بورھان شێخ ڕەئوف
پارتی دادو گەشەی تورکیا ( ئاکەپە) لە ساڵی ٢٠٠٢ کە دەستەڵاتی گرتە دەست دروشمی (زیرۆ پرۆبلم )ی لە گەڵ دراوسێکانیدا بەرز کردەوەو تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتنی بەدەستھێنا ، چ لە ڕووی ڕیفۆرمی ئابوری و سیاسی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پرۆسەکانی ئاشتی کە دواتر شکستیان ھێنا .
لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆڕش و خۆپیشاندانەکانی بەھاری عەرەبی ھەر لە تونس و لیبیا و میسرو یەمەن و سوریا ، تورکیا بووە بەشێک لە کێشەو ململانێکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کە قسەو باسی زۆری لە سەرکرا لە کاتی خۆیدا کە لەوەیە لێرەدا بواری باسکردنی نەبێت ، چونکە من دەخوازم باسی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بکەم کە بابەتێکی گرنگە بۆ ئایندەی تورکیا .
ئەگەرچی تورکیا لە ١٤/٤/١٩٨٧ ەوە داخوازی ئەندامێتی پێشکەش بە یەکێتی ئەوروپا کردووە ،تورکیا لە ساڵی ١٩٦١ ئەندامی ڕێکخراوی ھاریکاری ئابوری و گەشەپێدانی ئەوروپایە(oecd ) لە ساڵی ١٩٧٣ ئەندامی ڕێکخراوی ئاسایش و ھاوکاری ئەوروپایە ( osce ) ھەروەھا ڕێککەوتننامەی یەکێتی گومرگی لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆ کردووە لە ساڵی ١٩٩٥ , جگە لە وەی ئەندامی زۆر ڕێکخراوی ترە لە گەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ، لە ١٢ / دیسەمبەری ١٩٩٩ پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبونەوەی لوتکەی یەکێتیەکە لە ھلسنکی .
بەڵام ئەوەی قورسە بۆ تورکیا ئەو مەرج و فلتەرانەیە کەیەکێتی ئەوروپا دایناوە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیەکەیاندا ھەر لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینە نەتەوەیی ئتنیکە جیاوازەکان کە تورکیا کەنەیتونیوە تا ئێستا جێبەجێیان بکات بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کوردو نەتەوەکانی تری ئەو وڵاتەوە ھەیە تەنانەت مەسعود یەڵمازی سەرۆک وەزیرانی پێشتری تورکیا وتی ڕێگای ئەوروپا لە ئامادەوە دەست پێدەکات .
ئەگەرچی لە نێوە ( ئەکەپە ) شدا دیدو بۆچوونی جیاواز ھەبوو لە سەر ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا تەنانەت یەکێک لە بیرمەندو سەرکردەکانی و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغلو ( کە ئێستا لەو حزبەدا نەماوە) لە کتێبی ( قووڵایی ستراتیجیدا ) بە ئاشکرا دەڵێت قوڵایی ستراتیجی ئێمە ولاتانی عەرەبی و ئیسلامیە نەوەک ئەوروپا کە پەنجا ساڵە لە دەرگاکانیان دەدەین لێمان ناکەنەوە.
تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بڕیاری یەکجاری کشانەوەی دۆسێیەی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بکێشێتەوە ، بە ھۆی ئەو پێشمەرجانەی کە یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی لوتکەی بروکسل بۆ تورکیایان دانابوو لە ساڵی ٢٠٠٤ ، بەڵام دواتر بە ھۆی ھەوڵەکانی تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی ئەوسای بەریتانیاوە پەشیمان بووەوە .
ئێستا دوای ١٧ ساڵ تورکیای ژێر سەرکردایەتی ئەردۆگان لە ھەموو کات زیاتر دوورترە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ، دوای ئەوەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا فەرمانیانداوە کەوا لیستێکی سزا بەسەر تورکیادا ئامادەبکرێت بەھۆی ناکۆکی و ململانێکان لە دەریای سپی ناوەڕاست و گەڕان و پشکنین و کنە بە دوای غازو نەوتدا ، کە پەیوەندییەکان لە ھەموو کات زیاتر ئاڵۆزو شپرزەن بەبێ ئەوەی ھیچ پلان و چارەیەک دانرابێت بۆ ھێور کردنەوەی دۆخەکە .
