوازین.
رووداوى حەتمى دوو مەرجی هەیە: یەکەم وردی لە تێبینی و پێوەرەکاندا، دووەم دیاریکردن و سنووردانی بابەتەکە. (لابلاس) یەکەم کەسە بەمجۆرە باسی حەتمیەتی کردبێت، ئەویش لە دوو لایەنەوە: لایەنێکی ئۆنتۆلۆژی، کە بەپێی یاسا بوون و گۆڕانی دۆخەکان دیاریدەکات، لایەنێکی ئەپستمۆلۆژی، کە بە وردی لە زانینی دۆخ و گۆڕانەکان دەتوێژێتەوە.
ناحەتمییەت
لە بەرامبەر “حەتمییەت” تێگەى “ناحەتمییەت – ئیندیتەرمینیزم” هەیە، کە بە پێچەوانەوە لەم تیۆرەدا مرۆڤ ئازادە و بە ئیرادەى خۆى رەفتارنوێنى دەکات بە بێ یاسا قەدەرییەکان، هۆکارەکانیش هەر لە سەرەتاوە زانراون، بۆ نموونە جەستە وەک بابەتەکانى جیهانى کات و شوێن ملکەچى یاسا ئامێرییەکانە وەک “یاساى تاودان – کێشکردن” و “یاساى کار و کاردانەوە” لە یاسا فیزیایی و تیۆرە نیوتنییەکاندا، هەروەها بۆ یاسا کیمیاییەکانیش بە هەمان شێوەیە، وەک لە ماددە و ئاوێتەکاندا کە چۆن کارلێکى کیمیکى روودەدات و پێکهاتەى نوێ دروست دەبێت.
لە هزرى خۆرئاواییدا ئێدیالی و ناحەتمیەت پێوەستن پێکەوە و هزر و ئیرادەى مرۆڤ بە ئازاد دەزانن و مرۆڤ وەک سەرچاوەیەکی لێهزریو دادەنێن، کە سەبژێکتە..
ئەگەر خۆرهەڵاتییەکان حەتمى و قەدەرى بن، ئەوا خۆرئاواییەکان ناحەتمین بە پێى ئازادیى ئیرادە، بەڵام هەریەکەیان پاساو و ئارگومێنتى خۆیان بۆ تیۆرەکانییان هەیە، بۆ نموونە لە پاساوەکانى حەتمییەکان:
گریمانە حەتمییەکان لەگەڵ سەلمێنراوە زانستییەکاندا گونجاون، بۆیە زانستى نوێ لەسەر تێگەى هۆکارێتى “السببیە” بیناکراوە بە تەواوى، نەک هەر زانست بەڵکو هەموو رووداوەکانى نێو گەردوونیش، لە کاتێکدا بنەماى هۆکارێتى هێندە فراوان و گشتگیرە مرۆڤ ناتوانێت لێیدەرچێت، تەنانەت جووڵە و رەفتارى ماددە و ئەتۆمیش حەتمیین.
هەرچەندە گەردوونزانى پێوەندیی بەهێزى هەیە لەگەڵ رەفتارى مرۆڤدا، بەڵام لە زانینى سەرچاوەى هۆ داماوە، هاوکات دەروونزانی دەتوانێت رەفتارە ئیرادی و ئیختیارییەکان شرۆڤە بکات، بەڵام ناتوانێت هی حەتمیەت شرۆڤە بکات، چونکە هەر رەفتارێک دەرەنجامی پاڵنەرێکە، بۆیەشە دەروونزانەکان هەموو کۆکن لەسەر ئەوەى رەفتارى بێ پاڵنەر نییە، بە گوێرەى تیۆرى بۆ هەر هەڵچوون (انفعال) و رەفتارێک (سلوک) پاڵنەرێک (دافع) هەیە.
لایەنگرانی حەتمیەت پێیانوایە بنەماى هەموو رەفتارێکی ماقول بەپێی حەتمیەتە، چونکە رەفتارى مرۆڤەکان لەیەکەوە نزیکن و لە پەیوەندییە هەرەمەکییەکانى
کۆمەڵەوە دروست نەبوون، واتا گەر کۆمەڵ وەک یەکەیەک لە دەرەوە سەیر بکەین ئەوا مرۆڤەکان وەک یەک دەردەکەون لە ژیان و هەڵسوکەوتیاندا.
ناحەتمى دەکەوێتە هەڵەوە کاتێک دەبێژێت: بەرپرسیارێتی مۆراڵیى، ئازادی تەواوى ئیرادە دەسەپێنێت، چونکە ناتوانین بە کەسێک بڵێین بەرپرسیارە لە کردارەکانى خۆى، لە کاتێکدا پێشتر ئەزموونی نەبووە سەبارەت بە بڕیارێک و تاقیکردنەوەى بۆى نەبێت، بۆیە مۆراڵ و یاسا کۆمەڵایەتییەکانیش لە لایەنی رەفتارییەوە حەتمیەت دەسەلمێنن.
