کازیوە ساڵح
بەشی١٠
زەردەشتیەکان یەکەم کەسن لە مێژوودا کە تۆمەتی شەیتان پەرستیان خستوەتە پاڵ ئێزیدیەکان
: زەردەشتیەکان و ئێزیدیزم
زەردەشت وەکو هەموو ڕێباز و ئاینەکانی پاش خۆی نەک پێش خۆی سەرەتا ئێزیدی بە کۆمەڵێکی دابڕاو ناحاڵی لە زەردەشتیەت ئاماژە پێداوە.بەڵام ئەمە دروست نیە ، ئەگەر واز لە زنجیرەی مێژووش بهێنین، لە گەڵ ئەوەی ئیزیدی و زەردەشتی کۆمەڵێ کلتوری هاوبەشیان هەیە، هەردوو باوەڕییان بەزیندوبوونەوە کۆپیبوونەوەی’ تناسخ’ ی ڕۆح هەیە پاش مەرگ ، واتە کەسێک کە ئەمڕیت ڕۆحی دەچێتە کەسێکەوە کە تازە لە دایک ئەبێت ؛ هەردوو وەکو یەک خێر بۆ مردوو پیاوچاکانی زیندوو و مردووی خۆیان ئەکەن، لای هەردوو لا ڕۆژ/هەتاو پیرۆزە. بەڵام جیاواز لە ڕۆژ زەردەشتیەکان ئاگر لە پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانیاندا ئەکەنەوە بە ئاستێک زۆر جار وا لێکدراوەتەوە کە ئاگر پەرەست بن. لە گەڵ ئەمانەشدا ئەو تۆمەتەی زەردەشتیەکان داویانەتە پاڵ ئیزیدی گوایە زەردەشتی هەڵگەڕاوەن ڕاست نیە بەو بەڵگەی لە پاڕاناوەکانیاندا ناوی زۆر هیمای ئاینی و بە تایبەت ئەوانەی مێژوویان هاوتای مێژووی ئێزیدی بووە ئەهێنن ، بەڵام هەرگیز ناوی زەردەشتیان نەهێناوە. لە گەڵ هەڵکشانی ئەوانەی نەیانئەویست ببن بە زەردەشتی و مەیلدارییان بە ڕووی پشتگیریکردندا لە ئێزیدی تاوانی شەیتان پەرەستیان ئەخرێتە پاڵ لە ڕێگەی ڕاڤەکردنێکی نازانستی و نا دادوەرەوە. . .
چەمکی دیڤا ‘ Diva-Deva’ یان دئێڤە گرنگێکی بێ هاوتای لە سەرجەم ئاین و زەپۆشە کلتوری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆن و نوێدا هەبووە و هەیە. دیڤا لە سەرجەم ئاین و ڕێبازەکانی پێش زەردەشتدا بە پیرۆز سەیری کراوە و واتای خوداوەند’Goddess’ بووە کە خودا ناگەیەنیەت . لە زمانی سنسکریتیدا بەم شێوەیە نووسراوە देव ، لای سۆمەری ، ئێزیدی، بودیزم ، و سەرجەم ئاینەکانی پێش زەردەشت ، لای سەرجەم باوەڕ ، ئاین و کلتورە نوییەکانی دوای زەردەشتیش هەموو بە خوداوەندی ڕۆحی بەرز، زیاتر ئەژی ، بە تواناتر و بەختەوەرترە لە خەڵکی ئاسایی سەیریان کردووە . بۆ نموونە لای بودیزم devatā یان deity لە زمانی سینیدا 天人 لە زمانی مەنگۆلیدا тэнгэр، لە یابانی ten، کۆری cheon و ڤێتنامی thiên و لای ئیتالی diva و divo و..تد. Jootla, 1991)،(Doane, 1997 Saïghàñasåtra لای هەمووان خوداوەندی ڕۆحی بەرزی گەیاندووە.
