ئاوات عەلی:
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵان دەکات و مۆڵەتی ٢٤ کاتژمێر دەداتە کەناڵەکە بۆ ڕاگرتنی پەخشەکەی.
لە ڕۆژی ٣ى ئازار بە نوسراوی ژمارە ٢٠٤، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵانی ئاگادارکردووەتەوە کە بەهۆی نەبونی مۆڵەتەوە دەبێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا پەخشی کەناڵەکە ڕابگرن بە پێچەوانەوە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
داواکردنی ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵان لە کاتێکدایە کە پەخشی کەناڵەکە و کەرەستە و ئامێرەکانی پەخش لە ئەوروپا یەو کەناڵەکە هیچ بینا و ئامێرێکی لە هەرێمی کوردستاندا نییە بۆ پەخش. سەباری ئەوەش ماوەی نزیکەی دوو مانگە دامەزراوەی میدیایی نالیا سەرجەم پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ کەناڵەکەی پێشکەشی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەتەکەدا و ئەگەر کەناڵەکە ویستی پەخشەکە بهێنێتەوە هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە تا ئێستا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری ئامادە نییە مۆڵەت بدەنە کەناڵی ئێن ئاڕ تی سێی منداڵان کە کەناڵێکی پەروەردەیی تایبەت بە منداڵانە، بەڵام مۆڵەت دراوەتە چەند کەناڵێک کە دوورن لە بابەتی پەروەردەیی و تایبەتن بە رەقس و سەما.
دامەزراوەیی میدیایی نالیا پێشتریش ڕایگەیاند کە پلانی ئەوەی هەیە پەخشی هەردوو کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی و ئێن ئاڕ تی دوو بەرێتە دەرەوەی وڵات بەهۆی هەڕەشە و پێشێلکاریی و پەلامارەکانی دەسەڵاتەوە بۆ کەناڵەکان. پێشتریش کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی برایە شاری بەغدا و بڕیارە لەم مانگەدا پەخشی ئاسایی دەستپێبکاتەوە. هەروەها کەناڵی ئێن ئاڕ تی چواریش کە کەناڵێکی ئاینییە ئامێر و کەرەستەکانی پەخشی لە ئەوروپا و بڕیارە پێش مانگی ڕەمەزان دەست بە پەخش بکات.