نووسینی : برھان شێخ ڕەئوف
ئەوەی لای ھەمووان ڕوون و ئاشکرایە و زۆرجار ھەرخۆم لەزۆر موناسەبەدا ئاماژەم پێداوە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی تازەیە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی پێشووەوە بە دەر لە خواستی پێکھاتەکانی و دانانی پاشایەک بۆی کە لە حجازەوە ھێنایان کەلە بنەماڵەی ھاشمیە بەو ئومێدەی ببێتە چەترێک ھەموو پێکھاتە ناجۆرو جیاوازەکانی عێراق کۆبکاتەوە .
بەڵام ھەر زوو مەلیک غازی دووەم پادشای عێراق ھەستی بەوە کرد کە مانەوەی عێراق وەکو وڵاتێکی یەکگرتوو کارێکی ھێندە سانا نییە و قۆرتی گەورەی لە بەردەمدایە بۆیە لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر بمانەوێت عێراق بە یەکگرتووویی بمێنێتەوە دەبێت سووپایەکی بە ھێزی ھەبێت ھەمیشە چونکە لە ھەر کاتێکدا دووان لە پێکھاتەکانی عێراق ڕاپەڕن لە باکوورو باشوور دەوڵەتی عێراق ناتوانێت بەرەنگاریان بێتەوە لەت دەبێت .
زۆر ڕوونە مەبەستی شا غازی دەبێت عێراق ھەر چۆن بە زۆر و زۆرداری داتاشراوە مانەوەکەشی ھەردەبێت بە ھێزو کووتەک بێت, ئەگەرلە ھەشتا ساڵی ڕابردوودا عێراق وەکو وڵاتێکی نائارام و پڕ لە قەیران و شەڕی و یەک لە دوای یەک و ئاکامەکانی گۆڕی بە کۆمەڵ و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید بووبێت لە سایەی ڕژێمە دکتاتۆرو تۆتالیتارەکانەوە ئەوا لە دوای پرۆسەی بە ناو ئازادی عێراقیشەو لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە تا ئیستا سەرەڕای نووسینی دەستوورو ڕاپرسی و حکومەتی ئینیقالی و و حکومەتی بنکە فراوان و یەکێتی نیشتمانی نەتوانراو نەکرا ئاو بە ئاگرەدا بکرێت و دواڕۆژێکی گەش و ئارام بۆ پێکھاتەکانی عێراق فەراھەم بکرێت .
لە ئێستاشدا کە ڕق و بێزاری سەرتاپای خەڵکی عێراقی گرتووەتەوە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی تاقەت پڕووکێن نەبوونی خزمەتگوزاری بە ھەموو سکتەرەکانیەوە تەشەنەکردنی گەندەڵی لە ڕادەبەدر و حەیابەر لە ئاستە باڵاکانی جومگەکانی دەوڵەتدا لە ناو توێژێکی سیاسی گەندەڵ و مشەخۆر و بەرژەوەند پارێز کە لە ناوچەی سەوز ی بەغدادا خۆیان قایم کردوەوکەڕوکاسن و لە ئاست نەھامەتیەکانی خەڵکی عێراقدا بۆیە بیر لە پێکھێنانی حکومەتی تکنۆکرات دەکەنەوە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە قووڵەی کە تێ ی کەوتوون .
بەڵام بە وردبووونەوە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو لە حکومەتی دکتاتۆری سەردەمی کۆن و حکومەتەکانی دوای پرۆسەی بەناو ئازادی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ ئەوەمان لا جێگیر دەکات حکومەتی تکنۆکراتیش بە دەردی حکومەتەکانی پێشووتر دەچێت و ناتوانن پێکھاتەکانی عێراق بە یەکەوە بلکێننەوە چونکە ئەوە خواستی ھێزە زلەکان و وڵاتانی ناوچەکەیە کە دەیانەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن و گیان بکەنەوە بە بەری لاشەی شەکەتوو داڕزاوی عێراقدا و درێژە بە زنجیرە سیناریۆی کوشتن و بڕین و خوێن ڕشتن و بە فیڕۆدانی سامانەکەی بدەن .