لە سەدەی هەژدەوە دیڤا بە ژنی گۆرانبێژ ئەوترا کە توانای وتنی ئۆپێرای هەبێت ، چونکە سەردەمانێک ئۆپێرا بە خوداوەندی میوزیک دائەنرا و ئەو کەسەشی توانای وتنی ئۆپێرا هەبوایە، وەکو خاوەن توانایەکی سەرو مرۆڤی سروشتی ڵیی ڕوانراوە . ئەمڕۆ بە هەموو هونەرمەندێکی مێینە کە خاوەنی داهێنان و تایبەتمەندێکی جیاواز بێت پێی ئەوترێت دیڤا ، بۆ نموونە- دیڤا مادۆنا – بە ژن ئەوترێت چونکە خوداوەندەکانی سەردەمی دیڕین و خوداوەند دیڤا لە کلتوری زۆربەی گەلاندا ژنە. تەنانەت لەو بزوتنەوە ئاینیەی لە ساڵانی ١٩٧٠ کانەوە لە ڕۆژئاوا دروست بوو و پێی ئەوترێت The New Age movement ئاینێکی ڕۆحییە ، لە ڕێگەی ‘تأمل ‘ بە قوڵی بیرکردنەوە هێزی ڕۆح باڵا ئەکەن. ئەوانیش چەمکی دیڤا پیرۆز سەیر دەکەن بۆ ئەو کەسانە بە کاری دەهێنن لە ڕووی ڕۆحی و تایبەتمەندی و تواناوە لە سەروو سروشتەوەن، بە هێزەکانی سەروو سروشت وێنا ئەکرێت.
لە گەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری دواکەوتوانی زەردەشتیەت کورد بوون، بەڵام زەردەشت یەکەم گورزی کوشندە لە ئەو کوردانە ئەدات کە دوای ڕێبازەکەی ناکەون.لە سەردەمی کۆندا یەکەم کەس ئێزیدی بە ‘دئیڤە یەسنا’ واتە شەیتان پەرست تاوانبارکرد و چەمکی دیڤای بە Devil شەیتان وەرگێڕاوە زەردەشت بووە. زەردەشتیەکان یەکەم کەسن لە مێژوودا کە تۆمەتی شەیتان پەرستیان خستوەتە پاڵ ئێزیدیەکان و ئەو تاک و کۆمەڵانەی ناوچەکە کە دوای زەردەشت و ڕێبازەکەی نەکەوتن . ئەوانەی بە وەفا بوون بۆ ڕێباز و ئاین و کلتوری خۆیان ڕووبەڕووی سزاو تۆمەتی ناڕەوا بوونەتەوە. زەند ئاڤێستای زەردەشتی کە بە زمانی پەهلەوی نووسراوە ‘شیدا’ ی بەرانبەر دیڤا داناوە، پاشان بووە بە “شیدات” و “شیدان” . شیدان کۆی وشەی ‘شیدا’یە. لە دوایشدا بە پێی گۆڕانکاری لە زمانەکەیاندا گۆڕیویانە بە’دئیڤە یەسنا’ و ” شەیدا یەزەکی” هەموویان واتە ئەهرێمەن یان شەیتان پەرست.( زەکی، ٢٠٠٠، الجندی،١٩٩٨). هەر زەردەشتیەکان لە سەرەتاوە بە دێو وەریانگێراوە، وای مەزەندە ئەکەم، لە بەر ئەوەی ئێرانیەکان کاتێک بە ئنگلیزی قسە ئەکەن پیتی (‘V ڤ )بە ‘و’ ‘W’ ئەخوێنێتەوە بە پێچەوانەشەوە پیتی( ‘W’ و) بە ڤ ”V ئەخوێنێتەوە.لێرەوە دیڤا و بە دیوا و دێو خوێندوەتەوە، چونکە وشەکان لە بنەمادا لاتینین، ئەوەش دەربڕینی زمانەوانی ئێرانیەکان بووە لە ئێستاو و ڕابردوودا. لە زمانی کوردیدا دێو هێمایە بۆ هێزیەکی مەزن یان جەستەیەکی زۆر گەورە، بە سۆرانی ئەڵێین ئەڵێی دێوە ئەوەندە بەهێزە ، یان ئەوەندە گەورەیە. دێو لە زمانی ئنگلیزیشدا هەر هەمان مانای وەکو زمانە کوردێکە