لەوانەش زیاتر ھەڵکشانی ململانێکانی نێوان ھەردوولا لە بوارەکانی وابەستە بە مافەکانی مرۆڤ و ناکۆکی دەریایی ، مەترسی گەورەیە بۆ سەرھەڵدانی جەنگ و لە نەمانی متمانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسانی برۆکسل بە دراوسێکەی باشوریان تورکیا ، لەلایەکی تریشەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی و زۆر بەرژەوەندی ھاوبەشی تر لە بوارەکانی کۆچ و بەگژاچوونەوەی تیرۆر ھەردوولایانی والێ کردووە کەوا بە ئاسانی و خێرایی لە یەک جیانەبنەوە .
دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر لەو دۆخە چەقبەستووەی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا وابڕیارە سەرانی یەکێتی ئەوروپا لە مانگی ئازاری داھاتووداگفتوگۆی تازە ئەنجام بدەن و ستراتیجیەتی نوێ ی بۆ دابنێن لەوانە سەپاندنی سزای نوێ ، لە کاتێکدا ئەم کێشەیە پێویستی بە ئەبدەیتە بەڵام لایەنەکانی پلان و ئەڵتەرنەتیفیان نیە .
ئەوەی ڕۆژی ١٢/١/٢٠٢١ ڕابردوودا گوێبیستی بووین سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان لە کاتی کۆبوونەوەی لە گەڵ باڵوێزەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە تورکیا لە کاتێکدا دۆخی ئابووری وڵاتەکەی شپرزەیە و بە ( سەرکەوتنی جۆبایدن بۆ سەرۆکی ئەمریکا و کەوتنی ترەمپی دۆستی ئەردۆگان لیرەی تورکی ٢% بەھاکەی لە دەستدا )، ئەوەبوو ئەردۆگان بە زمانێکی نەرم و ئاشتیخوازییەوە خوازیاری ڕاکێشان و وەبەرھێنان و سەرمایەی بیانی یە بەتایبەتی ئەوروپی بوو بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری وڵاتەکەی ، ھەروەھا باسی پلانی دەستپێکردنی وتوێژی لە گەڵ یونان بۆکردن و وتی ئەجندای باشمان داناوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بروکسل ، بەڵام ھەموو ئەمانە لە کاتێکدان کە ساڵانێکی درێژە پەیوەندییەکان ئاڵۆزن بۆیە دیبلۆماتکارەکانی ئەوروپا لەوباوەڕدا نین ھیچ گۆڕانارییەی ئەرێنی ڕوبدات لە ئایندەی نزیکدا لە نێوانیاندا ،بەڵکو پێشبینی ئەوە دەکرێت لە پێش مانگی ئازار دا سەرۆک ئەردۆگان بە تەرزێکی زۆر دوژمنکارانەترەوە پەلاماری ئەوروپیەکان بداتەوە کە پێشتر وتی ئەوروپیەکان درۆزنن ، بە ھۆی ئەو سزا داراییانەوە کە یەکێتی ئەوروپا بە نیازن بە سەر تورکیایدا بسە پێنن کە زۆر توندن ، کە پێشتر یەکێتی ئەوروپا خۆی لا دەدا لە سەپاندنی بەھۆی بارودۆخی قەیراناوی تورکیاوە ، پێشتریش ئەردۆگانیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەگەر بەردەوام بێت لەو ڕەفتارانەی ئەوا ئاکامەکەی زۆر کارەساتبار دەبێت بۆیان .
گرنگی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بۆ یەکدی
بنەماو فاکتەری ئابوری و بازرگانی ھاوبەش زۆرن لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا کە خۆی لە یەکێتی گومرگی دا دەبینێتەوە کە ٢٥ ساڵی ڕابردوو درێژەی ھەبووە ، تورکیا پێنجەمین ھاوبەشی بازرگانی تورکیایە ، ھەروەھا یەکێتی ئەوروپا ھاوبەشی یەکەمی تورکیایە لە بواری ھاوردەو ھەناوردەدا جگە لەوەی یەکەمین سەرچاوەی وەبەرھێنانی ناوخۆییە .
لەلایەکی ترەوە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین کاریگەری خۆیان ھەبوو بۆ بەھێز کردنی پەیوەندییەکانی تورکیاو یەکێتی ئەوروپا ، بە جۆرێک تورکیا ھاوبەشێکی گرنگی ئەوروپا بوو بۆ بەگژاچوونەوە ی تیرۆر ، ھەرچەندە زۆر ھەواڵ و دەنگۆ ھەبوو کە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بوون تەنانەت میدیاکانی تورکیا باسیان لە کۆمەک و ھەماھەنگی تورکیا و گروپە توندئاژۆکان دەکرد لە کاتێکدا بۆ ھەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە تورکیا وێستگەیەکی گرنگی ھاتوچۆی تیرۆریستان بوو لە ئەوروپاوە بۆ عێراق و سوریا و بە پێچەوانەوەش .
