دوای زیاتر لە دوو مانگ نائارامی و گرژی و ئاژاوە و شەڕەبەرد و فیشەک و ڕاوەدوونان، دوای ئەو ھەموو شەڕە قسە و پڕوپاگەندانەی ھەموو لایەنەکان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە کردیان، دوای شەھید بوونی ١٠ لاو و برینداربوونی سەدانی تر.
ئێستاکە ھەر لایەک باشتر توانای خۆی ئەزانێت. لە ڕاستیا من ھیچ لایەنێکیان بە سەرکەوتوو نابینم. بەڵام ئەتووانم بڵێم ئەم ئیستعرازە سیاسیە بارۆمەترێکی باش بوو بۆ ناسینی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پارتەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان. من باوەڕم وایە کە دەسەڵات و ھاوپەیمانیەکان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووا زیاتر سەقامگیرئەبێت. ئەو کاتەش کورد ووتەنی ھینی رەش و سپی لە بوارا دەرئەکەوێت.
ئەمە خاڵی (کاتی) گۆڕانە و لێرەوە ئەتوانین ئومێدمان بە گۆڕانکاری و پێشکەوتن ھەبێت. چونکە بە بڕوای من دەسەڵات ئێستا لاوازتر و ناسکترە، توانای بڕیاردانی زۆر ئەستەمە و ئەبێت لەمەودوا حیساباتی دەقیقە بکات. ئەبێت لەمەو دوا بۆ بڕیارەکانی ھەموو شتێک لەبەرچاو بگرێت و ھەموو لایەنێک لێکبداتەوە. ئەوە نەما وەکو جاری جاران بە ئارەزووی خۆی لێخوڕێت. ئەگەر چی ئەم بارودۆخە نوێیە بۆ ھەموو کەسێکە کە لەمەو دوا ئەبێت بە دەساڵات نەک تەنھا بڕابێت بە باڵای کابینەی شەشدا. بە بڕوای من ئەمە سەرەتای باشترین شێوەی حوکمڕانی کوردستان ئەبێت بۆ داھاتووا. بەمەرجێک ئۆپۆزیسۆن نەبێتە داردەستی دەرەکی یان بە ھیچ ڕازی نەبن جگە لە سڕینەوەی ھەرێمی کوردستان.
لە ئێستاوە کە خۆپیشاندان لە شوێنە گشتیەکان نەماوە ھیوادارین ئارامی بگەڕێتەوە ناو ژیانی ئاسایی خەڵک. خەبات بە شێوازی دیالۆگ و مەدەنیانە بەردەوام بێت. لە جێی خۆیدایە ئەگەر بڵێین بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران کاتی ھاتبوو بەڵام بە مێتودێکی گونجاوتر. ئەبێت گۆڕان لە ھەمووان دڵخۆشتر بێت کە خۆنەویستانە و بەزۆر کێشکرابوو بۆ ناو ئەو قۆڕاوە و چاوەڕوانی ھەلێکی وا بوو. کەواتە بۆ نا؟ ئێستا گۆڕان پاش ڕزگاربوونی لەو گێژاوە باشترین پێگەی ھەیە بۆ دیالۆگ. ئیتر پێویستی نە بە ئیسلامی سیاسی و نە بە کۆبوونەوەی جەماوەری نەماوە و ئەتوانێت داواکانی زۆر بە ڕاشکاوی بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام ئەگەر کۆنە قین و گیانی تۆڵە سەندنەوە سەرکەوت بەسەر ئیرادەی گۆڕانخوازانا ئەوا بێگومان وەکو بێچویەکی بێناز ئەکەونە باوەشی ئیسلامی سیاسیەوە و ئەوانیش وەکو تەیرێکی مەعقول لە کات و شوێنی خۆیا بەکاریان ئەھێنن.
فەلاحی شێخ رەئووف
falaharazu@msn.com
یۆتۆبۆری/ سوید
٢٠١١-٠٤-٢٥