ئەبەخشێت و پێێ ئەوترێت Monster، بە عەرەبیش دێو ئەکاتە وەحش لە هیچ کام لەم سێ زمانەدا واتای شەیتان نیە، تەنها زەردەشت دێوی بە شەیتان , جنۆکە و ئەهرێمەن ناوزەدکردووە. تا چەند ئەمە پەیوەندی بە ڕەچەڵەکی زمانی پەهلەوییە هەیە شارەزا نیم، بەڵام بە پێی فەلسەفەی زەردەشتی ‘ئاهۆرامزدا -یەزدان’ شەش سەرباز و جێگری هەبووە، لە ژێر ڕێبەری ئەواندا جیهان بەڕێوە ئەچێت و لە توخمەکانی ئاو ، هەوا ، ئاگر و خۆڵ گرەنتی پاراستنیان دراوە، هەر وەها خوداووەندی شەڕیش کە ناوی ئەهریمەنە ئەویش سەرباز و جێگری هەیە و ناویان ‘ دی، دئو ، دیوات ‘ ئەمانە بەرپرسن لە یاساغکردنی چاکە وکاری خراپە. هەر ئەو ناوەشی لە ئێزیدی ناوە. ئەی. ڤی. ویڵیەم جاکسۆن پسپۆڕی بواری ئاین و پرۆفیسۆری زانکۆی برتش کۆڵمبیاو ئەڵێت ‘ زۆربەی ئاگر پەرەست و زەردەشتی و گەڵگرانی باوەڕی خورافی ئاینی ئێزدیان مەحکومکرد” (١٨٩٣ ،جاکسن، لا ١٠) دوا ویستگەی ئەم بڕیارە ئەوەبوو لای زەردەشتی ئاهورامزای دروستکەری ژیانە واتە خودایە لە ڕووی هێماییەوە دوانەکەتوانی ئاینەکەی خۆی بە ئەهرێمەن و دروستکەری مەرگ ، واتە هێزی شەڕ و گوناهن.
ئەکرێت وا مەزەەندە بکرێت کێشەی زەردەشت بەرانبەر بە ئێزیدی پەیوەندی بە چیرۆکی خەلیقەوە بووبێت. ئەم بۆچوونە دوو لایەنەیە، لە لایەک ئێزیدی باوەڕی بەوەی ئەوان نەوەی پێغمبەر ‘ئیبراهیم خەلیل’ن و ڕەگەزی ڕەسەنی مرۆڤایەتین بەرانبەر بەوەی زەردەشتی خۆی دروستکەر و نووسەرەوەی رێبازەکەیە کێشەی نەوی و باڵای لە نێواندا دروستکردبن و گەشتبێت بە بن بەست. بەڵام وەکو ئەوەی ئیسلام باسی ئەکات گوایە ئەو ئیبلیسەی کوڕنووشی بۆ خودا نەبردووە تاووسی مەلەکی ئێزیدییە پێم وانیە بۆ زەردەشت ریالەستیک بووبێت چوونکە ئەو کات ئەو لێکدانەوانە بوونی نەبووە و زەردەشت بەر لە ئیسلام بوونی هەبووە. لە لایەکی دی هەردوولایان باوەڕێیان بە زیندووبوونەوە هەیە و لە گەڵ ئەوەشدا جیاواز بوون و ئیزدیش ئامادە نەبووە جیاوازیەکانی ئەوان پەسەند بکات و بچێتە سەر ڕێبازی زەردەشتی ئەکرێت بە قوڵبوونەوەی کێشەکان بژمێردرێت.
سەرچاوەکان:
• Jackson, A. V. Williams( 1893) Persia Past and Present, Colombia College, New York City
• Jootla, S.E. (1988) Inspiration from Enlightened Nuns. Kandy
• The Arya Saïghàñasåtra armaparyaya,ww.sanghatasutra.net/english_translation_final.pdf
• رابوون، السويد نحو معرفة حقيقة ألديانة ألأيزيدية، ( ١٩٩٨) الجندي، خليل
• زەکی، محەمەد ئەمین ( ٢٠٠٠) خوڵاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەرگی یەکەم ١٩٣١ ، بەرگی دووەم ١٩٣٧