ئاوارەو کۆچبەران
کێشەیەکی تری زۆر ئاڵۆز ی نێوان تورکیاو یەکێتی ئەوروپا ئاوارەو کۆچبەرانی سوریاو عێراق و وڵاتانی ترە کە لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆن بە شێوەیەک تەنھا لە ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە (١) ملیۆن بووە ، دواتر لە ئازاری ٢٠١٦ تورکیاو یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتن کە ملیارەھا یۆرۆ بدەن بە تورکیا لە بەرامبەر ئەوەی ئاوارەکان لە تورکیا وەربگرن و نیشتەجێیان بکەن ئەوانەشی کە گەیشتوونەتە دوڕگەکانی یۆنانیش .
لەلایەکی ترەوە ساڵی ڕابردوو کاتێک کێشەی ئاوەرەکان لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا سەری ھەڵدا زیاتر گرنگی پێگەی تورکیا دەرکەوت ، کە ئەردۆگان ھەڕەشەی ئەوەی کرد سنوورەکانی تورکیا دەکاتەوە کە ھەزاران ئاوارە بە تایبەتی سوریەکان کە بڕۆن بەرەو یۆنان ، بۆیە ئەوروپیەکان بەرامبەر بەم ھەڵوێستەی ئەردۆگان زۆر ھەستیارو نیگەران بوون .
ناکۆکی و ململانێ ی نوێ نێوانیان
١. توورەبوونی ئەردۆگان لە ئەوروپیەکان بە ھۆی لاوازی ھەڵوێستیان دوای کودەتاکەی ١٦ تەموزی ٢٠١٦ کە تەنھا ئیدانەیان کرد ، بەڵکو ئەو خوازیاری ھەڵوێستی توندبوو کە ٢٥٠ کەس کوژران تێیدا .
٢. لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێ نەدان بە نیشتنەوەی فڕۆکەی تایبەتی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ھۆڵەندا و دەرکردنی وەزیرێکی تری تورکیا کە بۆ ھەڵمەتێکی بانگەشە بۆ ھەموار کردنەوەی دەستووری تورکیا لە گەڵ ڕِەوندی تورکی لە ھۆڵەندا رَێکدەخرا .
٣. دەستگیرکردنی ھاوڵاتیانی ھەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانیا کەلە بنەچەدا تورکن لە لایەن تورکیاوە .
٤. نیگەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە چالاکی جموجووڵی دەزگای سیخوری میتی تورکی لە سەر خاکی وڵاتەکانیان .
٥. نیگەرانی فەرەنساو وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپا لە جموجوڵ و دەستوەردانەکانی تورکیا لە باکورە ئەفریقیاو لیبیاوە تاوەکو ناگۆنۆقەرەباخ و باکوری سوریا .
بۆ سزای توندتر بۆ تورکیا ؟
ئەو خاڵەی کە زۆر گرنگە بەلای ئەوروپیەکانەوە کە دەخوازن سزای توند بە سەر تورکیادا بسەپێنن ئەو پرۆسەی گەڕان و پشکنین و کنە کردنە بۆ غازو نەوت لە دەریای سپی ناوەڕاست کە ناوچەی ململانێ لە سەرن لە نێوان یۆنان و قوبرس و تورکیا کە فشار دەکەن سزای زیاتر بسەپێت بەسەر تورکیادا بەڵام ھەندێک وڵاتی ئەوروپا تا ئێستا بە گومانن لەوەی بتوانن ئەو سزانە جێبەجێ بکرێن .
لە کاتێکدا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل لە ھەوڵی ئەوەدایە کە پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا نەگەنە لێکترازان و دابڕان بەھۆی گرنکی تورکیا بۆ کۆمپانیا ئەڵمانیەکان و بوونی ڕەوندێکی زۆری تورک کە ھەڵگری ناسنامەی ئەڵمانیان ، ھەرتایبەت بە ئەردۆگان بەرپرسێکی گرنگی ئەڵمان وتی ئەم ئیدارەی ئەردۆگان تا ئەبەد نامێنێت ، لەوانەیە ئەم دۆخە بگۆڕێت، بەڵام تورکیا گرنگە بۆ ئێمە ھەمیشە ، بۆیە ناخوازین لە دەستی بدەین .