ئێستا لە نێوان حەتمى و ناحەتمییەکاندا دەکەوینە بەردەم کێشە مۆراڵى و یاساییەکان، کێشەکەش بە روونى لە پاساوەکانیاندا دەردەکەوێت لە دوو لایەنەوە: یەکەم پاراستنی کۆمەڵ لە مەترسی تاوان، چونکە ناشێت هەر رەفتارنوێنییەک ئەگەر هەڵە و خراپیش بێت بڵێین ئەوە هۆیەکى نادیار و نەزانراوى گشتى و گەردوونى لە پشتە و ئۆباڵەکەى لە ئەستۆى ئەنجامدەرەکەى نییە، دووەم چاکسازی تاوان بە پاڵنەرە نوێیەکان، هەروەک لەو دامەزراوانەدا دەبینرێت کە دەیانەوێت مرۆڤى خراپى کۆمەڵایەتى بگۆڕن و کەسایەتییەکى خوازراوى بۆ دروستبکەن.
لە گرنگترین پاساوەکانى ناحەتمیەت:
مرۆڤ خۆى بڕیار دەدات چ رەفتارێک بنوێنێت، چونکە مەرجی “من دەتوانم” هەیە، کەواتە ئیختیار لە دەست ئیرادەى خۆماندایە، وەک چۆن لە فەلسەفەى هەبوونگەراییدا مرۆڤ خۆى بەرپرسە لە کردەوەکانى خۆى.
ئازادی ئیرادە مەرجێکی پێویست و بەرپرسیاریەتێکی مۆراڵیى و یاساییە، سەبارەت بە بڕیار و رەفتارە چاک و خراپەکانمان، تا مرۆڤ خۆى خراپەکار و چاکەکار بێت دەستى تاوان بۆ دەرەوەى ئەو رانەکێشرێت کاتێک هەڵە دەکات، چونکە هیچ لۆگیکیی نییە مرۆڤ هەڵە بکات و شتێکى دەرەوەى ئەو ئۆباڵەکەى هەڵگرێت، یان خودا کە چاکە و لە چاکە زێترى لێناوەشێتەوە ئۆباڵى خراپە و تاوانى مرۆڤ هەڵگرێت.
ئەگەر ئەوە راست بێت وەک سپینۆزا دەبێژێت: “هەموو شتەکان بە زەروورەت روو دەدەن”، ئەوا بوارێک بۆ ئاوەز و رۆڵی ئەو نامێنێتەوە، بەڵام هاوکات دەزانین هزرینە خۆییەکان بەرهەمی خۆمانن، چونکە ئەوە ئێمەین دەهزرێین نەک کەس و شتێکى دیکە، چونکە ئەرکی ئاوەزە کە هەڵسەنگاندن و جیاوازی بۆ شتەکان بکات.
نێوەندێک لە نێوان قەدەریەت و ئازادیی تەواودا نییە، کە حەتمیەت دەیەوێت بیانگونجێنێت، ئەمەش کارێکی مەحاڵە، تەنانەت ئەگەر ئازاد نەبووینایە، ئەوا نەماندەتوانی زمانیشمان بەو جۆرە بەکاربهێنین، کە دەمانەوێت، تەنانەت هەموومان یەک رێسا و بەکارهێنانى زمانمان دەبوو، یان دەبووایە هەمووان وەک یەکدى بین و یەک هزرین و زمان و جل و رەفتار و ئایین و فەلسەفەو… هتدمان هەبێت.
زەین کۆمەڵێک هێزی تێدایە وەک: ئەقڵ، ئیرادە، خەیاڵ، کە دەروونزانى نوێ ئەمانە رەتدەکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا گوزارشت لە تیۆرى ئەرکایەتی دەکەن بۆ زەین، وەک لە دەروونزانى هاوچەرخدا زاناکان کردارى ئیرادی و نائیرادی جیادەکەنەوە.
تێبینی: لە بەرامبەر تێگەى حەتمیەت و دیتەرمینیزمدا هیچ واژە و هاوواتایەکى کوردیم بۆ نەدۆزرایەوە کە تێگەییانە هەمان واتا بداتەوە، هەرچەند (مسۆگەرێتى) بە هۆشمدا هات، بەڵام نەمتوانى لەم بابەتەدا بیچەسپێنم.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودی زۆر لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:
هنترمید: الفلسفە انواعها ومشکلاتها، ترجمە د. فۆاد زکریا.